راپۆرتەکان ئاماژە بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە عێراقدا دەکەن و لەپاڵ ئەمەدا دەشێت پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراقیش گۆڕانکاریی وەهایان تێدا رووبدات کە شایانی وردبوونەوەن. هەندێک لە راپۆرتەکان وای دەردەخەن کە یەکەکانی سوپای عێراق خەریکن بنکەکانی خۆیان لە کەرکووک و دیالە چۆڵ دەکەن، بەمەش ئاسایشی ناوچەکە دەکەوێتەوە بەر مەترسی. هەندێک راپۆرتی پشتڕاستنەکراوەش دەڵێن ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە هێزەکانی خۆی لە بنکەی ئاسمانیی ئینجەرلیکەوە بۆ هەولێر بگوازێتەوە.
جیا لەمە راپۆرتە پشتڕاستنەکراوەکانی دیکە باس لەوە دەکەن کە برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، لە کارەکەی لادەدرێت و پۆستەکەی بەتەواوەتی هەڵدەوەشێنرێتەوە، ئەمەش دەکرێت ئاڵۆزییەکی زیاتر بۆ پەیوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروستبکات. هەموو ئەمانە پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق دێن، کە تێیدا یان سەرۆکوەزیرانێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت، یانیش حەیدەر عەبادی جارێکی دیکە پۆستەکە وەردەگرێتەوە.
کاتێک هێزە عێراقییەکان کەرکووکیان کۆنتڕۆڵ کرد، بەهۆی دەرچوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە ئاستی توندوتیژی تایفی بەرزبووەوە، لەکاتێکدا ئەو ناوچەیە لەدوای رووخانی رژێمی سەدام ژمارەیەکی زۆر کەم رووداوی ئەمنی بە خۆیەوە بینیبوو.
بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی کە بەهۆی هێزەکانی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران هاتووەتە ئاراوە، نەک هەر ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدای گەورەتر کردووە، بەڵکو ململانێی نێوان شیعە و سوننەشی زیاترکردووە. بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێی عەرەبی سوننە و شیعە گرنگە، لەبەر ئەوەی هەر ئەمەش بوو رێگەی بۆ سەرهەڵدانی داعش خۆشکرد. ئێستاش وادیارە داعش خەریکە دەگەڕێتەوە، دووریش نییە تەکتیکەکەی جارانی قاعیدە بەکاربهێنێت، واتە هێرشی یەکە بچووکەکان و پەلاماری لەناکاو.
هەرچەندە تاکتیکەکانی داعش گۆڕاون، بەڵام پێدەچێت دەرکەوتنەوەی ئەو گرووپە لە کەرکووک و دیالە بەس بێت بۆ ئەوەی سوپای عێراق جارێکی دیکە رابکەن. تاوەکو ئێستا دیار نییە ئاستی کشانەوەی سوپای عێراق چەندەیە.
رووسیا دەشێت گومانلێکراوی سەرەکی بێت نەک هەر لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا، بەڵکو لە دروستبوونی ناکۆکی نێوان ئەمریکا و عێراقیش، چونکە رووسیا زیاترین قازانجی لەمە دەستدەکەوێت. هەڵبەت عێراق خۆیشی دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ناکۆکییە بێت، چونکە لە ژێر رێنمایی ئێراندا پەرە بە گوتارێکی دژەـ ئەمریکایی دەدات، تورکیاش بەهەمانشێوە درێژە بە هاتوهاوارە دژەـ ئەمریکییەکەی خۆی دەدات.
رێی تێناچێت ئەمریکا دەست لە بنکە سەربازییەکەی لە تورکیا هەڵبگرێت، بەڵام لەهەمانکاتدا جووڵەپێکردنی هێزە ئەمریکییەکان بۆ قووڵایی خاکی کوردستان خاڵێکە زۆر پێشنیار دەکرێت. ئەگەر برێت مەکگۆرک لە کارلابدرێت، ئەوە دەکرێت کێشەیەکی سەرەکی لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا لابدرێ، پەیامێکیشە بۆ هەرێم کە کاروبارەکان وەکوو پیشتر بەڕێوەناچن.
هەڵوێستەکانی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا پیشبینی ناکرێن، بەڵام هەر ئەم ئیدارەیە پیشانی داوە کە هەرکاتێک بڕیارەکان درابن، بە خێرایی جێبەجێکراون. حاڵی حازر چاوەڕێی یەکێک لەو سێ بڕیارە دەکرێت: یەکەم هیچ شتێک لە سیاسەتی ئەمریکا ناگۆڕێت. دووەم، واشنتن لە هەولێر نزیک دەبێتەوە و لە بەغدا دووردەکەوێتەوە. سێیەم، ئەمریکا بە تەواوەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پشتگوێدەخات.
لەسەرووی هەموو ئەمانەوە هەڵبژاردنی گشتیی عێراق دێت، کە تێیدا ژمارەی ئەو سیناریۆیانەی کورد قازانجیان لێبکات کەمن. دوو کاندید لەسەرەوەی لیستی پێشبینییەکانی سەرکەوتنن، یەکێکیان نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقە و ئەوەی دیکەیان هادی عامری، سەرکردەی رێکخراوی بەدرە. هەردوو سەرکردەکە دژەـ ئەمریکی و لایەنگری ئێرانن. رەنگە عامری زیاتر بتوانێت مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی کورددا بکات، بەڵام هەرکام لەو دووە سەربکەون، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران بەهێزتر دەکەن کە لە کۆتاییدا لەگەڵ ئامانجی رۆژئاواییەکان بۆ چەسپاندنی عێراقێکی یەکگرتوو ناگونجێت.
ناوچەکە خەریکە گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت و ناسەقامگیری بووەتە نۆرم. ئەمەش دەشێت دۆخێکی مەترسیداری بەردەوامی لێبکەوێتەوە. لە عێراق سوپایەکی یەکگرتوو لەئارادا نییە، پێشتر سوپا لە عەرەبی سوننە، کورد و شیعە پێکدەهات، ئێستا تەنیا شیعەی تێدایە. ئەوەشی کە دۆخەکە خراپتر دەکات دەسەڵاتی میلیشیا شیعەکانە، کە خەریکە رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعشی ژمارە دوو خۆشدەکات. ئەمریکا و رۆژئاوا نفوزی خۆیان لە ناوچەکە لەدەستداوە، ئەم رەوشەش لەدوای هەڵبژاردنەکان خراپتر دەبێت.
لە دۆخێکی ئاوادا ئەمریکا و رۆژئاوا دەبێت بیر لە رێچکەیەکی نوێ بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت پێش هەموو شتێک لە کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە دژەـ رۆژئاواییە لە ناوچەکە تێبگەن.
جیا لەمەش تورکیا سوپایەکی بەهێزی هەیە کە بە هۆی هەوڵی کودێتاکەوە فەرماندەییەکەی لاواز بووە، سووریا چەکی کیمیایی هەیە و سەلماندوویەتی لەبەکارهێنانی سڵ ناکاتەوە، ئێرانیش دەشێت دەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە، لەو نێوانەشدا ئیسرائیل هەیە کە هێزێکی ئەتۆمییە.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم رەوتەی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوە دەرچووە بوەستێنرێت؟ نەخێر. بەڵام بۆ وەستاندنی ئەو رەوتە رۆژئاوا پێویستە رۆڵێکی ئەکتیڤتر بگێڕێت و بە دوای ئاکامی باوەڕپێکراوتر و کرداریتردا بگەڕێت.
دەبێت لەوە تێبگەین کە هەنگاوی وەکوو کوردستانی ئازاد و سەربەخۆ یان دابەشبوونی سووریا هۆکاری تێکدانی دۆخەکە نین، بەڵکو دەریچەیەکە بۆ ئەوەی ئەو گوشارە زۆرەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرببێت. هەرکاتێک گوشاری زۆر دەریچەیەکی لەو جۆرەی دەستکەوت، ئەوە دەکرێت بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین.
*پۆڵ دەیڤیس خانەنشینێکی بەشی هەواڵگری سوپای ئەمریکا و راوێژکاری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکایە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتیش شارەزای کاروباری کوردە. ئێستاش سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (JANUS)ە لە واشنتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ