بەشی دووەم و کۆتایی
نه‌وشیروان و كۆمه‌ڵه
مه‌لا به‌ختیار رسته‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ داڕشتووه، گوایه: ئه‌و یه‌كه‌مین كه‌سه، پاش شه‌هید ئارام (شاسوار جه‌لال) کە پێشنیازی كردووه سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه راده‌ستی نه‌وشیروان مسته‌فا بكرێت. داڕشتنه‌كه‌ی ئه‌و، من وای ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌و یه‌كه‌مین كه‌سه كه پێشنیازه‌كه‌ی كردووه، پێش ئه‌وه‌ی كه‌سانی تر ئه‌م بیرۆكه‌یه له مێشكیاندا گه‌ڵاڵه بێت. هه‌ر خۆی یه‌كه‌مین كه‌سه له قه‌ره‌داخه‌وه نامه‌ی بۆ مام جه‌لال ره‌وانه كردووه و گوایه: قه‌ناعه‌تی پێكردووه ئه‌م پێشنیازه په‌سه‌ند بكات. ئه‌ندازیاری ژماره یه‌كی پرۆژه بڕیاره‌كه مه‌لا به‌ختیاره و ناوه‌كانی تر، پاش ئه‌و نامه‌یه، به ئاگا هاتوونه‌ته‌وه.
گێڕانه‌وه‌یه‌كی زۆر جیاواز
گێڕانه‌وه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین لەوبارەیەوە زۆر جیاوازه! كرۆكی چیرۆكه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌خوێندرێته‌وه: پاش شه‌هیدبوونی ئارام، ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ری بۆ كادر و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه كردووه، كۆنفرانسێك یان كۆبوونه‌وه‌ی فراوان بكرێت: پێشنیازی تر و پلانی تر له نووسینه‌كانی ئه‌ودا، له كووله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا باس نه‌كراوه. ئه‌و پاش بیست و یه‌ك ساڵ بیری ده‌كه‌وێته‌وه:
"وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی كۆمیته‌ی هه‌ڵمه‌تم نووسییه‌وه. به‌ڵێنم دانێ بۆ هاوكاری و یارمه‌تی هه‌رچی به من بكرێ درێخی نه‌كه‌م. مسۆده‌ی بهیانێكیشم به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌وه به‌و بۆنه‌یه‌وه نووسی و بۆم ناردن كه ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند بێ چاپی بكه‌ن و بڵاوی بكه‌نه‌وه. نامه‌یه‌كی به په‌له‌م بۆ مام جه‌لال و مه‌كته‌بی سیاسی نووسی كه ئه‌وانیش به‌یانێكی له‌سه‌ر ده‌ربكه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و كادرانه‌ی كۆمه‌ڵه كه له‌و نزیكانه بوون با‌نگم كردن بۆ كۆبوونه‌وه. هه‌واڵه‌كه‌م پێ راگه‌یاندن. پێم وتن پێویسته خۆیان بۆ كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی كادره‌كان ئاماده بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كاروباری رێكخراوه‌یی كۆمه‌ڵه به جۆرێكی گونجاو له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ سه‌رله‌نوێ رێك بخه‌ینه‌وه".
گوایه پاش 31/1/1978 سه‌ری گوریسه‌كه كه‌وتووەته ده‌ست ئه‌م و كادر‌و رێكخستنه‌كان روویان كردووەته ئه‌م و كه‌سی تریان به لێپرسراوی خۆیان نه‌زانیوه، هه‌رچه‌نده ئه‌م (به ره‌سمی) له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كانی رێكخستنی كۆمهڵەش بووه.
دوو جیهانبینی
ئه‌وه راسته کە له نێوان ئابی (1977) تا (31/1/1978) ماوه‌یه‌كی كورته و ره‌نگه مه‌لا به‌ختیار نهیپهرژابێت، به وردی نه‌وشیروان هه‌ڵبسه‌نگێنێت و داوا له ئارام بكات بیروبۆچوونی خۆی له‌سه‌ر نه‌وشیروان بدركێنێ. به‌ڵام دڵنیام مه‌لا به‌ختیار هه‌ر له یه‌كه‌م دانیشتن‌دا له نه‌وشیروان تێگه‌یشتووه، نه‌وشیروانیش به‌رامبه‌ر مه‌لا به‌ختیار و كادره‌كانی كۆمه‌ڵه كه بۆ پێشوازی بۆ ناوچه‌ی سێ سنوور رۆیشتوون، له کتێبی (لە كه‌ناری دانوبه‌وه بۆ خڕی نێوزه‌نگ) ده‌نووسێت:
"مام جه‌لال سواری وڵاخ بوو، من پیاده بووم، لێی پرسیم: "وه‌زعی وڵات چۆنه؟" وتم: "ئێستا ماندوم له‌م هه‌ورازه‌دا ناتوانم زۆر قسه بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ت پێ ئه‌ڵێم، ئێمه ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌م براده‌رانه‌ی ئێره، هه‌ر ناوه‌كه‌مان یه‌كه، ئه‌گینا له هه‌موو شتێك‌دا جیاوازین. وه‌زعی شۆڕشه‌كه به‌هۆی هێرشی جه‌یش و تهسلیمبونهوهی زۆری پێشمه‌رگه خراپه، ئه‌بێ خه‌ریكی هه‌ڵسانه‌وه بین، به‌جێهێشتنیان له‌م كاته‌دا عه‌یبه ئه‌گینا هه‌ر لێره‌دا پێشنیازم بۆ ئه‌كردی به‌كام رێگادا هاتووین به‌هه‌مان رێگادا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ده‌ره‌وه". (1)
ــ ساڵی 1978 نامه‌یه‌كم له دۆستێكه‌وه له‌ناو شاره‌وه پێگه‌یشت، به‌ڕوونی ئه‌م دێڕه‌ی تێدا نووسرابوو: "نه‌وشیروان بۆیه هێنراوه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵه‌ی راده‌ست بكرێت، به مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و له‌ناوبردنی كۆمه‌ڵه... تاد". ئه‌م نامه‌یه زووتر نووسرابوو، دره‌نگ گه‌یشته ده‌ستم.
ــ لە ساڵی 1976 به‌دواوه، له‌ناو شانه و بازنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا ئه‌وه ده‌زانرا كه نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌كێكه له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری (ی. ن. ك) و له شامه. پێشتریش له‌ناو بازنه سه‌ره‌تاییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا بووه. له‌كاتی یه‌كگرتنه‌وه‌دا، لە ساڵی 1970 و راگه‌یاندنی (كملك)، ئه‌م خۆی و ده‌سته‌كه‌ی له‌سه‌ر پێكهاتن و سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه ناڕازی بوون، له پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه كشاوه‌ته‌وه.
ــ چه‌ندین تێكۆشه‌ری دێرین، خوێندنه‌وه‌ی خۆیان بۆ نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌بووه. زانیویانه نه‌وشیروان به ئه‌ركی رامكردنی كۆمه‌ڵه و ده‌سته‌مۆكردنی كادر و ئه‌ندامه‌كانی ده‌هێنرێته‌وه و وه‌كو سكرتێر به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا ده‌سه‌پێنرێت و ئه‌وه‌ی ئاماده نه‌بێت له‌قاڵب بدرێت، به پاڵ له‌شانۆی سیاسی ئاودیوی ده‌كه‌ن. سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه پێیانوابووه، مام جه‌لال پشتیوانی له‌هیچ كه‌سێك ناكات بیه‌وێت ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه بشێوێنێت!
دوو ساڵ لهمهوپێش سالار عه‌زیز بۆ ئێواره خوانێك له‌ماڵی خۆی ده‌عوه‌تی كردبووین كه ئه‌مانه بووین: (عه‌بدولره‌زاق فه‌یلی، فوئاد مه‌جید میسری، موحسین عه‌لی ئه‌كبه‌ر، خۆشناوی وه‌ستا ئه‌مین و....) پێكه‌وه شه‌نوكه‌وی خه‌رمانی بیره‌وه‌ری سه‌ره‌تای شۆڕش ده‌كرا. فوئادی مه‌جید میسری رووی كرده سالار عه‌زیز و گوتی: "من و تۆ و شه‌هید ئارام ساڵی 1975 له‌ماڵی وه‌ستا ئه‌مینی باوكی ئه‌م كاك خۆشناوه موخته‌فی بووین. چه‌ندین جار پێمگوتن: نه‌وشیروان ده‌هێنرێته‌وه و ئه‌و ده‌بێته سكرتێری كۆمه‌ڵه و ده‌سه‌ڵاتی موتڵهقیشی پێده‌درێت! ئێوه بڕواتان به قسه‌كانم نه‌كرد و پێتانوابوو ئه‌م بۆچوونه ناواقیعیه و شتی وا روونادات.."
سالار گوتی: "به‌ڕاستی ئه‌وكاته ئاگادارت كردینه‌وه، بەڵام ئێمه ده‌مانگوت: ئێمه رێكخستنی كۆمه‌ڵه‌مان گرتۆته‌وه و شۆڕشمان به‌رپا كردووه، كێ ده‌توانێ ئه‌م هه‌موو خه‌باته‌ی ئێمه له‌به‌رچاو نه‌گرێت؟ كاتێك من و كاك ئارام له مالوومه بووین، به‌ره‌به‌ره هه‌ندێ ده‌نگوباسمان ده‌بیست، كاك ئارام ده‌یگوت: یادت به‌خێر كاك فوئاد به‌ڕاستی قسه‌كانت هه‌ر هه‌موو وه‌كو نه‌قشی سه‌ر به‌رد ده‌رچوون.."
فوئاد له چه‌ند بۆنه‌یه‌كی تردا، باسی مه‌ترسیه‌كانی خۆی كردووه له سیناریۆی هێنانه‌وه‌ی نه‌وشیروان بۆ سه‌ر شانۆی سیاسی و بوژاندنه‌وه‌ی (مۆدێل)ێكی كۆن و شكستخواردوو له‌كاری سیاسی پاش ئاوابوونی رۆژ و سه‌رده‌می ئه‌وان. ئایدیۆلۆجیا كاریگه‌ری مۆرڤین و مه‌ریوانه و تلیاكی له‌سه‌ر ئه‌وانه هه‌یه، كه ده‌كه‌ونه گۆماوهكانیهوه و توانای په‌له‌قاژه و خۆده‌ربازكردنیان نامێنێت.
هه‌ڵوێستی سالار عه‌زیز
سه‌ره‌تای (1978) سالار عه‌زیز له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، هه‌ر له‌وێوه ئاڵای دژایه‌تی خۆی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان) به‌رزكرده‌وه و داوای كرد: ده‌بێ له‌ناو كۆمه‌ڵه خۆیه‌وه بڕیاری به‌ستنی كۆنفرانس و هه‌ڵپه‌ساردنی (كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان) بدرێت. نامه‌یه‌كی ره‌وانه‌ی كۆمیته‌ی (هه‌ڵمه‌ت) كردبوو، به‌ڕاشكاوانه داوای لێیان كردبوو، هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و دژی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان) بوه‌ستن: ده‌بێ كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان بڕیاری به‌ستنی كۆبوونه‌وه‌ی فراوان بدات، نه‌ك به‌بێ ئاگاداری هه‌موو (ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان) ژماره‌یه‌ك كادر‌و ئه‌ندام له نۆكان (نه‌ورۆزی 1978) كۆبكرێنه‌وه و بڕیار بده‌ن سێ كه‌س بۆ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه هه‌ڵبژێرن (نه‌وشیروان، ئازاد، مامۆستا جه‌عفه‌ر). نه‌وشیروان به‌م هه‌نگاوه ده‌یه‌وێت به‌خشكه‌یی كۆمه‌ڵه له‌ناوبه‌رێت.. تاد.
به‌درێژایی ساڵی 1978 نه‌وشیروان هه‌وڵی بێوچانی ده‌دا، كادره سیاسی و عه‌سكه‌رییه‌كان به‌گژ سالار عەزیزدا بكات و له ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه په‌راوێزی بخات. سالار لە نۆڤه‌مبه‌ری 1978 له‌كاتی شه‌ڕی (مامه‌نده) گه‌ڕایه‌وه و پلانه‌كانی نه‌وشیروانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و ناچاری كردن ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه به‌م شێوه‌یه پێكبهێنرێت: (نه‌وشیروان، سالار عه‌زیز، مه‌لا به‌ختیار، ئازاد هه‌ورامی، مامۆستا جه‌عفه‌ر). هه‌ر بڕیارێك و هه‌ر هه‌نگاوێك بۆنی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی لێهاتبایه به‌توندی لێی ههڵدهپرینگاینهوه.
ئارام ــ مه‌لا به‌ختیار
مه‌لا به‌ختیار هه‌میشه حه‌زی كردووه، به قوتابییه‌ك له قوتابییه‌كانی ئارام خۆی بناسێنێت و هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی ئه‌و بێت. ته‌نانه‌ت پیش راگه‌یاندنی (ئاڵای شۆڕش) و پاش راگه‌یاندنی (ئاڵای شۆڕش)، ئارام (بهروێنه)*ی ئه‌و رێكخراوه بوو كه نه‌وشیروان له‌ناو لانكه‌دا پلیشاندییهوه. ناوی (ئاڵای شۆڕش) ناوی ئه‌و رۆژنامه‌یه بوو كه ئارام له قه‌ره‌داخ ساڵی 1977 یه‌ك ژماره‌ی لێده‌ركرد.
بیروڕای ئارام، به رێكوپێكی له‌لایه‌ن هاوڕێ نزیكه‌كانییه‌وه نه‌نووسراوه‌ته‌وه و كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه. هه‌رچی نامه‌و نووسراویش هه‌یه، سه‌ركرده‌یه‌ك به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دابوو كۆیانبكاته‌وه و چاپیان بكات. به‌ڵێنه‌كه بڵقی سه‌ر ئاو ده‌رچوو، دیاره هه‌ر بۆ ئه‌وه بووه له‌بن ده‌ستی خۆیدا بێت و نه‌هێڵێت رووناكی ببینێت. ساڵی 1980 من كتێبی (هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له نووسینه‌كانی شه‌هید ئارام ــ به‌رگی یه‌كه‌م)م بڵاوكرده‌وه. به ئومێدی ئه‌وه‌ی نامه و نووسینه‌كانی تریشی بڵاوبكه‌ینه‌وه، داخی داخانم فریای كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو نامه‌كانی نه‌كه‌وتم.
ئه‌وانه‌ی ئارامیان له نزیكه‌وه بینیوه، به‌شێكیان ده‌ژین و هه‌ڵوێست و شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئارامیان لەبیرماوه. مه‌لا به‌ختیار یه‌كێكه له‌وانه‌ی ماوه‌یه‌كی ــ رێژه‌یی- زۆر له‌گه‌ڵ ئارام‌دا كاری كردووه و نوكته و قسه خۆشه‌كانیشی لەبیرماوه. ئایا ئارام و نه‌وشیروان هاوهه‌ڵوێست و هاوبیربوون و دوو كه‌سایه‌تی هاوشێوه بوون و هه‌ردووكیان وه‌كو یه‌ك سه‌كردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌یان كردووه؟
پێمخۆشه مه‌لا به‌ختیار وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌شم بداته‌وه: ئایا ئارام خه‌باتی ده‌كرد له‌پێناوی ئه‌وه‌ی رێكخراوی كۆمه‌ڵه به‌هێز بكات، یان بیكاته پاشكۆ و رێكخراوێكی ده‌سته‌مۆكراوی شكستخواردووی لاواز و پاشان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه؟
من حه‌زده‌كه‌م مه‌لا به‌ختیار خاترجه‌م بێت، بۆچوونی ئارام ده‌رباره‌ی چاره‌نووس و گه‌شه‌كردنی (ی.ن.ك) زۆر جیاوازه و مام جه‌لال پڕۆژه‌ی خۆی هه‌بووه و هه‌ردوو پڕۆژه‌كه‌ی (ی.ن.ك) و كۆمه‌ڵه تا كۆتایی ساڵی 1977 زۆر له‌یه‌كه‌وه دوورن.
دوو تێڕوانینی ناكۆك
سەرەتا دەبـێ ئەوە بزانین (ی.ن.ك) یەك حزبی سیاسی (هۆمۆگێن)* نەبووە، واتە: یەك سەركردایەتی، یەك رێكخراو، یەك هێزی پێشمەرگە و... تاد. سـێ رێكخراو، یان سێ باڵ، لە نیمچە بەرەیەكدا، لەسەری سەرەوە، یەك رێكخراو بوون، لەوان بۆ خوارەوە، كۆمەڵە (كملك) (1) و بزووتنەوە (بسك) (2) و هێڵی گشتی، هەریەكەیان رێكخستن و هێزی پێشمەرگەی خۆیان هەبوو. هەریەكەیان ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینی و بیركردنەوەیان هەر زۆر جیاواز بوو.
یەكێتی ئەو زەمانە دەیوست و هەوڵێكی زۆری دەدا، گرووپ و تەیارو دەستە دەستەی كەسانی تێكۆشەر لەناو ریزەكانی (ی.ن.ك) دا جێگای خۆیان بكەنەوە. ئەم سـێ باڵە نەبوونە چوار باڵ! من ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارەی خوارەوە بدەمەوە: سـێ باڵەكە لەناو یەكێتیدا خۆیان (قەتیس) كرد، یان یەكێتی لەچوارچێوەی ئەو سـێ باڵەدا خۆی قەتیس بوو؟
دروشمی قۆناغی (شام) ئەوە بوو: یەكێتی نیمچەبەرەیە و دەبێ گەشەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە بەرەیەكی نیشتمانیی فراوان. كاك ئارام هەر زۆر بە روونی و ڕاشكاوانە داكۆكی لەو بۆچوونە كردووە، كە (ی.ن.ك) ئێستا نیمچە بەرەیە و نیمچە حیزبە. ئەم نیمچە بەرەیە دەبێ بۆ (بەرەیەكی نیشتمانی) گەشەی پێبدرێت و نابێ ببێتە حیزب.
ئەم بۆچوونەی كاك ئارام لە (بەیاننامەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان)دا بڵاوكراوەتەوە و لە كۆتاییدا نووسراوە: یەكێتی نیشتمانی كوردستان ــ دەستەی دامەزرێنەر ــ وڵات ــ 1/ ئەیلول/ 1976) دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن. ك)ی دەرەوەی وڵات ناوەكانیان دیارە. بەڵام دەستەی دامەزرێنەری ــ ناو وڵات ــ ناوەكانیان دیارنییە!
كاك ئارام لەبەیاننامەكەدا دەنووسێت:
(یەكێتی نیشتمانی كوردستان تێئەكۆشـێ بۆ كۆكردنەوە و رێكخستنی هێزە شۆڕشگێڕە نیشتمانپەروەرە دیموكراتخوازەكان لەچوارچێوەی شێوە بەرەیەكی نیشتمانی دیموكراتیدا، بەجۆرێك كە هەموو هێزو تەییارە پێشكەوتنخوازو نیشتمانپەروەرەكان خەباتیان بەتوندوتۆڵی یەكخەن. واتە یەكێتی نیشتمانی كوردستان حیزبێك نییە و جێی حزبی پێشڕەو ناگرێتەوە، بەڵكو لەپێناوی یەكگرتنی هێزە نیشتمانپەروەرەكان و لەناوبردنی دەستەگەری و دووبەرەكی دروست بووە).
ئەم تێگەیشتنەی كاك ئارام بۆ ی.ن.ك لە بەیاننامەیەكدا لە ناوەرٍاستی ئەیلولی 1977 بە ناڕاستەوخۆ بەرپەرچ دراوەتەوە: دەبێ ی.ن.ك بە نیمچە حزب و نیمچە بەرە نەمێنێتەوە، بەڵكوو بكرێتە حزبێكی"پێشڕەو"!
لە ناوەڕاستی ئەیلولی 1977 سەركردایەتی (ی. ن. ك) بە عەرەبی بەیانێكی بڵاوكردەوە، لەبن ئەم ناونیشانەدا: (البلاغ الختامي لاجتماعات اللجنة القیادیة للاتحاد الوطني الكوردستاني فی دورتها الأولی). ئەم بەیانە كۆپلەیەكی تێدایە باسی حزبی پێشڕەو دەكات:
(وقد اتخذت اللجنة قرارات هامة لإعادة تنظيم الاتحاد في جميع أنحاء كوردستان العراق وفق مبادىء الاتحاد السياسية والتنظيمية، وأقرت تشكيل لجان المناطق والمدن والأرياف بصورة مشتركة وموحدة، وقررت تنشيط النضال من أجل الإسراع في ولادة الحزب الطليعي الثورى القادر على قيادة الاتحاد والثورة).
دوا مه‌ڵۆی پرسیار بۆ سه‌ر خه‌رمانی رامان
ــ پاش چل ساڵ له پێشنیازه‌كه‌ی مه‌لا به‌خیتار، ده‌بێ له‌خۆمان بپرسین: ئه‌م پێشنیازه چه‌ند قازانجی به خه‌باتی ره‌وای گه‌لی كوردستان گه‌یاند؟
ــ ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشنیازه بۆ مام جه‌لال نه‌كرابا، كۆمه‌ڵه ئه‌ڵته‌رناتیڤی تری له‌به‌رده‌مدا نه‌بوو؟
ــ بۆ كادره‌كانی كۆمه‌ڵه خۆیان به ته‌نیا كۆنفراسێكیان نه‌گرت و پێشنیازه‌كه له‌ناو كۆنفرانسه‌كه‌دا نه‌خرایه روو؟
ــ نه‌وشیروان كرایه سكرتێر و جێگره‌وه‌ی ئارام، ئه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یه‌ك به یه‌ك پێناسه نه‌كرا؟ ئه‌میش ده‌سه‌ڵاتی ره‌های پێ ڕه‌وا بینرا؟
ــ ئایا كۆمه‌ڵه ئه‌وه‌نده لاواز بوو كه نەتوانێت سه‌ركرده‌یه‌ك له ریزه‌كانی خۆیدا به‌رهه‌م بهێنێت؟
ــ ئایا كۆمه‌ڵه، جگه له پاشكۆبوون، بژاره‌ی تری نه‌بوو؟
ــ ئایا مه‌لا به‌ختیار ئاگاداری هه‌ڵوێست و بیروبۆچوونی سالار عه‌زیز بووه كه به‌توندی دژی هاتنی نه‌وشیروان بووه بۆ ناو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه؟ ئه‌وكاته سالار عه‌زیز له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه و هاوڕێكانی و به‌تایبه‌تی مه‌لا به‌ختیار چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی ئه‌ویان نه‌كردووه و پێشنیازی خۆی كردووه: سه‌ركردایه‌تی به ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قه‌وه راده‌ستی نه‌وشیروان بكرێت، خۆیشی باجێكی قورسی دا‌و به‌سه‌دان كه‌سیش بوونه قوربانی... تاد.
(1) نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین: له كه‌ناری دانوبه‌وه بۆ خڕی ناوزه‌نگ. ل 167.
(2) كملك: كورتكراوەی كۆمەڵەی ماركسی ــ لینینی كوردستان ئەندێشەی ما‌و تسی تۆنگ.
(3) بسك: كورتكراوەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان.
* بهروێنه: Vorbid به‌ر+ وێنه له‌سه‌ر كێشی Vor+ Bild به‌عه‌ره‌بی: قدوه: كه‌سێك له‌لایه‌ن كه‌سانی تره‌وه وه‌كو نموونه ده‌بینرێت.
غاندی بهروێنهی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه بڕوایان به ڕێبازی نازهبرهزهنگ هه‌یه.
چێ گواره (جیڤارا) بهروێنهی چه‌پ و شۆڕشگێڕه لاوه‌كانی جیهانه.
** هۆمۆجێن: Homogen: هاوئاهەنگ، هاوشێوە (متجانس)..
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی کلیک بکە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ