ئەوکاتەی چەلەبیم بینی

09-11-2015
سوهێر قەیسی
نیشانەکردن سوهێر قەیسی
A+ A-

کەسایەتییەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو کەسێکی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ بوو بەپێی لایەنەکانی کەسایەتییەکەی . ساڵی 2010 بۆ یەکەمجار، یەکەم بەرنامەی دیبەیتیم لە نیشتمانی عەرەبیدا پێشکەش کرد کە لە ئەلقەکانی کۆتاییدا گۆڕا بۆ هەڤپەیڤینی تاکەکەسی لەگەڵ دیارترین پاڵێوراوەکاندا . یەکێک لەو کەسانەی کە لە ساڵی 2003 ئەلقەیەکمان بۆ تەرخان کرد، ئەحمەد چەلەبی سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق و بانگەشەکاری سەرەکی رووخاندنی رژێمی سەددام حوسێن بوو.

 لە ڕۆژی هەڤپەیڤینەکەدا ئەو ئۆتۆمبێلانە هاتنە نووسینگەی ئەلعەرەبییە لە بەغدا کە من و تیمەکەیان دەگواستەوە بۆ شوێنی چەلەبی . چووینە یەکێک لە ماڵەکانی لە ناوچەیەک کە ئێستا نازانم کوێ بوو. خانووێکی زۆر گەورە بوو، لەوێ ئینتیفاز قەنبەری یاریدەدەری چەلەبی پێشوازی لێکردین و چووینە نێو ماڵەکەوە. کە چووینە ژوورەوە بینیمان ماڵ نییە ، بەڵکو شوێنێکی زۆر سەرسوڕهێنەری کۆبوونەوەکانە ، تاوەکو گەیشتینە ژوورێکی بەتاڵ کە تەنیا کورسی و مێزێکی لێبوو.

 ئەحمەد چەلەبی لەسەر کورسییەکە دانیشتبوو و کۆمەڵێک کاغەزی لەبەردەم بوو کە بریتی بوون لە دۆسیەی پەیوەندیی ژمارەیەک کەسایەتی لەگەڵ بەعس ، لەبەردەم ئێمە باسی ریشەکێشکردنی کەسایەتییە بەعسییەکانی لەگەڵ یاریدەدەرەکانی دەکرد  کە ئەو سەرۆکی دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس بوو، ئەوکاتیش لە هەڵبژاردنەکاندا دەستەکە زۆر بایەخی بەوە دەدا، بەڵام لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا دەستەکە زۆر بەوە تۆمەتباردەکرا کە ئامرازێکە بۆ لەنێوبردنی دژبەرەکانی نەک بۆ جێبەجێکردنی دادوەری .

 بەردەوام رکابەرەکانی و میدیا باسی ئەوەیان دەکرد . حەزم نەکرد هیچ باسێکی لەگەڵ بکەمەوە پێش تۆمارکردن ، بۆ ئەوەی تەوەرەکانی هەڤپەیڤینەکە نەسووتێنم . ئینجا پێمگوت ئایا دەستپێبکەین؟ بەڵام ئەو گوتی حەزدەکات هەڤپەیڤینەکە لە ماڵەکەی لە کازمییە تۆمار بکەین.

بەوشێوەیە ئەو ماڵە سەیرەی ئەومان بەجێهێشت و چووینە ناوچەی کازمییە . ئەو سیاسەتکارە کۆچکردووە ئێمەی بەنێو ماڵە گەورەکەی خۆیدا گەڕاند کە شوێنەواری باوک و بنەماڵەکەی پێوە دیاربوو. ئەوکاتەی لەگەڵ ئێمەدا بەنێو ماڵەکەدا دەگەڕا ، باسی ئەو رابردووەی دەکرد کە هیچ کات لەبیری نەکردووە ، ئەوکات هەستم کرد هێشتا وەک منداڵێک چاوەڕێی باوکی دەکات لەسەر پێپلیکانەکانی ماڵە دەوڵەمەندەکەیان بۆ ئەوەی باسی رۆژەکەی خۆی بۆ بکات لە قوتابخانە . زەمەن ئەوی گێڕایەوە بۆ سەردەمێکی بەغدا کە ئەو زۆری خۆشویستووە .

 لێرەدا هەستم کرد کەسایەتی ئەو لایەنێکی دیکەشی هەیە، زۆر نەرم و گرنگتر لە لایەنە دەوڵەمەندەکەی کە لەماڵەکەی پێشتردا بینیم . هەروەک لە قسەکانی ئەوکاتیدا هەستم پێکرد ، ئەو زۆر کاریگەربوو بە رابردووەکەی و زۆر کاریگەربوو بە چیرۆکی ناچارکردنی بنەماڵەکەی بۆ بەجێهێشتنی عێراق ، هەروەک بڵێی نەیدەزانی کە قۆناغی بەعس تاهەتایە کۆتایی هات . ئەوەندەی رابردووەکەی لەبیربوو ، ئەوەندە لەنێوچوونەکەی لەبیر نەبوو، هەرچۆنێک بێت ، کازمییە ئەو شوێنە بوو کە چەلەبی زۆر خۆشیدەویست.

هەڤپەیڤینێکی زۆر خۆش و یەکێک لە باشترین هەڤپەیڤینەکانم لەگەڵی ئەنجامدا ، ئەوەی کە زۆریش پێی داخباربوو، ئەوەبوو کە دانی نا بەوەی ناتوانێ هیچ بکات بەهۆی هەندێ لە هاوکارە سیاسییەکانی کە حەزیان نەدەکرد هیچ شەریکێکیان هەبێت ، لەهەمان کاتدا هەستێکی زۆر ناخۆشی هەبوو کە ئەو بەشداربوو لە بانگکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ عێراق ، پاش ئەوەی ژێرخانی عێراقیان تێکدا بەبێ ئەوەی بەڵێنەکەیان بە دروستکردنی عێراقێکی باشتر، بەجێبگەیێنن.

من هەست بەو ئازارە  دەکەم کە چەلەبی کێشاویەتی لە رۆژانی دوایی خۆیدا ، بەتایبەتی کە بەچاوی خۆی نقومبوونی پارێزگاکانی دەبینی بە ئاوی باران و ئاوی پیسی ماڵان و بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و کۆنترۆڵکردنی 40%ی رووبەری عێراق لەلایەن تیرۆریستانەوە . زۆر سەختە بۆ ویژدانی هەر کەسێک کە بەرپرس بێت لەبەردەم مێژوودا لە رووخانی ئەفسانەی دیموکراسی لە وڵاتی لانکی شارستانییەکاندا . هیواخوازبووم کە ئەو سیاسەتکارە کۆچکردووە خاوەن بڕوانامە بەرزە و شارەزا ئابوورییە ، بە دروستکردنی داوودەزگاوە خەریک بووایە نەک بە تۆڵەکردنەوە لە رابردوویەک کە ناگەڕێتەوە .


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە