سڵاو لە هەموو ئەوانەی سەریان بەرزە
هاوڕێ پارتییەكانم، هاوڕێ یەكێتییەكانم، هاوڕێ گۆڕانەكانم، هاوڕێ كۆمونیستەكانم، هاوڕێ ئاینییەكانم، هاوڕێ سۆسیالیستەكانم و هەموو ئەوانی دی... هاوڕێیەتی ئێوە لەسەرووی هەموو حیزبایەتییەكەوەیە بۆ من.. من كوردم، حیزبی نیم.
كۆمەڵێك شێخ و مەلا، فڵان دكتۆر و فیسار كۆنەبەعسی (كە بەعسی هەر بەعسییە و كۆن نابێت) و ئەو پاڵتاكچیانەی سەرجادە هەڕەشەیان لێكردم، هەوڵیان دا بە نامەردانە و ترسنۆكانە، پێنووسەكەم وەك ملی خۆیان كەچ بكەن. نەیانزانی پێنووسەكەم چەكوشە و لە ئاسن دروستكراوە. ئەوانەی راوێژكارم بوون، نێرینە بوون... چونكە ئەمان زمانی یەكتر شارەزان. ئەو نیوە پیاوانە ناوێرن سەریان لە ئاستیان بەرزبكەنەوە. سوپاس هاوڕێكانم.
بەداخەوە و زۆر بەداخەوە، تێگەیشتم كە ماڵی كورد دەبێت خاڵی بێت لە ژنی ئازاد و ئەوەی بیەوێت ئازاد بێت، نابێت لە یادی بكات، هەندێك لە نێرینەی نەتەوەكەمان، ژیانی تاڵ دەكەن و بە رەفتاری نابەجێ و پارسەنگی سووك لێنان دەیانەوێت لە مەسەلە چارەنووسسازەكان دووری بخەنەوە و لە پەراوێزەوە سەیر بكرێت.
ئەمە فاكتە، بە داخەوەم كە ماوەی مانگی رابردوو یەخەیان گرتم. بۆم دەركەوت، نەتەوەكەم هەتا ئەم جۆرە نێرینانەی هەبێت، پارچەی دیكەی لێدەبێتەوە و پێكەوە نالكێتەوە. ئەوانە ئینتگرێشن (خۆگونجاندن)یان پێ ناكرێت. ئەمە هەوڵ و كۆششی مێیینەی پێویستە.
بەڵێ، من ئازادم و دەزانم باجەكەی و ئاكامەكەی سەختە. ئەو نێرینەیەی بیەوێت زمانم بكاتە بەنەخوێنی شەرواڵە چڵكنەكەی، ملپێچە بۆگەنەكەی، پێنووسە فرۆشراوەكەی، بۆیمباخەكەی كە پەتی ملی هەزاران كوردپەروەر بووە، دەروونە نەخۆشەكەی، رابردووە خوێناوییەكەی، ناسنامە بەعسییەكەی، ژیانە بێ بەرهەمەكەی، بوونی نییە بۆ من و نابێت.
بەناو هاوڕێیەكم بۆی نووسیم: ئەو نووسینەت لە رووداو (گۆڕان هەر ئۆپۆزیسیۆن دەبێت)، پڕە لە رق. یەكێكی دیكە نووسیبووی: تۆ ئافرەتی، ناسكیت، نابێت بەو شێوازە پەلاماری حیزبەكان بدەی. كەی پەلاماری هیچ حیزبێكم داوە؟ ئەمە بۆچوونمە. من مرۆڤم و دەنووسم.
حیزبەكان یان نێرینەكان؟ ئەی ئەوان هەتا كەی پەلاماری ئێمە دەدەن؟ هەتا كەی زۆرینەی كورد پەراوێز دەخەن؟
ئەی كەی دەبێت دەم بكەینەوە و ئەو ژەهرەی بە شیری دایكمانەوە كرایە گەروومانەوە، هەڵیڕێژینەوە ناو كۆمەڵگەی كوردستان؟ بۆ ئەوەی هەموو تامی بكەن، ژەهری كۆیلایەتی چۆنە!
ژنی نەتەوەكەم دەبێت لەمڕۆوە دەستبكەن بە دروستكردنی "ئەسپەكەی ترۆیا"
لە میتۆلۆجیای یۆنانی كۆندا باس لە ئەسپەكەی ترۆیا دەكرێت لە كاتی جەنگەكانی ترۆیا. ئەم ئەسپە گەورەیە لە دار دروستكرابوو، لە ناویدا سەربازە یۆنانییەكانی ئەنتیك خۆیان حەشاردابوو، بۆ ئەوەی شەو دەروازەكانی شاری ترۆیا بكەنەوە و داگیری بكەن. ئەم ئەسپە سیمبۆلی ستراتیجییەتە بە ئامانجی بردنەوەی جەنگێك. ئەمڕۆ لە دنیای ئینتەرنێتدا باس لە ئەسپی ترۆیا دەكرێت كە دەچێتە ناو پرۆگرامەوە و تێكیدەدات.
واتا دەبێت لەمەودوا، ژن زۆر بە ئاگادارییەوە كاری سیاسی بكات و ماڵی خۆی بە جیا رێكبخات و نێوان ژنی كورد توندوتۆڵ بكەینەوە، پاچ و خاكەناز، بزمار و چەكوش بگرینە دەست و بێینە پێشەوە و ئۆپۆزیسیۆنی نوێ لەناو ئەسپەكەی ترۆیا دروستبكەین.. دوور لە ئایدیۆلۆجی عەمارەپۆی نێرینە.
ئۆپۆزیسیۆن دژی مێشكە ئێكسپایەرەكان، دژی هەموو ئەوانەی رێگە لە ژن دەگرن لەوەی ئەو جێیە بگرێتە دەست كە شایەنێتی.
هەتا كەی لە پشتی پشتەوە زەردەخەنەی سەرلێومان بكەینە پەیژە بۆ سەركەوتنی نێرینە؟
لەم رەوشەی كە ژنی كوردی تێدا پەراوێزخراوە و ئەم ئەزموونەی نێرینە تێیدا زاڵە، جگە لەوەی لەرزۆكی و گەندەڵی و توندوتیژی زیاتر لە كۆمەڵگادا دەخاتەوە، بەرامبەرێكی مێیینەی دەستەوسانیش دەخاتەوە كە بە شێوەیەكی بەردەوام، ئەركی سەرشانی نێرینە گرانتر دەكات و خودی خۆی، بێ ناوەڕۆك و بێ ئامانج دەكات و دەبێتە نموونەی كۆیلایەتی بۆ نەوەی نوێ.
ئەو نەتەوەیەی كە زۆرینەی مێیینەیە، رێگەی دا ئۆپۆزیسیۆنی 2009 دروستبێت، ئێستاش ئەوندە دژوار نییە و ئامادەیە ئۆپۆزیسیۆنی 2014 بخاتە رەوت. جا ئەگەر نێرینە خۆپەرست و لەخۆڕازی و هەڵپەچییەكان، چاوپۆشی لەم راستیانە بكەن و لەكاتی بڕیارداندا بیری تەسكیان بۆ ئەوە نەچێت كە بەرامبەرێكی پڕ بایەخیان هەیە، ئەوا لەسەر مێیینەیە، دەنگ هەڵبڕن و نێرینە بە ئاگا بهێننەوە كە كوردستان جێی هەمووانە و رێگاگرتن لە یەكتر و بوارنەدان بە یەكدی، كاتی بەسەرچووە.
دەبێت هەرسی بكەن، رێ چاككردن بەبێ مێیینە سەرناگرێت. ناهێڵین سەربگرێت، بە یارمەتی ئەو كەسایەتیانەی سەریان بەرزە و خۆیان ناكەنە كۆیلە.
بۆ خوێندنەوەی وتاری "گۆڕان هەر ئۆپۆزیسیۆن دەبێت"، کلیک لێرە بکە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ