مەترسیەكانی بەردەم رۆژئاوای كوردستان

10-07-2015
محەمەد حاجى کەریم
نیشانەکردن رۆژئاوای كوردستان
A+ A-

هەنووكە زیاتر لە پێنج هەزار پێشمەرگەی راهێنراو لە كوڕ و كچانی رۆژئاوای كوردستان، لە سەنگەرەكانی باشووری كوردستانەوە لە رووبەڕووبوونەوەی سەختدان لەگەڵ داعش. ماوەیەكە هەوڵێك هەیە بۆ گەڕانەوەی ئەو پێشمەرگانە بۆ رۆژئاوا، بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی YPG و YPJ، ئەركی پاراستنی ئەو پارچەیەی كوردستان لە ئەستۆ بگرن. 

لەگەڵ ئەوەی ئەو خواستەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد ENKS، ویستێكی جەماوەریی لە پشتە، وەلێ پارتی یەكێتیی دیموكراتی PYD قبووڵی نییە جگە لە هێزەكەی خۆی هیچ هێزێكی تر لە پاراستنی رۆژئاوای كوردستاندا بەشداربێ‌.

ئەو رەتكردنەوەیە، هەر بیانوویەكی لەپشت بێ‌ لە جێی خۆیدا نییە، ئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو شتێك گرنگترە، پاراستنی سەر و ماڵی خەڵكی سڤیلی ئەو پارچەیەی كوردستانە كە بە قۆناخێكی زۆر سەخت و مەترسیداردا تێدەپەڕێ‌.  
 
ئەگەر مەسەلەكە ئەوەیە، ئەو هێزە بەرهەمی حیزبەكانی نێو ENKS یە و هێزێكی حزبییە، خۆ ناكرێ‌ بڵێین YPG هێزێكی بێلایەنە. هەر شتێك لەبارەی بێلایەنیی YPG بگوترێ، لە تەفرەدانی جەماوەر بترازێ، شتیكی تر نییە. 

پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەو هێزەی PYD، پشتیوانییەكی میللی هەیە؟ من دەڵێم نەخێر. YPG هێزی هەمووان نییە و بەشێكە لە ململانێی سیاسی.

نكۆڵی لە جوامێری و ئازایەتی ئەو شەڕڤانانە ناكرێ‌، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە پاراستنی ئەو پارچەیەی كوردستان لە هێرشی دڕندانەی داعش، هێز و پشتیوانی دیكەی پێویست نییە و تەنیا بە YPG دەكرێ‌. رەنگە كەسانێك بپرسن، چما كێشەیەك هەیە، ئەی ئەوە نییە رۆژئاوای كوردستان دەپارێزن؟ 

راستە PYD بە تاكڕەویی خۆی، لە رێی ئەو هێزەوە رووبەڕووی داعش دەبێتەوە و مەبەستیەتی ئەو بەشەی كوردستانی لە دەست بمێنێتەوە، بەڵام ئایا ناكرێ بۆ پاراستنی زیاتری ناوچەكە و كەمكردنەوەی زیانەكان، لایەنی دیكەشی قبووڵ بێ‌؟

رەنگە جەوهەری مەسەلەكە ئەوەبێ‌، رازیبوون یان رازینەبوون، شتێك نەبێ‌ لە دەست PYD، یان ورتر بڵێین PKK دابێ‌. دۆخەكە لەوە ئاڵۆزترە و پێدەچێ‌ پێویستی بە رەزامەندی خەڵكی دیكە بێ‌. 

نابێ ئێمە تەنیا دیوێك ببینین كە ئەویش بەرگریە، دەبێ‌ سەیری زیان و دەرهاوێشتەكانی پشت ئەو بەرگریەش بكەین. دەكەوینە هەڵەوە ئەگەر رووكەشانە سەیری بارودۆخی ئەو بەشەی كوردستان بكەین و پێمانوابێ لە دەستێكی ئەمیندایە، بەداخەوە واقیعەكە شتێكی دیكەمان پێدەڵێت.

ئەوەی لە نزیكەوە چاودێریی رەوشەكە دەكات، باش دەزانێ مەترسییەكان زۆر لەوە گەورەترن و دۆخەكە زۆر لەوە شێواوترە كە دەبینرێت. رۆژئاوای كوردستان زۆر بە چڕی بووەتە ئامانجی داعش و هێزگەلی توندئاژۆ. ئازارەكانی هاونیشتمانیان رۆژ بە رۆژ قوڵتر دەبنەوە، قەیرانێكی گەورەی ئابووری، ئەمنی و سیاسی، تا بینەقاقەی ئەو وڵاتە رۆچووە.

چیرۆك و كاراكتەرەكانی هێندە زۆرن، هەر لایەنە بە قەبارەی خۆی دەستی لە شلۆقكردنی گۆمەكەدا هەیە و هەوڵدەدات زۆرترین كاریگەری لە گۆڕەپانەكەدا هەبێ‌.

هێشتا لە رۆژئاوای كوردستاندا رژێمی سووریا (حزبی بەعس) نەكەوتووە. رێكخراوەكانی و یەكەكانی ئەمن و هەوڵگری بە ئاشكرا و بە هەماهەنگی لەگەڵ PYD كار دەكەن، تا ئەوێ‌ گاڤێش زیندانەكانیان پڕن لە تێكۆشەرانی كورد. سوپای ئازاد لە ناوچەكانی سەرێكانیێ و گرێسپی و كۆبانێ‌ و دەوروبەری عەفرین، لە كێبەڕكێی سەختدایە لەگەڵ رژێمی سووریا و هەندێك لایەنی دیكە. 

جەبهەتولنوسرە، وەك باڵی سووریای قاعیدە، دەوروبەری باشووری عەفرینی لە دەستدایە. بە كورتی ئێستا لەو ناوچەیەدا بە دەیان گرووپ و رێكخراوی تیرۆریستی ئامادەیی بەرچاویان هەیە، مەترسیدارترینیشیان داعشە كە لە شەڕی مان و نەماندایە لە گەڵ كورد. 

ململانێی نێوان ئەو هەموو هێز و دەستانە وایكردووە، كێرڤی دەربەدەربوونی هاونیشتمانیانی ئەو پارچەیەی كوردستان بەرەو وڵاتانی دەوروبەر و ئەوروپا، رووی لە هەڵكشان بێ‌. دەگوترێ‌ تا ئێستا لە كۆی پتر لە سێ‌ ملیۆن و نیو، یەك ملیۆن كورد پەنابەری وڵاتانن.

ئەمە وایكردووە، ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان كورد زۆرینە نەبێ‌، چونكە لەلایەكەوە بە لێشاو ماڵ و حاڵی خۆیان جێدەهێڵن، لەولاشەوە ئاوارە عەرەبەكانی ناوچەكانی دیكە شوێنیان دەگرنەوە. ئەوەی زیاتریش دۆخەكەی پەرێشان كردووە، پەیڕەوكردنی سیاسەتی بە زۆر سەپاندنی سەربازیی ناچارییە لە نێو گەنجاندا. 

 PYD بەهۆی سەپاندنی باج، بارگرانیەكی گەورەی خستووەتە سەر ملی خەڵكی، چاندن و مەڕداری باجێكی زۆری خراوەتە سەر. ئەمەش نەك هەر تەنگی بە جووتیار و كاسبكاران هەڵچنیوە، بەڵكو بە تەواوی مایەپووچ و بێ‌ ئومێدی كردوون. PYD بە هۆی ئەو سیاسەتەوە، زیاتر بەری خەڵكی داوەتە كۆچبەری.

بینینی ئەو واقیعە، مانای دژایەتیكردنی PYD نییە، ئەوەندەی دەرخستنی راستیەكە و ناكرێ‌ لە ئاستیدا چاو بنوقێنین. ئەوانەی كوێرانە پشتیوانی لەو سیاسەتەی PYD دەكەن، یان ئاگاداری واقیع نین و روانینێكی روونیان بۆ ئەمڕۆ و ئایندە نییە، یان پەیوەندی بە رقلێبوونەوەی سیاسییەوە هەیە.  
كورد لە سووریا لە بەردەم قوناخێكی دژواری مێژووییدایە، ئەگەر بە لێزانی و لۆژیكەوە مامەڵە نەكات، لە ناو ئەو هەموو ناكۆكی و ململانێیەی ناوچەكەدا بە ئاسانی و زیانێكی كەم دەربازی نابێ‌.

دەوڵەتانی دەڤەرەكە، بە تایبەت ئێران و توركیا، جڵەوی بەشێكی گەورەی ئەو ململانێیە دەكەن و ئامانجیان ئەوەیە كورد لە ژێر هەژموونیاندا بمێنێتەوە و بە هیچ نەگات. هەروەك هەوڵەكانی توركیا لەم چەند رۆژەدا زیاتر چڕبوونەتەوە بۆ ئەوەی ئەو پارچەیەی كوردستان زیاتر نوقمی برین و كارەسات بێ‌. دوور نییە بەهۆی جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی توركیا، دۆخەكە سەر بكێشێ‌ بۆ ئاڵۆزیی زیاتر.

پاوانخوازیی PYD، ئایندەیەكی روونی بۆ هاونیشتمانیانی رۆژئاوای كوردستان لێ ناخوێندرێتەوە. ئەگەر دڕك و داڵی ناكۆكییەكان بەلاوە نەنێ‌ و بەڕووی ئەوانی دیكەدا نەكرێتەوە، ئایندەی ئەو بەشەی كوردستان لە ئێستا باشتر نابێ‌ و دەرفەتێكیش بۆ چارەسەری نامێنێتەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە