هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كۆتایی هات و بەم زووانەش دانیشتنەكان دەستپێدەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت. لێرەدا چەند راو سەرنجێك لەسەر ئەگەرەكانی پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو دەخەمەڕوو.
یەكەم: ئەو شكستەی بەسەر یەكێتیدا هاتووە بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ رازیبوونیان بەكاركردن لەژێر هەیمەنەی پارتی. هەربۆیە ئەگەر یەكێتی ئامادە بێت بەتەنیا لەگەڵ پارتی بەشداری لە حكومەت بكات، ئەوا لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان زۆر خراپتر دەبن لە ئێستایان. لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا مامەڵەی پارتی لەگەڵ یەكێتی مامەڵەی دەسەڵاتدار بووە لەگەڵ هێزێكی لاوەكی و پاشكۆی خۆی. لە ئەگەری بەشداریكردنی یەكێتی بەتەنیا لەگەڵ پارتی لە حكومەتدا، ئەم جۆرە مامەڵەیە نەك هەر بەردەوام دەبێت، بەڵكو خراپتریش دەبێت بەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی دەنگدەری یەكێتی لە دوای هەڵبژاردن.
یەكێتییەكان پێویستە بەبێ تەمومژ لەوە بگەن، بەتەنیا بەشداریكردنیان لەگەڵ پارتی لە حكومەتی ئایندەدا مانای هەنگاو هەڵگرتنە بەرەو خراپتر.
دووەم: ئەگەر گۆڕان لە ئۆپۆزیسیۆن بمێنێتەوە، ئەوا فرسەتی پێشەوەچوونی زیاد لە دەستدەدەن.
خۆ ئەگەر بە تەنیا و بەبێ ئیسلامییەكان بچنە دەسەڵات ئەوا زەرەری لە خێری زیاتر دەبێت. چونكە هاوپەیمانێتی نێوان ئۆپۆزیسیۆن تێكدەچێت و گۆڕان بەرەیەكی دیكەشی بەڕوودا دەكرێتەوە.
ئەگەر گۆڕان پێكەوە لەگەڵ ئیسلامیەكانیش بچنە دەسەڵات لەگەڵ پارتی، ئەوا گۆڕان وەك هێزێكی دژە یەكێتی دەردەكەوێت، ئەمەش بێ زیان كۆتایی نایەت.
سێیەم: ئەگەر ئیسلامییەكان بەبێ یەكێتی و گۆڕان بەشداری لە حكومەتی پارتیدا بكەن، ئەوا تەقە لە پێی خۆیان دەكەن. ئەزموونی یەكێتی لەگەڵ پارتی نیشان دەدات لە ئەگەری هاوپەیمانیەكی لەم جۆرەدا ئیسلامییەكان دەبێت چاوەڕوان بن وەك حیزبی شیوعی و زەحمەتكێشانیان لێبێت.
ئەمە جگە لەوەی ئەگەری دووەم و سێیەم پێویستی بە رەزامەندی پارتی هەیە. ئەگەر پارتی ئەم ئەگەرانەشی لە دڵەوە پێخۆش بێت، واتە پارتی ئارەزوو بكات یەكێتی وەك ركابەری مێژوویی خۆی بە تەواوی شكست بهێنێ، لەم كاتەدا نایكات، چونكە لە بەرژەوەندی ئەو نییە. بۆ پارتی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ یەكێتی دەیان جار بێ سەرئێشەترە لەوەی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن حكومەت پێكبهێنێ.
چوارەم: لایەنگرانی یەكێتی و هەندێك لە لایەنگرانی گۆڕان و ئیسلامیش رەنگە پێیان خۆش بێت بەرەیەك لە گۆڕان، ئیسلامی و یەكێتی پێكبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت بەبێ پارتی. هەرچەندە ئەم لایەنانە پێكەوە ژمارەی تەواوی كورسییان هەیە بۆئەوەی حكومەت پێكبێنن، بەڵام نەكردنی باشترە لە كردنی، چونكە حكومەتێكی لەم شێوەیە هەرگیز سەقامگیر نابێت. ئەزموونی حكومەتی بەرەی شیعە لە عێراقدا نیشانی دەدات دوورخستنەوەی پێكهێنەرێك یان كوتلەیەكی سیاسی گەورە لە دەسەڵات بێ كێشە نییە.
هەموو ئەمانەو گەلێك هۆی دیكەش، بەو ئەنجامەمان دەگەیەنێت كە رەنگە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و هەموو لایەكیش لەوەدا بێت حكومەتی نوێ بە بەشداری هەمووان پێكبێت. بەڵام ئەم حكومەتە پێویستە بۆ ماوەیەكی كورت بێت، بۆ نموونە بۆ دوو ساڵ.
بۆچی دوو ساڵ؟
دەركەوتنی ئۆپۆزیسیۆن و هەڵكشانی نیشانی دەدات كە سیستەمی سیاسی لە كوردستان پێویستی بە ریفۆرم هەیە. گۆڕان و ئیسلامییەكان تاوەكو ئێستا ئاڵاهەڵگری ئەم رەوتەن. یەكێتیش ئەگەر بیەوێت وەك حیزبێكی سیاسی دواڕۆژی هەبێت پێویستە بەم رەوتەوە پەیوەست بێت.
پێویستە ئەو دەنگ و كورسیانەی لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهاتوون بۆ جێبەجێكردنی هەندێ ریفۆرم بەكاربێت. پێویستە كار بكرێت بۆ شەفافیەتی زیاتر لە داهاتی كوردستان، دروستكردنی دەوڵەتی دامەزراوەیی، پەرەپێدانی خزمەتگوزاری، ریفۆرم لە سیستەمی هەڵبژاردن، ریفۆرم لە داهاتی حیزبەكان و ..تاد. دیارە قەبارەی گۆڕان، یەكێتی و ئیسلامییەكان بواری ئەم كارانەیان پێدەدات. هەر كاتێك هەموو لایەك دڵنیابوون لەوەی زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاك لەبەردەستدایە، دەكرێ ئەم حكومەتە بنكەفراوانە كۆتایی بێت و هەڵبژاردنێكی پێشوەخت بكرێت. بۆ هەموو ئەم كارانەش رەنگە دوو ساڵ پێویست بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ