ئەگەرچی زۆر هەوڵی بێشومار درا بۆ ناوزڕاندنی و کەمکردنەوەی لە کەسایەتی بە هەڵدانەوەی رابردوو خۆی و کەسوکاری، دواجار زۆرینەی میللەتی ئەمەریکا ئەویان لە ناو دەیان رکابەری بەهێزی دیکەدا هەڵبژارد. لە نێوان دوو رکابەری پڕ کێشە و نامەرغوب و جیاواز (یەکێکیان بزنسمان و ئەوی دیکەیان ژن)، دوو کۆنە هاوڕێ کە بۆ زیاتر لە سی و پێنج ساڵە کەسایەتی بەرچاون لە وڵاتەکەیاندا، خەڵکی ئەمەریکا متمانەیان بەخشییە کەسێکی پۆپولیستی کە خوودی ئەمەریکییەکان و جیهان پێشبینییان نەدەکرد. خەڵک ویستیان ئەمجارە دەرفەت بدەنە کەسێکی دەرەوەی بازنەی نوخبەی سیاسی ئێستا کە ئەویش تەنیا ترەمپ بوو.
ترەمپ شۆڕشێکی راستەقینەی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بەرپاکرد، کە یەکەمجارە ئەمەریکا رووداوێکی لەمشێوەیە بەخۆیەوە ببینێت. ترەمپێکی ملیاردێری بێ پاڵپشتی سیاسی بەهێز توانی لە دوای هەوڵێکی زۆر، خۆی وەکو کەسایەتییەکی گوێگر لە خەم و دەرکپێکەر بە ئازار و نیگەرانییەکانی میللەتێک نیشان بدات کە هەست دەکەن گەندەڵی و نوخبەخواز و ناعەدالەتی سیستەمی ئەمەریکا، جیهانگیریی، تیرۆر و کۆچی نایاسایی، گۆڕانکاری دیمۆگرافی و شۆڕشی تەکنۆلۆجیا هەڕەشەیان لێدەکات. ترەمپ خۆی هێنایە ریزی میللەت و بەرامبەر بە نوخبەی پێشەنگی وڵات وەستایەوە.
دواجار ترەمپ قسەی خۆی بەجێ هێنا کاتێک سوێندنی خوارد کە واشتنۆن سەروخوار بکات و "گۆمی نوخبەکان وشک" بکات.
ئەو توانی قەناعەت بە خەڵکی ئەمەریکا بهێنێت، کە هەروەک چۆن توانی لە دوای شەش جار مایەپووچی کارە بازرگانییەکانی، توانیویەتی هەموو جارێ هەستێتەوە و سەرکەوتنی نوێتر و گەورەتر تۆمار بکات، ئاواش دەتوانێت ئەمەریکا رزگار بکات و دیسان ئەمەریکا بەهێز بکاتەوە. ئەمەش بۆ ئەو ئەمەریکیانە زۆر گرنگ بوو کە لە دۆخی ئەمنی و ئابووری و سیاسی وڵاتەکەیان بێ ئومێد ببوون.
ترەمپ هەڵبژاردنەکانی بە راپەڕینی خەڵک دژ بە گەندەڵی سیستەم و دامەزراوەکان و پشتیوانەکانیان پێناسە دەکرد و بەرامبەر بە هەموویان وەستایەوە: سیاسەتمەداران و پارتەکان، دامەزراوەکانی دەوڵەت، کەناڵەکانی راگەیاندن، هۆلیوود، ئەکادیمیا و خوێنەرەوار و دەوڵەمەندەکان. ئەوانەی دەنگیان بە ترەمپ دا هەستیانکرد هەستانەوەی ئابووری ئەمەریکا لە دوای قەیرانی دارایی 2008ەوە ئەوانی لەبیر کردووە، رێککەوتننامە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتان کارەکانی ئەوانی دزیووە، یان هەڕەشەن بۆ سەر کارەکانی ئێستایان و کەوا دامەزراوەکانی دەوڵەت لە واشنتۆن، میدیا و سەرمایادارانی واڵ ستریت بێرێزیان بەرامبەر دەنوێنن. ئەوان دەنگیان بە ترەمپ دا تاوەکو شەڕی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی چینی نوخبەی دەوڵەتیان بۆ بکات. بەشێک لە دەنگدەرانی ترەمپ هەمان ئەو کەسانە بوون کە چەند ساڵێک پێش ئێستایش دەنگیان بە ئۆبامادا کاتێک بەڵێنی گۆڕانکاری و ئومێدی پێدابوون. ئەگەرچی چەند جارێک ترەمپ قسەی بە رەشپێست و ئەمەریکای لاتینەکان کرد و میدیا و حیزبی دیموکراتیش ئەوەندەی تر ئەو قسانەیان گەورە کردەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش دەنگی بەرچاوی ئەوانی بەدەستهێنا، بە جۆرێک نزیکەی یەک لە سێی لاتینۆکان متمانەیان هەر پێبەخشی.
ترەمپ ئەو یاسا کۆنانەی سەبارەت بە چۆنێتی قسەکردنی خەڵک لەبارەی سیاسەتەوە پێشێل کرد و لەوەشدا بردییەوە.
هەڵسوکەوتە سەیر و قسە بێ سانسۆرەکانی ترەمپ کەسایەتی ئەوی وەکو کەسێکی راستگۆ دەرخست کە دەتوانێت شت بکات. شارەزایانی سیاسی هەردوو حیزب گاڵتەیان بە فەشەلی پرۆگرام و هەڵمەت و قسەکانی ترەمپ دەهات بەوەی پشت بە داتا و تەکنیکی مۆدێرن نەبەستووە کە رێکلامی تەلەڤزیۆنی دەقیق، شیکاری وردی ئاکاری دەنگدان لە خۆبگرێت و ئەتەکێتی قسەکردنی سیاسییانەی نییە، بەڵام ترەمپ هەر بەردەوامبوو و باوەڕی بەخۆی هەبوو و پێیوابوو کە جەماوەری ئەمەریکا ئەو پەیام و ستایلەی ئەویان بە دڵە. ترەمپ بەسەر لێشاوێک تۆمەتی ئەخلاقی و دەستپاکی و دەمپیسی سەرکەوت کە رۆژانە لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بە دەیان جار بە شێوەی رێکلام و پرۆگرامی لێدەدران.
ترەمپ تەرکیزی زیاتر لەسەر چینی ناوەڕاستی کارکەر (سپی پێست) بوو کە هەستیان بە پەراوێزی سیاسی و گۆشەگیری ئابووری دەکرد لە لایەن سیستەمی دەوڵەتەوە. گرنگترین پرسەکانی دەنگدەرانی ترەمپ بریتیبوون لە کۆچی نایاسایی (%58) و تیرۆر (57%) و ئابووری (42%) و سیاسەتی دەرەوە (34%). زۆربەی ئەوانەی دەنگیان پێدا پێیان وابوو داهاتیان لە چەند ساڵی رابردوو کەمی کردووە و کەوا ژیانی نەوەکانی داهاتوو لە ئێستا خراپتر دەبێت (63%).
دەوڵەمەندەکان زیاتر لە هەژارەکان دەنگیان پێدا. 9%ی ئەوانەی خۆیان بە دیموکراتەکان داناوە دەنگیان پێدا؛ 48% سەربەخۆکان و 41%ی میانڕەوەکان بۆیان ئیمزا کرد.
بۆچی هیلاری هەڵنەبژێردرا؟
هیلاری نەک لەبەر ئەوەی ژن بوو هەڵنەبژێردرا، بەڵکو خەڵکی ئەمەریکا نەیاندەویست یەکەم سەرۆکی ئافرەت هیلاری بێت. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە هیلاری 48%ی دەنگەکانی هێنا؛ گەر بڕیار بوایە ئەمەریکییەکان ژنێکیان نەویستبایە ئەوە زۆر کەمتر لەو دەنگەی پێدەدرا. لەگەڵ ئەوەشدا، هیلاری وەکو یەکەم ژنە کاندید دەنگی تەنیا 54%ـی ژنانی ئەمەریکای هێنا. هیلاری هەڵە و پەڵەی زۆری پێوە بوو، دیارترینیان پرسی بەکارهێنانی ئیمەیلی شەخشی کاتێک وەزیری دەرەوە بوو.
ئەگەرچی 90%ـی دەنگدەران پێیان وابوو کلینتن ئەزموونی باشی لە سیاسەت و حوکمڕانی هەیە، بەڵام تەنیا 14% پێیان وابوو دەتوانێت گۆڕانکاریی ئەوتۆ دروست بکات. بە پێچەوانەوە، تەنیا 8% پێیان وابوو ترەمپ ئەزموونی هەیە، بەڵام %83 باوەڕیان بەوە هەبوو کە دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات.
ئەوەندەی هیلاری سەرقاڵی لێدان بوو لە کەسایەتی و پرۆگرامی ترەمپ، ئەوەندە نەیتوانی روئیایەکی نوێ بۆ چینی ناوەندی ئەمەریکا پێشکەش بکات. لە بەرامبەر ئەوەشدا، ترەمپ هیلاری کلینتنی لە خانمی یەکەمی پێشووی خاوەن ناوبانگی باش و شارەزای بە ئەزموونی سیاسەت و قسەزان و فیگەرێکی کۆمەڵایەتی گۆڕی بۆ تاوانبارێکی رقلێبووەوەی خۆپەرستی ناو دامەزراوەی دەوڵەتیی ئەمەریکا شایان بە بەندکردن ناوزڕکرد.
ئەگەرچی کلینتن دەنگی زۆربەی شارە گەورە دەوڵەمەند و فرەرەنگەکانی بۆ خۆی برد، ترەمپ زۆربەی شارە بچووک و ناوچەکانی دەرەوەی شار کە سەردەمانێک بناخەی ئابووری ئەمەریکا بوون، دیکەی بۆ خۆی راکێشا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، ترەمپ زیاتر لە رکابەرەکانی ئەکاونت و پەیجی خۆی بەکاردەهێنا، تەنانەت پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیش نزیکەی چوار ملیۆن فۆڵۆوەر زیاتری لە هیلاری کلینتن هەبوو. بزاوتی و خێرایی لە رووبەڕووبوونەوەی رەخنەکان و لەدەستنەدانی دەرفەتی بچووک بۆ لێدانی رکابەرەکانی، خەسڵەتی سەرەکی ئەو بوون.
ئەمە وێنەیەکی شەخسی دیکەی دابوو بۆئەکاونت و پەیجەکانی، پێچەوانەی هیلارییەوە کە ستافێکی هەبوو بۆیان بەڕێوەدەبرد.
میدیا بە شێوەیەکی گشتی زۆر کاریگەری هەبوو بەسەر سەرکەوتنی ترەمپ. هەر لە سەرەتاوە ئەوەنە بە نەرێنی باسی ترەمپیان کرد کە بووە سەردێری هەموو سەرە کاتژمێر هەواڵێک و ئەوەندەیان لێدایەوە کە خزایە نێو دڵ و مێشکی خەڵکەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە بە پێچوانەی ئامانجەکەیەوە، میدیا دەبێتە هۆکاری سەرکەوتنی کەسێک.
ئەو وەکو پێشبینی نەکراوترین و نامەرغوبترین کەس، پشتی 16 رکابەری بەهێز و پێشبینیکراو و خۆشەویستی ناو حیزبەکەی خۆی شکاند. ئەو رووبەڕووی سەرۆکی ئەنجوومەن و سەرکردایەتی پارتی کۆمارییەکان بووەوە. بەڵام ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆمارییەکان یارمەتیدەرێکی باشی بوو لە سەرکەوتنەکان و ماوەی چەند ساڵێک بوو کاریان دەکرد لەسەر شێوازێکی نوێی بردنەوەی دەنگەکان. لە پاڵ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کۆمارییەکان هەریەک لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاشیان بردەوە. ئێستا واشنتۆن بە تەواوەتی رەنگی سووری کۆمارییەکانی پۆشیوە.
رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان، زۆربەی راپرسییەکان ئاماژەیان بە سەرکەوتنی هیلاری کلینتن دەکرد.
دەزگاکانی وەکو رۆیتەرز و هەفینگتۆن پۆست پێشبینی لە سەدا 90ـی سەرکەوتنی هیلارییان کردبوو، نیویۆرک تایمزیش دەیوت لە سەدا 84 کلینتن دەیباتەوە. مانگی رابردوو ترەمپ خۆی رایگەیاند کە چیتر باوەڕی بە راپرسییەکان نەماوە، چونکە دەزگاکانی راپرسی میتۆدی ئۆڤەرسامپلین بەکاردەهێنن بۆ کەمکردنەوەی جەماوەری ئەو. ئەم حالەتە لە راپرسی بەریتانیا بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپاش دووبارە بووەوە. ئەگەرچی لە زانستی مۆدێرندا ژمارە زۆر گرنگە بۆ سیاسەت، بەڵام هەموو جارێک ژمارە و داتا رەنگدانەوەی هەڵومەرجی راستەقینەی کەسەکان نییە. دەزگاکانی توێژینەوە راگەیاندن و راپرسی نەیانتوانیوە بە دروستی لە ئاراستەی دژە دەوڵەتیی تێبگەن کە ئێستا خەریکە چەندین وڵات دەگرێتەوە.
بەر لە شەش دەیە، باوکە خۆپێگەیەنەرە دەوڵەمەندەکەی، پێی گوت "هەوڵ بدە ببیتە شتێکی زۆر گەورە، چونکە لەوە خراپتر نییە کە هیچ نەبیت". ترەمپی کوڕ جگە لەوەی خۆی ئیمپراتۆرێکی عەقاراتی دامەزراند، خەونەکەی باوکیشی تێپەڕاند، کۆشکی سپی مسۆگەر کرد و نەخشەی هەڵبژاردنی ئەمەریکای داڕشتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە ترەمپی هەڵبژێردراو رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ دەبێتەوە سەبارەت بەو بەڵێنانەی دابووی؛ سیستەمی دەوڵەت دەسەڵاتەکانی سەرۆکی دیاری کردووە و خودی ترەمپیش لە نێو ئەو سیستەمە داچەسپیوە دەتوێتەوە کە لە واشنتۆن هەیە، هەربۆیە گۆڕانکارییەکانی هێندە هەژێنەر نابن کە خەڵکی ئەمەریکا چاوەڕێی دەکەن.
قوتابی ماستەر لە سیاسەتی گشتیی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، سکوڵی بلاڤاتنیک بۆ حکومەت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ