ئۆپرا لە فەلسەفەی ترسدا

11-05-2015
سوهێر قەیسی
نیشانەکردن سوهێر قەیسی ئۆپرا وێنفری
A+ A-

هەمیشە لەنێوان ئێمە و بەختەوەریمان و بەدیهێنانی خەونە مەزنەكاندا فاكتەری ترس راوەستاوە.

زۆربەی جاران، بەوجۆرە رەفتار ناكەین كە پێویستە، بۆیە هەندێ فرسەتی مەزن لەدەستدەدەین كە لەوانەیە ژیانمان بەرەو باشتر بگۆڕن، ئەمەش هەمووی بەهۆی ئەوەی لە بازنەی ئارامی و پێوە راهاتوودا دانیشتووین و جورئەتی ئەوەمان نەبووە هەنگاوێك بنێین بۆ گۆڕینی. دەڵێن: پیاو كە تەمەنی دەگاتە شەست، هەست بە پەشیمانی ناكا لەوەی كە كردوویەتی، بەڵكو لەوە پەشیمانە كە نەیكردووە. بۆ ئەو عیشقە پەشیمان دەبێ كە رێگەی داوە لەدەستی بچێ، یان بۆ ئەو نەشمیلە نازدارەی لە چاوەڕوانیدا رایگرت هەتا یەكێكی تر هات و لێی رفاند.. خولاسە بۆ هەر ساتەوەختێ كە بێ ئەوەی بیقۆزێتەوە لەدەستی چووە، بۆ هەر دەستكەوتێ كە بەهۆی ترسەوە لەدەستی دەرچووە.

لەم بەشی چوارەمەدا لەبارەی بەرمەجەی عەقڵی ناوەكی جا عێراقی بێت یان غەیری عێراقی، باسی بەرمەجەی عەقڵی خۆمان دەكەم وەك مرۆڤ لە هەر شوێنێكی دنیا بێت. یەكێ لەو شتانەی كە لەسەری راهاتووین و بەرمەجە كراوین، ترسمانە لە ئەزموونی نوێ و دڵەڕاوكێمان لە كاریگەریی دەستكەوتەكانمان لەسەر ژیانمان.

با ئۆپرا وێنفری، ئەو كەسایەتییە میدیاكارە جیهانییە بەنموونە وەربگرین كە بەسەر هەموو بەربەستەكانی ژیانیدا بازی دا و سەركەوت، هەر لە جیاكاریی رەگەزییەوە بگرە تا قەڵەویەكەی.. گێچەڵی سێكس.. هەژاری، بەسەر هەموویاندا سەركەوت و ئێستا یەكێكە لە كاریگەرترین كەسایەتییەكانی جیهان.

ئۆپرا لەو كتێبەی دواییدا (ئەو شتانەی باش دەیانزانم) دەڵێ: هەر تەحەددایەك كە لە ژیانتدا بەرەوڕووی دەبیتەوە، توانای ئەوەی هەیە پشتت لەزەوی بدا، بەڵام ئەوەی دەتوانێ زۆرتر تووشی شڵەژان و دڵەڕاوكێت بكا، ترسە لە بەرگەگرتنی گوشاری گۆڕانكاری و تەحەددی. ئەوە ترسە كە وامان لێدەكا لەجێی خۆمان بچەقین. ئۆپرا بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ئەوەی باش دەیزانم، ئەوەیە كە تاكە رێگە بۆ خۆڕاگرتن لەبەردەم ئەو شتانەی ژیانمان دەلەرزێنن، ئەوەیە كە دەبێ ورەمان لەبەرامبەری بگۆڕین.

لەبەرئەوە، تۆ ئەگەر دەتوانی گۆڕانكارییەكی گەورە لە ژیانتدا بكەی، هیچ بوارێك بە ترس مەدە كە دەستت ببەستێ، بەڵكو بەرەوڕووی گوشارەكانی ئەزموونی نوێ ببەوە. یەكێ لەو قسانەی كە سەرسامم دەكا، قسەیەكی هونەرمەندی رەشپێست وۆڵ سمیسە كە دیدگایەكی زۆر جوانی هەیە و دەڵێ: گۆڕانكاری و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی مەزن، هەمیشە حاڵەتێك لە نائارامی و ماندووبوونی لەگەڵدایە.. قبوڵی بكە.

تۆ تەماشا بكە، ئێمە كۆمەڵێ پەندی پێشینانمان هەن كە فێریان كردووین و هەر لە منداڵییەوە بەرمەجەیان كردووین لەسەری، بۆ نموونە: هەمیشە لەپاڵ دیوار بڕۆ.. ئەو دەرگایەی بای لێوە دێ، دایخە و بەئیسراحەت دانیشە. من بەشبەحاڵی خۆم شانبەشانی دیوار نەڕۆیشتووم و هەمیشەش هەموو دەرگاكانم لەسەر با خستوونەتە سەر پشت. من نازانم لە بازنەی راهاتندا بژیم و لە ئەزموونی نوێ بترسێم.

دواجار بڕوام پێبكەن، زۆربەی ئەو شتانەی لێیان دەترسێن، وەهمن كە خۆتان دروستتان كردوون و بەهۆیانەوە هەم فرسەتەكانتان لەدەستدەچن، هەم چێژی ساتەوەخت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە