پارتی سەوز بەرەو فشبوونەوە دەڕوات !

11-09-2016
رێبوار حەسەن
نیشانەکردن رێبوار حەسەن
A+ A-
هەرچەندە وتەبێژی پارتی سەوز ئۆسە رۆمسۆن Åsa Romsson گۆڕدرا و گوایە پێداچوونەوە بە كۆمەڵێك شتدا دەكرێت یان دەستپێكردنەوەی سەوزی Grön omstart گوستاف فریدۆلینیش Gusta Fridolin روودەدات ، بەڵام ئەمە وادیارە هەر بەقسە بوو چونكە بەردەوامبوونی كاروباری گرووپەكەی گوستاڤ بەهەمان شێوەی پێشوو هەر بەردەوامە ، بۆیە رێژەی ئەندامێتی لەنێو پارتی سەوزدا لە دابەزیندایە و ئەم پارتە بەوشێوەیەی ئێستا متمانەی هاونیشتمانیانی سوێدی پێی بەرەو نەمان دەچێت.

بەشێكی گەنجە سەوزەكان هەفتەی رابردوو بەكۆمەڵ لە فەیسبووكدا گرووپی سەربەخۆی داخراوی دەستپێكردنەوەی سەوزیان بەجێهێشت لەبەرئەوەی كە ئەم گرووپە بە جیدی رەخنەیان لە گوستاف و لێپرسراوانی حیزب دەگرت. لەهەمانكاتدا شەڕەنگێزی سەركردایەتی پارتەكە بەرامبەر كارل شیلتەر Carl Schylter و سێ ئەندامە پەرلەمانتارە رەخنەگرەكەی دیكەی پارتی سەوز بەئاشكرا و بەكراوەیی بەردەوامە، لەبەرئەوەیە پارتەكە تووشی گرفت و مەترسی و ڕاچڵەكانی گەورە بووە.

لەڕاستیدا دەبووایە پرسی ژینگە و سەوز ، بابەتێكی گرنگی پرسی گفتوگۆكانی ناو دەوڵەت بووایە، بەڵام مخابن تێڕوانینی لێپرسراوانی حیزب لەو پرسەدا وابوو كە باشترە ئەو سازشانەی لە بواری ژینگە و سەوزدا دەكرێن لەبیر بكرێن. 

بەڵام وا پێدەچێت زۆر ئاسەنگ و زەحمەتبێ وێنـەكە ببینرێت و هەروەها تێڕوانینی لێپرسراوانی پارتی سەوز لەوڕووەوە ئەوەیە وا باشترە ئەو سازشانەی كە لە بواری ژینگە و سەوزدا كردمان و دۆڕاندمان لەبیر بكرێن . بەڵام دیارە زۆر زەحمەت بێت بۆ ئێمە كە ببینە هەڵگری پرسی نوێ لەكاتێكدا كە پارتەكە تەواوی رۆحی خۆی لە رێگەی ئەو سازشانەدا ونكرد كە لەگەڵ سۆسیالدیمۆكراتەكاندا كردی ، كە ئەویش تەنیا بە مەبەستی چەند پلە و پۆستێكی وەزاری و مانەوەمان لە دەسەڵاتدا بوو. بێگومان بەهەمان شێوە ئەو راستییەش دەبینین كە چۆن سەوزەكانی ئەوروپاش كێشە و گرفتیان لە هەڵبژاردنەكاندا هەیە و دەنگ و متمانەی دەنگدەران وندەكەن، هەر بۆ نمونە:

لەم رۆژانەدا پارتی سەوزی ئەڵمانی لە ناوچەی Mecklenburg-Vorpommern لاوازی تەواوی پێوە دیاربوو كە لە دەنگداندا رێژەیەكی بەرچاوی دەنگدەرانی لەدەستدا. وا پێدەچێت كە پارتی سەوز لە لووتكەی دابەزیندایە. بەپێچەوانەوە پارتە نەتەوەپەرستەكانی ئەوروپا لە هەڵچوون و زیادبووندان ، ئەمەش بێگومان پەیوندی بەو هاوكێشەیەوە هەیە كە تاوەكو ئیسلام و بزووتنەوەی ئیسلامیزم زیاد بكات ئەوا رەگەزپەرستەكانی ئەوروپا لە هەڵچوون و بەرەو پێشچووندان.

بەریتانییەكان لە رێگەی گشتپرسییەوە لە یەكێتی ئەوروپا چوونە دەرەوە. هەرچەندە سەوزەكان لەسەرەتادا زۆر دڵخۆش نەبوون بە ئەندامبوونی سوێد لە یەكێتی ئەوروپا، بە ئازادی بازرگانی بێ كۆنترۆل ، بە كەمبوونەوەی مووچە و ئێستاش كەمبوونەوەی بودجەی بەرگری بەردەوامە . هەروەها خەڵكی ئاسایی كەموكوڕی یەكێتی ئەوروپا باش دەبینن و رەخنە دەگرن ، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا سەوزەكان لە رەخنەگرتنی یەكێتی ئەوروپا بێدەنگن.

لەلایەكی دیكە سەوزەكان هەڵەیەكی گەورەیان كرد، كاتێك پێناسەیەكی سیاسی خراپیان لە ئامێزی خۆیاندا وێناكرد . هەرچەندە بیر و فەلسەفەی سەوز یەكجار جوانە ، بەڵام لە ئەنجامی گوێگرتن و هێنانە پێشەوەی ئیسلامیستێكی زۆر و بەتایبەتی توركی ئیسلامی و بیرۆكەی ئیسلامی كۆنسێرفاتیڤ بە لێشاو دزەیان كردە نێو حیزب و ئیتر بێمتمانەیی سەریانهەڵدا.

من ساڵانێكی زۆر وەك ئەندامێكی سەوز و چالكڤانێك لە شارەوانی و ، لە پارێزگەی ستۆكهۆڵم و پەرلەماندا ئەركەكانم وەك پێویست بەجێهێناوە و پەیوەندیم لەگەڵ زۆرینەی ئەندامە ئەكتیڤەكانی سەوزدا هەبووە ، ئەو ئەندامانەی كە خودی بەهایەكی گەورەی بزوتنەوەی سەوز بوون بە جۆرێك كە هەندێك جار دەگەیشتنە ئاستی فەزایەكی خەیاڵی بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی نوێی ژینگەپارێز، كەچی مخابن ئەم ئەندامە سەوزە ئایدیالیساتانە ئەمڕۆ زۆر بێ هیوا ونیگەرانن لە بەرپرسانی حیزبەكەیان بەچەشنێكی وا كە دەبینن متمانەی حیزب وەك ( تاڤگەكانی نیاگارای ئەمریكی ) لە دابەزین و رووچووندایە ، هەر لەبەر ئەوەشە ژمارەیەكی زۆر وازیان لە ئەندامێتی حیزب هێناوە.

لەلایەكی دیكە تێبینی ئەوە دەكرێت كە حیزب زۆر بێبایەخ سەیری گرفتی سووتانی ئۆتۆمبێل لە هەندێ ناوچەدا دەكات ، هەروەها گوێ بە مەسەلەی كوشتن لەسەر نامووس نادات.

ئەوەی پەیوەندی بە پۆلیسیشەوە هەبێت ، تەنیا كار لەسەر تەواوكردنی 1،5 % ی تاوانەكان دەكات. هەروەها تێبینی ئەوەشدەكرێ كە چۆن داوودەزگاكان بە سەركەوتوویی كارناكەن و گرفتەكان ژێر بە ژێر لەژێر فەرشی بەهای دیكەدا دەشاردرێنەوە ، كە ئەمەش جگە لە بەهانەیەك هیچی دیكە نییە ، دژ بە یەكسانی و بەهاكانی مافی مرۆڤە كە بە بەهای جیهانی پێناسە دەكرێن. بەڵام ئایا دەكرێ ئەمە بیر و فەلسەفەی سەوز بێت ؟ من دەڵێم نەخێر، بەڵام ئەمانە پرسیارێكی زۆرن كە كۆمەڵێك لە گەلێكی ئەندامە سەوزە ئایدیالیستەكانی كۆنی شارەزای ناو پارتی دەیكەن.

من خۆم لە لەكۆمەڵگەیەكی ئیسلامیدا لەدایكبووم ئەوە دەبینم كە چۆن ئیسلامی سیاسی لە ئەوروپا بەرەو گەشەسەندن دەچێت و لەم رووەشەوە گرفت و ناكۆكیان لەگەڵ پرسی یەكسانی ژنان هەیە ، ناكۆكیشیان لەگەڵ هاونیشتمانیانی جولەكەی ئەوروپا، ئەو دیانانەش ( مەسیحی) و، ئێزدی كە لە ژێر هەڕەشەو مەترسی هێزی ئیسلامیدا رۆژهەلاتی نێوەڕاستیان جێهێشتوە، هەیە . تەنانەت ناكۆكیان لەگەل مافی هۆمۆكانی ئەوروپا و لەگەڵ موسڵمانە سێكولاریستەكان و ئەوكەسانەش هەیە كە واز لە ئاینەكەیان دێنن و دژایەتیان دەكەن.

بۆیە لەم روانگەیەوە پێویستە ئەو بۆچوونە بەهەند وەربگیرێ كە ئیسلام و ئەم بزووتنەوەیەش پێویستی بەریفۆرمە ، دەكرێت ئەم كارەش بكرێت ، ئەگەر بیرۆكەی یەكسانی و مافی مرۆڤ بە كردەوە جێبەجێبكرێت.

من لێرەدا رەنگە نەتوانم بزووتنەوەیەكی وەك IRA(سوپای كۆماری ئێرلەندی ) كە لەسەر دوو پایەی سەرەكی سیاسی و چەكداری دامەزراوە بەراورد بكەم بە بزووتنەوەیەكی جیهادی كە ئەوانیش لەڕووی سیاسی و چەكداریەوە دەیانەوێت ئەنجامەكانیان جێبەجێبكەن، وەك یەك یەكسان بكەم ، چونكە جیهادییە سەلەفییەكان كە داعش ئەمڕۆ خۆی كردووەتە رێبەریان تائێستا مێژوو بەدەگمەن جوڵانەوەیەكی چەكداری بەوشێوە دڕندانەی بەخۆوە بینیوە. ئەمانە دەیانەوێت تیڕۆڕی خۆیان بگەیێننە جیهان ، ئەمە لەكاتێكدا كە جێی سەرسووڕمانە وڵاتانی ئیسلامی بەرامبەر ئەم تیڕۆڕە بێدەنگن ، تەنانەت هەندێكیان پشتگیری مادی و مەعنەوی دەكەن . تەنانەت لە سویدیش ژمارەیەك لە مزگەوتەكان بۆتە شوێنی لەخشتەبردن و ڕاكێشانی كۆمەڵێك لە گەنجان و ناردنیان بۆ جیهاد كردن بۆ ناو داعیش.

وەك لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا تاوەكو ئەم دواییەش ژمارەیەك لەو توركە ئیسلامیستانە كە پلە و پۆستیان لەنێو پارتی سەوزدا وەرگرتبوو ، دزەیان كردبووە ناو حیزب . بەتێپەڕبوونی كات سوێدیەكان ئاشنای ئەو جۆرە كردەوانە بوون و میدیاو تەلەڤزیۆنی سوێدی بەرنامەیان لەسەر ئەم بابەتە ورووژاندووە و پەردەیان لەڕووی ئیسلامییە ئەردۆگانییەكانی ناو پارتی سەوز هەڵماڵیوە. تەنانەت لە كۆمەڵگەیەكی وەك سوێد ئەو دۆگمە وشكهەڵاتووانە لە هەوڵی ئەوەدابوون كە تەوقەكردنی ژن و پیاو وەك جۆرێك لە قەدەخەكردن پێناسە بكەن.

هەرچەندە گوتەبێژی پارتی سەوز گوستاڤ فریدۆلین ، ئاگاداری تەواوی ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە بوو ، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگەی حیزب بەڕووی پڵانەكانی محەممەد كەپلان و هاوفیكرەكانی وەك یاسری خان و ئەوانیدیكەش كراوەبوو، كە ئەمەش بە ئاشكرا لە میدیاكانی سوێد دەبیستراو دەبینرا. ئەمە وێڕای ئەوەی كە ساڵانێكە ئەندامانی پەرلەمانی پارتی سەوز بە خۆشحاڵیەوە كەپڵانیان كردبووە سەرۆكی فیدراسیۆنی سەوز لە پەرلەمان ، تەنانەت هاوڕێیەكی نزیكیش بە خۆشحاڵییەوە كە دەنگی بۆ كۆدەكردەوە بۆ ئەوەی كەپڵان بكاتە سەرۆكی گرووپی سەوز لە پەرلەمان ، بەڵام ئێستا وەك خۆی دەڵێت دژی كەپڵان و گرووپەكەیەتی . سەیرە هەمان هاوڕێ پێیگوتم ئەگەر ئەو نەبووایە هەرگیز كەپڵان نەدەكرایە سەرۆكی فراكسیۆنەكە.

 پلانەكانی كەپڵان نەخشەداڕێژراو و وردبینانە بوون. توانیبووی زۆرینە قەناعەت پێبكات، هەرچەندە فیكری سەوز بەلای ئەوەوە ئەو نرخ و بەهایەی نەبوو ، بەڵام لەدڵدا هەڵگری ئەجێندایەكی ئیسلامی بوو ، جگە لەوەش ئەو زیاتر ئەندامێكی ئاكپارتی بوو وەك لەوەی ئەندامی پارتی سەوز بێت.

پاش ئاشكرابونی ئەجێنداو فیكری تووندڕەوانەی كەپڵان ئیتر لە وەزارەت دەركرا، بەڵام دوای ئەوەش تاوەكو ئەمڕۆش پارتی سەوز هیچ قسەیەكی نەبووە لەسەر كەپڵان و ئەجێنداكەی و تەنانەت هۆكاری دەركردنی لە وەزارەتی نیشتەجێبوونیش هەر بێدەنگن.

لەڕاستیدا تەنیا پارتی سەوزی سوێدی و ئەوروپا نین كە گرفتی تێكەڵاوبوونیان لەگەڵ بیانی و پەنابەراندا هەبێت ، بەڵكو كێشەكە لەوەدایە كە خەڵكانی ئاسایی پێویستە قبوڵی پەنابەران بكەن و پڕۆژەی تێكەڵاوبوونیان لەنێو كۆمەڵگەدا هەبێت و سەركەوتووبێت، هەرچەندە ئەمەش زەحمەتە و كاری جیدی دەوێت. لە هەمانكاتدا مەترسی ئەوە هەیە كە سیاسەتی پارتە رەگەزپەرستەكان و دەستەخوشكەكانیان لە حیزبەكانی ئەوروپادا وای لێبێت نەرمتر بێت لە سیاسەتی ئەو پارتانەی كە دۆستی بێگانەشن ،چونكە مەترسی ئەوە هەیە ئەم پارتانە دەسەڵات بەهۆی پرسی بێگانەوە ونبكەن .

من داوادەكەم پارتی سەوز بەرنامەیەكی نوێی سەوز بۆ سوێد دابڕێژێت و نیشانیبدات كە ناخوازێت كۆمەڵگەیەكی تەریب بە كۆمەڵگەی سوێد بە بەهای سەدەكانی نێوەڕاست دروست بكات و بەكردەوە دژی ئەو هەنگاوانە بێت . هەروەها دژی هەموو جیاكاریەكی رەگەز و رەنگی پێست و ئەتنیك بن. دژی هەموو ئەو لایەنانە بن كە كۆمەڵگەكە دابەشدەكەن و ئاڵودەیی زیاد دەكەن . هەروەها مرۆڤ كە هاتە سوێد داوای پەنابەری كرد نابێ لە سەدا 70 وانەی فێربوونی زمانی سوێدی نەخوێنێت ، دەبێ بەجیدی هەوڵی فێربوونی زمانی سوێدی بدات. دەبێ تەمەنی راسەقینەی خۆی بدات و خۆی بە بچووك و خوار ١٨ ساڵییەوە ناونووس نەكات . تەنیا داوای مافی خۆی نەكات بەڵكو دەبێ ئەركی هاونیشتمانیانەی خۆشی جێبەجێبكات.

 

*ئەندامی پارێزگای ستۆكهۆڵمی پارتی سەوز / سەرۆكی گرووپی سەوز لە شارهۆڵم

ئەم وتارەم بە كورتی بە سوێدی بڵاوكردووەتەوە..

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە