داعش خەوارجن؟

11-11-2014
عەبدوڵڵا رێشاوی
نیشانەکردن داعش خەوارج
A+ A-

كۆمەڵێك زاراوە و چەمك و بڕیار، لەناو كایەكانی رۆشنبیری و سیاسی و ئاینیی ئێمەدا دەبن بە یەقین و دەماودەم دەڕۆن، بێ ئەوەی بەر پرسیار، بەر گومان، بەر تێڕامان و لێكۆڵینەوە بكەون.

زۆركەس ئەو چەمك و دەستەواژە باوانە دەڵێنەوە، بێ ئەوەی بۆ ساتێكیش رابوەستن و بزانن تاچەند ئەوەی دەیڵێنەوە دەرهاوێشتەی بیركردنەوە و لێكۆڵینەوەیەكی دروستە.
لە نموونەی ئەو یەقینیاتانە: یەكسانكردنی چەپ بە ئیلحاد، ئیسلامی بەتیرۆر و تۆقاندن، حیزبی نائیسلامی بە عەلمانی، داعش بە خەوارج. هەروەها ناوزەدكردنی دیكتاتۆرەكانی پێش بەهاری عەرەبی، بە عەلمانی.

هەركامیان كوڕی زەمەنی خۆیەتی

هەركام لەم یەقینیاتانەی ناو گوتاری ئێمە، خۆیان پێویستیان بە هەڵوەشاندنەوە و قسە لەسەركردن هەیە، چجای ئەوەی كەڵكی ئەوەیان هەبێت وەك بنەمای قسەكردن و ئارگۆمێنێت ئیشیان پێبكرێت.
پێویستیان بەهەڵوەشاندنەوە هەیە، چونكە هیچیان لەسەر بنەمایەكی زانستی رانەوەستاون و دەرئەنجامی دیالۆگێكی زانستی نین.

هەركام لەو یەقینیاتە – پڕگومانانە-ی سەرەوە جێگای قسە لەسەركردن و لێكۆڵینەوەی تێر و تەسەلن، بەڵام تازەترین یەقین كە لەناو گوتاری ئاینی- سیاسی، ئێمەدا سەری دەرهێناوە و بووە بە مۆدێل، چوواندنی داعشە بە خەوارجەكانی مێژووی ئیسلام.
چوواندنی داعش بە خەوارج وەك یەكێك لە یەقینەكانی ناو گوتاری فیكری ئاینیی سیاسیی ئێمە، پێویستی بە لەسەر راوەستان و قسە لەسەركردن هەیە، ئایا بەڕاستی داعش خەوارجن؟

یەكەم خاڵ كە من پێموایە نالۆژیكییەكی قووڵە داعشی سەردەمی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە بە خەوارجی سەردەمی ئاین و سەردەمی ئیسلام بچوێنیت، جیاوازیی سەردەم و قۆناغی مێژوویی هەركام لەو دوو گرووپەیە كە بێگومان داعش دەرهاوێشتەی سەردەمێكە و خەوارجیش دەرهاوێشتەی سەردەمێكی دیكەیە. واتە هەركامیان كوڕی زەمەنی خۆیەتی.
بەڵام نوكتەكە لەوەدایە هەمان ئەو رۆشنبیرە ئاینیی- سیاسیانەی دەڵێن داعش خەوارجن، هەرئەوان دەڵێن داعش كوڕی راستەقینەی مۆدێرنەیە!
مەرج نییە ئەو" فەرموودانەی پێغەمبەر"- ئەگەر هی ئەو بن- دەقاودەق لەسەر ئەو خەوارجانە گوترابن

هەندێكی دیكە لەم رۆشنبیرە ئاینیی- سیاسیانە بە "بۆدی"دا داعش بە خەوارج دەناسێنن، یاخود بەشێوەی سەر و قژو ریش و جلوبەرگ و رەنگی ئاڵاو پەرچەمدا كە لە فەرموودەكاندا هاتووە، شەرح و تەفسیری داعشمان بۆ دەكەن!

لەبنەماوە هەرگیز مەرج نییە ئەو" فەرموودانەی پێغەمبەر"- ئەگەر هی ئەو بن- دەقاودەق لەسەر ئەو خەوارجانە گوترابن كە بوونێكی واقیعییان لە سەردەمێكی دیاریكراودا هەبووە، چجای ئەوەی  هەمان ئەو فەرموودانە لەخەوارجەوە نەقڵی داعش بكەیت.

بێگومان لەنێوان هەموو گرووپگەلێكی مێژووییدا لێكچوون هەیە، هەروەك جیاوازیش هەیە، كەواتە پرسیارەكە ئەمەیە: بۆچی لێكچوونەكان وەك حەقیقەت وەردەگریت، بەڵام جیاوازیەكان نابینی؟ 

واتە ئەگەر لەنێوان داعش و خەوارجدا لێكچوون هەبن، بێگومان لێكنەچوونیش زۆرن، كە من پێموایە لێكنەچوونەكان زۆر زیاترن.
كارەساتێكی گەورەیە كاتێك رۆشنبیرانیش بەهەمان عەقڵی باوی ئاینی بیر لە خەوارج دەكەنەوە و قسەیان لەسەر دەكەن. بەڵكو ئەوە رۆشنبیرانی ئاینی- سیاسین كە لەبری لێكۆڵینەوەی زانستیانە، دێن و كەرەستەیەكی سیاسی بۆیاخكراو بە رۆشنبیری، دەخەنە بەردەستی سیاسییەكان و ئەوانیش رای گشتی پێ سەرخۆش دەكەن.
ئەگەر لەنێوان داعش و خەوارجدا لێكچوون هەبن، بێگومان لێكنەچوونیش زۆرن

هەر سیاسییەكی ئاینی یان رۆشنبیرێكی ئاینی، رۆشنبیرانە و بابەتیانە لێكۆڵینەوەی فیكر و بیروبۆچوونی خەوارج بكات، باش دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە خاڵی لێكنەچوونی جەوهەری لەنێوان داعش و خەوارجدا هەیە.

ئەگەر خەوارجەكان خاوەنی كۆمەڵێك بیركردنەوەی (نالۆژیكی) بن، هەر ئەوانن خاوەنی كۆمەڵێك پرنسیپ و بیركردنەوەن كە گونجاون بۆ تێڕامان و بەهەندوەرگرتن و بیرلێكردنەوە.

كێشەی رەتكردنەوەی خەوارج لەلای زۆرینەی موسڵمانانی ئەمڕۆ پشتئەستوور نییە بە خوێندنەوەی هزر و بیركردنەوەی خەوارجی، بەڵكو پشتئەستوورە بە هەندێك فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) كە گوایە باس لەوان یان كۆمەڵە خەڵكێكی هاوشێوەی ئەوان دەكات و ئەمە لەڕووی زانستییەوە زۆر نالۆژیكی و نامیتۆدیە.

 پاشان ئەو هێرشە گەورەیەی لەلایەن هەژموونی دەسەڵاتی سەردەمەوە لەلایەن موسوڵمانانەوە لەسەر خەوارج هەبووە، ئەوانی وەك دێوەزمەیەك پێشانداوە كە بیركردنەوەكانیان شایانی قسە لەسەركردن نین، لەكاتێكدا بۆ توێژەرێك بیركردنەوەكانی ئەوانیش بەشێكن لەمێژووی ئیسلام و حەقی ئەوەیان هەیە دیراسە بكرێن.
بۆ توێژەرێك بیركردنەوەكانی ئەوانیش بەشێكن لەمێژووی ئیسلام

 *جیاوازییە قووڵەكانی نێوان داعش و خەوارج.

1-داعش خۆیان بە خەلیفەی زەمان دەزانن و بۆ گەڕاندنەوەی خەلافەت دروست بوون، بەڵام خەوارج شۆڕشیان بەسەر خەلیفەی زەماندا كردووە و دنیایەك قسەیان لەسەر خەلیفە و پرنسیپی خەلافەت و خودی خەلیفە هەبووە.

2-هەرگیز عەقیدەی ئیسلامیی داعش هەمان ئەو عەقیدەیە نییە كە خەوارج هەڵگری بوون و بانگەشەیان بۆ كردووە، هەمووان دەزانن عەقیدەی داعش عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەتە.

بەڵام خەوارج نەك تەنیا خروجیان بەسەر خەلیفەدا كردووە، بەڵكو خروجیان لەدنیایەك كۆدەنگی عەقیدی كردووە كە موسوڵمانانی ئەهلی سوننەت و جەماعە لەسەری كۆك بوون.

هەرگیز داعشەكان بۆ بیروبۆچوون و عەقیدەی خەوارجەكان ناگەڕێنەوە، بەڵكو دڵنیام هەموو داعشێك بەتایبەت شارەزاكانیان لەئایین، خەوارج بەكافر و یان لانیكەم بە دەرچوو لەدین دەزانن، وەك زۆرینەی رای گشتی ناو موسوڵمانانی سەردەم.
هەرگیز عەقیدەی ئیسلامیی داعش هەمان ئەو عەقیدەیە نییە كە خەوارج هەڵگری بوون

3-هەندێك لە خەوارج، بوونی خەلیفە بە گرنگ و پێویست نازانن لە سەردەمێكدا كە خەڵك پێویستیان پێی نییە و خۆیان دەتوانن كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن و كاروباری خۆیان راپەڕێنن، بەڵام لەلای داعش خەلیفە و باوەڕ بوون بە خەلیفە لە ئسوڵی عەقیدە و ئیمانە - لای زۆركەسی دیكەش كە دژە داعشن -.

4-خەوارج باوەڕیان بە هەڵبژاردنی خەلیفە هەیە ئەویش بە هەڵبژاردنێكی گشتی –ناو موسوڵمانان- كە زیاتر لەشێوەیەك لە هەڵبژاردنێكی دیموكراتیانەی سنووردار دەچێت، بەڵام هەمووان دەزانین خەلیفە لای داعش لەلایەن كەمینەیەكەوە دانراوە و بەجۆرێك لە جۆرەكان سەپاندنە.
لە مێژووی ئیسلامیشدا ئەمجۆرە لەخەلیفە هەیە و شەرعیەتیشی هەیە، بەڵام خەوارجەكان ئەمەیان رەتكردووەتەوە.

نامەوێ بێمە سەر هەندێك وەردەكاری دیكەی بیركردنەوەی خەوارجی كە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ بیركردنەوە و عەقیدەی داعشەكان. من پێموایە لەڕێگەی بیركردنەوەی خەوارجەكان دەتوانرێت داعش تەكفیر بكرێت كە ئێستا بەپێی عەقیدەی ئەهلی سوننەو جەماعە و ئەهلی تەشەییوعیش، هیچ رێگەیەك نییە بۆ تەكفیری داعش، هەربۆیە تائێستە كەس نەیتوانیوە داعش تەكفیر بكات.

بەلای خەوارجەكانەوە، مرۆڤ لەڕێگەی كردارەوە كافر دەبێت و لە ئاین دەردەچێت. هەموو كەس دەزانێت ئەوەی لەداعشدا پێچەوانەی ئیسلامە، رەفتارەكانیانە نەك بیركردنەوەو بۆچوونەكانیان.
هەندێك لە خەوارج، بوونی خەلیفە بە گرنگ و پێویست نازانن لە سەردەمێكدا كە خەڵك پێویستیان پێی نییە

من پێموایە چوواندنی داعش بەخەوارج خۆ رزگاركردنە لە ناساندنی داعش وەك خۆی، هەروەها دەریچەیەكی دەربازبوونە لەو پرسیارە سەختەی رووبەڕووی بیری ئاینییمان لەم سەردەمەدا دەبێتەوە، ئایا داعش موسوڵمانن؟

لەبەردەم پرسیارێكی ئاوا سەخت و دژواردا، هیچ وەڵامێك بە قەدەر ئەوە بێ كێشەو حازر بەدەست نییە كە خێرا بە یەقینەوە بڵێی داعش خەوارجن. بەم وەڵامە خۆت رزگار دەكەیت و خەڵكیش هەموو باوەڕت پێدەكەن. چونكە هیچ لەبارەی خەوارجەوە نازانن، جگە لە هەڵگەڕانەوەیان لە ئیمامی عەلی خەلیفەی چوارەم.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە