كوردستان لەناو جەمسەرە دژبەیەك و مشەخۆرەكانی دنیادا

12-04-2018
دانەر ئەبوبەكر
نیشانەکردن کوردستان رووسیا ئەمریکا
A+ A-

دوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت و هەنگاو بەهەنگاو لێكهەڵوەشانەوەی یوگوسلاڤیا، دەرفەتێكی گەورە بۆ ئەمریكا رەخسا بۆ ئەوەی وەك پاشای یەك جەمسەریی جیهان، مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتانی دونیادا بكات. ئەم پاشایەتیەی ئەمریكا بەسەر جیهاندا زۆری نەخایاند بەهۆی هەستانەوەی رووسیا و هاتنە سەر دەسەڵاتی فلادیمیر پوتین. رووسیا و چین و یەكێتی ئەوروپا فاكتەری سەرەكیی ئاوابوونی خۆری یەكجەمسەری بوون. ئێستا جیهان جیهانی فرەجەمسەری و فرە بەرژەوەندیی ئابوورییە. ئەو بلۆكەی پێشتر پێی دەگوترا جەمسەری رۆژئاوا كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد، كەلێنێكی گەورەی تێكەوت.

 جگە لە هاوپەیمانێتی و رێككەوتن لە نێوانیاندا، هیچ سیاسەتێكی بەڕێوەبردن بەناوی جەمسەری رۆژئاوا كە لە سەردەمی شەڕی سارددا هەبوو، ئێستا نابینرێت. ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا خاوەن بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانن نەك بەرژەوەندیی هاوبەش كە پێشتر لەناو بلۆكی رۆژئاوادا كۆیكردبوونەوە. راستە بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانە لێكنزیكترن وەك لە بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو بلۆكەی پێشتر پێی دەگوترا بلۆكی رۆژهەڵات و ئێستا رووسیا وەكو میراتگر لەژێر ناوی جەمسەری ئۆڕاسیا سەركردایەتی دەكات، بەڵام بە گەیشتنە دەسەڵاتی ترامپ ئەم كەلێنەی جەمسەری رۆژئاوا زیاتر گەورە بووە، ترامپ ئەگەر بۆی بڕەخسێت یەكێتی ئەوروپا هەڵدەوەشێنێ، ئەمە جگە لە سیاسەتەكانی دژ بە رووسیا و هەوڵدان بۆ راگرتنی هەژموونی فلادیمیر پوتین بەسەر وڵاتانی دونیادا هەر لە وڵاتانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەت و ناوچەی بەڵتیكەوە تا ئەمریكای لاتین و رۆژهەڵاتی نزیك، بەڵام ترامپ نەك نەیتوانیوە ئەمە رابگرێ، بەڵكو پەرچەكرداری مەترسیداری نواندووە كە بووەتە هۆی لاتكردنی زیاتری ئەو هەژموون و ستراتیژیەی بلۆكی رۆژئاوا شانازیی پێوە دەكرد لەژێر ناوی ناتۆدا. لە كێشەی نیمچە دوورگەی كریمیا و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی سووریادا، ئەو راستیانە زیاتر دەردەكەون.

رووسیا و هاوپەیمانەكانی، ئەمریكا و ئەوروپا و هاوپەیمانە عەرەبەكانیان لە كۆتایی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی نزیكدان. سووریا بووەتە مەیدانی یەكلاكردنەوەی ئەم ململانێیە. رووسیا و هاوپەیمانەكانی بە پێچەوانەی ئەمریكا و ئەوروپا لە بەرژەوەندیاندایە بەبێ شەڕ و هێزی سەربازیی زیاتر كۆتایی بەم یارییە درێژخایەنە بهێنن. لە راستیشدا هەتاوەكو ئەمڕۆ براوەی یارییەكە رووسیایە و زیاتریش براوەتر دەبن بە لەژێردەست دەرهێنانی ئەو ناوچانەی كورد كۆنترۆڵیان كردوون. چونكە كورد تاكە هۆكاری مانەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانین لە سووریا. ئەمریكا و ئەوروپا تازە لەوە گەیشتوون كە پلانی رووسیا و هاوپەیمانەكانی ئەوەیە سووریا بگەڕێننەوە دۆخی جارانی و بەتەواوەتی كۆتایی بە هەژموونی رۆژئاوا بهێنن لە ناوچەكە. هەر بۆیە ئەمریكا لە رێگای هەڕەشەی كشانەوەی لە سووریا، داوا لە هاوپەیمانەكانی دەكات بێنەوە هۆش خۆیان و هاوكاری دارایی ئەمریكا بكەن بۆ سپۆنسەری ئەو شەڕەی بارودۆخەكە راست دەكاتەوە لە بەرژەوەندیی خۆیان. دیارە شەڕی توركیا و پەیەدە ئەو شەڕە نییە كە باسی دەكەین و بە بەرنامەی داهاتووی ئەمریكای دادەنێین، ئەوەی ئێمە باسی دەكەین شەڕی دەوڵەتانە بە چەكی ترسناك. 

ئێمە تا رادەیەك لە هاوپەیمانێتی و پێكەوە كاركردنی رووسیا و توركیا تێدەگەین كە ئامانجیان كەمكردنەوەی هەژموونی ئەمریكایە بەسەر ئەم ناوچەیەدا و مانەوەی رووسیا وەك پاشای دابینكردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا، بە دڵنیاییەوە توركیاش بە براوەی ئەو هاوپەیمانێتیە دەمێنێتەوە وەك وڵاتێكی ترانزێت بۆ ئەوروپا و جیهان، ئەمە جگە لەوەی كلیلی تێكدانی بارودۆخی ئابووریی ئەوروپای هەر بەدەستەوە دەمێنێتەوە نەك تەنیا لە رووی راگرتنی لێشاوی كۆچبەران، بەڵكو لەمەودوا قوفڵی كردنەوە و داخستنی بەشێكی گاز و نەوتی ئەوروپاشی دەكەوێتە دەست بەم رێككەوتنە. هەروەها رێگا لە دامەزراندنی قەوارەیەكی كوردی لەسەر سنووری لای باشووری دەگرێت. 

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هاوپەیمانێتی توركیا و رووسیا بۆ كوردستانی باشوور زۆر بە سوودترە لە هاوپەیمانێتی و پێكەوە كاركردنی توركیا و ئەمریكا و ئەوروپا. چونكە پرسی كورد ئەمڕۆ لێكجیاكراوەتەوە لەناو هەریەك لەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە. بەتایبەتی لە سووریا و عێراق. ئەوەش بە پلانێكی شاراوەی ئیقلیمی لە رێگای بەكارهێنانی پەكەكە لە رۆژئاوا. 

ئەوەی ئێمە تێیناگەین و لاواز دەبینرێت و كاریگەرییە راستەوخۆكانی دیار نین جگە لەناو سووریا، هاوپەیمانێتی رووسیا و ئێران، ئێران و توركیایە! كاتێك بەرژەوەندییەكانیان ناگونجێن و بەیەكدا دەدەن، نازانرێت چ جۆرە هاوپەیمانێتییەك دەبەستن؟ گریمان ئامانج و پێكەوەكاركردنی توركیا و ئێران رێگرتنە لەهەر هەوڵێك بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردی لەو ناوچەیەدا. ئەوانیش ئێستا دڵنیا بوون و گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی لە كاتی ئێستادا ناتوانرێت ئەو دەوڵەتە دروست بكرێ لەسەر دەستی رۆژئاوا، لەبەر ئەوەی ئەمریكا و ئەوروپا ئامادەنین بۆ هاوكاریكردنی مادی و عەسكەریی ئەم دەوڵەتە تازەیە.

 چونكە توركیا و ئێران و عێراق و سووریا ئامادە نابن كار لەگەڵ ئەم دەوڵەتە بكەن، لەم كاتەشدا ئەم دەوڵەتە پێویستی بە پاراستنی ئابووری و سەربازی دەبێت. هەر بۆیە دەبێت بۆ پاراستنی ئەم دەوڵەتە ملیاران دۆلار تەرخان بكەن، ئەوەش شتێكی چاوەڕواننەكراوە لە ترامپ و هاوپەیمانەكانی، هەروەك لەدوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان تەواو روون بووەوە. كەواتە هاوپەیمانێتی توركیا و ئێران تەنیاو تەنیا پەیوەندی بە سووریاوە هەیە، كاردەكەن بۆ لەناوبردنی كانتۆنەكانی رۆژئاوا. هاوپەیمانێتی ئێران و رووسیاش تا ئەو كاتە درێژەی دەبێت كە ئەمریكا و ئێران پەیوەندیەكانیان ئاسایی دەبنەوە بە نێوانگیریی ئینگلیزەكان. چونكە پێكدادان لە بەرژەوەندییەكانیان دروست دەبێت، بە تایبەتی لە سووریا و عێراق. بیستوومانە كە رووسەكان دەڵێن ئەگەر ئەمریكا شەیتانی گەورە بێت، ئەوە ئێران شایتانە بچوكەكەیە. رووسیا لەو باوەڕەدایە ئەگەر ئێران هەلی بۆ بڕەخسێ، بۆ هاوپەیمانێتی و نزیكبوونەوە لە ئەمریكا هەموو كات ئامادەیە. بەڵام لە كاتی ئێستادا تەنیا تەواوكەری كاری یەكترن لە ژێرەوە.

پێكدادانی بەرژەوەندییەكانی رووسیا و ئێران ئەو كاتە روودەدات كە كوردستانی باشوور دەبێتە بەشێك لە پرۆژەی ئۆراسیا. ئا لێرەدا جەمسەرە مشەخۆرە نادیارەكە دەردەكەوێتەوە بەناوی جەمسەری بەرژەوەندیخوازی بەریتانیا و ئێران. بیرۆكەی كۆنفیدراڵی بۆ كوردستان تەواو دژی بەرژەوەندییەكانی ئێران و بەریتانیا دەبێت. سیاسەتی ئێران و بەریتانیا زۆر لێك نزیكە، هەمیشە مشەخۆر بوون و هاتوونەتە سەر حازری و براوەی شەڕ و ناكۆكیەكان بوونە. لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە، بەریتانیا هەمان كاری كرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەگەرچی براوە نەبوو، بەڵام دواتر بووە براوەی جەنگەكە و بەم سیاسەتەی دەستی بەسەر عێراق و زۆر ناوچەی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرت، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیش هەروەك دەوڵەتێكی سەركەوتوو مامەڵەی لەگەڵدا كراوە.

بەڵام ئەمجارەیان ئەمەی بۆ ناچێتە سەر، دەبێت راستەوخۆ بەشدار بێت لە سەركەوتن و شكستەكانی ئەم جەنگە وێرانكەرە كە دەیانەوێ دژی هەژموونی رووسیا و پارێزگاریكردن لە ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم هەڵیگیرسێنن.

ئەوەی گرینگە بیزانین، رووسیا نایەوێ و حەز ناكات دژایەتی دروستبوونی كیانێك بۆ كورد بكات لە عێراقدا، كە ئەم كیانە كەمتر نەبێت لە دەسەڵاتی ئەمڕۆی كوردستان یان كۆنفیدراڵی. بەڵام لە سووریا ئامادەیە یەكەیەكی فیدراڵی دەستەبەر بكات بۆیان بەو مەرجەی دووربن لە فكرەی ئاپۆچی. 

رووسیا دەتوانێ توركیا رازی بكات بەوەی كوردستانی باشوور ببێتە ناوچەیەكی كۆنفیدراڵی لەناو پرۆژەی ئۆڕاسیادا كە رووسیا سەركردایەتی دەكات و توركیا تەواوكەری دەبێت. لە بەیاننامە و هەڵوێستەكانی رووسیادا سەبارەت بە ریفراندۆم ئەم بۆچوونە رەنگیداوەتەوە. ئەمە جگە لەو پرسەنامەیەی سەرۆكی كۆمپانیای رۆسنەفت (كە ئێستا بە جێبەجێكاری بەشێكی بەرنامەكانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دادەنرێت)، ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردبوو بەبۆنەی كۆچی دوای براكەی. بە وربوونەوە لەم پرسەنامەیە، زۆر بابەتی گرینگ دەردەكەون. هەر ئەو كاتە سەرۆكی كۆمپانیای رۆسنەفت  هاوسەفەری فلادیمیر پوتین بوو بۆ كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكەی توركیا. 

لە هەمان كاتدا ئەمڕۆ رووسیا لە پەیوەندییەكی بەهێزدایە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، كەواتە رووسیا دەتوانێ رۆڵێكی باش بگێڕێ بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد بە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چونكە لەگەڵ چارەسەركردنی پرسەكاندایە بە رێگای ئاشتی، بەڵام ئەمریكا بە پێچەوانەوە، ئەمەش روون و ئاشكرایە بۆچی؟

وەك لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ كرد، دەكرێت زیاتر لەبەر خراپی بارودۆخی ئابووری و كاریگەریی گەمارۆكانی سەر رووسیا بێت، ئەمە جگە لەوەی تاوەكو ئێستا هەموو رووداوەكان لە بەرژەوەندی ئەم لایەنانەدان. زیاتر بە پێچەوانەی جەمسەری ئەمریكا و ئەوروپا كە وای دەبینن هێزی سەربازی تاكە چارەسەر و گەڕانەوەی شكۆی مانەوەی لیبراڵیزم و جەمسەرەكەیانە لە ژێر ناوی گەڕانەوەی شكۆ بۆ رۆژئاوا و ئەمریكا. 

لەوانەیە كوردستان لەناو هاوپەیمانی جەمسەری ئۆڕاسیادا بتوانێ زیاتر سوودمەند بێت، وەك بەدوای كڵاوی بابردووی جەمسەری لیبراڵیزم بكەوێ كە هیچ گەرەنتیەك نادەن بەوەی ددان بە سەربەخۆیی كورستاندا بنێن لە كاتی سەرهەڵدانی ئەم شەڕە و نەمانی سەروەریی ئەو دەوڵەتانە، هەروەك لەسەردەمی ریفراندۆم نەیاندا. 

كەواتە كوردستان كەوتووەتە نێوان چوار جەمسەری دژبەیەك و ململانێكار. یەكێكیان ئاشتی لەبەرژەوەندیدایە و بە براوە دێتە دەرەوە لە یارییەكە كە رووسیا و هاوپەیمانەكانێتی. دووەمیان تەنیا شەڕ بەرژەوەندی و هەژموونی رابردووی بۆ دەگەڕێنێتەوە و دەپارێزێت لەم ناوچەیەدا كە ملیاران دۆلاریان بۆ سەرف كردووە. سێیەمیان مشەخۆرە و چاوەڕێی دەرفەت دەكات و هەرگیز دەوڵەتی كوردی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیان یەك ناگرێتەوە كە بەریتانیا و ئێرانن. چوارەمیان مشەخۆرێكی نەرمونیانی بە بەرنامە و ستراتیژیی درێژخایەنی ئابووری گەورەیە بە ناوی شارستانیەت و دەوڵەتی چین. 

ئەوەی لێی دەترسین رووبدات شەڕە هایبرتیە ترسناكەكەیە لەنێوان ئەو دەوڵەتانەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ كردن كە دوور نییە رووبدات. بە دروستبوونی ئەو شەڕە ئاڵۆز و گەورەیە، هەریەك لە دەوڵەتانی بلۆكی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی پێشوو بە هاوپەیمانەكانیانەوە تەواو لاواز دەبن، هیچ كاریگەریان نامێنێ بەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها شتێك نامێنێ بەلایەنی كەمەوە بەناوی سەروەریی دەوڵەتانی توركیا و ئێران و عێراق و سووریا. ئەوەی براوەی یارییەكە دەبێت ئابووریی چینە. چونكە ئەم وڵاتانە بەم شەڕە وێران دەبن و پێویستیان بە دووبارە بنیاتنانەوە و ئابوورییەكی گەورە دەبێت، ئەوەش تەنیا چین دەتوانێ دەستەبەری بكات، هەم وەك كەلوپەل، هەمیش وەك ئاشتی و ئاسایش بە ئابوورییە پێشكەوتووەكەیەوە. بەرژەوەندی و فراوانخوازی كارێكتەرە جۆراوجۆرەكان كۆتاییان دێت. چین چۆن بەڕێوەدەبردرێت لەلایەن یەك حیزبەوە، بە هەمان شێوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبردرێت لەلایەن یەك دەوڵەتەوە كە چینە. 

زۆر پێویستە كوردستان ئەم یارییە سەربازی و سیاسی و ئابووریانە لەبەرچاو بگرێت و پلان و بەرنامەی بۆ دابنێ لە ئەگەری روودانی هەر یەكێكیان.  

*دانەر ئەبوبەكر مستەفا
 قوتابی دكتۆرا و مامۆستای زانكۆ لە مۆسكۆ                                                                                                  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە