زیانی 132 ملیار دۆلاری و شکستی دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد

 
کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کاژێر 4:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر بەرەو بنکەی ئاسمانیی (نور خان) بەڕێکەوتن. کۆتایییەکی سارد بۆ 21 کاژێر دانوستاندنی ماراسۆنیی کە نەیانتوانی ئاشتییەکی بەردەوام لەنێوان واشنتن و تاران دا دروستبکەن. ڤانس پێش ئەوەی سەرکەوێتە سەر فڕۆکەی (Air Force Two)، رایگەیاند: "نەمانتوانی بگەینە بارودۆخێک کە ئێرانییەکان ئامادەبن مەرجەکانمان قبووڵ بکەن". جێگری سەرۆکی ئەمریکا شاندی وڵاتێکی بەجێهێشت کە نەخشەی ئابوورییەکەی بەهۆی چل رۆژ لە جەنگێکی سەخت بە تەواوی گۆڕاوە. 
 
لە کاتێکدا کەناڵە دیپلۆماسییەکان لە پاکستان سارد دەبنەوە، قەبارەی خەمڵێندراوی زیان و وێرانکارییەکان لەنێوخۆی ئێران خەریکە ئاشکرادەبن. ئەو مۆدێلە ئابوورییانەی کە لە رێگەی داتا فەرمییەکان و لە رێگەی ئەو ژمارانەی خەمڵاندنیان بۆکراوە، بنیاتنراون، ئاشکرای دەکەن 40 رۆژ جەنگ، زیانی ئابووری نزیکەی 132  ملیار دۆلاری لە ئێران داوە کە یەکسانە بە 37%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەو وڵاتە.
 
بۆ وڵاتێک کە لە 28ی شوبات دا هێرشی کرایە سەر و پێشتر بەدەست هەڵاوسانی 43 % ەوە دەیناڵدا و کۆی بەرهەمی نێوخۆیی 356 ملیار دۆلار بوو، زیانە ئابوورییەکەی زۆر گەورەیە. بەپێی داتای کۆمپانیاکانی چاودێری جووڵەی دەریایی وەک (کێپلەر) و ( تەنکەر ترەکەرس)، ئێران لە ماوەی 17 رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا توانی نزیکەی 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردە بکات، کە دەکاتە نزیکەی 59%ی تێکڕای هەناردەی نەوتی ئێران پێش جەنگ کە 1.69 ملیۆن بەرمیل بووە.
 
ئەم خۆڕاگرییە دەرەنجامی ستراتیژییەکی پلان بۆ داڕێژراوە، بەرپرسانی ئێران پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەریان و لەبەر ئەوەش لە مانگی شوبات دا، پێش جەنگەکە، هەناردەی نەوتیان بۆ 2.04 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزکردبووەوە کە بە رێژەی 21% زیاترە لە تێکڕای ساڵانەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران. کۆمپانیای راوێژکاری (ڤۆرتێکسا) ئاشكرای کردووە کە لە مانگی کانوونی دووەم دا ئێران بڕی 170 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لەنێو دەریا کۆگا کردبوو. ئێران لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز بەشێوازی بژاردەیی و کردنەوەی بۆ وڵاتانی هاوپەیمان و داخستنی بۆ نەیارانی، توانیان شادەماری سەرەکی داهاتەکانیان بپارێزن. 
 
لەگەڵ ئەوەش دا هەناردەکردنی نەوت، نەبووە رێگر لەبەردەم لەنێوچوونی بڕبڕەی پشتی پیشەسازیی نێوخۆیی ئێران. لە کاتێکدا هیچ کام لە 55 کۆگای نەوتی خاو لە دوورگەی خارک تاوەکو 14ی مانگی ئادار زیانیان بەرنەکەوتبوو، بەڵام ژێرخانی ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە بڕی 28 بۆ 45 ملیار دۆلار زیانی فیزیکی راستەوخۆیان بەرکەوت. هێرشەکان زۆر وردبوون؛ وێستگەی کارەبای کەرەج و هێڵە گرنگەکانی گواستنەوەی کارەبا لەنێوبران، ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی دەیان وێستگەی کارەبا. لە عەسەلوویە، تێکشکاندنی چوار یەکەی چارەسەرکردنی گازی (پارسی باشوور) شادەماری وزەی نێوخۆیی وڵاتەکەی بڕی. پێش جەنگ، پارسی باشوور بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی تۆمارکردبوو کە 730 ملیۆن مەتر سێجا بوو لە رۆژێکدا؛ بەڵام ئێستا ئەو بڕە دابەزیوە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی کە بە 35 بۆ 50 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
ئەم ئەنجامانە بۆ هاووڵاتیانی ئاسایی ئێران کارەساتبارە. بەرهەمهێنانی کارگەکان بە رێژەی 40% بۆ 60% دابەزیوە، کەرتی خزمەتگوزاری و فرۆشی تاکەکەسی لەنێوان 30% بۆ 45% پاشەکشەی کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە متمانەی بەکاربەر داڕماوەو هەڵاوسانی خۆراک گەیشتووەتە 105%. لە ئەسفەهان، کۆمپانیای پۆڵای موبارەکە کە یەکێکە لە گەورە پیشەسازییەکانی ئێران، بەرهەمهێنانی بە تەواوی راگیراوە. تەنانەت کەرتی گواستنەوە و لۆجستی وڵاتەکەش داڕماوە و تواناکەی بە رێژەی 60% بۆ 80% دابەزیوە، بەتایبەتی دوای کردنە ئامانجی پردیB1  لە کەرەج  و ژێرخانەکانی دیکەی گواستنەوە.
 
زیادبوونی خەرجییەکان و هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی بودجەی ئێران، مەزەندە دەکرێت زیانی 18 بۆ 28 ملیار دۆلاری دیکەی لە ئێران دابێت. تەنانەت ئەگەر هەناردەکردن لە نیوەی یەکەمی جەنگەکەدا لە ئاستی 60%ی پێش جەنگدا مابێتەوە، حکومەت رووبەڕووی کورتهێنانێکی داهات دەبێتەوە کە پڕکردنەوەی مەحاڵە. سندووقی نێودەوڵەتیی دراو IMF ، ئاماژە بەوە دەکات کە بودجەی ئێران پێویستی بەوەیە نرخی نەوت 163 دۆلاربێت بۆ هەر بەرمیلێک، تاوەکو بتوانێت هاوسەنگی رابگرێت. بۆ مانەوە لەسەر پێ، بانکی ناوەندی پەنای بردووەتە بەر چاپکردنی دراوی باری نائاسایی و پارەیەکی نوێی 1 ملیۆن تمەنی خستووتەڕوو کە گەورەترین بڕە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا. ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی ساڵانە کە بۆ 25 تاوەکو 40 ملیار دۆلار زیادیکردووە.
 
هەروەها جەنگەکە بووەتە هۆی دەرچوونی بەرچاوی سەرمایە. دەرچوونی سەرمایە و داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی لە دوای جەنگ زیانەکانەی بە 22 بۆ 28 ملیار دۆلار مەزەندەکراوە. پێش جەنگ، چوونە دەرەوەی سەرمایە لە 9 مانگی کۆتایی ساڵی 2024دا گەیشتبووە 14 ملیار دۆلار، بەڵام جەنگ و نادڵنیایی سیاسی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو پرۆسەیەی خێراترکردووە. جگە لەوەش، زیانەکانی سەرمایەی مرۆیی و تێچووە ناڕاستەوخۆکان بە 17 بۆ 22 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێن. 
 
لەکاتێکدا جەی دی ڤانس بە دەست بەتاڵی دەگەڕێتەوە بۆ واشنتن، پێدەچێت زیانی ئابوور ئێران ببێتە زیانێکی درێژخایەن کە قەرەبووکردنەوەی چەندین ساڵ دەخایێنێت. پێشبینی دەکرێت کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئێران لە ساڵی 2026دا بە رێژەی 20% بۆ 28% کەم بکات و چاکبوونەوەو بووژانەوەی ئابووریی ئێران تاوەکو ساڵی 2031 بخایێنێت. ئەگەر ئاگربەستەکە هەرەس بهێنێت و هێرشەکانی داهاتوو ژێرخانی نەوتیی خارگ بکەنە ئامانج، کۆی زیانە کەڵەکەبووەکان مەزەندە دەکرێت بگاتە 260 ملیار دۆلار، ئەمەش ئەو وڵاتە دەخاتە نێو قەیرانێکی گەورەی ئابوورییەوە هاوشێوەی لیبیای دوای 2011.
 
زیانی 132 ملیار دۆلاری وەک خەمڵاندنێکی مامناوەندە و ئەوە دەسەلمێنێت کە هەرچەندە ئێران بۆ ماوەیەک توانیویەتی داهاتی نەوتەکەی بپارێزێت، بەڵام تێچووی جەنگ بە شتێک دەپێورێت کە زۆر زیاترە لە تەنیا بەرمیلە نەوتی خاو. ئەمە چیرۆکی ژێرخانێکە کە چەندین ساڵی دەوێت بۆ ئاوەدانکردنەوە، هەروەها چیرۆکی داڕمانی دامەزراوەکان و لەدەستدانی نەوەیەکی سەرمایەی مرۆییە. وەک کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە 9ی نیسان دا هۆشداریدا: "تەنانەت لە باشترین بارودۆخیشدا، هیچ گەڕانەوەیەکی خێرا و پاک بۆ دۆخی پێشوو نییە". بۆ ئێران، جەنگی چل رۆژە کۆتایی هات و ئاگربەستێکی کاتی راگەیێندراوە کە بەهۆی شکستی کۆبوونەوەکانی ئیسلام ئاباد لەرزۆکە، بەڵام پێدەچێت جەنگی ئابووری ئێران بۆ مانەوەی وەک دەوڵەتێکی کارا، تازە لەوە بەدواوە دەست پێبکات.