بابەتی سەرۆکایەتیی هەرێم لە کاتێکداهاتووەتە ئاراوە کە هەرێمی کوردستان و جیهان بە گۆڕانکاریی خێرا و یەک لە دوای یەکدا تێدەپەڕن و کوردستان لەناو گێژاوی قەیرانی ئابووری و سیاسیدا پەنگ دەخواتەوە. ئەمە بابەتێکی فرە گرنگە و ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ، دەبێتە هۆکاری پەرتەوازیی ماڵی کورد و لە کیسدانی دەستکەوتە مێژووییەکان و دۆڕانی سیاسی لە ئاستی هەرێم و نێونەتەوەییدا و دواجار گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.
کورت و پوخت ئاراستەی ڕەوت و بزاوتی هزری و سیاسیی حیزبە کوردستانییەکان دابەشبوونەتە سەر دوو بەرە و جەمسەری هاودژ. بەرەیەک کە خۆی لەپاڵ هیلالی شیعیدا دەبینێتەوە ولایەنێکیش کە بەرەو ئاراستەیەکی نێونەتەوەیی دژە تێرۆر هەنگاو دەنێ. کێرڤی پاوانخوازی و ڕکەبەرایەتیی نێوان تاکەکان و حیزبە کوردییەکانیش گیرۆدەی ئەم لێکترازانە بوونە؛ بۆیە لەبەرهەستیاریی ئەم بابەتە دەخوازم هەڵوێستەیەک بکەم سەبارەت بە چارەسەری ئەم قەیرانە:
ئەزموون و تێفکرینی سیاسی چەندین ساڵەی دەسەڵاتی کوردی، لە بابەتە ستراتیژییەکاندا بە پێی پێویست دامەزراوەییانە بڕیاری نەداوە و کەموکوڕیی زۆری هەبووە. دەبووایە پرسی دەستوور و بەدامەزراوەکردنی دامودەزگاکانی کوردستان، چەندین ساڵ لەمەوبەر یەکلایی کرابانەوە و پلانی ستراتیژیی سیاسی و ئابووری دانرابا بۆ ئەوەی حکومەتێکی تۆکمە بە سیستمێکی سەردەمیانە هاتبا کایەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی.
کێماسییەکان بە پلەی یەک دەگەڕێنەوە بۆ نەبوونی ستراتیژییەتێکی نەتەوەیی هاوبەش و خوێندنەوەی ئاڵۆزی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە هەمبەر قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی.
سەرجەم حیزب و لایەنەکان بێ هەڵاواردن پشکدار بوونە لە خوڵقاندنی ئەم قەیرانانە و مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان تاکلایەنانە نەبووە و بێگومان لەناو حکومەتدا، سەرجەم حیزبەکان بەشداربوونە و کەسیش ناکرێ خۆی بێبەری بکات لە ئاست ئەم بەرپرسێتیە مێژووییە وهەموو حیزبەکان بەشدارن؛ چ لە چێکردنی قەیرانەکان و چ لە دۆزینەوەی چارەسەردا.
هەروەک چۆن پشکداری سەرکەوتنەکانن؛ لە کەموکورتییەکانیش بەشدارن. لە بەر ئەمە هیچ لایەنێک نکارێت پەنجەی تۆمەت و گومان بۆ لایەنێکی تر درێژ بکات.
چارەسەرەکان :
بە ڕەچاوکردنی بارودۆخە نالەبارەکان و لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕەوشە ، پێدڤییە چارەسەرەکان، لە دووتۆی هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە و ڕاستبینانەی دۆخەی هەنووکەی ئەم دەڤەرەدا بێ کە ئەمەش خۆی لە نیەتپاکیی هەمەلایەنەو دوورەپەرێزی لە خوڵقاندنی قەیراندا دەبینێتەوە، چونکە ئێمە بە بارێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین و هەڵەکان دەبنە هۆی لەباربردنی ئەم کەشە ئارامەی خوڵقاوە.
چارەسەری نیشتمانی:
سازانی نیشتمانی بووەتە هۆکاری چاوپۆشینی هەموو حیزب و لایەنەکان لە زۆر بەرژەوەندیی تاکی و حیزبی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و نیشتمانی. پێدڤییە ئەجێندای نیشتمانی پەیڕەو بکرێ و ئەجێندای حیزبی و دەرەکی وەلا بنرێ و حیزبەکان دابنیشن و دەست بکەنە داڕشتنی پلانی سازانی نیشتمانی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو. هەرچەند سەرۆکی هەرێم رێکارە یاساییەکانی گرتووەتە بەر بۆ ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن، بەڵام کاتەکەی زۆر کورتە و هەرێم بە بارێکی ناجێگیری سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕێ و ئەو هەڵبژاردنە ئەستەمە لە کاتی خۆیدا بکرێ، بۆیە تەنیا چارەسەر، دانوستاندن و سازانە و چاوپۆشینە لە بەرژەوەندییە حیزبییەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. سیاسەتی حکومەتی یەکگرتووی هەرێم تا هەنووکە بریتی بووە لە سازان و پێکڤە کارکردن و چاوپۆشی لە بەرژەوەندییە حیزبییەکان بۆ بەرژەوەندیی گشتی، هەر بۆیە دەبێ هەموو لایەنەکان ڕژد و مکوڕ بن لەسەر بەردەوامبوون لە سیاسەتی دیالۆگ و دانوستاندن. پەرواێزکردن و گۆشەگیرکردنی هیچ حیزب و لایەنێک بەرسڤی داواکارییەکانی گەل نییە. پێداچوونەوە بە پۆستە دابەشبووەکان و ڕێککەوتنە ستراتیژییەکانی نێوان حیزبەکان لە کوردستان و بەغدا تەنێ قەیرانگەلێکی تر دەخوڵقێنێ و بەشێک نابێت لە چارەسەرەکان. نەخاسمە کە لەپاش ماوەیەکی زۆر دانوستاندن، رێککەوتنەکان بەدی هاتوون.
چارەسەری یاسایی:
زۆر پسپۆڕی یاسایی دووپاتدەکەنەوە کە رێکارە یاساییەکان بەربەستن لەبەردەم دووبارە خۆهەڵبژاردنەوەی سەرۆکی هەرێم، بەڵام ئایا دەرچوواندنی یاسایەکی تایبەت، یان گۆڕینی یاسا کۆنەکان لە پەرلەمان کارێکی ئەستەمە ؟ لە کاتێکدا کە دەستوور هێشتا جێکەوت نەکراوە و لە رێفراندۆمێکی ئازاد دا گەل دەنگی پێنەداوە. لەم کەین و بەینەدا گرنگ تاکی سەرکردە نییە، بەڵکو گرنگ ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانەیە کە دەبێ سەرۆکێکی ئەم سەردەمەی کورد هەیبێ بۆ ئەوەی بکارێت لەم قەیرانانەدا هەرێم بەرەو کەناری ئارامی و ئاسایش ببات. گرنگ ئەوەیە ئەو کەسایەتییەی کە دەبێتە سەرۆکی هەرێم، خاوەنی ئەزموونێکی زۆری سیاسی و میلیتاری بێ و لە ئاستی نێونەتەوەییشدا، خاوەن پێگەیەکی متمانەپێکراو بێ بۆ ئەوەی هەرێم لەم قەیرانانە رزگار بکات.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێداویستییانەی سەرۆکایەتی و لە بەر هەستیاریی دۆخی ئێستا، دەکرێ بە دوور لە هیچ دەمارگرژییەکی حیزبی و تاکەکەسی و ناوچەگەری و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، هێشتا سوود لە ئەزموونی سیاسی و میلیتاریی سەرۆکی هەرێم وەربگرین تاکو دەگەینە کەنارێکی ئارام و کەشێکی لەبار بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و سیستماتیککردنی حکومەت و هەرێم. ئەم قۆناغەش خۆی لە پاش رێفراندۆم و دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەبینێتەوە کە ئەگەر لایەنەکان هاودەنگ و هاوڕا بن بەزوویی بەدی دێت. بە دڵنیاییەوە ئەو کاتە سەرۆکی هەرێم خۆی خوازیار دەبێ کە دابنیشێ و ئەزموونەکە بسپێرێ بە سیاسەتمەدارانی تازە پێگەیشتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ