چاک بڵێ، یان بێدەنگ بە

12-10-2015
دانا نەوزەر
A+ A-

یەكەم: ئەو فیشەكەی پێشمەرگەیەكی پارتی لە میحوەری گوێڕ بە داعشیەوە دەنێت و ئەو فیشەكەی پاسەوانی بارەگایەكی پارتی بە خۆپیشاندەرێكییەوە دەنێت، تەنها خوایان یەكە لەگەڵ ئەو كارگەیەی دروستی كردوون. بۆ یەكەمیان دەڵێم "لەدەوری دەست و تفەنگت گەڕێم" ، بۆ دووەمیان دەڵێم "رەبی مووی لێبێ زمانت پەنجەكانت هەڵوەرێ".

دووەم: نە ناوچەی پارتی لە قەڵادزێ و نە لقی پارتی لە سلێمانی بەرپرس نین لە نەدانی مووچە. پەلاماردانی ئەو شوێنانە دوو ئەگەری هەیە: یان خۆپیشاندەران ئەندامی پارتین و مووچەیان پێنەدراوە و پەلاماری بارەگاكانی خۆیان دەدەن، یاخود ئەندامی حیزبی دیكەن و مووچەكەیان لەسەر ئەوەیە پەلاماری پارتی بدەن، چونكە ناكرێت خەڵكێكی سەربەخۆ بن و بەهۆی نەدانی مووچەیشەوە تەنها پارتی بە ئامانج بگرن!  

سێیەم: "خەڵكی سلێمانی ئاژاوەگێڕن و خەڵكی هەولێر ئاشتیخوازن"، ئەمە كۆمێنتی بەشێك لە پارتییەكان بوو لە چەند رۆژی رابردوودا. ئەم قسەیە بێ ماناییەكەی لەوەدایە كە ئەو كەسانەشی لەناو لقی چواردان بەشێكی زۆریان خێزانی رەسەن و ئەسڵی سلێمانین. پێش هەركەسێك ئەو قسەیە دژ بەوان كراوە. پارتییەكانی سلێمانی زۆر لە پارتی شوێنی دیكە قوربانیی زیاتریان داوە و گوناهە هاوڕێكانی خۆشیان لەبەر رقی شارچێتی سووكایەتییان پێبكەن.

چوارەم: "خەڵكی سلێمانی ئازان و هەولێری ترسنۆكن"، ئەمەش كۆمێنتی بەشێك لە شارچییەكانی ناو گۆڕان و لایەنەكانی دیكەیە. ئەوانیش لە یادی دەكەن دەنگی چوار لایەنەكە پێكەوە لە هەولێر تۆزێكی كەمترە لە دەنگی پارتی لەو شارە. سووكایەتی بە هەولێری، سووكایەتییە بە نزیكەی نیو ملیۆن دەنگی خۆیان. هەموو كۆمێنتێكی شارچییانە دژە بە واقیع و شایەنی دیلێتە.

پێنجەم: ئەوەی سوودمەند بوو لە خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات، چەند چالاكوانێك بوون كە لەسەر لیستی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن خۆیان بۆ هەڵبژاردن كاندید كرد. ئەوەشی سوودمەند بوو لە بەشداریكردنی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن لە دەسەڵاتدا دووبارە چەند بەرپرسێكی باڵا و چالاكوانانی ئەو حیزبانە بوون. خەڵكیش جاران بارودۆخی باشتر بوو تا ئێستا. دەبێت لە ئەزموونی 17ی شوباتەوە تێبگەین، لە جوگرافیای كوردستاندا خۆپیشاندانی حیزبی و ناوچەیی، هیچی لێ سەوز نابێت.

شەشەم : كوردستان نە بە هەڵبژاردن بەڕێوەبراوە و نە بە یاسا، بەڵكو بە سازانی سیاسی بەڕێوەبراوە. ئێستا كە ئەزموونی حكومەتی بنكەفراوان فەشەلی هێناوە و پەرلەمان ئیفلیج بووە و سازانیش هەڵپەسێردراوە، هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێ سوودی نابێت. چونكە ئەو كات ئەگەر یەكێتی یان پارتی ئەنجامەكانی قبوڵ نەبێت، كێشەكان قووڵتر دەبنەوە. چارەسەر ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی ستراتیژیە لە نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانكارییانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هاتوونەتە كایە. پارتەكانی دیكەش دەتوانن بەشداری حكومەتی پارتی و یەكێتی بن یاخود ئەو ئیشە بكەن كە باش دەیزانن، ئەویش ئۆپۆزسیۆنبوونە.

حەوتەم: نەبوونی مووچە كێشەیە، داعش كێشەیەكی گەورەترە. كورسیەكەی بارزانی كێشەیە، لەتكردنی كوردستان بۆ دوو پارچە كێشەیەكی گەورەترە. ئەگەر كێشەكان بەپێی بچووكی و گەورەیی دابەش نەكەین، لە خۆمانی تێكدەدەین. وەك سەعیدی نورسی دەڵێت، ئەو كاتەی ماڵەكەت سووتاوە و رادەكەیت ئاگرەكە بكوژێنیتەوە، كەسێك پاشقولت لێبگرێت، گەمژەییە خەریكی ئەو كەسە بیت و سووتانی ماڵەكەت لەیاد بكەیت.

هەشتەم: لەم چركە ساتە مێژووییەدا، سەركردەی راستەقینە ئەو كەسەیە كە باشووری كوردستان یەكدەخات و رێگری دەكات لەوەی دابەش بكرێت بۆ دوو. كورسییەكەی مەسعود بارزانی كراوەتە كراسەكەی عوسمان و خەڵكانێك دەیانەوێت هەر بەبیانووی مانەوەی ئەو ، كوردستان دووكەرت بكەن. زۆر هێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش هەن بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی دابەشبوونی باشووری كوردستانن. بە دوو شێواز رێگە لە مەرامی دابەشكردنی كورستان دەگیرێت: یان واز لە كورسییەكەی بارزانی بێنن، یان بارزانی واز لە كورسییەكەی بێنێت.

نۆیەم: محەممەدی كوڕی عەبدوڵڵا، دوا پەیامبەری خودا دەفەرموێت "هەركەسێك باوەڕی بە خوا و رۆژی دوایی هەیە، یان چاك بڵێت یان بێدەنگ بێت".



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە