ماچی كوردی و ئاكاری سعودی

12-11-2013
پێشواز فەیزوڵڵا
نیشانەکردن ماچ
A+ A-
قسەیەك لەسەر ئادابی گشتی

ماوەیەكە لە بڵندگۆی مزگەوتەكان و پەیجەكانی فەیسبووك و تەنانەت كایەی حوكمڕانیشدا كەسانێك قسە لەسەر ئادابی گشتی و دابونەریت دەكەن. بەردەوام بە پاساوی "هەڕەشە لەسەر دابونەریتی كوردەواری" هەوڵدەدەن جۆرێك لە ئاكار بهێننە ئاراوە كە هەڵقوڵاوی كوردستان نییە.

ئەگەر چاوێك بە ئەدەبیاتی چەند سەدەی رابردوودا بخشێنین، بەتایبەت ئەدەبیاتی سەدەی بیست، دەبینین كەلتوری كوردی (لە گۆرانی و شیعر، تاڕادەیەكیش پەخشان) پڕە لە وەسفی جوانیی ژن و خۆشەویستی و چێژی جەستەیی. گۆرانییە میللییەكان پڕن لە باسكردنی ماچ و مەمك و پووز و ئەگریجە و برژانگ و ئەبرۆ و باڵا و...هتد.

شیعریش پڕە لە وەسفی ژن و عەشق و لەشولار و خەونبینین بە ئامێزی مەعشوق و تەنانەت باسكردنی سێكسیش بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.
بەڵام ئەمڕۆ، كەلتورێكی دی كە هەڵقوڵاوی ناوچەیەكی جوگرافی ناكوردستانییە، خەریكی كۆنترۆڵكردنی كایەی ئاكارە. كەلتورێك كە تاوەكو ئێستا رێگە بە ژن نادات ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت و بەبێ پیاوێكی مەحرەم بچێتە دەرەوەی ماڵ.

كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵی كوردی گفتوگۆ لەسەر ئاكاری كوردی بكات

كێشە نییە ئەگەر هەر گرووپێكی كۆمەڵایەتی سوود لە ئاكار و ئەزموونی شارستانی دەرەكی وەربگرێت، بەمەرجێك ئەو ئاكارانە دژە ژیان و دژە بەها چەسپاوەكانی مرۆڤایەتی نەبن. ئەو بەهایانەی لەسەرتاسەری دنیادا هیچ ئایدۆلۆجیا و بیرێك نییە بە ئاشكرا دژیان بێت. بەهاگەلی وەك ئازادی، مافی مرۆڤ، یەكسانیی تاكەكان لەڕووی یاسایی و كۆمەڵایەتییەوە، رێزگرتنی كەرامەتی مرۆڤ، ژیاندۆستی و رەتكردنەوەی مەرگ و كوشتار و جوداكاری و كۆیلەكردن.

ئەو مەیلەی ئێستا لە كوردستان بەناوی ئاكار و ئادابی كوردەوارییەوە دەیەوێت ئاكارێكی تاریكخوازی سعودی بە خەڵكی كوردستان بەنرخی كوردەواری بفرۆشێت، وەها دەریدەخات كە ئەو جۆرە لە ئاكار تاقە ئاكاری ئیسلامییە. ئەو جۆرە تێڕوانینە لەژێر كاریگەری خوێندنەوەیەكی سەلەفیانەی ئیسلامدا (كە تەنیا یەكێكە لە خوێندنەوەكان بۆ ئیسلام) دەیەوێت وەهای رابگەیەنێت كە ئەوەی خۆی ئیسلامی راستەقینەیە و ئەوەی دەرەوی خۆی هەمووی كوفر و لادانە.

بەر لە قسەكردن لەسەر ئەو كردارانەی كە گوایە ئادابی گشتی كوردەواری تێكدەدەن، پێویستە قسە لەسەر ئەو دیاردانە بكەین كە ئەمڕۆ كردەی پەسەندن و رۆژانە روودەدەن و هیچ كەس لە بانگەشەكارانی "ئاكاری نوێ" هەوڵی بەرپێگرتنی نادەن.

كامەیە ئەو ئاكار و ئادابە گشتییەی كوردستان كە لە سایەیدا ژن بەناوی شەرەفەوە دەكوژرێت؟ چ ئاكار و ئادابێكە كچە لاوەكانی دەخاتە بەر زەبری خەتەنەكردن كە دواكەوتووترین تەقلیدی مرۆڤایەتییە و لە هیچ ئەدەبیات و دنیابینییەكەدا پاساوی نییە؟ 

ئەمانە هەموو هەڕەشەن لەسەر ئاكاری كۆمەڵایەتی و راستەخۆ بەشێكن لە تیرۆركردنی كارەكتەری نیوەی كۆمەڵ و كاریش دەكەنە سەر نیوەكەی دی. ئایا ئەمە ئاكارێكی خوازراوە؟
ئەزموونی تاڵیبان داهاتوویەكی باشی نابێت بۆ كورد

گرفتی كۆمەڵی كوردی لەوەدایە كە گفتوگۆیەكی زیندووی نییە لەسەر ئاكار. كاتێكیش مەیدانی ئەو گفتوگۆیانە چۆڵ كرا، كەسانی بیرتاریك ئەو بۆشاییە پڕدەكەنەوە و پێناسەی ئاكار بۆ كۆمەڵ دەكەن.

یەكێك لە دیاردە هەرەترسناكەكانی ئەم مەیدانە بریتییە لە ملكەچكردنی ئەو سیاسەتمەدارانەی كە تەنانەت ئاینییش نین بۆ ئەو جۆرە لە سیاسەتكردن و چاوپۆشیكردن لەو تەرزەی كە خوازیاری سەپاندنی یەك خوێندنەوە و یەك جیهانبینی و یەك ئاكارە بەسەر تێكڕای كۆمەڵدا. ئەو سیاسەتمەدارانە بەم كارەیان بوار بەبرەودان بە ئاكاری مەرگ و تاریكی دەدەن.

كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵی كوردی گفتوگۆ لەسەر ئاكاری كوردی بكات بەدەر لە خوێندنەوە و تەشریعی ئیمام و خەتیبە سەلەفییە وەهابییەكانی سعودیە و هاوشێوەكانیان. ئەوانەش ئاشكرابكات كە هەڵگری پەیامی مەرگ و ناشرینكردنی ژیانن.

كۆمەڵی كوردی پێویستی بە جۆرێكە لە ئاكار كە سەرچاوەكانی بە تەنیا هەڵقوڵاوی تەقلیدەكانی یەك تیرەی سعودی نەبێت و دەرگاكانی بكاتەوە بەڕووی ئەو نەریت و ئاكارە جوانانەی شارستانیەتەكانی دنیا بەرهەمیانهێناون. بەهای بەرزی وەك رێزگرتن و خۆشەویستی و یەكترقبوڵكردن و لێبووردەیی و جوانیناسی بكرێنە پێوەر. ئەو ناجۆریانەشی كە بەرهەمی بەدئاكارین لە مەرگ و دژایەتیكردن و تەكفیركردن وەلا بنرێن.

كورد لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە ئاكارێكی ژیاندۆست و یەكسانیخواز و داهاتووخوازە، بۆیە پێویستە گفتوگۆیەكی گشتی و كراوە و چالاك لەبارەی ئاكارەوە دەستپێبكات و هەموو توێژ و پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكان بەشداربن لە قسەكردن لەسەر پێكەوەژیان و كردنەوەی دەرگاكانی بیركردنەوە و هەستی نەوەی نوێ بەڕووی كرانەوەی دنیا و پێشكەوتنی زانست و سوودوەرگرتن لەو پێشكەوتن و ئەزموونانەی كەلتورەكانی دیكە تاقییانكردوونەتەوە و سەركەوتووبوون. ئاشكراشی بكەن كە ئەزموونی تاڵیبان داهاتوویەكی باشی نابێت بۆ كورد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە