ئەوپەڕی هۆڤێتی

13-01-2026
سیروان رەحیم
A+ A-
 
هێرشی بێئامانی سەر شنگال، کوشتاری سەربازگەی سپایکەر لە تکریت، سەربڕینی پێشمەرگە هوجام سوورچی، سووتاندنی فڕۆکەوانی ئوردونی کەساسبە و زۆر کردەی تۆقێنەری دیکە کە ریزکردن و یادکردنەوەیان نەک باش نییە، بەڵکو ئێجگار بەد و شۆکهێنەرە، بەڵام هەموو ئەم کارانەی بەرهەمی چ هێزێکن؟ هێزێک ئێستا دەوڵەتێکی رادەستکراوە. 
 
ئەو هێزانەی بڕیاری گۆڕانکاری دەدەن لە ناوچەکە و دەسەڵاتداران دادەمەزرێنن، لە دەمی گۆڕانکاریدا، لە کاتی بردنی داشێک و هێنانی داشێکی دیکەیدا، بیانوو یان هۆکارێک بەردەوام دەیانخستە بەردەست؛ دیکتاتۆریی دەسەڵاتدار یان بیانووی پشتگیریکردنی ئەو دەوڵەتە بە ئامانجگیراو و سەرۆکەکەی بوو لە تیرۆر. راستە زلهێزە هەرێمییەکانی ناوچەکە رۆڵێکی یەکجار بەد دەبینن و حەز دەکەن داعش دراوسێیان بێت نەک کورد، بەڵام ئایا لابردنی ئەسەد و رادەستکردنی سووریا بە گرووپێک رابردووی پڕ بێت لەو تاوانانەی ئاماژەیان پێکرا و کاری سەرەکی ئێستایشی قڕکردنی، درووزەکان، عەلەوییەکان، مەسیحییەکان، کوردەکان و هەموو ئەوانی دیکەی بێت لەو ناچن، ئایا ئەمە بوو پەیام و ئەرکی زلهێزان بۆ گۆڕانکاریی یان هەوڵی سەقامگیرکردن لە ناوچەکەدا؟ ناوچەیەک 100 ساڵە سەرچاوەی وزە و بەرژەوەندیی جۆراوجۆرە بۆ ئەو هێزگەلە. 
 
ئەم هێزە تیرۆریستیەی ئێستا سووریای رادەست کراوە، ئەمان و هاوکارەکانیان بوون کاتێک (ئۆپۆزیسیۆن!) بوون سەربازی سووریاییان بە دیلگرت و لە باڵەخانەوە فڕێیان دایە خوارێ. هێزێک بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هاودین و هاوزمان و هاونەتەوەی خۆیان بکات، ئایا دەبێت چ پلانێکی بۆ ئەوانی دیکە، بۆ رەنگ و دەنگ، زمان و کولتوورە جیاوازەکان هەبێت؟ هێزێک ئەم تابلۆیان لە یادەوەریدا بنەخشنێت ئایا تەواوی ناوچەکە دەکاتە کۆڵەوژی چ ئاگردانێک؟ 
 
ئەم هێزە هەم خۆی ئەوپەڕی بێباکە لە ترساندن و تۆقاندن، هەم تیرۆر تاکە بوارە کە تێیدا لێزانە. ئێستاش پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە، وەکو دەوڵەتێک و لە چوارچێوەی پلان بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی پەلاماری ئەوانی دیکە دەدات و قڕیان دەکات. لە حەلەب بینیمان چۆن بێباکانە، بێ هیچ ترس و سڵەمینەوەیەک تەرمی کچە شەڕڤانێکی کورد لە باڵەخانەوە فڕێ دەدەنە خوارێ. ئەم کارە ئەوپەڕی هۆڤێتی و وەحشییەتە و سنووری هەموو ئاکار و هەموو رەنگ و بۆیەکی مرۆڤانە ورد و خاش دەکات. نەک لەبەرئەوەی چەتەکانی هێزی دەوڵەتێک ئەو کارە دەکەن، بەڵکو لەبەرئەوەی هەموو دونیا ئەو تاوانە دەبینێت و نەک کاردانەوە نییە، بەڵکو دەستی ئەنجامدەرانی پتر کراوە دەکەن تاوەکو لە لێدانی کورد و ئەوانی دیکەی نێو سووریا بەردەوام بن. 
 
لە گەرمەی ئەم کارەسات و تاوانە گەورانەدا هەواڵێکی پڕ شەرم سەرنجی مرۆڤ دەبات، نووچەیەک لە کاتی پەلاماری گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبدا، ئەمریکاییەکان بڵاویان کردەوە، "دوێنێ شەو لە سووریا لە داعشمان دا". دووانەی مۆراڵ و ئاکار بەدترین جومگەی گەمەکردنی سیاسەتە لە هەموو دونیا و لە مێژووی سیاسەت خۆیشیدا. هاوپەیمانیی دژی داعش دروست بکە، کچان و کوڕانی کورد لە هەرە پێشەنگەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆریستان بن، پاشان یەکێک لە سەرکردەکانی داعش و تیمەکەی بهێنە، رۆڵی رزگارکەر و رابەری شایستەی ئاشتی و سەقامگیریی سووریای پێبدە! چ ناوێک لەمە دەنرێت؟  
 
ناوچەکە دەکوڵێت و ئاوەزی "دەوڵەتداران!" و هەموو دراوسێکانمان نەکوڵۆکن و پێناگەن. کەسیان وانەیەکیان لە رابردوو وەرنەگرتووە. مێژوو دەڵێت، هەرگیز قڕکردن یان کوشتنی زمان و کولتووری میللـەتێک نەبووە بە هۆکاری بەختەوەری بۆ بکەرەکەی. تاوانبار و بکوژ هەمیشە چارەنووسی دیارە کە چ چارەنووسێکی گەمارە. ئەو سەرانەی وا بیردەکەنەوە بە قڕکردنی کورد بەهێز و بەختەوەر دەبن لە وەهمدا دەژین. سەدام حوسێنیش خاک و ئاوی عێراقی فرۆشت بۆ لێدانی کورد، بەڵام هەمووان بینییان دوا وێستگەی سەدام کوێ بوو. 
 
دەبێت سەردارانی ناوچەکە ئەو سەرەی خۆیان فڕێ بدەن، بیگۆڕن، دەنا خۆیان و ناوچەکەیش هەر لەم بازنە نەفرەتییەدا دەخولێنەوە. دەیان ساڵە ناوچەکە لەم دیمەنە دووبارە و بەدەدا دەژی، داگیرکردن، دابەشکردن، هەڵگیرساندنی شەڕ، پاشان هاتنی هێزێک و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێک و بەڵێنی پڕ لە وەهم، ئەنجامیش دووبارە، کوشتار، ئاوارەیی و هەژاری ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە، بە ناسنامەی جیاوازەوە. کێ لەم کارەی زلهێزان و ئەم ئەکتەرانە حاڵی دەبێت کە رۆژئاوا پشتگیرییان دەکات؟ کێ ئەم گەمە پێچیدەیە شیدەکاتەوە؟ ئایا بێ هێنانی ئەم تیرۆریستانە و دامەزراندنیان، بێ ئەم هەموو شەڕ و کوشتارە، ناکرێت سوود لە وزە و لە سامانی ناوچەکە وەربگیردرێت؟ 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

چۆن 'غەززەی نوێ' نەخشەی دیپلۆماسیی جیهان دەگۆڕێت؟

رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ تەنیا واژۆی لەسەر کاغەزێک نەکرد، بەڵکو بە واژۆکردنی بڕیاری ژمارە (1/2026) بە فەرمی بووە "ئەندازیاری نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". ئەمە چیرۆکی گۆڕینی غەززەیە لە ناوچەیەکی جەنگەوە بۆ پڕۆژەیەکی ئابووری و ئەمنی بە بەڕێوەبەرایەتییەکی جیهانی.