نزیکەی مانگ و نیوێک بەسەر یەکەم ساتەکانی دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دا تێپەڕیوە. بێدەنگی تەنگەی هورمز، بووەتە گرانترین بێدەنگی مێژووی هاوچەرخ. شادەماری ئابووری جیهان، تاوەکو پێش جەنگ، رۆژانە 14 کەشتی نەوتهەڵگری زەبەلاحی پێدا تێدەپەڕی و 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و 20٪ـی پێداویستی جیهان بە گازی شلکراو دەگەیشتە دەستی بەکارهێنەران. تەنگەی هورمز بووەتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل. تاوەکو ئەمڕۆ، ئێران دایخستووە و لە ئەمڕۆشەوە ئەمریکا کۆنترۆڵی دەکات.
دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە رێگە بگرێت لەو کەشتیانەی لە بەندەرەکانی ئێرانەوە دێن و ئەوانەش کە بۆ ئەوێ دەچن. سوپای پاسداران ئەمە بە شکاندنی ئاگربەست دادەنێت و هەڕەشەی لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کردووە. ئەم پەرەسەندنە نوێیە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بە کردەیی هیچ کەشتییەکی نەوتی یان بازرگانی نەوێرێت خۆی لە تەنگەی هورمز نزیک بکاتەوە.
بە گوێرەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA)، ئەم دۆخە چیدیکە تەنیا هەڵبەز و دابەزی ئاسایی بازاڕ نییە، بەڵکو گەورەترین شۆکی دابینکردنی وزەیە لە مێژوودا، تەنانەت لە قەیرانی ساڵی 1973 تووندترە، ئەوکاتەی رۆژانە 5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕدا نەما. نەوتی برێنت کە لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ دا تێکڕای بە 74 دۆلار بوو، گەیشتە 141 دۆلار و ئێستاش بە زیاتر لە 110دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. شرۆڤەکارێکی سەر بە بانکی (گۆڵدمان ساکس) دەڵێت: "ئەمە لە قۆناخی بەرزبوونەوەی نرخ تێپەڕیوە، کاتێک یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهان لە بازاڕدا لەناکاوە نامێنێت، بە تەنیا نرخ نییە کە دەگۆڕێت، بەڵکو یاسا فیزیکییەکانی چۆنیەتی کارکردنی وڵاتان سەرلەنوێ دەنووسرێنەوە."
چین، لە قەیرانەوە بۆ فەرمانڕەوایی
بۆ چین، کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهان دا، ئەم جەنگە تاقیکردنەوەیەکی سەخت و راستەوخۆی مانەوەی نیشتمانییە. بە گوێرەی داتاکانی دامەزراوەی (کێپلەر)ی تایبەت بە چاودێری هاتووچۆی دەریایی ، چین لە سەرەتای ساڵی 2026دا رۆژانە 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد، کە دەکاتە 13%ی کۆی هاوردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە. لەوەتەی جەنگی ئێران دەستیپێکردووە، ئەو دابینکردنە بە کردەیی پەکیکەوتووە. سەرەڕای ئەوەش، 42%ی کۆی هاوردەی نەوتی خاوی چین کە نزیکەی 4.9 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێک دا و لە سعودیە، عێراق و ئیماراتەوە دێت ئێستا بەهۆی دۆخی تەنگەی هورمزەوە، گیری خواردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوەی پەکین، نموونەیەکی باڵای خۆپاراستن و خۆڕاگرتنی ستراتیجییە. ئابووریناسانی گۆڵدمان ساکس هاوڕان کە شۆکی نرخەکانی وزە، رێژەی هەڵاوسانی لە چین بەرزکردووەتەوە بۆ 3.1% و بە ئەگەری زۆرەوە زیانی 1.2% ـی لە گەشەی ئابووری ساڵی 2026 ـی چین دەدات. ئەوەی سەرنجڕاکێشە، پەکین ئەو قەیرانەی بەکارهێناوە بۆ بازدان و گەشەپێدانێکی گەورە لە بازاڕی وزەی سەوز و نوێبووەوەدا. تەنیا لە مانگی رابردوودا، هەناردەی ئۆتۆمبێلە کارەبایی و هایبرێدەکانی چین بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیادبووە و گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی 349,000 یەکەیە. لە کاتێکدا نرخی سووتەمەنی لە جیهان دا بەرز دەبێتەوە، چین دەیەوێت پشکی 60%ی خۆی لە بەرهەمهێنانی باتریدا وەک "نەوتی نوێ" بناسێنێت. لەلایەکی دیکەوە ئەو وڵاتە بە رێژەیەکی زۆر پشتی بەستووە بەو یەدەگە ستراتیجییەی 1.4 ملیار بەرمیلییەی کە لە گەورەترین کۆگای ستراتیجی نەوتی خاوە لەسەر ئاستی جیهان دا. هاوکات بەرپرسانی چین گفتوگۆکانی پەیوەست بە تەواوکردنی بۆڕیی گازی (هێزی سیبیریا- 2)یان لەگەڵ رووسیا خێراکردووە بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی گازی قەتەر. چین نەتەنیا سەرکەوتوو بووە لە تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستای وزە، بەڵکو قەیرانەکەی گواستووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو بزوێنەرانە لە نێوخۆ لەکاربخات کە بە بەنزین و گازوایل کار دەکەن.
زیانی ناوچەیی
لەکاتێکدا جیهان چاوی لە گۆڕانکاری نرخەکانە لەسەر شاشەکانی بازاڕی بۆرسەی نیویۆرک، باجە راستەقینەکەی جەنگ وڵاتانی کەنداو دەیدەن. دامەزراوەی ( ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیست) پێشبینییەکانی بۆ رەوشی ئابووری وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو (GCC) بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمکردووتەوە و دەڵێت ئابووری ئەو وڵاتانە نەک تەنیا لەم ساڵ دا گەشە ناکات، بەڵکو بە رێژەی 0.2-% پاشەکشە دەکات. بۆ وڵاتانی وەک قەتەر، کە پێش داخستنی کێڵگەی (راس لافان)، 28%ی گازی چینی دابین دەکرد، کاریگەرییەکە بەچەشنێک گەورەیە کە پرسی مان و نەمانە. لە ریاز و دووبەی، نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک برنج و مریشک بە ڕێژەی 120% بەرزبوونەتەوە، لەبەرئەوەی ئەو وڵاتانە 80%ی خۆراکی خۆیان لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە پێدەگات. داخرانی تەنگەی هورمز ناچاری کردوون پارەی زۆر بۆ بارهەڵگرە ئاسمانییە نائاساییەکان خەرج بکەن.
لە ناوخۆی ئێرانیشدا، دروشمەکانی (بەرگری) راستییەکی ناوخۆیی تاڵ دەشارنەوە کە ئەویش داڕمانی کارەساتبارە. بەپێی مۆدێلە ئابوورییەکان و نەخشەی مانگە دەستکردەکان، مەزەندە دەکرێت کە 66%ی توانای پیشەسازیی ئێران بەهۆی هێرشە وردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەکارکەوتبێت. کۆمپانیای پۆڵای موبارەکەی ئیسیفەهان، کە کاتێک شانازیی پیشەسازیی ئێران بوو، لەکارکەوتووە. هەڵاوسان لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا 100%ی تێپەڕاندووە، ئەمەش سەروەت و سامانی چینی نێوەڕاستی ئێرانی لەنێوبردووە. داخستنی تەنگەی هورمز لەوانەیە دابینکاریی جیهانی نەوتی پەکخست بێت، بەڵام دڵی ئابووری ئێرانیشی لە لێدان خستووە.
ئەورووپا
ئەورووپا، کە هێشتا بەدەست لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکراینا و دەستبەرداربوونی لە گازی رووسیاوە دەناڵێنێت، ئێستا خۆی لەنێو دێوەزمەیەکدا دەبینێتەوە؛ نە هێندە پارێزراوە کە سەلامەت بێت، نە هێندەش یەکگرتووە کە کارابێت. نەمانی گازی قەتەر، نرخی گازی سرووشتیی لە ئەورووپا بە رێژەی 180% لە ماوەی شەش هەفتەدا بەرزکردەوە. بۆ ئەڵمانیا، کە بزوێنەری پیشەسازیی ئەوروپایە، قەیرانی وزە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی کۆمپانیا گەورە کیمایییەکانی ئەو وڵاتە وەک BASF بیر لەوە بکەنەوە بەرهەمهێنانیان بۆ ئەمریکای باکوور بگوازنەوە، کە تێچووی وزە لەوێ ئێستا 400% هەرزانترە بەراورد بە نێوخۆی وڵاتەکەیان.
بەڵام جەنگەکە " قازانجێکی تاڵ"ـی بە کەرتی بەرگریی ئەورووپا گەیاندووە. بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ( رەین مێتاڵ) و ( بەی سیستم) لەدوای شەڕی ئێران بە رێژەی 22% بەرزبوونەتەوە. جەنگی ئێران، ئەورووپا ناچار دەکات بودجەی بەرگری خۆی زیاد بکات. مەزەندەکراوە، زیادکردنی بودجەی بەرگری و کەمکردنەوەی بودجەی کەرتەکانی دیکە، ساڵانە 0.9% لە گەشەی ئابووری ناوچەی یۆرۆ کەم بکاتەوە.
باشووری ئاسیا
باشووری ئاسیا، ئەو ناوچەیە کە هەرچەندە هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە جەنگی ئێرانەوە نییە، بەڵام زیاترین زیانی بەرکەوتووە. هیندستان کە نزیکەی 85%ی نەوتەکەی هاوردە دەکات، بەهۆی بەزبوونەوەی نرخەکانی وزە، کورتهێنان لە بازرگانییەکەیدا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. بانکی ناوەندیی هیندستان ناچاربووە تەنیا لە ماوی 40 رۆژی شەڕدا، 25 ملیار دۆلار لە یەدەگی دراوی بیانی خەرج بکات بۆ ئەوەی رێگری لە دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی خۆی (روپیە) بکات.
بۆ وڵاتانی وەک پاکستان و بەنگلادیش، دۆخەکە خراپترە. بەهۆی بێبەشبوونیان لە گازی قەتەر، رۆژانە رووبەڕووی 12 کاژێر بێ کارەبایی بوونەتەوە. بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە کەراچی و داکا 30% دابەزیوە، ئەمەش بووەتە هۆی دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران. لەم ناوچانەدا، جەنگی ئێران تەنیا پرسی نرخی بەنزین و گاز نییە، بەڵکو بووەتە پرسی سەقامگیریی کۆمەڵایەتییش.
رووسیا براوەی جەنگی ئێران
براوەی ئەم تراژیدیا جیهانییە کە هەزاران کیلۆمەتر لە بەرەکانی جەنگەوە دوورە، لە مۆسکۆ دانیشتووە. لە هەنگاوێکی پراگماتیکیدا بۆ رێگریکردن لە داڕمانی تەواوی بازاڕی نەوت، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا گەمارۆکانی سەر نەوتی رووسیای هەڵگرت. هاوکات لەگەڵ نەمانی نەوت و گازی کەنداو، "کەشتییە سێبەرەکان"ـی رووسیا کە ترسیان لەوە نییە کۆمپانیا ئەورووپاییەکان بیمەیان ناکەن، بۆشاییەکە پڕدەکەنەوە و لە هەر دوو هەفتەیەکدا، 6 ملیار یۆرۆ داهاتی زیاتر بۆ رووسیا دەستەبەر دەکەن.
دۆخی ئەمریکا
هەرچەندە ئەمریکییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی تێکڕای نرخی بەنزین بۆ 5.50 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک ( کە 45% زیادی کردووە) تووڕەو ناڕازیین، بەڵام "قەڵخانی نەوتی بەردین"ـی ئەمریکا وەک پەرژینێکی جیۆپۆلیتیکی، ئەو وڵاتەی پاراستووە. کۆمپانیا گەورە نەوتییەکانی ئەمریکا لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ دا 2.9 ملیار دۆلار قازانجی زیاتریان کردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەداناوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نرخی بەنزین و سووتەمەنی لە ئاستێکی بەرزدا دەمێنێتەوە و بە شتێکی ئاسایی ناوی بردووە، بەڵام ئەمریکا لە درێژخایەندا براوەیەکی سەرەکی جەنگی ئێرانە. بۆ یەکەم جار، گازی سرووشیی شلکراوی ئەمریکا دەبێتە کۆڵەگەی سەرەکی بۆ سەقامگیرکردنی ئابووری ژاپۆن. ئەوە بۆ ئەمریکا دەستکەوتە و، ژاپۆن گرێبەستكی نائاسایی 73 ملیار دۆلاری لەگەڵ ئەمریکا لە کۆتایی مانگی رابردوودا یەکلایی کردەوە و بەوپێیەش باری قورسی پشتبەستنی 90٪ـی بە سەرچاوەکانی وزەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەر شانی خۆی سووک کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ