"دەبێت لایەنگری حەق بین، بێلایەنی یارمەتیی چەوسێنەر دەدات نەک قوربانی. بێدەنگی هانی بکوژ دەدات و هەرگیز سوودێکی بۆ چەوساوەکان نییە."
ئێلی ڤیزل "1928-2016" – رزگاربووی هۆلۆکۆست و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی
چۆن بەعسییەکانی عێراق وێنای هۆڤی تێکدەریان بە کورد بەخشیبوو، وێنایەک زەوینەخۆشکەربوو تاوەکو کورد کۆمەڵکوژ بکەن، بە هەمان شێوە نازییەکانیش هەموو بەدبەختی و گیرۆدەیی خۆیان بە بوونی جووەکانەوە گرێ دابوو. دەیانگوت، گەر جووەکان بمێنن ئێمە سەرگەردان دەبین. بەعسییەکان کوردیان لەناو دەدا و نازییەکانیش جووەکان. بەعسییەکان بۆ دەستەبەرکردنی تەناهی و ئارامی خۆیان دەبوو بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان بکەن بە سوتماک، دەڤەری فراوان بکەن بە بازنەی قەدەخە، چەکی کۆکوژ لە دژی شار و گوندی کوردستان بەکاربهێنن.
نازییەکانیش بە شێوەیەکی ترسناک نزیکەی شەش ملیۆن مرۆڤ جوویان کوشت. بەعسییەکان و نازییەکان بە شێوەیەکی پلانداڕێژراو ئەم تاوانانەیان جێبەجێ کرد.
دوای نەمانی نازییەکان لە ئەڵمانیای پاش شەڕ و ئەڵمانیای هەڵچنینەوە و دروستکردنەوە، لە هەموو بوارەکاندا دەستکرا بە خۆبنیاتنانەوە و خۆڕێکخستنەوە. ئەڵمانیا لە هەموو ئاستێکدا وێران ببوو. هاوتەریب لەگەڵ دروستکردنەوەی ژێرخانی وڵاتەکەدا، کاری گرنگیان بۆ پەروەردە و بۆ هۆشیاری دەستپێکرد، هۆشیاری سەبارەت بە پێکەوەهەڵکردن، دەربارەی میهرەبانی و پەسندکردنی جیاوازییەکان. پەروەردەکردنی مرۆڤێک بیربکاتەوە، رەخنەگر بێت، بێلایەن نەبێت بەرانبەر بە ستەم، با ستەمەکە لە دژی خۆیشی نەبێت، هەموو ئەمانە بوون بە ئامانجێکی گرنگ، بەجۆرێک لە بوارەکانی پەروەردە، ئەدەب و هونەردا رووبەرێکی یەکجار فراوانی کارکردن بۆ ئەم تێگە و چەمکانە تەرخان کرا. ژمارەی ئەو رۆمانانە، بەرهەمی شانۆیی و ئەو بەڵگەفیلمانەی سەبارەت بە هۆڵۆکۆست پاش ساڵی 1945 و تاوەکو ئێستا بەرهەمهێندراون یەکجار زۆرن. نزیکەی هەموو ئەم بەرهەمانە، بەرهەمی هزر و بیرکردنەوەی ئەڵمانەکان خۆیانن. ئەوان پێیانوایە نازییەکان بەشێک نین لەوان و لە بیرکردنەوەی ئەوان، پێویستە بەر لە هەموو کەسێک مرۆڤی ئەڵمان ئەو تاوانانە رەت بکاتەوە، کاریان لەسەر بکات، کارێکی ئەوەندە گرنگ رێگر بێت لە دووبارەکردنەوەیان.
ئەی لە ناوچەکەی ئێمە؟ دەوروبەرەکەی ئێمە شانازی بە دیرۆکی کۆمەڵکوژی و تاوانەکانەوە دەکەن، وەکو "فەتح، غەزا، دەستکەوتی ئاسمانی" بۆ خۆیان و نەوەکانیان پێناسەی دەکەن.
لێرە بەعسییەکان دەڕۆن، وەکو دەسەڵات گۆڕیان ون دەبێت، بەڵام لە هەناوی مرۆڤەکاندا کولتوور و دنیابینیی خۆیان بەجێدەهێڵن. بەعسییەکان دەڕۆن و رەتکردنەوەی کورد بەجۆری دیکە و بە شێوازی دیکە دەستپێدەکات. بەعسییەکان دەڕۆن و داعش دێت. کۆمەڵکوژیی دەوەستێت، بەڵام نکوڵیکردن و سوکایەتیکردن کۆتایی نایەت. تاوەکو دەسەڵاتدارێک دانی خێر بە کورد و کوردستاندا دەنێت، سەدانیان باس لە رەگەزی کورد دەکەن؛ کورد وەکو نەوەی جنۆکە و زمانی کوردییش وەکو زمانی دۆزەخ. جیاوازی گەورە و ترسناک لە ئەڵمانیا و لە نێو دەوروبەری کورددا ئەوەیە.
لەوێ قەدەخەیە مرۆڤ لە دژی ناسنامەی جودا بێت، لەوێ ئەڵمان، جوو، کورد و کێ و کێ هەموو هەڵگری یەک ناسنامەن، مرۆڤبوون. لێرەیش پاش نزیکەی 40 ساڵ لە ئەنفالکردنی کورد، لە پارچەیەکی دیکەی کوردستاندا بەهەمان ناو و بە هەمان ئاوەزەوە داوای ئەنفالکردنی مرۆڤی کورد دەکرێت. ئەڵمانەکان توانییان پاش ئەو تاوانە ترسناکانە دەستکەوتی گەورە و مرۆڤانە دەستەبەر بکەن، بێدەنگنەبوون بەرانبەر بە ستەم دەستەبەر بکەن. لێرەیش تاوەکو ئێستا هاندان هەیە بۆ ئەنفالکردنی مرۆڤی کورد. دەبوو ئەم جۆرە ڤێستیڤاڵانەی فیلمی جینۆساید لە بەغدا و شام و شوێنانی دیکەی ناوچەکە ساز بکرێن. دەبوو ئەوان بە کاری لەم چەشنە و لە رێگەی کردەی هونەری و ئەدەبییەوە بەردەوام داوای لێبووردنیان لە دەوروبەری خۆیان کردبا.
ئەلبێرت ئاینشتاین "1879-1955" دەڵێت: "مرۆڤە شەڕەنگێزەکان هەڕەشە نین بۆ سەر جیهان، بەڵکو ئەوانە هەڕەشەن مۆڵەت بە شەڕانگێزان دەدەن شەڕ بکەن".
لەم بوارەدا کاری هونەری و ئەدەبی یەکجار کاریگەرن؛ چونکە لەم دەلیڤەوە هەردوو رووخساری بکوژ و قوربانی روونتر دەردەکەون. هەروەها لە کایەی هونەر و ئەدەبدا باسکردن و شیرۆڤەکردنی چەمکی "بەرپرسیارێتیی دیرۆکی" باشتر قسەی لەسەر دەکرێت، بە جۆرێکی وەها بە باندۆر دەبێت بە هۆکاری رامانی قوڵ و فرەئالی. سوپاس و دەستخۆشی بۆ هەموو ئەو هاوڕێ هێژایانەی لە سازکردن و رێکخستنی ڤێستیڤاڵی فیلمی جینۆسایددا بەشدارن. بەهیوام ئەم فێستیڤاڵە ببێت بە نمونەی کارکرد لەسەر ئەم بابەتە چارەنووسسازە بۆ دراوسێکانی کوردستانیش.
* ئەم نووسینە بەتایبەتی بۆ ڤێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید- چەمچەماڵ نووسراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ