ململانێی سیاسی لە كوردستان ، ململانێیەكی ناتەندروستە ، بەجۆرێك ناتەندروستە مۆڕاڵی سیاسیمانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. ناكرێت سیاسەت وا ببینین كایەیەكە دور لە ئەخلاق . ئەم بیركردنەوەیە دەمانخاتە ناو ئەو گێژاوەی ئێستا تێیكەوتوین و خراپتریش دەبینین.
هێزە سیاسییەكانی ئیمە بەرئەنجامی زەرورەتی مێژویی و سەردەمی خۆیان نین ، بەڵكو وەك پەرچەكردار بونی خۆیان ڕاگەیاندووە . هەر لەسەرەتای دروستبونەوە كار لەسەر جوڵاندنی عاتیفەی خەڵك و دروستكردنی تۆمەت بۆ بەرامبەركراوە.
هەمیشە هێزی سیاسی ئێمە هەوڵی داوە خاڵی لاوازی بەرامبەر نیشان بدات ، نەك كار لەسەر خاڵە بەهێزەكانی خۆی بكات . هیچ كات ئەو حیزبانەی لە پەرچەكردارەوە دروستبون ناتوانن بڵێن ئەوە ئێمەین و ئەوە دەكەین . هەمیشە وتویانە ، بەرامبەرەكەم ئەوە ناكات و ئەوە دەكات.
دروشمی قەبە و گەورە ، داهێنان و داتاشینی وشەی نوێ بۆ دروشم، كارێكی زۆر سانایە لای هێزی كوردی. بەجۆرێك ئەوەی ئەمڕۆ دروشمە ، پاش چەند ساڵێك زۆر بە ئاسانی دروشمێكی سەدو هەشتا پلە پێچەوانە بەرزكراوەتەوە، ئەوەی پێشتریش بۆ زبڵدان.
لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی ڕابردو ، باڵێك لە مەكتەبی سیاسی پارتی ،بەناوی ڕۆشنبیر و هەوڵدان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەم و چەپگەرایی و شوێنكەوتنی ماركس و ماویەت هەوڵیاندا بارزانی لە حیزب دەربكەن. خۆیان دەست بەسەر پارتیدا بگرن ، بەڵام پاش ئەوەی هەوڵەكەیان سەری نەگرت، جیابونەوەی خۆیان ڕاگەیاند. ئەو كات بە مەلایی و جەلالی ناویان دەهات.
باڵی جەلالی كەوتنە ناوزڕاندنی بارزانی و بە كۆنە پەرست و بنەماڵە و زۆرشتی تر ناویان دەهێنان ، تەنها لەپێناوی ڕاكێشانی زۆرترین خەڵك. بەڵام لەساڵی 1970 و لە دوای ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار ، دور لە هەمو چاوەڕوانییەكی باڵی جەلالی و دوژمنانی كورد، بارزانی لەبری سزادان ، ئاشتەوایی نیشتیمانی ڕاگەیاند.
سەیر ئەوەبو هەر ئەو كەسانەی بارزانیان بە دواكەوتو و كۆنەپەرست و زۆر شتی تر تۆمەتبار دەكرد ، ئامادە بون بچنەوە ژێر باڵی بارزانی و درێژە بە كاری سیاسی بدەن.
پاش نسكۆی شۆڕش فرە حیزبی لە كوردستان هاتە ئاراوە ، بەڵام كێشەكە ئەوە بو،پەند لەو روداوەی پێشو وەرنەگیراو، جارێكی تر بە هەمان ڕیتمی جاران خەڵكیان لە حیزبەكان كۆكردەوە. تۆمەت و ناوزڕاندن زیاتر پەرەی سەند.
ئەم پێشەكییە مێژوییەم بۆ ئەوە باسكرد ، تا زیاتر بەرچاو ڕون بین و بزانین ئەم جۆرە لە سیاسەت چۆن هاتۆتە كوردستانەوە و بووە بە مۆدێل.
لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەم دۆخە درێژەی هەبو ، شەڕی ناوخۆ زیاتر و زیاتر ئەم كێشەیەی قوڵتركردەوە، لە شەڕی ناوخۆدا لە دەڤەری سەوز ئەوەی ناشێت بۆ وتن خرایە پاڵ پارتی و چۆن بتەوێت ئاوا پارتی ناشرین كرا لەبەرچاوی خەڵكی دەڤەری سەوز، لەبەرامبەریشدا لە دەڤەری زەرد تەخسیری نەكراوە بەرامبەر یەكێتی و بە هەڵگیرسێنەری شەڕ و دوئیدارەیی و زۆر شتی تر تۆمەتبار دەكرا.
دۆخێكی ناخۆش و ناهەموار ، كە تەنها نەگبەتی بو . شەڕی ناوخۆ تێپەڕی ، دەرهاوێشتەی خراپی هەبو ، خراپترین دەرهاوێشتە ئەم حاڵەتەیە كە باسمان كرد و هەتا ئێستا ماوەتەوە.
خەڵكی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە لەسەر ئەوە ڕاهێنران كە پێویستە دژی بنەماڵەی بارزانی و پارتی بن . تەواوی كاری دەزگای ڕاگەیاندن و ئاسایشی ئەم دەڤەرە ناشرین پیشاندانی بنەماڵەی بارزانی بو .
كات تێپەڕی و ڕێككەوتنی ستراتیژی هاتە گۆڕێ و پاش ماوەیەك گۆڕان لە هەناوی یەكێتی بە ڕێبەرایەتی نەوشیروان مستەفا دروستبو.
چون خەڵكی ئەم دەڤەرە لەسەر دژایەتیكردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ڕاهێنرابون ، هەر بۆیە تەنها ڕستەیەك بەس بو ، بۆ ئەوەی گۆڕان جەماوەرێكی زۆر بۆ خۆی مسۆگەر بكات ، ئەویش : ( یەكێتی بووە بە پاشكۆی پارتی ، مام جەلال لە ئەمری كاك مەسعود دەرناچێت) . بینیمان گۆڕان (25) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا ، ئەم ڕێژەیە ڕێژەیەكی زۆر و بەرچاو بو.
لە هەڵبژاردنی دواتر یەكێتی بە لیستی سەربەخۆ هاتە نێو كێبڕكێوە ، ئەمجارە گۆڕان زیاتر هێرشەكانی لەسەر خەستتر كردەوە ( درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی ) و (یەكێتی بووە بە پاشكۆی پارتی ) مانشێتی زۆرێك لە ڕۆژنامە بەناو ئەهلییەكان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بو. دەرئەنجام یەكێتی (18) كورسی پەرلەمانییان هێنا. خۆیان ئەم ئەنجامەیان بە شكست پێناس كرد. بڕیاریاندا بەخۆیاندا بچنەوە ، بەڵام بەخۆدا چونەوەكە لە پەیكەری حیزبی و گۆڕینی پەیام و ستراتیژیان نەبو ، بەڵكو چۆنیەتی مخاتەبەكردنی خەڵكی ئەم دەڤەرە بو.
ئەمجارە ڕێككەوتنی ستراتیژی خرایە ئەولاو دژایەتیكردنی پارتی دەستی پێكرد ، بینیمان لە هەڵبژاردنی عێراق، یەكێتی دەنگێكی بەرچاوی بەدەستهێنا. بۆ زۆرینەی چاودێرانی سیاسی و خۆشیان چاوەڕوان نەكراو بو.
ئێستا دۆخی كوردستان زۆر زۆر ناسكە و لە قەیرانێكی گەورە داین . خەڵكی چاوەڕێن لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و بابەتی پۆستی سەرۆكی هەرێم یەكلایی بكەنەوە.
كۆبونەوە لەدوای كۆبونەوە ، لە دو قۆڵی بۆ چوار قۆڵی ، دواتر پێنج قۆڵی ، دوبارە سێ قۆڵی و حەڤدە قۆڵی .... هیچ ئەنجامێك نییە ، دەڵێن لایەنەكان ناسازێن .
بەڵام ڕاستییەكەی ئەوە نییە، بەڵكو كێشەكە لەدەستدانی جەماوەرە. كام لەم لایەنانەی پێگەیان لە سنوری سەوزی جاران هەیە ، بچوكترین نەرمی بنوێنێت دەكەوێتە بەرهێرشی ناڕەوای هاوپەیمانەكانی ئێستایی و بێڕەحمانە تیرباران دەكرێت . هەر وەك ئەو كارەی دەرحەق بە یەكگرتو كرا ، لە كاتێكدا هەتا ئێستاش هاوپەیمانیانە.
بۆیە من دەڵێم كێشەكە پەیوەندی بەوەوە نییە لایەنەكان ڕێكناكەون ، واتە بابەتەكە ئەوەندە قورس نییە ، بەڵكو قورس كراوە لەلایەن چوار لایەنی ڕكابەری سلێمانییەوە. هەر كەس دەیەوێت زیاتر دژایەتی خۆی بۆ بارزانی دوپات بكاتەوە ، تا ئەو دەنگدەرانەی لەساڵانی شەستەكانەوە لەسەر ئەم جۆرە پەیامە ڕاهێنراون لە هەڵبژاردندا دەنگیان بداتێ .
لایەنەكان دەیانەوێت ئەگەر نەرمی نواندن یان ڕێككەوتنێك هەبێت هەرچواریان پێكەوە بیكەن بۆ ئەوەی وەك یەك باش و خراپەكەی هەڵگرن. هەروەك بەڕێز سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی : (ئیمە جارێكی تر 30 ی حوزەیران بە تەنها دوبارە ناكەینەوە). كەواتە ئەگەر بە جەماعی بێت كێشەیان نییە.
ببینن چ ئاوێكی خراپتان ڕشت ؟ ئەم كارەی پەنجا ساڵە لەسەری دەڕۆن ئێستا گیرۆدەی كردون ! بەم كارەتان تەنها میللەت زەرەرمەندە ، ئێستا گەلێك گیرۆدەیە بەم دۆخەوە.
ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بن و هەر لایەكتان چاوەڕێ بێت لایەنی هاوپەیمانی نەرمی بنوێنێت، هەتا بەشیك لە جەماوەرەكەی ببەن. ئەو كات چاوەڕێی كێشەكانی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ