لە چەند رۆژی رابردوودا هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی، سەردانی دەڤەری راپەڕینی کرد و لەوێ ژمارەیەک کۆڕ و کۆبوونەوەی کرد کە هێندێک لەو جموجووڵ و چالاکییانە جێگەی سەرنج بوون.
لە راستیدا سەردانی هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەی مافێکی ئاساییە و هەر سەرۆک و سەکردەیەکی سیاسی ئەو مافەی هەیە کۆڕ و کۆبوونەوەی حیزبی لەگەڵ ئەندام و لایەنگرەکانی حیزبەکەیدا بکات لە زاخۆ بۆ خانەقین بەبێ جیاوازی، بەڵام ئەوەی نەدەبوو رووبدات و نەگونجاوە و پێچەوانەی بنەمای کاری دەوڵەتداری و فرەیی سیاسیی مەدەنیانەیە، کۆڕ و کۆبوونەوەیە لەگەڵ دەزگای دەوڵەتی و نیشتمانی و سەربازیدا. دامەزراوە حکومی و سەربازییەکان دامەزراوەیەکن پێویستە لەژێر رکێفی یاسادا بن و نابێت لە هیچ چالاکییەکی سیاسی و حیزبی تێوە بگلێنرێن. تێوەگلانی هێزە سەربازییە چەکبەدەستەکان یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی کوردستان و سیستمی حوکمڕانییە.
چاوەڕوانیی خەڵک و چاودێرانی سیاسی لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هاوسەرۆک و سەرکردەکانی ئەوەیە لەپاش کۆنگرە خۆیان نوێ بکەنەوە، سیاسەتیان بگۆڕن و درێژە بە سیاسەتی هەڵەی چەندین ساڵەی دەسەڵات نەدەن کە تائێستاش ماڵوێرانی و دواکەوتن و لاوازبوونی هەرێمی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت درێژەدان بەمشێوازە لە کارکردن لە داهاتوویەکی نزیکدا بوون و کیانی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە و میللەتەکەمان لەوە زیاتر برسی و پەرتەوازە دەکات و کیانەکەشی زیاتر پاشەکشێ پێ دەکات و ئەوەی بە خوێن دەست گەلەکەمان کەوت، بە خوێنساردیی سەرۆک و سەرکردەکانی لەدەستیدەدەین.
یەکێتی لەگەڵ پارتی هاوبەشی دەسەڵاتە، هەر جموجووڵێکی سیاسیی هەڵەیان راستەوخۆ کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی دروست دەکات. لەم روانگەیەوە کۆبوونەوە و کۆکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەردانەکەیدا لە دەڤەری راپەڕین هەڵەیەکی کوشندەیە و درێژەدانە بەو سیاسەتەی پێشمەرگەی کردووەتە دەستەمۆی حیزب و چەکی لە دەستی حیزبی سیاسیدا هێشتووەتەوە کە هەمیشە کوردستان دەخاتە بەردەم ئەو مەترسییانەی کە لە رابردوودا بێجگە لە خوێن و قوربانی و ماڵوێرانی هیچی تری بهدوای خۆیدا نههێناوه و بۆ ژیانی سیاسی و دامەزراوە دەوڵەتییەکان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەڕەشە و مەترسییەکی ئامادە بووە
.
كوردستان لهبهردهم قهیرانی قووڵ قووڵدایە؛ قەیرانی هەمەچەشنەی پەیوەندیدار بە سیاسەتی بەڕێوەبردن، پەیکەری حکومەت، قەیرانی دارایی و ئابوری، نزیکبوونەوەی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە هەرەسی تەواوەتی، قەیران و مەترسییە دەرەکییەکان، کێشەی زەوی و جوگرافیا، بەجۆرێک ئەگەر نەخشەڕێگەیەکی روونی نیشتمانییانەی دەوڵەتدارانەی ستراتیجی نەبێت، ئایندەیەکی زۆر مەترسیدار چاوەڕێمانە. جا هەرکەس ئازادە کام بڕیارە دەدات؛ درێژە بە سیاسەتی چەوتی پڕ هەڵەی رابردوو دەدات، یان سیاسەتێکی نوێ پەیڕەو دەکات، بەرژەوەندیی گشتی هەڵدەبژێرێت و واز لە بەرژەوەندیی حیزبی دەهێنێت یان بە پێچەوانەوە سەرقاڵی دەوڵەمەندکردنی خۆی و حزبەکەی دەبێت. خەڵک چاوەڕوانی ئەوە بوو یەکێتی لەدوای کۆنگرە سیاسەتێکی نوێ پەیڕە و بکات و هەر بە راستی نوێ ببێتەوە، کار بکات بۆ ئەوەی سیاسەت و بەڕێوەبردن لە کوردستان بکەوێتەوە سەر سکەی راستەقینەی خۆی، کار بکات بۆ دروستکردنی دامەزراوە و سەروەریی یاسا و بێلایەنیی هێزی پێشمەرگە، وەک چۆن لە رابردوودا هاوبەشی خراپەکارییەکان بووە، لەمەودوا ببێتە هاوبەشی گۆڕین و چاکسازی، چونکە خەڵک ئەم چاوەڕوانییەی هەیە، خۆ هەر دەبێت لایەنێک دەستپێشخەری بکات. ئایا نەدەکرا و ناکرێت یەکێتی ئەو لایەنە نەبێت؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ