یارییەكی زیرەكانەی حیزبی دەعوە

15-01-2018
سەلام سەعدی
نیشانەکردن شیعە حیزبی دەعوە هەڵبژاردنی عێراق مالیکی عەبادی
A+ A-

ئیدی ئەوەی كە عێراق بەتەواوی كەوتووەتە ژێر هەژموونی ئێران و هەموو سیاسەتەكانی لە فەلەكی بەرژەوەندییەكانی تاراندا دەخولێنەوە، بووە بە فاكت و هیچ گومان و مشتومڕێك هەڵناگرێ.  عێراق لەڕووی سیستمی سیاسی و مۆدێلی حوكمڕانیشەوە هێدی هێدی هەمان ئەزموونی ئێران دووبارە دەكاتەوە: دەوڵەتێكی بە مەزهەب شیعی كە پیاوانی ئاینی (لەم نوسخەیەشدا هەر لە قوم و تارانەوە) رێبەرایەتی دەكەن و هێزێكی نیمچە نیزامی (حەشدی شەعبی كە هاوشێوەی سوپای پاسدارانە) بە وەلائی موتڵەقەوە بۆ ئایدیۆلۆژیای فەرمی، ئەم سیستەمە دەپارێزێ.

 هەنگاوی دواتر ئەوەیە كە هاوشێوەی ئێران، كۆی هێزە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی عێراق، هێدی هێدی ركابەرێتی و ململانێكانیان دەبەنە چوارچێوەی یەك سیستمی سیاسییەوە. واتە سیستمێكی جێگیر و نەگۆڕی هاوشێوەی ئەوەی ئێران كە موحافیزكاران و بەرەی ریفۆرم لە كێبڕكێی گرتنەدەستی دەسەڵاتدان، ململانێ تەنیا لەسەر گۆڕینی هەندێ نەهج و دەموچاو دەبێت. روخساری ئەم یارییە كە یاساكانی لە ئێرانەوە داڕێژراوە و حیزبی دەعوە بەڕێوەی دەبات، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەتەواوی دەردەكەوێ. ئێستا نووری مالیكی، ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوە و حەیدەر عەبادی بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی هەمان حیزب، بە موبارەكەی حیزبی دەعوە خۆی!، یەكلایی بوونەتەوە لەسەر ئەوەی بە دوو لیستی جیاواز بچنە هەڵبژاردنەوە.

من نموونەیەكی تری هاوشێوەی ئەمەم لە هیچ شوێنێكی دنیا پێ شك نایەت: یەك حیزبی سیاسی دوو لیستی جیاوازی بۆ هەڵبژاردن هەبێ. حیزبێك لەكاتی هەڵبژاردن ببێتە دوو بەرە و كەچی ریزەكانی حیزب یەكانگیر بێت!

لە یەكەم نیگادا، هەندێ سەیرە ئەم ململانێ گەورەیە لەناو یەك حیزب بە بەرچاوی مەرجەعی باڵا و عەڕڕابەكانی رژێمی تازەی عێراقەوە لە ئێران رووبدات و كەسیش دەخالەت نەكا. ئینجا ئەم ململانێیە لەناو حیزبێكیش كە لە 2005 بەدواوە بێ پسان حوكمی عێراقی لەدەست بووە!!

ئایا ئەمە پێچەوانەی گوتاری "یەكێتیی ناوماڵی شیعە"یە كە هەمیشە بۆ پارێزگاری لەو دەسەڵاتەی كەوتووەتە دەستیان جەختی لێ دەكرێتەوە؟ ئایا شیعە هەڵبژاردنەكانی ئاداری 2010یان لەبیر كردووە كە ئەیاد عەللاوی و ئیئتیلافی عێراقیەی (سوننی) بەهۆی دابەزینی لایەنە شیعییەكان بە لیستی جیاواز زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان برد و ئەگەر "حیلەی شەرعی" بەهانایانەوە نەهاتبا، حوكمڕانییان لەدەست دەردەهات؟

چی گۆڕاوە كە ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراقی بەچەند لیستێكی جیاواز دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە و باكی بە دۆڕانیش نییە؟

مەعلومە ئەوەی كە گۆڕاوە یاساكانی یارییەكەیە. لەدوای سەركەوتنە بەئاگاهێنەرەوەكەی سوننە لە هەڵبژاردنەكانی ئاداری 2010، حوكمڕانە راستەقینەكانی عێراقی نوێ هیچ نەما نەیكەن بۆ نابووتكردنی ئیئتیلافی عێراقیە و پەرتەوازەكردنی سوننە كە لێرەدا بوار نییە هەمووی بەبیربهێنینەوە. ئەوەندە بەسە بڵێین: ئێستا سوننە چەند شارێكی وێرانكراو و یەك دوو ملیۆن ئاوارە و دەربەدەر و دوو جۆر سوننەیان هەیە: سوننەی مالیكی و سوننەی عەبادی!

ئێستا ئیتر عێراق ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە كە سێ جەمسەری شیعە- سوننە- كورد لە ململانێیەكی سیاسیدا بن. سوننە تەقریبەن لە گۆڕەپانەكە كراوەتە دەرەوە و لەم هەڵبژاردنەشدا كورد دابەش دەبنە سەر دوو جەمسەرەكەی حیزبی دەعوە كە بە هەموو بارەكاندا، دەنگی رازی و ناڕازی، لایەنگر و نەیاری ئێران و دۆست و دوژمنی ئەمریكا دەچننەوە.

لەڕاستیدا هەر ئەم تەكتیكە زیرەكانەیەی سەركردەكانی دەعوە وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە كە ئەگەر ئەمریكا بەنیاز بێت لەڕێی پشتیوانی لە عەبادی، عێراق لە چنگی ئێران دەربهێنێتەوە، بۆچی كارێكی ئەوتۆی نەكرد كە پەیوەندیی سەرۆك وەزیران لەگەڵ هەولێر تا ئەم ئاستەی ئەمڕۆ ئاڵۆز نەبێ؟

وەڵامەكە وا دیارە ئەوەیە كە ئەوە واشنتن نییە پەنا بۆ عەبادی دەبات تاوەكو عێراق لەژێر هەژموونی ئێران دەربهێنێ، ئەمە شتێكە لۆژیك قبووڵی ناكات، بەڵكو ئەوە عەبادییە سوود لە پەیوەندییەكانی ئەمریكا وەردەگرێ بۆ راكێشانی ئەو دەنگانەی هاوئاوازی عرووبە و نەیاری ئێرانن و هیوایان بە حەیدەر عەبادیدا هەڵواسیوە. 

سوودوەرگرتن لە پەیوەندییەكانی ریكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ رێكخستنی دیداری عەبادی و شای سعودیە و ئەو وردە هەنگاوانەی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی بەغدا و ریاز نراون، زۆرتر نمایشێك بوو بۆ راكێشانی سۆزی سوننە و شیعەی نەیاری ئێران. لەپشتی هەموو ئەم نمایشەشەوە، مایسترۆیەك لە تاران دانیشتووە. بۆیە هێزە سیاسییەكانی عێراق ئەگەر نایانەوێ ببنە بەشێك لەم یارییە، ئەوە دەبێ بیرێك لە تێپەڕاندنی حیزبی دەعوە بكەنەوە نەك دابەشبوون بەسەر جەمسەرەكانیدا.   


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە