کێ کلیلی سەربەخۆیی کوردستانی لەدەست شەریف پاشا دەرهێنا؟

17-09-2023
ئازاد عەلی
A+ A-
 
ناوی دیپلۆماتکار فەریق (شەریف پاشای خەندان) وەک یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییە سەرکردەکانی کورد لە سەرەتای سەتەی بیستەم دا درەوشایەوە. لەنێوان ساڵانی (1898- 1908)دا باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی بوو لە سوێد، دەستی لەو پۆستە کێشایەوە و بۆ دامەزراندنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن بەناوی (حیزبی ریفۆرمی بنچینەیی عوسمانی) روویکردە پاریس. هەر لەوێ بووە گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و نەیاری دەسەڵاتی ئیتیحاد و تەرەقی لە دەرەوەی وڵات. بەهۆی پێداگری لەسەر مافی ئەو گەلانەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانی دا بوون و پشتیوانیی تایبەتی بۆ ئەرمەنەکان، لەگەڵ ئیتیحادییەکان کەوتە ناکۆکی و چووە نێو بزاڤی نیشتیمانیی کوردستانییەوە.
 
شەریف پاشا لەنێو سەرکردە پێشەنگە کوردستانییەکان دا دیاردەیەکی دەگمەنە. ساڵی 1865 لەدایکبووە، بە رەچەڵەک خەڵکی سلێمانییە و لە نەوەی بابانەکانە کە سەردەمێک حوکمی بەشێکی باشووری کوردستانیان کردووە. سەعید پاشای باوکیشی (1834- 1907) لە کەسایەتییە باڵاکانی دەوڵەتی عوسمانی بووە و چەندین پۆستی باڵای تێدا وەرگرتووە، هەندێ جار وەک وەزیر و دواتریش وەک راوێژکاری سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم.
 
شەریف پاشا دەبێتە هاوژینی ئامینە خانم کە نەوەی محەممەد عەلی پاشای حاکمی میسر بووە، لە ئەنجامی ئەوەش دا موڵک و ماڵ و زەویوزارێکی زۆری بۆ دەمێنێتەوە تاوەکو ئاستی ئەوەی کە بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی دەوڵەتی عوسمانی دادەنرێت. چەندین زمانی بیانی زانیوە. کاتێک ئیتیحاد و تەرەقی لە ساڵی 1908 دا کودەتا لەسەر سوڵتان عەبدولحەمید دەکەن، سەرەتا هاوکارییان دەکات، پاشان لەگەڵ سیاسەتە شۆڤینییەکانیان دەکەوێتە ناکۆکییەوە. دەچێتە بەرەی نەیاری ئیتیحادییەکانەوە و دەکەوێتە خەبات لە دژیان، ئەوەش دوای ئەوەی بۆی ئاشکرا دەبێ کە چەندە ناحەزی داخوازییەکانی گەلی کورد و عەرەبن بۆ ئازادی. لە پاریس وەک بەرگریکارێکی سەرسەختی ئەو گەلانەی لە چوارچێوەی سەڵتەنەتی عوسمانی دا دەژیان، دەست بە چالاکیی سیاسی و دیپلۆماسی دەکات و لەو کارەساتەدا کە بەسەر ئەرمەنەکان هات، پشتیوانییان دەکات. ساڵی 1909 پارتی ریفۆرم دادەمەزرێنێ کە بووە پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی چالاک. پاشان دەبێتە گوتەبێژی فەرمیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نەیاری ئیتیحاد و تەرەقی لە دەرەوەی وڵات. هەر لە پاریس رۆژنامەی (مەشروتیە)ی ریفۆرمخواز دەردەکات کە لە 1909 دامەزرا و تاوەکو 1914 بەردەوام بوو.
 
شەریف پاشا وەک کەسایەتییەکی کاریزمی بووە پێشەنگی بەرەی سیاسیی نەیاری خۆسەپێنی تورک لە ئەوروپا و وەک کەسایەتییەکی رۆشنگەری پێشکەوتنخواز و نەیاری سەرکوتگەری و کۆنەخوازی دەرکەوت. لە پەیوەندییەکی بەتینیشدا بوو لەگەڵ حیزبی سۆشیالیستی عوسمانی لە پاریس. بە درێژایی ساڵانی 1899- 1920 سیاسەتڤانێکی کارا و چالاک بووە و لە پێشەنگی ئەو کەسانە بوو کە داوای یەکسانییان بۆ گەلان و نەتەوەکانی رۆژهەڵات دەکرد. هەر لەبەرئەوەش کەوتە بەر راوەدوونان و تەنانەت کەسوکارەکەشی لەلایەن سلێمان نەزیف، والیی ئەوکاتی مووسڵ و نەیاری کورد، کەوتنە بەر چەوساندنەوە. هەرچەندە نەزیف خۆیشی بە رەچەڵەک کورد بوو. شەریف پاشا خۆیشی لە ساڵی 1914 و لە پاریس هەوڵی کوشتنی دەدرێ و بەشێوەیەکی سەیر رزگاری دەبێت. دەسەڵاتدارانی ئیتیحاد و تەرەقی تیمێکی هەشت کەسی بە سەرکردایەتی بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەوکاتی ئیستانبووڵ بۆ کوشتنی دەنێرنە پاریس. ئاشکرابوونی ئەم هەوڵە لەنێو رۆژنامەکانی ئەوکاتی فەرەنسادا دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێت.
 
بەوەدا کە مرۆڤێکی ریفۆرمخواز و لیبراڵی بوو، تەنانەت بەشێک لە لیبراڵە تورکەکانیش رێی پێدەدەن لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا نوێنەرایەتییان بکات، بەتایبەتیش پاش کۆنگرەی جێنۆڤا کە رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 1919 لە ئیتاڵیا بەسترا و تێیدا شەریف پاشا وەک نوێنەری کورد لەپاڵ چەندین کەسایەتی کورد و تورک ئامادە بوو. بەگوێرەی هەواڵێک کە رۆژی 20/1/1919 لە رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)دا بڵاوکراوەتەوە، لە کۆنگرەی لیبراڵییە عوسمانییەکاندا لە جێنۆڤا، شەریف پاشا راسپێردراوە کە لە دیدارەکانی کۆنگرەی ئاشتی دا لە پاریس نوێنەرایەتییان بکات. لەو رووەوە، هەموو شاندەکان تەواوی دەسەڵاتیان داوەتە شەریف پاشا و بە برووسکەش هەریەک لە ویدرۆ ویلسن سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانەکانی فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا (کلیمانسۆ، لوید جۆرج و ئۆرلاندۆ) لەوە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام پاش پێداگریی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان، شەریف پاشا وای بەباش زانی کە تەنیا نوێنەرایەتی کورد بکات. بە کردەوەش پاش مانگێک لەوە، شەریف پاشا رایگەیاند کە چیدی نوێنەرایەتی عوسمانییەکان ناکات، بەڵکو تەنیا سەرۆکایەتی شاندی کورد دەکات و نوێنەرایەتی ئەوان دەکات.
 
ئەم بڕیارەی شەریف پاشا، بەگوێرەی گۆڤاری (ژین) کە زمانحاڵی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان بوو، هەڵا و دڵخۆشییەکی زۆری لەنێوەندی کوردی دا بەدواوە بووە، چونکە شەریف پاشا توانا و شارەزاییەکی بەرزی دیپلۆماسی هەبوو.
 
شەریف پاشا لە کۆنگرەی ئاشتیی پاریس دا کاری زۆری کرد. یاداشتنامەیەکی لەشێوەی لێکۆڵینەوەیەکی پووخت دا کە تایبەت بوو بە مێژووی کورد و ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان پێشکێشی کۆنگرە کرد. هەروەک چۆن لەگەڵ ئەرمەنەکانیش رێککەوت و پەیوەندیی دۆستانەی خۆی لەگەڵ ئەوان، بە هاندانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ رێککەوتنێکی سیاسیی دوولایەنە گۆڕی. رۆڵی ئەو لە دانانی بنچینەی یاسایی بۆ مافی سەربەخۆیی کورد، رۆڵێکی سەرەکی بوو، بەڵام بەداخەوە پێش ئەوەی کۆنگرەی ئاشتی بە ئەنجام بگات، کەوتنە دژایەتیکردنی و شێواندنی نێوبانگی. ناکۆکی کەوتە نێو سەرکردەکانی کورد و سەید عەبدولقادری نەهری کە سەرۆکی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان بوو، دەستی لە مافی سەربەخۆیی کوردستان هەڵگرت و ئەوەی بەباشتر زانی کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا تەنیا ئۆتۆنۆمییەک بە کورد بدرێت. داواشی لە شەریف پاشا کرد کە دەبێ دەست لەکار بکێشێتەوە، بۆیە شەریف پاشا پێش واژۆکردنی پەیماننامەی سیڤەر لە نیسانی 1920، لەژێر گوشاری ئەو رەوتەدا کە پیاوانی ئاینیی هاوسۆزی عوسمانییەکان لە کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان دا نوێنەرایەتییان دەکرد، دەستی لە سەرۆکایەتیی شاندی کورد کێشایەوە. بەوجۆرە رۆڵی شەریف پاشا کۆتایی هات و کوردیش ئەو پێگە دیپلۆماسییەیان لەدەستچوو کە لە کۆنگرەی ئاشتیی پاریس دا دانوستاندنی دەکرد، چونکە سەید عەبدولقادر رایگەیاند کە هیچ نوێنەرێکیان لە سیڤەردا نییە. ئەو وای بەباشتر دەزانی کە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتی تورکیای نوێ رێکبکەون و لەگەڵ ئەوە نەبوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەڕێی کۆنگرەی ئاشتیی پاریسەوە چارەسەر بکرێت.
 
پاش کشانەوەی شەریف پاشا، هەروا بە زارەکی جێگرەوەیەک دەستنیشانکرا کە لە سیڤەر و دواتریش لە لۆزان دا نوێنەرایەتی کورد بکات، بەڵام کەس ناوی ئەو جێگرەوەیەی نەبیست، رەنگە هەر لەنێو هۆڵی کۆنگرەکەشدا نەبووبێت. لە ئەنجامی ئەوەدا، بەدرخانییەکان کە خوازیاری سەربەخۆیی بوون و لەنێو سەرکردەکانی کورد دا لە هەمووان رادیکاڵتر بوون لەو رووەوە، لە سەید عەبدولقادر دوورکەوتنەوە کە دواتر باجی ئەو هاوسۆزییەی لەگەڵ عوسمانییەکان و پاشگەزبوونەوەی لە داوای سەربەخۆیی کوردستان، بە گیانی خۆی دا و لەلایەن کەمالیستییەکانەوە لە ساڵی 1925 لەسێدارە درا، لەکاتێکدا تەمەنی گەیشتبووە 75 ساڵ.
پاشەکشە و دوورکەوتنەوەی شەریف پاشا، رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە لاوازیی ئەو بڕگە و دەقانەی نێو پەیماننامەی سیڤەر کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو، بەتایبەتیش مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە رووبەرێکی فراوانەوە، دواتر ئەو تۆزە مافەش لە کۆنگرەی لۆزان دا کە ساڵی 1923 بەسترا، هەر بەتەواوی لابرا و مافی سیاسی و سەروەریی نەتەوەی کورد لە سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەکان دا خرایە پشتگوێ.
 
کلیلی سەربەخۆیی کوردستان لەدەستی شەریف پاشادا بوو، مرۆڤێکی کاریگەر و چالاک بوو لەسەر ئاستی ئەوروپا و چەندین زمانی دەزانی، ئەوە جگە لەوەی تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندی لە بەرزترین ئاستەکاندا هەبوو. کاری دەکرد و دەینووسی و داوای سەربەخۆیی و ئازادیی بۆ کوردستان دەکرد، تاوەکو ئەو ئاستەی لە نێوەندە سیاسییەکانی ئەوروپادا وەک (باوکی کورد) ناسرابوو. حکومەتی بەریتانیا چاوی لەوە بوو وەک سەرۆکی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ پێشنیازی بکات لەبەرئەوەی هەموو مەرج و لێهاتووییەکی بۆ سەرکردایەتی تێدابوو، بەڵام تورکەکان بە بەرنامە کەوتنە دژایەتیکردنی و شێواندنی نێوبانگی گوایە (ناشەریفە) و شامپانیا دەخواتەوە. بە پروپاگەندەیەکی رێکخراو کەوتنە دژایەتیکردنی و لەپشتی ئەم هەڵمەتەوە هێندێ نێوەندی کوردیش هەبوون، بەڵام بەرەی هێرش بۆسەری بەرەی ئیتیحادییە تورکە شۆڤینییەکان بوون کە شەریف پاشا پێشتر بە شێوێنەری نێوبانگ و مێژووی کورد ناوی بردبوون. ساڵی 1910 هەر لە رۆژنامەکەی خۆیدا (مەشروتیەت) وتارێکی لەبارەی یەکسانیی نێوان نەتەوەکان بڵاوکردبووەوە. ساڵی 1913یش لە وتارێکی دیکەدا کە تایبەت بوو بە بابەتی ئایندەی نەتەوەکان، وتارێکی دیکەی بڵاوکردەوە و ئەوەی تایبەت بێت بە دۆزی کورد لەم چوارچێوەیەدا، وتارەکە باسی ئەوە دەکات کە ئەوانەی لەپشت خراپکردنی وێنەی کوردن، تورکەکانن "ئەو گوشارەی ئاراستەی ئەم ئوممەتە دەکرێ کە بە سیفەتی بەرزی ئازایەتی و بوێری و سوارچاکی بەنێوبانگە، کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی لەپشتە کە پەنای بۆ بیری دزێوی تۆرانیزم بردووە".
 
ئا بەوجۆرە، بە هەوڵی تورک و کورد خۆیشی، لاپەڕەی سیاسیی شەریف پاشا دادرایەوە تاوەکو بە تەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی چووە دەرەوە. ئەوە بوو گەڕایەوە بۆ میسر بۆ کارکردن لە زەویوزارە بەرفراوانەکەی هاوژینەکەیدا کە لەسەر رۆخی رووباری نیل بوو. هێندێ ئاماژەش هەن کە تاوەکو رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد هاوکاریی چالاکڤانانی کوردی کردووە. ئەم کەسایەتییە بەجۆرێک خرایە پشتگوێ و لەبیرکرا کە تائێستاش رای جیاوازی لەبارەی شوێن و ساڵی کۆچی دواییەکەی هەیە. شەریف پاشا ساڵی 1951 لە ئیتالیا کۆچی دوایی کردووە و بە مەرگیشی، ئەو چرای ژیری و ئەو رووناکییە کە لە دەرەوەش ئاسمانی کوردستانی رۆشن دەکردەوە، کوژایەوە. 
 
یەکەمین کەسایەتی کوردە کە دەیتوانی چەرخەی سەربەخۆیی کوردستان بەرەوپێش پاڵبنێ، بەڵام نەیانهێشت. یەکەمین رۆشنبیری کوردیشە کە کەوتە بەر دژایەتی و نەفرەتی نەفامەکانی کورد و تائێستاش هاوشێوەکانی ئەو دژایەتی دەکرێن.       
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا