ڕۆژی 6ی دیسەمبەر، 99 ساڵ بەسەر ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتی فینلانددا تێپەڕی. مێژووی فینلاند، هیچ نەبێ لە بڕگەكانی ژێردەستەیی و داگیركراوی و شەڕی مان و نەمان لەسەر ئازادیدا، زۆر شتی وەك مێژووی كورد دەچێت. لەم كورتە نووسینەدا نە دەمەوێ مێژووی فینلاند بگێڕمەوە نە دەپەرژێمە سەر وردەكاریی چیرۆكی سەربەخۆیی فینلاندییەكان. زۆر بەكورتی ئاوڕ لە چەند وێستگەیەكی مێژووی ئەو وڵاتە بچكۆلەیەی باكووری ئەوروپا دەدەمەوە كە ڕەنگە بۆ تێڕامانێك لە حاڵی پەرێشانی خۆمان، خراپ نەبێ.
1-چارەنووسی فینلاند، لە مێژووی پێوەندییەكانی لەگەڵ دوو دراوسێ زلهێزەكەی راست و چەپی جیاناكرێتەوە: فینلاند تا ساڵی 1809 بۆ ماوەی سەدان ساڵ، بەشێك لە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی سوێدی بوو. تا ئەو ڕۆژگارەش، فینلاند وەك ناوچەیەكی پەرتی قەڵەمڕەوی سوێد، وەك ژینگەی ''خەڵكانێكی ڕەشۆك'' تەماشا دەكرا. خەڵكانێكی هەژار و نەخوێندەوار كە تەنیا بۆ سەربازگیری و دابینكردنی تفاقی شەڕەكانی ئیمپراتۆریی سوێدی وەبیر دەهاتنەوە. كاتێك دوای شەڕی بەناوبانگی كریمە، لە باكووری ئەوروپاش سوێد ناچار بە پاشەكشە بوو، ئیتر ئەو ناوچانەی فینلاندی ئێستا دەگرنەوە، كەوتنە ژێر دەستی ئیمپراتۆریی قەیسەری ڕووسیا. بەم شێوەیە، فینلاند لە ژێردەستەیی سوێدییەكانەوە ڕاگوازرا بۆ ژێردەستەیی ڕووسەكان.
ڕووسەكان بەڵام سیاسەتێكی جیاوازیان گرتەبەر. ئەوان هەر لە سەروەختی داگیركارییانەوە، فینلاندیان وەك ناوچەیەكی میرنشینی خودموختار ناساند. تا سەروەختی سەربەخۆیی لە ساڵی 1917، فینلاند لەژێر هێژموونی سیاسیی ڕووسیای قەیسەریدا مایەوە. سوێدییەكان هەرچەند لەمێژبوو لە فینلاند كشابوونەوە، بەڵام هێژموونی كولتووریی ئەوان هەرگیز سێبەری لەسەر دنیای ئەدەب و فەرهەنگی فینلاندی لانەچوو. ئەوەی دوای پاشەكشەی سوێدییەكان، لەوان بۆ فینلاندییەكان بە میرات مایەوە، سامانێكی كولتووری و پێوەندییەكی نەپساوەی ئاكادێمیك بوو. ڕووسەكان بەڵام كولتووری حوكمڕانییان بۆ فینلاند هێنا. فینلاندییەكان لەوەدا زۆر بەختەوەر بوون كە دوژمنەكانیان دوو گەلی خاوەن شارستانیەت بوون. هەڵبەت فینلاندییەكان وەك هەر گەلێكی ناسێنەخواز، دواجار سیاسەتی جیاوازیسازییان بەرامبەر بە دوژمنەكانیان گرتەبەر. لەمەدا وانەیەكی مەزن بۆ ئێمەی كورد هەیە: كاتێك فینلاندی ژێردەستەی ڕووسیا، لە ساڵی 1906 دا مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنی بە ژنان بەخشی، هیچ دەوڵەتێكی تری ئەوروپایی شتی وای نەكردبوو. فینلاندییەكان ڕچەشكێنی و پێشەنگایەتی بۆ یەكسانیخوازییان كردە فاكتەرێكی جیاوازیسازیی ناسیۆناڵیستانە.
2-ڕەوتی سەربەخۆییخوازیی فینلاندییەكان لە هەناوی ڕەوتی گەشەی ناسیۆنالیزمدا لە سەرەتاكانی سەدەی نۆزدەهەمەوە چەكەرەی كرد. ئەم ڕەوتە كە بە قۆناغێكی رۆمانتیكی دەستی پێكرد، لە ناوەڕاستەكانی سەدەمی نۆزدەهەمەوە وەرچەرخانێكی نەوعیی بەخۆیەوە بینی. ئەم قۆناغە هاوكات بوو لەگەڵ دەركەوتنی بیریار و فیلسووفێكی مەزن لە فینلاند: یۆهان ڤیلهێلم سنێلمان. ''سنێلمان'' لە قوتابییەكانی هێگڵ بوو، ناسیۆنالیزمی فینلاندی لەسەر بنەمای تیۆری هێگڵ فۆرموولە كردەوە. بنیاتی ئەندێشەی سنێلمان ئەمە بوو: تاك بەهۆی كاركردن لەپێناوی بەرزترین جڤاتدا كە دەوڵەتە، ئامانجی وجودی خۆی دەهێنێتەدی.
لەم پێوەندییەدا، سنێلمان وەك ''فیلسووفی گەلێكی بندەست''، هەوڵی دا هەم بنەما مادییەكان، هەم بنەما مەعنەوییەكانی ژیانی نەتەوەیی گەشەپێ بدا. ئەو گازندەی بوو كە لە نیشتمانە ژێردەستەكەی ئەودا، نە ئەوینێك بۆ نیشتمان هەیە و نە رۆحی نەتەوەیی بەدی دەكرێت. بەردی بناغەی تێكۆشان، لای سنێلمان، بریتی بوو لەگەشەپێدانی زمان. ئەو پێی وابوو چاندی نەتەوەیی تەنیا بەپشتبەستن بە زمانی نەتەوە خۆی، گەشە دەستێنێ. سنێلمان دەیگوت ''گەل تەنیا بەزمانی خۆی پێش دەكەوێ''.
هەوڵی بێوچانی سنێلمان بووە هۆی پاشەكشە بە هێژموونی زمانی سوێدی. هەڵبەت گەشەی زمان و ئەدەب تەنیا بەشێكی خەمەكانی سنێلمان بوو. سنێلمانی فیلسووف، بەدامەزرێنەری یەكەمین بانكی نەتەوەییش لە فینلاند دێتە ئەژمار. یەكەمین هێڵی شەمەندەفەری وڵاتیش هەر دەستكاری ئەوە. بیرۆكەی سەربازی بۆ وڵات و چاپی پارەی نەتەوەییش، هەر بەرهەمی تێكۆشانی ئەو فیلسووفەن. لەسای سەری سنێلمانەوە، كاتێك فینلاند سەربەخۆیی ڕاگەیاند، زۆربەی دامەزراوەكانی دەوڵەتێكی هاوچەرخی لەمێژبوو تەیار كردبوو. سەیر ئەوەیە سنێلمان بۆ خۆی بەپەرۆشەوە باسی سەربەخۆیی نەكردووە. بگرە لە زنجیرە وتارێكی درێژدا بەناوی "شەڕ یان ئاشتی بۆ فینلاند؟"، باس لە مەترسیداربوونی خولیای سەربەخۆییخوازی دەكا. هەڵبەت، رێبازە سیاسییە ژیرانەكەی سنێلمان كە بریتی بوو لە "وەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی فینلاند، بەشێوەیەك كە بەرژەوەندییەكانی رووسیە لەگەڵیدا نەكەوێتە ناتەباییەوە"، تاكتیك بوو نەك ستراتیژی. ڕێكاری سنێلمان ئەوەبوو كە لەبری دروشمی سەربەخۆیی، بنەماكانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ دابین بكرێت.
3-فینلاندییەكان سەربەخۆییان ئاسان بەدەست هێنا: كاتێك بۆلشۆڤیكەكان، لە دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەری ڕووسیا لە ساڵی 1917 بەڵێنەكەی لێنین بە فینلاندییەكانیان بردە سەر و، بە سانایی سەربەخۆیی فینلاندیان سەلماند، هەواڵەكە بەلای فینلاندییەكان خۆیانەوە ئەوەندە دوور لە چاوەڕوانی و بڕوا بوو كە لە ڕۆژنامەی گەورەی ''هێلسینگین سانۆمات''دا، تەنیا بە مانشێتێكی مامناوەندی ئاماژەیان بۆ كرد. فینلاند پێش ئەوەی سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، سەد ساڵی ڕەبەق پڕۆڤەی خۆبەڕێوەبردنی كرد. سەیر ئەوەیە كە سەرەڕای ئەزموون و ئامادەیی دەوڵەتداری، لەناوچوونی لەناكاوی دەسەڵاتی ناوەندی، بوو بە هۆی ئەوەی هەر ساڵێك دوای سەربەخۆیی فینلاند، ببێتە گۆڕەپانی یەكێك لە خوێناویترین شەڕە ناوخۆییەكانی مێژوو. لەئەنجامی ئەو شەڕەدا ''سپییەكان''، ''سوورەكانیان'' بەبێڕەحمانەترین شێوە قڵتوبڕ كرد. سپییەكان، ڕاستە نەتەوەییەكان بوون كە ئەڵمانیا پشتی دەگرتن، سوورەكانیش چەپە مەیلەو بۆلشەڤیكەكان. فینلاندییەكان تا ئێستاش بەشەرمەزارییەوە لەو تاوانە گەورەیە دەدوێن. هەرچی بێت، ڕیشەكێشكردنی یەكجارەی سوورەكان ڕێی لەوە گرت كە فینلاند ببێتە مەیدانی تەراتێن و ململانێی زلهێزە ناوچەییەكان. فینلاند جارێك بۆ هەمیشە بوو بە ئەندامی خێزانی دێمۆكراسییە ڕۆژئاواییەكان.
4-كاتێك ستالین و هیتلەر لە ساڵانی سییەكانی سەدەی ڕابردوودا، بەنهێنی، هەموو ئەوروپایان وەك قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیان دابەش كرد، فینلاند بەر ڕووسیە كەوت. ستالین لە بەڵێنەكەی لێنین پاشگەز ببووەوە. ئەوەبوو لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی دووەمی جیهانی، ڕووسیە لە فینلاند كەوتە بیانوو. فینلاندییەكان كە لە شەڕی یەكەمی جیهانیدا سەربەخۆییان بەبێ شەڕ بەدەستهێنابوو، لە شەڕی دووەمی جیهانی، بەخۆیان و پێنج ملیۆن حەشیمەتەوە، شەڕی بەرگرییان دژی سوپای زەبەلاحی یەكێتیی سۆڤیەت كرد. ئەو شەڕە نابەرابەرە، دوای چارەكە سەدەیەك، كەسوكاری ''سوورەكان'' و ''سپییەكان''ی لەگەڵ یەكتر ئاشت كردەوە. نەتەوەی پێگەیشتوو، لە وەخت و ناوەخت تێدەگات! كات، كاتی پارێزگاری لە سەربەخۆیی بوو. هەڵبەت فینلاندییەكان شەڕەكەیان نەبردەوە، بەڵام سەربەخۆییشیان نەدۆڕاند.
ئەمە سەرەڕای باجێكی یەكجار قورس كە بۆ سەربەخۆیی دایان. كاولبوونی شارەكان و كوژرانی هەزاران گەنج و هەڵوەدابوونی تاهەتایی نزیكەی نیو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ، تەنیا بەشێكی بچووك لە باجی ئازادی بوو، كە گەلێكی بچووك دەیدا. باجی ئاگربەست لەوەش قورستر بوو. لەبەرامبەر داننان بە سەربەخۆیی فینلانددا، فینلاندییەكان ناچاركران جگە لە قەرەبووكردنەوەیەكی مادیی سەرسوڕهێنەر بۆ یەكێتیی سۆڤیەتی داگیركەر، واز لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەشیان كە هاوسنووری ڕووسیا بوو، بهێنن. یەكێك لەو شتانەی لەباجی سەربەخۆییدا فینلاندییەكان وازیان لێ هێنا، دووەم شاری گەورەی وڵاتەكەیان (ڤیپووری) بوو.
یەكێك لە كارەكتەرەكانی ناو ڕۆمانی بەناوبانگی فینلاندی، ''سەربازی نەناسراو (1954)'' كە چیرۆكی شەڕی پارێزگاری لە سەربەخۆیی دەگێڕێتەوە، لەباسی ئەنجامی شەڕەكەدا بەگاڵتەوە دەڵێ: ''كۆماری یەكێتیی سۆڤیەتی سۆسیالیستی بردییەوە و، فینلاندی بچكۆلەی كۆڵنەدەریش بەلێوەشاوەییەوە پلەی دووەمی بەدەست هێنا!''
تۆمەز، لە بەرامبەر سەربەخۆییدا، هیچ باجێك بە دۆڕان لەقەڵەم نادرێت!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ