دەرگای پشتەوەی كۆنفرانسی میونشن؟

16-02-2016
عەدنان سەید حوسێن
نیشانەکردن میونشن
A+ A-

كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، كە ناونیشان و باسەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دانرابوو، ئەوەی گوێبیستی ناواخن و رەوتی گفتوگۆكان بووبێت دەزانێ بابەتی سەرەكی شەڕی نفوز و داهاتووی سووریای پێش و پاش ئەسەد بوو. 

دوو رۆژ پێش ئەو كۆنفرانسە وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ) لە برۆكسل كۆبوونەوە، ئەوان لەوێ دوو بژاردەیان تاوتوێكرد، سەپاندنی چارەسەری سیاسی بە هێزی سەربازی، یاخود ملكەچبوون بۆ پێشڕەوییەكانی سوپای سووریا بە پاڵپشتی رووسیا و ئێران، بۆیە كۆنفرانسی میونشن زیاتر بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكانی برۆكسلە، لەوەی باس لە داعشێك بكرێت كە لە كۆمبارسێك دەچێت و رۆڵەكەی تەواوبووە، بەڵام هێشتا ئامادەنییە لە تەختەی شانۆكە بێتەخوارەوە.   

گرنگی هەر كۆنفرانسێكی لەوشێوەیە زیاتر لە دیدار و رێككەوتنەكانی پەراوێزی كۆنگرەكەدایە، لەوێ سێ رۆژی كۆنفرانسی میونشن پڕاوپڕ بوو لە دیدار، دیدارگەلێك كاریگەریی یەكلاكەرەوەیان لەسەر ئایندەی ناوچەكە دەبێت. 

لەپێش كۆنگرەوە نائۆمێدی لە ساڵێكی پڕ لە ئاڵۆزی هەبوو، هەر لایەنەو دەیویست لەبەرامبەر هەر دۆسیەیەكدا دۆسییەكی دیكە بهێنێتە پێش. 

سعودیە، ئەگەرچی بڕیاری دابوو بەهێز بچێتە سووریا و رای گشتی سعودیەی بۆ ئەوە ئامادەكردبوو، بەڵام ئەو كارەی بە دوو رێگە دەبێت، یان وەرگرتنی رەزامەندی سووریا كە ئەمە مەحاڵە، یاخود وەرگرتنی موبارەكەی ئەمریكاو چوونە سوریا لەژێر چەترێكی نێودەوڵەتیدا.

ئەمە ئەو خاڵەیە توركیاش هاوشێوەی سعودیە هەوڵی بۆ دەدات، ئەگەرچی نیازەكانیان جیاوازە، سعودیە بۆ تەحەددای ركابەرە ئەزەلییەكەیەتی كە ئێرانە، ئەردۆغانیش چیدی تەحەمولی بوونی دەسەڵاتێكی كوردی ناكات سەرچاوەكەی پەكەكە بێت، بۆیە لە ئێوارەی رۆژی شەممەوە توركیا سەرەڕای داواكارییەكانی ئەمریكا، سنووری دەوڵەتی سووریای بەزاند و یەپەگەی تۆپبارانكرد، سعودیەش لەمەودوا ئەنجەرلیك بەكاردەهێنێت كە بە بڕوای بەندە، ئەمە تەنیا سەرەتایە و قۆناخی پێش میونشن جیاواز دەبێت لە قۆناغی دوای میونشن و، ئەمریكاو كوردیش دەبێت خۆیان یەكلایی بكەنەوە، چونكە دەرفەتێك نەماوەتەوە بۆئەوەی لەدەرگای پشتەوە هاتووچۆ بكرێت. 

ئەوەی پرسیارە پشتگیری ئەمریكا بۆ یەپەگە تاوەكو كوێ بڕدەكات؟ ئەی رووسیا لەسەر كوردی رۆژئاوا دەچێتە شەڕ یان هاوشێوەی جنێڤ بێئومێدیان دەكاتەوە؟ ئەی ئێران لەكاتی رۆیشتنی سعودیە بۆ سووریا چی دەكات؟ وەك جێگری فەرماندەی قودس گوتی دیمەشقیان لێدەكەنە دۆزەخ یاخود كار بە پێشنیازەكەی زەریف دەكەن؟   

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میونشن ئاماژەی بەوەدا دەتوانرێت چارسەری كێشە هەرێمایەتییەكان بكرێت بەگفتوگۆی تاران، ئەنقەرە، ریاز بەبێ ئەوەی هیچ رێگەچارەیەك بخاتەڕوو تەنانەت باسی لەوە نەكرد تاران رەوایەتیان پێدەدات ئەوانیش هێزەكانیان بگەیەننە دیمەشق! یان ئەوە بڤە دەبێت؟

لە میونشدا جگە لە داعش، مەسەلەی پەنابەران كاریگەری گەورەی هەبوو و كارتی هێز بوو بۆ گفتوگۆكان، كورد كە جیاواز لە عێراق بە شاندێك بەشداربوو، ئەو بابەتەی جوڵاند.

جگە لەوەش بارزانی زیاتر لە دیدارێكی ئەنجامدا كە دەرئەنجامیان لە دوو هەفتەی داهاتووداو لەگەڵ گەیشتنی قەرز و یارمەتییەكان بۆ بەغدا دەردەكەوێت، كە ئەگەر وەك بانگهێشتكردنەكە لەوەشدا حسابی ماڵ جیاییان بۆ كورد كردووە یان بە بەغداوە دەمان بەستنەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە