ئێوارەیەکی بەهار بوو، کە گەیشتمە سەر کارەکەم لە نەخۆشخانە، هێندەی پێنەچوو گوتیان بریندارێکیان هێناوە و لەگەڵ دەستپێکی وەرگرتنی مێژووی نەخۆشییەکەی، یەکێک لەوانەی بۆ پاسەوانیکردن لەگەڵی بوو، سەری هێنایە پشت گوێم و گوتی: "دکتۆر ئەو نەخۆشە داعشە و گرتوومانە، کە چارەسەرتان کرد، دەبێت بیبەینەوە زیندان".
تازە دامەزرابووین؛ ئەوکاتە ساڵی یەکەممان بوو وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو؛ گەرمەی شەڕی داعش بوو، گوتیان "لە بەشی پێشوازی نەخۆشێکیان هێناوە کە داعشە". دیاربوو ئەو کەسە دوای برینداربوونی دەستگیرکرابوو لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کە دووژمنە و هەموو هەوڵێكی بۆ شەهیدکردنی پێشمەرگەکانە، هێنابوویان بۆ نەخۆشخانە، بۆ چارەسەری بریندارییەکەی و کۆنتڕۆڵکردنی ژان و نەخۆشییەکەی.
ئەوکاتە هەموومان ناوە خراپ و مەترسیدارەکەی داعشمان بیستبوو، کە چەندە بێویژدانانە دژی هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی خەریکی وێرانکاری بوون، ئەوان نەک دژی پێشمەرگە، دژی خەڵکی ئاسایی، منداڵان و خانمان، گەنج و بەساڵاچووان دەجەنگین، بەڵام سەرباری ئەوەش هەم پێشمەرگەکان کە گرتبوویان، هەمیش ئەوانەی لەگەڵی هاتبوون لە خەمی تەندروستی ئەودا بوون و پێش هەر شتێكی دیکە، یەکەم جار هێنابوویان بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەر.
لە نەخۆشخانە ئێمە وەکو پزیشک، بەبێ جیاوازی و رەچاوکردنی ئەوەی کە دۆستە، یان داعشێكی دووژمنە، کوردە یان هەر نەتەوەیەکی دیکە، موسڵمانە یان هەر دینێكی دیکە، رەش، ئەسمەر یان سپی پێستە، سەرجەم چارەسەرەکانمان بۆی کرد و دوای جێگیربوونی دۆخی تەندروستیی، لە نەخۆشخانە رێکارە پێویستەکانمان بۆی ئەنجامدا، ئەو هێزەی چاودێرییان دەکرد، لە نەخۆشخانە بردیان.
سوێندی پزیشکی و رێنوێنییە جیهانییەکان
بەگوێرەی زۆربەی سەرچاوە جیهانییەکان، (دەستەی جیهانیی پزیشکیی WMA، هیپۆکرات "کە بە دۆزەرەوەی ئەخلاق و رێساکانی پیشەی پزیشکی دادەندرێت" و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، دەبێت پزیشکان بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی نەتەوە، رەنگ، ئاین و کولتوور نەخۆشەکانیان چارەسەربکەن.
بنەما زانستییەکان لە چارەسەری دۆخی فریاکەوتن
یەکێكی دیکە لەو بنەما زانستیانەی ئێمە وەکو پزیشک پابەندین ئەوەیە: "کاتێک نەخۆشێک دێتە بەشی فریاکەوتن، وەکو پزیشک ئەگەر تەنانەت هۆشی نەبوو، هەوڵدەدەین باشترین چارەسەر و خزمەت لەڕووی زانستییەوە کە دەکرێ بۆ نەخۆشەکە باشترین بێت و جێبەجێ بکرێت، ئەوەی بۆ دەکەین و تەنانەت بۆ رزگارکردنی ژیانی، چاوەڕێی خزم و کەسوکاری ناکەین و چارەسەرەکەی لەسەر هیچ شتێک ناوەستێنین".
بەپێی بەدواداچوونەکانم بۆ لایەنە ئیداری و یاساییەکان و دوای گفتوگۆ لەگەڵ چەند پزیشكێكی هاوڕێم، بەپێی پسپۆڕی خۆم وەکو پسپۆڕی پزیشكیی فریاکەوتن، ئێمە لە نەخۆشخانە لە هەر دۆخێکی فریاگوزاری و لەناکاودا، یەکەم کارمان بۆ رزگاردنی ژیانی نەخۆشەکەیە، دواتر هەر کارێكی دیکەی یاسایی و پۆلیس جێبەجێ دەکەین وچەندین جاریش لە نەخۆشخانەکان ئەمە هەبووە کە ئەرکی ئەوان دواخراوە بۆ جێبەجێکردنی چارەسەرە پزیشكییەکان.
◾ ئەم وتارە بە کاریگەریی چیرۆکی گیانلەدەستدانی غەزاڵ مەولان، کچە پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی نووسراوە و تەنیا نووسەر لە بیروڕاکانی خۆی بەرپرسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ