كاتی ئەوە هاتووە پارتی قەرزی گۆڕان بداتەوە

17-09-2014
سیروان رەشید
نیشانەکردن گۆڕان پارتی
A+ A-

رۆژی 28ی ئەم مانگە (100) رۆژ بەسەر پێكهاتنی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەرێ و زیاتر لە پێنج مانگیش بەسەر رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حوكمڕانیی هاوبەش لە هەرێمی كوردستاندا كە رێككەوتنەكە رۆژی 17ی نیسان لەهەولێر راگەیەنرا.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە رۆژی متمانە پێدان و سوێندخواردنیدا لەبەردەوام نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی كوردستان گوتی "كابینەی هەشت كابینەی بنكە فراوانی یەكڕیزی و یەكبوونی نیشتمانی و چاكسازیە كە گوزارشت لە ئیرادە و خواستی هێز و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دەكات". بەڵام ئەم قسەیە هێشتا لە بواری پراكتیكدا نەبووەتە واقیع و بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزی دووەمی هەرێمی كوردستان نیگەرانە لە:

 یەكەم: هەنگاوە چاكسازییەكانی ئەم كابینەیە تائێستا بۆ هاووڵاتیانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دڵخۆشكەر و ئومێدبەخش نییە!

دووەم: لەكۆی زیاتر لە (500) پۆستی گرنگی ناو جیهازی حكومەت (لەخوارەوە جۆری پۆستەكانم وردكردووەتەوە)، ئێستا گۆڕان تەنیا (4) وەزیری نوێنەرایەتی بزووتنەوەكە و بەرنامە چاكسازییەكەی دەكات. كە دەبووایە حەقە بەشی گۆڕان لە هاوبەشیی راستەقینەدا، لە بەشداری تەواوی ناو جومگە گرنگەكانی حكومڕانیدا رەنگی بدایەتەوە.

لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا كە پارتی رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت راگەیاندووەو لەماوەی نزیك بە 100 رۆژی دەستبەكاربوونی كابینەكەشدا، گۆڕان كە بێدەنگی لە سستیی هەنگاوە چاكسازییەكانی حكومەت و حەقەبەشی پۆستەكانی خۆی كردووە، پەیوەندی بە سێ فاكتەرەوە هەبووە: (زەمەنی كورتی رێككەوتن و كابینەكە، بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە، هەڵتۆقینی داعش و رووبەڕووبوونەوەی هەرێمەكەمان لەو شەڕەدا).. بەڵام ئیتر كاتی ئەوە هاتووە پارتی وەك پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت قەرزەكانی گۆڕان بداتەوە و دەستبكات بە جێبەجێكردنی خاڵی چوارەمی رێككەوتننامەكەی نێوانیان كە دەڵێ "چەسپاندنی‌ پرەنسیپی‌ (شەراكەت) لە دەسەڵاتی‌ سیاسیی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا، كە سەرجەم هێزە بەشداربووەكانی‌ حكومەت هاوبەشی‌ راستەقینە بن لە دەسەڵات و دروستكردن و جێبەجێكردنی‌ بڕیاردا". 

بۆ بزووتنەوەی گۆڕان جێبەجێكردنی ئەو خاڵەی رێككەوتنەكە لەم دوو رووەوە خۆی دەبینێتەوە و رەنگدەداتەوە:

یەكەم: دەستپێكردن بە چاكسازی ریشەیی راستەقینە وەك لە كارنامەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە كە رۆژی 18/6 لە پەرلەمانی كوردستان خوێندیەوە و گۆڕان بەجددی دەیەوێت لە هاوبەشبوونیدا پەیام و بەرنامەی لیستەكەی جێبەجێ بكات كە لە هەڵبژاردنی 21/9 دا بەڵێنی بەخەڵك دا.

دووەم: وەرگرتنی حەقە بەشی پۆستەكانی خۆی. بەوپێیەی 24%ی كۆی دەنگی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بەدەستهێناوە، دەبێت لەكۆی جومگەكانی حوكمڕانیدا بۆ ئەم هێزە رەنگبداتەوە كە بەم شێوەیەیە:

- لەناو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان (نزیكەی 40 پۆستی سەرۆكی فەرمانگە و لیژنە و راوێژكار) هەن كە دەبێت بەشی گۆڕانیشی تێدابێت.

- ئەو پۆستانەی لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا گرنگییان هەیە و كەسە یەكەمەكانیشیان پلەی وەزیریان هەیە: (سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، سكرتێری قانونیی ئەنجومەنی وەزیران، گوتەبێژی حكومەت، ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێم، فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی پلاندانان، فەرمانگەی ئایتی).

- دەستەكانی: (دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەستپاكی، دەستەی مافی مرۆڤ).

- دەیان پۆستی ناو دامەزراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.

- پۆستی 16 نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا و ئاسیا و پۆستەكانی ناو فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە هەولێر.

- پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی لەناو وەزارەتەكان و دەستە سەربەخۆكاندا كە بەدەقیقی زیاتر لە (215) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لەناو وەزارەت و دەرەوەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمدا هەیە و ئێستا لەو ژمارەیە (93)یان سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و (114) بەڕێوەبەریان سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە و (8)ی تریشیان سەر بە لایەنەكانی دیكەن.

- پۆستی راوێژكار لەدەزگاكانی حكومەتدا، كە ئێستا 188 پۆستی راوێژكار لەناو ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكاندا هەیە و لەو ژمارەیەش (53) یان سەر بە یەكێتییە و (120) یشیان سەر بە پارتی و 15 راوێژكارەكەی دیكەش سەر بە حیزبەكانی دیكەن. بەبێ ئەوەی تائێستا گۆڕان راوێژكاری بۆ ئەو وەزارەتانەش دانابێت كە وەریگرتوون.

- پۆستی زیاتر لە 205 بەڕێوەبەری گشتی لەناو وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران و دەستەكان.

- دەیان پۆستی گرنگی ناو ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم كە هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان لەبواری دەسەڵاتی دادوەریدا شەڕی بێلایەنی و سەربەخۆبوونی قەزاو پیشەییبوون دەكات، بەڵام مافی خۆیەتی لە فۆرمۆلەكردنەوەی ئەو پلەو پۆستانەدا مافی پێداچوونەوەی هەبێت.
           
بارودۆخی سێ مانگی رابردووی هەرێمی كوردستان نیشانیداین كە چاكسازی لە سیستمی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا، ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستە و شەڕی داعش پێیگوتین چەند كڵۆڵ و لاوازین لە بواری ژێرخانی ئابووری و ژێرخانی ئیداری و ژێرخانی سەربازیدا!

بزووتنەوەی گۆڕان خوازیاری ئەوەیە لەدەسەڵاتدا بەردەوام بێت بەو مەرجەی بتوانێت لانیكەمی بەرنامە چاكسازییەكەی بخاتە خزمەتی خەڵكی كوردستانەوە و جێبەجێی بكات، وەڵامی ئەو بەردەوامیەش رەنگە تا ساڵێكی دیكە تەنیا لای پارتی بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە گۆڕان لەناو حكومەتێكدا درێژە بەكاركردن نادات كە ببێتە هۆی چۆكپێدادانی!، ببێتە هۆی دووركەوتنەوەی لە پرەنسیپ و پەیامە سەرەكییەكانی!، ببێتە هۆی ئەوەی بۆ هێزێكی دیكە ببێتە پاشكۆ!.

بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا لەزیاد لە لایەكەوە لەژێر فشاردایە، فشاری دەنگدەر و هەڵسوڕاوەكانی و فشاری خەڵكی كوردستانیش، چونكە ئاستی چاوەڕوانییان لەوە زیاتر بوو كە ئێستا بەدەستی هێناوە، هەربۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە: پارتی دیموكراتی كوردستان كە شەریكی سەرەكیی گۆڕانە لەحكومەتدا، دەتوانێت بەجێبەجێكردنی ئەو بەڵێنی چاكسازییەی بەگۆڕانی داوە، نیگەرانی دەنگدەرەكانی بڕەوێنێتەوە، یان دۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ زەمەنی دوو ساڵ پێش ئێستا؟ چونكە گۆڕان بەڵێنی بەخەڵك دابوو بە هەموو نرخێك نە بەشدار دەبێت لە حكومەت و نە درێژە بەمانەوەشی دەدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە