ئەمڕۆ كە ئەوا سەرپێیی چاوێكم بە وێب سایتە كوردییەكاندا دەخشاندەوە، بەرنامەكەی كاك هیوا جەمال لە (رووداو ئەمڕۆ) لەگەڵ هونەرمەند بەهمەنی قوبادی و كاك شوان عەتووف لە (لڤین)دا بەرچاوم كەوت، بە راستی حەپەساندمی. وەك رۆژنامەوان كاك هیوا جەمال مافی رەوای خۆیەتی، هەر پرسیارێك بكات، بە مەرجێك بەسەر هێڵی رۆژنەمەوانی پرۆفیشناڵدا باز نەدات. لەم رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هونەرمەند كاك بەهمەنی قوبادی دا، كاك هیوا زۆر پرۆفیشناڵانە پرسیاری خۆی ئاراستەی كاك بەهمەن دەكرد. كەچی ئەمیان لە جیاتی ئەوە بە نەرمی و هێمنی، بێ سۆژ و خرۆشی داكۆكی لە خۆكردن، وەڵامی پرسیارەكە بداتەوە، دەستیكرد بە هێرشی كەسیی كاك هیوا، كە بە هیچ بیانووێك پرۆفیشناڵ نەبوو و هەر لە سروشتی هونەرمەندێكی گەورەی وەك كاك بەهمەنی قوبادی نەدەوەشایەوە.
هەرچەندە كاك هیوا بە نەرمی هەوڵی دەدا هێوری بكاتەوە و بیهێنێتەوە سەر بابەتی پرسیارەكە، كەچی كاك بەهمەن هەر خۆی لە پرسیارەكە دووردەكردەوە و بە توڕەبوونێكی شاراوەی ژێر گاڵتە پێكردن و پێكەنین هەر بە سەرو گوێلاكی كاك هیوای دادەدا بە ئەندازەیەك كە بۆ گوێبیست دەردەكەوت كاك بەهمەن هیچ وەڵامێكی سەلمێنەری پێ نییە و دەیەوێت بەم هێرشانە پرسیارەكە شێلوو بكات.
ئەمن كە خۆشەویستی و رێزێكی زۆرم بۆ برادەرم هونەرمەندی لێهاتوو كاك بەهەمنی قوبادی هەیە، بە راستی كەمێك دڵم بەو دیمەنە ساردبۆوەو دەبوایە كاك بەهمەن وەكو هونەرمەندێكی هەستیار پتر لە خەڵكی ئاسایی ئەو راستییە بزانێت، كە ئەوەی لە كاتی قسەكردندا توڕە دەبێت هەر ئەو دەیدۆڕێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ