پارتی دیموكراتی كوردستان وەك كاراكتەری سەرەكیی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، رۆڵ و پێگەیەكی گەورەی هەیە لەم وێنە گەورەیەی لە ناوچەكەدا دەكێشرێت. ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە بەردەم كۆمەڵێك تەحەدیاتی گەورەدایە: شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا، حەشدی شەعبی، پەكەكە، كێشە ناوخۆییەكانی پەیوەست بە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت.
لە هەمان كاتدا دەرفەتی گەورەش لەبەردەم گەلەكەمان لە ئارادان، لە پێش هەمووشیانەوە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، دەرفەتی گەڕاندنەوەی یەكجاریی ناوچە كوردستانییەكان، نووسینەوەی دەستووری كوردستان، ئەنجامدانی راپرسی بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس، بونیاتنانی ئابوورییەكی سەربەخۆ، چاكسازییەكی بنەڕەتی، بردنی جینۆسایدی ئێزیدییەكان بۆ دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان و ..هتد، ئەگەر بمانەوێت بەسەر تەحەدیاتەكاندا زاڵ بین و دەرفەتەكانیش لەدەست نەدەین و هەڵ بدەین بەشێكی تەحەدیاتەكانیش بكەینە دەرفەت، دەبێ بە سیاسەتی سفركردنەوەی كێشە ناوخۆییەكان كاربكەین، چونكە ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە كێشانی وێنەی نوێی ناوچەكەدا ئەوەمان بەربكەوێت كە دەمانەوێت، دەبێ كێشە ناوخۆییەكانمان سفر بكەینەوە.
بەشداربوون لە كێشانی وێنە نوێیەكە كارێكی قورسە و لە توانای هەموو لایەكدا نییە، بەڵام تێكدانی ئەو ستراتیژە بۆ بەشداریمان لە كێشانی وێنەكە بە هەموو لایەك دەكرێت. بۆیە گرنگە لەو روانگەیەی كە پارتی سەركردایەتی دۆخەكە دەكات، بە تێڕوانینی سفركردنەوەی كێشە ناوخۆییەكان هەنگاو بنێت. بۆ ئەم مەبەستەش لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوانەی خوارەوەدا پرۆژەیەك بۆ گفتوگۆ پێشكەش بە لایەنە سیاسییەكان بكات:
1-بە یەكەوە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێ كێشەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت چارەسەر بكرێن و ئەم دوو ساڵەی ماوە بە یەكەوە تێیپەڕێنین، بە شێوەیەك كە هەموو لایەنەكان مل بدەنە بەر بەرپرسیارێتی قەیرانەكان و بەشداریش بن لە دەسكەوت و دەرفەتەكان.
2-ئەم دوو ساڵە تا 2017 وەك ماوەی گواستنەوە (ئینتیقالی) مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و هەوڵ بدرێت لەو ماوەیە دەستووری كوردستان تەواو بكرێت و هەموو ئەو ناكۆكیانەی پەیوەستن بە سیستەمی حوكمڕانی و دەسەڵاتەكان و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، لە دەستووردا چارەسەر بكرێن.
3-لە ماوەی گواستنەوە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت لە ئەرك و دەسەڵاتەكانیدا.
4-لە ماوەی گواستنەوەدا هەموو لایەك كۆك بن لەسەر داڕشتنی كارنامەیەك بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و دەستەبەركردنی مووچەی هاووڵاتیان.
5-لە ماوەی گواستنەوەدا هەوڵ بدرێت بەشداریی لایەنەكان لە مەلەفە گرنگەكانی سەربازی و ئاسایش و ئابووری و نەوت و پەیوەندییەكان مسۆگەر بكرێت.
6-ستراتیژێكی هاوبەش بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە چارەنووسسازەكان دابڕێژرێت و هەموو لایەك پابەند بن بەو ستراتیژە و لە پەرلەمانیش دەنگی لەسەر بدرێت.
7-لەو ماوەیە پەرلەمان یاسای راپرسی دەربكات و ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی راپرسی لە كوردستان بۆ بڕیاردانی مافی چارەنووس لە هەر دەرفەتێكی گونجاو كە بێتە پێشمان.
8-لەو ماوەیە هەموو هەوڵەكان بخرێنە گەڕ بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان و پاراستنی هاوسەنگی لەو پەیوەندییانەدا.
9-لەو ماوەیە هەوڵ بدرێت هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكبخرێن و هەموو سیماكانی دوو ئیدارەیی لە هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە دابماڵرێ.
10-لەو ماوەیە هەوڵ بدرێت بە سیاسەتێكی نەرم مامەڵە لەگەڵ پێكهاتەكانی ناوچە كوردستانیەكان بكرێت و گەرەنتی تەواویان پێ بدرێت لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان تەواوی مافەكانیان پارێزراو دەبێت.
11-لەو ماوەیەدا زۆر بەجدی كار لەسەر ئەوە بكەین كە جینۆسایدكردنی ئێزیدی و پێكهاتەكانی دی ببەینە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان و بە یەكەوەش بڕیار بدەین شنگال بكرێتە پارێزگا.
12-لیژنەیەكی باڵا لە كەسی یەكەمی سەرجەم هێزە سیاسییەكان پێكبهێنرێ بۆ جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژەی لە ماوەی ئینتیقالیدا بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەو لیژنە باڵایە بۆی هەبێت بۆ هەریەك لە پرسە سەرەكییەكان لیژنەی فەرعی دروست بكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ