ئەم رۆژانە، عیزەت دووری، ئەمینداری گشتیی حیزبی بەعس، تەنیا لەوەدا لەگەڵ پشیلە هاوبەشە كە بە ئاسانی نامرێ و وەك دەڵێن حەوت رۆحی هەیە.
حكومەتی عێراق زۆر پەلەی بوو بۆئەوەی دەستكەوتێ بۆخۆی تۆمار بكات كاتێك بە پەلەپەل كوژرانی عیزەت دووریی راگەیاند، كەچی دوایی دەركەوت كوژراوەكە شوانێكی بەستەزمان بووە و لەپێناوی ئەو پاداشتە كوژراوە كە بۆ كوشتن، یان ئاشكراكردنی حەشارگەی دووری دانرابوو. بێگومان عیزەت دووری بۆ حكومەت گرنگە، بەڵام ئەو پەلەكردن و هاتوهاوار و قەرەباڵخیە و هێنانی تیمی ئێرانی بۆ پشكنین و چاوەڕێكردنی ئەنجامەكەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ.. هەموو ئەمانە وایان لەمن كرد كە وا هەست بكەم كارە لەپێشینە و هەرە گرنگەكە راوەدوونانی دووری بووە! ئایا بەڕاستی بۆ ئەم قۆناغە ئەوە ئامانجی یەكەمە؟
ئێمە ئەمڕۆ دوژمنێكی مەترسیدارترمان هەیە كە شارەكانمان داگیردەكا و ئێستا لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر لە بەغدای پایتەختەوە نزیكە. بەكوشتنی خەڵكی بێتاوان بەوپەڕی دڵڕەقییەوە، داعش ئەمڕۆ بووەتە دیاردەیەكی جیهانیی ئەوتۆ كە هیچ رەفتارێكی تاوانكارانە نەماوە تاقیی نەكردبێتەوە، كەچی سەرەڕای ئەوەش، تۆمارێكی دەنگی كە گوایە هی عیزەت دوورییە، دەبێتە مانشێتی سەرەكیی میدیا عێراقی و نێودەوڵەتییەكان و لەبڵاوبوونەوەدا پێش داعش دەكەوێ!
مەسەلەی ورووژێنەر لەمەدا، رەنگە ئەو قسەوباسانە بێت كە لەبارەی چالاكییە گوماناویەكانی عیزەت دووری دەكرێن لەدوای رووخاندنی رژێمی پێشوو. ئەم چالاكیانە بەگوێرەی راپۆرتەكان لەدوای ساڵی 2006ەوە زیاتر بوون پاش ئەوەی سەركردایەتی گرووپی نەقشبەندیی گرتەدەست كە هەر ئەمە بۆخۆی شتێكی سەیرە. چۆن ئەمینداری گشتیی حیزبێك كە فڕی بە ئاینەوە نییە، سەركردایەتی گرووپێكی باوەڕداری سەر بە قوتابخانەی سۆفیزم دەگرێتە دەست؟ سروشتی ئەم پەیوەندییە چییە؟ تێكەڵەیەكی نامەفهومە.. سەركردەیەكی سیاسی نائاینی دەبێتە سەرۆكی باڵێكی باوەڕداری چەكدار!
زانیارییەكی تری سەرنجڕاكێش لەبارەی عیزەت دووری لەو راپۆرتە میدیاییانەدا هات كە تایبەت بوون بە هەواڵگریی ئەمریكی و گوایە ئەمریكییەكان ئەوەیان وەلا نەناوە كە حیزبی بەعس وەكو لایەنێك ببینن و تەنانەت بیكەنەوە بە بەشێك لەژیانی سیاسی، یاخود بیانەوێ وەك كارتێك بەدەستیانەوە بێت بۆ هەر كاتێك كە بزانن خزمەتیان دەكات.
موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر لەوبارەوە لێدوانێكی هەبوو كاتێك گوتی: "قسەوباس لەبارەی عیزەت دووری هەوڵێكە بۆ بەسیاسیكردنی ئەوەی پێیدەڵێن جیهاد". لەوانەیە لێكدانەوەكەی راست بێت، چونكە عیزەت دووری سەركردەی سیاسی گرووپێكی چەكدارە كە باوەڕیان بەجیهاد هەیە بەمانا ئاینییە دەمارگیرەكەی.
ئەگەر عیزەت دووری بەڕاستی لەژیاندا مابێ، ئەوە سەركردایەتی نزیكەی پێنج هەزار چەكداری گرووپی نەقشبەندی دەكات كە ئێستا لەشەڕدان لەدژی داعش و ناوبەناویش چەند كەسێكیان لەلایەن ئەو رێكخراوەوە گوللەباران دەكرێن.
ئەگەر لەمن دەپرسن، بەلای منەوە ئامانجی راستەقینە دۆزینەوەی عیزەت دووری نییە، بەڵكو رزگاركردنی نەینەوا و ئەنبار و ناوچەكانی ترە، گێڕانەوەی ئاسایشە بۆ بەغدا، گەیاندنی كارەبایە بە هاووڵاتی كە ئیدی وا گەرمای هاوین تەنگی پێهەڵدەچنێتەوە.. دوورخستنەوەی مەترسیەكانی شەڕی ناوخۆیە لەپاش رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی ئەعزەمیە.. دۆزینەوەی كار و فەرمانە بۆ گەنجانی بێكار.. بەڵام دووری با مەتەڵێكی تەمومژاویش بێ و جێگری سەرۆكی رژێمێك بێت كە چوو، ئەو چیدی ئەولەویەت نییە و كاری لەو لەپێشتر بەرەنگاربوونەوەی داعشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ