لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە لە 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، دروشمی پارتی دیموكراتی كوردستان-ی براوەی یەكەم بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز بوو، لێرەدا پێویستە بزانین مەبەست لەم دروشمە چییە، پارتی كە توانی 45 كورسی ببات، چۆن دەتوانێت كوردستانێكی بەهێز بنیات بنێت؟
وشەی (هێز) لە سلۆگانەكەی پارتیدا، رەنگە خەڵكانێك هەبن وای لێكدەنەوە كە كوردستانێكی بەهێز لەسایەی سوپایەكی تۆكمە و هێزێكی پڕچەكەوە دروست دەبێت كە ئیتر كوردستان خاوەن هێز بێت و ڕێگر بێت لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە تاڵەكانی رابردوو، بەڵام راستییەكەی هێزی سەربازی ئەگەرچی زامنی ئاسوودەیی و پشتئەستوورییە، ناتوانێ بە تەنیا فاكتەری بنیاتنانی وڵاتێكی بەهێز بێ، زۆرن ئەو وڵاتانەی كە سوپایەكی بەهێزیان هەیە، بەڵام ئابوورییان بەهێز نییە، بگرە زۆریش لاوازە، وەك كۆریای باكوور و ئێران كە زۆربەی دانیشتووانیان كەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. بەپێچەوانەوە وڵاتانێكیش هەن كە سوپایەكی بەهێزیان نییە، بەڵام بە وڵاتی كاریگەر دادەنرێن وەك سویسرا.
یانیش دەتوانین ئەمریكا و رووسیا بە نموونە بهێنینەوە كە هەردووكیان خاوەنی بەهێزترین چەك و سوپای جیهانن و بگرە هەندێك لە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە پێیانوایە رووسیا لەڕووی چەكەوە لە ئەمریكاش بەهێزترە، كەچی ئەمریكا وەك تاك جەمسەر لە جیهاندا ماوەتەوە و زۆر بە ئاسانتر و باشتر لە رووسیا پلانە ستراتیژییە هەرێمی و ناوچەییەكانی جێبەجێ دەكات، زۆرجار لە سەرووی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە. هۆكاری ئەمەش تەنیا ئەوەیە كە ئەمریكا خاوەنی بەهێزترین ئابووریی جیهانە، نەك بەهێزترین سوپای جیهان.
كەواتە هەر وڵاتێك بیەوێت بەهێزبێت تەنیا لەڕێی ئابوورییەكی بەهێزەوە دەتوانێت بەهێز بێت، بۆیە بەو وڵاتە دەگوترێت بەهێز كە ئابوورییەكی بەهێزی هەبێت، نەك سوپا و تانك و فڕۆكەی ئێف شازدە. بگرە ئەگەر ئابوورییەكی بەهێزت هەبێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانی سوپا و ئاسایشێكی باشیش بنیات بنێی و پێچەوانەكەشی راستە.
ئابووریی بەهێز كامەیە؟
لێكدانەوە و بۆچوونەكان بۆ دەستنیشانكردن یان پێناسەكردنی ئابووریی بەهێز یان ئابوورییەكی گەشەسەندوو جیاوازن، ئابووریناسان چەند پێوەرێك بۆ ئاستی گەشە و بەهێزیی ئابووری بەكاردێنن. پێوانەكردنی تێكڕای داهاتی نەتەوەیی (GDP) و داهاتی تاكەكەس بە گرینگترین پێوەر دادەنێن بۆ دەرخستنی بەهێزیی ئابووری هەر وڵاتێك. واتە داهاتی نەتەوەیی و داهاتی تاكەكەس چەند بەرزتر بێت، ئاستی بەهێزیی ئابووری دەردەخات. بەڵام ئەو پێوەرە بەلای هەندێك شارەزای ئابوورییەوە گونجاو نییە بۆ هەڵسەنگاندنی ئابووریی وڵات.
چونكە دەڵێن دەكرێت وڵاتێك داهاتی نەتەوەیی زۆر بەرز بێت، بەڵام خاوەنی ئابوورییەكی بەهێز نەبێت، وەكو ئەو وڵاتانەی تەنیا پشت بە سەرچاوەی سروشتی دەبەستن و سێكتەرەكانی دیكە پشتگوێ دەخەن. هەر گۆڕانێك لە بازاڕی سەرچاوە سروشتییەكان رووبدات داهاتی نەتەوەیی دادەبەزێت و رووبەڕووی قەیرانی ئابووری دەبێتەوە وەك ئەوەی لە ساڵی 2014 رووبەڕووی وڵاتە نەوتییەكان بووەوە .
هەندێكی دیكە لە شارەزایان پێوەری دیكەیان هەیە بۆ پێوانەكردنی پێشكەوتنی ئابووری، بۆ نموونە ئاستی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و گشتییەكان بە پێوەری ئابووریی بەهێز دادەنێن. هەندێكی دیكە رێژەی بەشداریی كەرتی پیشەسازی لە پێكەوەنانی داهاتی نەتەوەیی، هەندێكیش هەمەڕەنگیی كەرتەكان لە بەشداری لە پێكەوەنانی داهاتی نەتەوەیی، هەندێكیش پۆزەتیڤبوونی میزانی بازرگانی، واتە بڕی هەناردە زیاتر بێت لە هاوردە، بەڵام هەموو پێوەرەكان رووبەڕووی رەخنە بوونەتەوە، بۆیە ناتوانین یەكێك لەو پێوەرانە هەڵبژێرین بۆ دەستنیشانكردنی پێشكەوتوویی ئابووری و ناتوانین بڵێین ئەگەر یەكێك لەم خاڵانەی سەرەوە لە ئابوورییەكدا هەبێت، ئابوورییەكی بەهێزە، بەڵكو ئابوورییەكی بەهێز دەبێت هەموو ئەم پێوەرانەی لەخۆگرتبێت، واتە ئابووریی هەر وڵاتێك ئەو كاتە بەهێز دەبێت كە تێكڕای داهاتی نەتەوەیی و داهاتی تاكەكەسی بەرزە، دادپەروەری لە دابەشكردنی داهات هەیە، ئاستی پێداویستی سەرەتایی و خزمەتگوزاریی گشتی بەرز بێت، سەرجەم كەرتەكان بەشدارییان لە داهاتی نەتەوەییدا هەبێ. بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی نێوخۆ تەنیا پشت بە بازاڕی دەرەوە نەبەسترێ.
ئابووریی كوردستان چۆن بەهێز دەبێ؟
پارتی كە ساڵانی رابردوو هەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەم سەرۆكایەتی حكومەتی بەدەستەوە بوو، سیاسەتێكی دوولایەنەی پەیڕەو دەكرد، سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی سیاسەتێكی ناسیۆنالیستی پەیڕەو دەكرد لەپێناو دروستكردنی دۆست بۆ كورد كە بتوانێت هەر هیچ نەبێت ریفراندۆمێك بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكات و ببێتە سەنەدێكی مێژوویی. لەسەر ئاستی نێوخۆییش نێچیرڤان بارزانی حكومەتێكی دامەزراوەیی دروست بكات و سەرجەم سێكتەرەكان پێشبخات، هەردووكیان سەركەوتوو بوون و ئامانجەكەیان پێكا. هەم ریفراندۆم بوو بە گەورەترین سەنەدی مێژوویی، هەمیش هەرێمی كوردستان سەركەوتنی باشی بەدەستهێنا و لەسەر ئاستی عێراق بوو بە پێشكەوتووترین ناوچە، وەبەرهێنان و كەرتی گەشتیاری زۆر پێشكەوتن.
بەڵام ئێستا بارودۆخ بەتەواوی گۆڕاوە، بۆ قۆناغی دوای ریفراندۆم پارتی گۆڕانكاری لە سیاسەتیدا كرد. مەسروور بارزانی كە بە سەركردەیەكی جدی ناسراوە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت و نێچیرڤان بارزانیش كە دیپلۆماسییەكی میانڕەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بەربژێر كرد، لەمەدا دەردەكەوێت كە ئامانج ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی وەك نوێنەری هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی سیاسەتێكی میانڕەو لەسەر بنەمای پەیوەندیی ئابووریی هاوبەش پەیڕەو بكات كە لە قۆناغی داهاتوودا زۆرترین هاوبەشی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات و لەگەڵ حكومەتی ناوەندیش بگەنە باشترین ڕێككەوتن لەسەر بودجە و نەوت و گاز و گومرگ و سەرجەم پرسە ئابووری و سیاسییەكان.
ئەوەی پەیوەستە بە پرسەكانی حكومەتی هەرێم و ناوخۆی هەرێم، بەڕێز مەسروور بارزانی ئەزموونە سەركەوتووەكەی كە پڕە لە سیستەماتیك و ماهییەتی كارگێڕی مۆدێرن، بۆ حكومەت بگوازێتەوە و كاربكات بۆ بەرەوپێشبردن و مۆدێرنكردنی كار و چالاكییەكانی دامودەزگا حكومییەكان و بەرەوپێشبردنی ئەو دەسكەوتانەی كە كابیینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم بەدەستی هێناون و كوردستانێكی بەهێز كە دروشمی پارتییەكان بوو، بنیات بنێت. بۆ بەدیهێنانی ئەم دەسكەوتە، پێویستە ئابوورییەكی بەهێز بنیات بنێت. ئەمەش پێویستی بە ریفۆرمە لە چەند سێكتەرێكدا.
- بە ئەلیكترۆنیكردنی دەزگاكان كە هەم مامەڵەی هاووڵاتییان شەفاف دەبێ، هەمیش بە زووترین كات تەواو دەكرێن.
- هانی هاووڵاتیان بدرێ و باسی گرنگیی كەرتی بانكیان بۆ بكرێ، بۆ ئەوەی متمانە بە بانكەكان بكەن و داهاتی زیادەیان لە بانكەكان دابنێن. لەو حاڵەتەدا سەرمایەی پێویست بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەردەست دەبێ و خەڵكێكی زۆر لە رێگەی ئەو پرۆژانەوە كاریان دەستدەكەوێ.
- ئاوڕدانەوە لە كەرتی كشتوكاڵ بە جۆرێك هەرێمی كوردستان ببێ بە سەبەتەی خۆراكی عێراق.
- دانانی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، بە جۆرێك هاوسەنگی دروست بكات لە نێوان داهات و خستنەڕووی داهاتی نەوت كە سێكتەرەكانی دیكەی ئابووری لە نەخۆشیی هۆڵەندی بپارێزێت.
- هاندانی سەرمایەداران بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیاریدا بكەن كە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات بۆ كوردستان زیاد دەكات.
- لە روانگەی پەروەردەشەوە كارێك بكرێت كە ئاستی زانستی بەشێوازێكی ئاسۆیی بەرز بكرێتەوە و كەسی لێهاتوو بەپێی خواستی بازاڕ ئامادە بكرێت نەك تەنیا ژمارەی بڕوانامەكان زیاد ببێت.
- هەرچی سەبارەت بە بازاڕی ئازاد و كەرتی تایبەتیشە، كار بكرێت بۆ زیادكردنی ركابەری و نەهێشتنی قۆرخكاری.
- لەڕووی خزمەتگوزارییەوە، ئەولەویەتی حكومەت دابینكردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بێت كە زۆرترین كەس لێی سوودمەند دەبن، وەك كارەبا و ئاو و رێگاوبان.
- پێویستە كار بكرێت بۆ زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی نانەوتی، دەكرێت باج و رسومات و دۆمەین باشترین سەرچاوەی داهاتی نانەوتی بن، بەمەش لەلایەك مەترسی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر بژێوی هاووڵاتییان و مووچەخۆران كەم دەبێتەوە، لەلایەكی دیكە دەتوانن داهاتی زیاتر بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەستەبەر بكەن.
* مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سەلاحەددین
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ