عەبدوولی سووران، قوربانییەکەی بازرگانیی خوێن

18-09-2018
د. هەندرێن جەمال سوران
نیشانەکردن عەبدوولی سووران
A+ A-

سەرەتای پەنجاکانی سەدەی رابردوو، لە شاری سلێمانیدا چەند کەڵە پیاوێکی کوردپەروەر، ئەوانەی بوونە هۆکاری ئەوەی بە کردار سلێمانی بکەنە شاری هەڵمەت و قوربانی، دیارترینیان رەوانشاد عەبدوولی سووران بوو، ئەم پیاوە دڵسۆزە کاتێك نەترسانە کوردایەتی دەکرد، کارەکە هەروا ئاسان نەبوو، شۆڕە سواریی دەویست، خۆنەویستی دەویست، پیاوی ئازا و چاونەترسی دەویست، کاك عەبدوول هەموو ئەو ئاکارانەی لە خۆیدا کۆکردەوە و، شاری سلێمانیان بەرە و کوردایەتی دەبرد و، رەوتی خەباتی خستە سەر راستەڕێی ئازادی. 

ئەو کۆمەڵە تێکۆشەرەی کاك عەبدوول یەکێك بوو لە کاراترینیان، داهێنانیان لە بەرخوودان و، بەرەنگاری دوژمندا دەکرد، زیندان و نانبڕین و، هەڕەشە و،
ئەشکەنجەی دوژمن نەك هەر کاریگەری لەسەریان نەبوو، بەڵکو بووبوو بە تەواوکەری ئەو رێگەیەی بە هەنگاوی پتەوەوە، مەردانە دەیانبڕی.

ئەوەی لە نزیك و دوورەوە ئەم کەسە جوانەی ناسیبێت، شێوەی کاك عەبدوول و هەستی کوردایەتی وەكو یەکەیەکی دانەبڕاویان لێ هاتبوو لە لای. ئاخر لە سەرەتا و، ناوەڕاستی پەنجاکاندا و، تاوەکو دەسپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول، کەم بوون ئەوانەی جەماوەریان جۆشدەدا بۆ ئازادی، کاك عەبدوول ماندوونەناسانە رێبواری ئەو رەوتە پیرۆزە بوو، بە سەدان گەنجی خوێنگەرمی لەخۆی کۆکردبووەوە و، بەرەو شۆڕشی ئاراستە دەکردن، دڵسۆزانە رێگەی سەرفرازی نیشاندەدان.

دوای نسکۆکەی شۆڕش لە ساڵی 1975، کاك عەبدوول بەرەو باشوور، بۆ تاراوگە دەنێرن. لەکاتی یەکێك لە سەردانەکانیدا بۆ شارەکەی (سلێمانی) هەڵخەڵەتاوێکی مێشکشۆراوەی بۆ دەنێرن، هەوڵی تیرۆرکردنی ئەو پیاوە جوانە دەدەن لە 12-9-1981ـدا و، لە 19-9-1981 لە نەخۆشخانە گیانی پاکی دەسپێرێت، بە ئێستاشەوە ئەوەی یەك جار کاك عەبدوولی ناسیبێت، ئەو سوێیەی لە دڵ دەرناچێت، بەتایبەتی کاتێك بە برینداری لەسەر جێگەی شەهیدبوون راکشابوو، هەندێك لە دۆستانی دەچن بۆ لای، هەر ئەوەندە توانای دەبێت بە دڵی شکاوەوە پێیان بڵێت "توخوا من هی ئەوە بووم ئاوا پاداشتی کوردایەتی و، ئەو هەموو چاکەیەم بدەنەوە کە لە گەڵمدا کردن؟".    

ئەوانەی زۆر ترسنۆكانە بەناحەق شەهیدیان کرد، هەرچەندە هەوڵیان دا شاری سلێمانی چەواشە بکەن و، بە کەسێکی خراپی لە قەڵەمبدەن، بەڵام وەڵامی شارەکە بۆ ئەو چەواشە کارییە ئەوەبوو: خەڵکی سلێمانی و دەوروپشتی لە شێوەی خۆپیشاندان بە هەزارەهایان کە خەڵکی بە ئەمەك بوون، شوێن تەرمەکەی کەوتن بۆ گۆڕستان. (ئەوانەی شەهیدیان کرد) بڵاویان کردەوە دەستێکی چەپەڵ شەهیدی کردووە و كەوتنە ئیدانە و ریسواكردنی كارە بێ مۆراڵ و ترسنۆكانەكانەی خۆیان.

لەژێر كاردانەوەی تووند و كەموێنەی جەماوەردا و لە شەرمەزاریدا، تاوانباران كەوتنە چەواشەكردن و هەوڵیان دا ئەو كارە تیرۆرستیە بەسەر لایەنی دیکەدا بهێنن، بەڵام جەماوەرە هۆشیارەکە دەیانزانی کێ بەو کارە قێزەونە هەستاوە و، چ شۆڕەسوارێکی کاروانی کوردایەتیان تێرۆر کردووە. ئەو شەهیدەی لەپێناو کوردایەتیدا، زیندانەکانی بەغدا و نوگرە سەلمان و حامیەی سلێمانی شایەتن، چ نموونەیەکی تێکۆشان و کۆڵنەدان بووە. هەموو کوردیش شایەتن کە لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە چ پێشمەرگەیەکی چاونەترس بووە، هەموو سلێمانیش شایەتن کە لە سەرەتای پەنجاکانەوە، چ خەباتگێڕێکی ریزەکانی کوردایەتی بووە.

هەتاوەکو عەبدوولی سوورانەکان بە نەمری لە دڵ و دەروونی کورددا بمێننەوە، بکوژانی لای کوردی ئابڕوومەند، لە چەقۆکێشێکی ناڕەسەن زیاتر هیچی دیکە نین.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە