ئامانج لە هیلالی شیعی ئەگەر بۆ ئێران گەیشتنبێ بە دەریای سپی ناوەڕاست و لێکگرێدانی هەموو هێز و لایەنە شیعییەکان بۆ ئەوەی لەڕێگەیانەوە شانازییە مێژووییەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی ئێرانی بگەڕێنێتەوە، ئەوا بۆ شیعەکانی عێراق بەهەموو مانایەک دەستپێکێکی نوێیە لە مێژوویاندا، چونکە بۆ یەکەمجار دەبێ شیعە نەک بتوانن دەستیان بە ناوچە سوننییەکان بگات، بەڵکو گەمارۆشیان بدەن، بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانن پەرتەوازەیان بکەن و دیمۆگرافیای ناوچەکانیشیان بگۆڕن، وەک سەرکردەکانی شیعە دەڵێن: "تۆڵەی خوێنی حوسەینیان لێ بکەنەوە".
ئەوەی ئێستا لە موسڵ روودەدات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان سنووری عێراق و سووریا، مسۆگەرکردنی بەستنەوەی ئێرانە بە سووریا لە رێگەی وشکانیدا، بۆ زیاتر سوودلێوەرگرتن و کاریگەربوونی ئەو رێگایەش ئێران خەریکە هێڵی شەمەندەفەری کرماشان تا سنووری عێراق رابکێشێ، لەوێشەوە کۆنە هێڵی شەمەندەفەری نێوان کەرکووک و مووسڵ نۆژەنبکاتەوە تا بە هێڵی مووسڵ حەلەبی گرێدەدا، ئینجا بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست رایبکێشێ، کە ئەوەش یەک مانای هەیە، گەیشتنی هەموو شتێک کە ئێران بیەوێ بەو ناوچەیەدا.
جگە لەوە پێویستە ئەو هێڵە درێژەی کە بەنێو خاکی عێراق و بە ناوچەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچە سوننەنشینەکان تێدەپەڕێت، پێویستی بە هێزێکی زۆر هەیە بۆ پاراستنی، هێزەکانی حەشدی شەعبیش کە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و حوکمڕانی لە عێڕاق لەسەر شێواز و بە هەمان ئایدۆلۆژیای سوپای پاسدارانی ئێران دروستکراون، یەکێک لە ئەرکەکانیان جگە لە پاراستنی هێڵە وشکانییەکە بۆ ئێران، ناوچە سوننەنشینەکانیش گەمارۆدەدەن، بەڵام لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە حکومەتی ناوەندی عێراق بە هاوکاری ئیقلیمی نەهێڵن ئەو ناوچەیە ساردبێتەوە و لە شەڕ دووربێت، بۆیە وەک زۆرینەی بەرپرسانی باڵای عێراق و بەتایبەتیتریش فەرماندەکانی حەشدی شەعبی رایدەگەیێنن: لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕی مووسڵ مەترسییەکانی تیرۆر لەو ناوچانەدا کۆتاییان نایەت، بۆیە چاوەڕواندەکرێ گرووپی دیکە لەدوای داعش سەرهەڵبدەن بۆ ئەوەی هۆکارێک بۆ مانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەهەموو پێکهاتە و ناوە جیاوازەکانیان لەو ناوچانە بمێننەوە، هەر بۆیە تائێستا شەڕی حەویجە دواخراوە.
هەموو ئەوانە دەستپێکن بۆ زیاتر بەهێزبوونی ئەو هێزەی دەیەوێ باز بەسەر دەستووری عێراقدا بدات، بە نەهێشتنی سیستەمی تەوافقی لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە و، ئێستا تەنها لە سەر کاغەز ماوە و کار بۆ ئەوە دەکرێ بەتەواوی نەمێنێ، ئەوەش مانای حوکمکردنی زۆرینەی سیاسییە، کە ئێران لە ڕێگای نووری مالیکی، سەرکردەی فیعلی حەشدی شەعبی لە عێراق کاری بۆ دەکات، چونکە لەڕێگەی حوکمی زۆرینە عێراقێکی شیعە لە وڵاتێکی دوژمی مێژووی ئێران دەبێتەوە ئەو هەرێمەی بەر لە سەرهەڵدانی ئیسلام پێیاندەگوت عێراق، بۆیەە حکومەتی عێراق بڕیاری گۆڕینەوەی ناوی پارێزگای قادسیەی بە دیوانیە دەرکرد، بۆ ئەوەی بەتەواوی رێگرە دەروونی و مێژووییەکانی لابدا و لەڕێگەی قووڵکردنەوەی هەستی مەزهەبی ئامانجە مێژووییەکەی بێنێتەدی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ