ئایا "یارییە قێزەون"ـەكە تەواو دەكرێت؟

19-07-2023
د. ئادەم بێدار
نیشانەکردن لویس ساكۆ رەیان كلدانی
A+ A-
عێراقی نوێ، یاریگایەكە یاریی زۆری تێدا دەكرێت، یاریزانی جۆراوجۆر لە بەرژەوەندی تیمی جیاواز یاریی دەكەن، سەرۆكی گەورەترین كەنیسەی كریستیان لە عێراق، یەكێك لەو یارییانە بە "قێزەون" وەسف دەکات، ئەو لە رۆژی 15ـی تەممووز، نامەیەكی كراوەی بڵاوكردەوە، ئەو نامەیە كە بۆ سەرۆكایەتییەكانی عێراقی فیدراڵ نێردراوە، لەلایەن کاردیناڵ لویس رافائیل ساکۆ، پاتریارکی كەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان گڕی بەردایە پەیوەندیی نێوان كاردینال و دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق و، پرسیاری زۆریشی لەسەر داهاتووی كرستیانەكان لە عێراق دروستكرد. 
 
رەگ و ریشەی ناكۆكیی نێوان ساكۆ و كلدانی 
 
لویس ساكۆ، كە لە زاخۆ لەدایكبووە و لە ساڵی 1974ـەوە بووەتە كاهین لە ئەبرەشیەی موسڵ، ساڵی 2002ـش ئەركی مەترانی لە كەركووك وەرگرتووە، دواتر لە شوباتی 2013 بووەتە پاتریاركی كەنیسەی كلدانی كاسۆلیكی لە جیهان و پاشانیش وەك كاردینال دەستنیشانكراوە. 
 
ساكۆ ناكۆكیی قووڵی لەگەڵ رەیان كلدانی هەیە، كە لە ساڵی 2014 هێزی بابلیوونـی چەكداری پێكهێناوە بەناوی "لیوای 50" و لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدایە. 
 
سەرەتای قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكان بۆ پاڵپشتی ساكۆ دەگەڕێتەوە لە هەوڵەكانی كۆتاییهێنان بە گرووپە چەكدارەكان و تێكەڵكردنەوەیان لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، كلدانیش ئەو پاڵپشتییەی ساكۆی وەك دژ ئەژمار كرد. ساكۆ و كلدانی یەكتر بە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری كرستیانەكان و بازرگانیكردن پێیانەوە، تۆمەتبار دەكەن. 
 
لویس ساكۆ، كلدانی بەوە تۆمەتبار دەكات "نوێنەرایەتیی كرستیانەكان ناكات" و، "دزینی موڵكەكانی كرستیانەكان"ـی لە بەغدا و نەینەوا و دەشتی نەینەوا دەخاتە ئەستۆی ئەو. هاوكات پاتریاركی كەنیسەی كلدانی پێشتر لە 6ـی ئایار رەتیكردەوە دیبەیت لەگەڵ رەیان كلدانی بكات، چونكە وەك ساكۆ جەختی لەسەر كردووەتەوە، كلدانی "هەوڵی كڕینی پیاوانی ئایینی كرستیان دەدات بە هاوكاریی ئافرەتێك كە خۆی، لە پۆستی وەزیری داناوە"، وەك ئاماژەیەك بۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە كابینەی پێشوو و ئێستای حكومەتی فیدراڵی. لویس ساكۆ، پێشتر رەخنەی لە حكومەت گرتبوو بەهۆی "بێدەنگی" لە بەرامبەر "زێدەڕۆیی بۆ سەر كەنیسە لەلایەن كلدانی"ـیەوە، بەڵێنیشی دابوو، پەنا بباتە بەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەگەر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران هیچ هەڵوێستێكی نەبێت. 
 
لەبەرامبەردا، رەیان كلدانی، ساكۆی بە "درۆزن" نێوزەد كردبوو، ئەو گەورەیەی هێزەكانی بابلیوون لە بەیاننامەدا دەڵێت: ساكۆ "چەند ساڵێكی بەڕێكردووە بە هەمان شێواز و هەمان گوتەكانی دەجوێتەوە"، هاوكات "ساكۆ بە ئێمە دەڵێت، پێویستە لەسەرمان رێزی جلوبەرگی كەنیسە بگرین، ئێمەش پێی دەڵێین پێویستە ئەو بۆ خۆی رێزی خۆی بگرێت".
 
ساكۆ وەك بەربەستە گەورەكەی بەردەم كلدانی 
 
لە راستیدا هێرشەكانی داعش بۆ سەر عێراق بوونە مایەی خێر و خۆشی بۆ ئەو هێزە شیعانەی خەونی گەورەیان بە بەشیعەكردنی عێراق دەبینی، ئەوان هەر زوو بەدەنگ فەتوا و داواكەی سەید عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانەوە چوون كە "جیهادی" دژی داعش راگەیاند، لە ئەنجامدا حەشدی شەعبی دروست بوو، ئەو هێز و وڵاتانەی خەمی یەكەمیان شیعەگەریێتییە بازنەی چەكدارییان لە زۆرینەی شیعەوە فراوان كرد بۆ ئەوەی پێكهاتەكانی دیكەش بگرێتەوە، بەمەش هێزی چەكداریان بۆ پێكهاتەكانی "شەبەك، ئێزدی، كریستیان" پێكهێنا و خەریك بوون بۆ كاكەییشی دروست بكەن، لە رێگەی ئەو هێزانەوە هەوڵدەدەن ناوچەی جوگرافی پێكهاتەكان كۆنترۆڵ بکەن. 
 
دوای ئازادكردنی پارێزگای نەینەوا لە چەنگی داعش و رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر، هێزەكانی بابلیوون كە رەیان كلدانی سەركردایەتیان دەكات، كۆنترۆڵی تەواوی ناوچە كریستیاننشینەكانی پارێزگای نەینەوایان كردووە، نەك لەرووی سەربازییەوە، بگرە هێدی هێدی سنووری قەڵەمڕەویی لەناو كریستیانەكان زیاد دەبێت، ئەو لە كابینەی ئێستا و پێشووی حكومەتی فیدراڵی نوێنەرەكەی كە "ئیڤان فایەق جەبرۆ"ـیە كردووەتە وەزیری كۆچ و كۆچبەران، لە هەڵبژاردنەكانی 2021ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا، كلدانی دەستی بەسەر كورسییەكانی كۆتای كریستیاندا گرت و لەكۆی پێنج كورسی، توانی چوار كورسی بباتەوە. 
 
بەپێی لێدوانی چەند كەسایەتییەكی دیكەی كرستیان بێت، كلدانی و هێزەكەی لێپرسراوی سەرەكین لەو هەوڵانەی لە دەشتی نەینەوا دەدرێن بۆ گۆڕینی دیموگرافیای كریستیان، پێشتریش بە تۆمەتی هەمان بابەت و ئەو پێشێلكارییانەی چەكدارەكانی دژی مافی مرۆڤ و "دزینی ماڵەكان" و، "فرۆشتنی زەویوزاری كشتوكاڵی بەشێوەیەكی نایاسایی" دەیكەن، حكومەتی ئەمریكا سزای بەسەر كلدانیدا سەپاندووە. 
 
هەوڵەكانی كلدانی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی بەربەستی گەورەیان نییە جگە لە ساكۆ، ئەو كە كاردیناڵە و دەتوانێت بەهۆی ئەو پۆستەیەوە خۆی بۆ كوڕی پاپای كەنیسەی كاسۆلیكی بەربژێر بکات، بە دەنگێكی دلێرەوە هاتووەتە مەیدانی جەنگ لەدژی كلدانی و، بەهەموو شێوەیەك دەیەوێت رێگریی لەو هەوڵانەی رەیان بكات، دیارە كە بەهۆی پێگەی ئایینی لویس ساكۆ لە عێراق و دەرەوە بەگشتی و ڤاتیكان و جیهانی مەسیحی كاسۆلیكی بەتایبەتی، مەترسی و لەمپەری گەورەی بەردەم خواستەكانی كلدانییە، لەبەرئەوەشە ناكۆكییەكە تادێت لەنێوان ئەو دوو كەسە قووڵتر دەبێتەوە.
 
بێدەنگیی عێراق و پاڵپشتیی ئەوروپا 
 
لویس ساكۆ، لەو هەوڵانەی بۆ پاراستنی كەنیسەكەی لە عێراق، پاڵپشتی حكومەت و لێپرسراوانی بەغدای نییە، نەك ئەوە؛ بەڵكو بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن دەسەڵاتی عێراقییەوە بەئاراستەی بەرژەوەندیی كلدانی لەمپەری بۆ دروست دەكرێت، بەپێی لێدوانی كەسایەتییە سیاسییە كرستیانەکان بێت، پاڵەپەستۆی كلدانی هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی كۆماری بووە بە دیاریکردنی کاردیناڵەکە وەك سەرۆکی کەنیسەی کلدانی. رۆژنامەی "وەقایعی عێراق" لە ژمارەی (4727)ـی رۆژی 3ـی تەمووزی 2023، فەرمانێكی كۆماری ژمارە (31)ـی بڵاوكردەوە، لەو نووسراوەدا فەرمان كراوە بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی كۆماریی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013، کە تایبەت بوو بە دیاریکردنی کاردیناڵەکە بە سەرۆکی کەنیسەی کلدانی.
 
كریستیانەكان بەگشتی و خودی كاردیناڵ لویس ساكۆ لە لێدوانەكانی و راگەیێندراوەكانیدا ئەمە بە "بێڕێزی" بەرامبەر پاتریاركەكەیان دەزانن و وەك هەڕەشەی جیدیش لەسەر داهاتوویان لە عێراق دەیبینن، ئەوەش لە بۆشاییەوە نەهاتووە، چونكە بە دەستوەردانێکی راستەوخۆی حوكمدارانی عێراق دادەندرێت لە كاروباری ناوخۆیی كەنیسە و پێشهاتێکی مەترسیداریشە، لەسەردەمی عەباسییەكانەوە تاوەکو ئێستا، دەسەڵاتداران هەمیشە رێزی كەنیسەیان گرتووە و دەستیان وەرنەداوەتە كاروبارەكانیان، بگرە رێزی ئەو تایبەتمەندییەیان گرتووە، كە كەنیسە بۆ خۆی بڕیار لەسەر شێوازی رێكخستنی كاروباری ئایینی و بەڕێوەبەردنی دەدات.
 
كلدانی بەو هەنگاوەی لێدانێكی كوشندەی لە كەنیسە و پیاوانی ئایینی داوە، ئەمەش وایكردووە زۆربەی كریستیانەكان بێنە سەر هێڵ، رۆژی پێنجشەممە 14ـی تەمموز، خەڵكی عەنكاوە لەبەردەم كەنیسەی ماریوسف گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دژی ئەو هەنگاوەی سەرۆكایەتیی كۆمار دەربڕی، داوایانكرد رێز بۆ پاتریاركەكەیان بگەڕێندرێتەوە و ئەو نووسراوی هەڵوەشاندنەوەیە، هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام سەرۆكایەتی كۆمار مكوڕە لەسەر بڕیارەكەی، رۆژی 13ـی مانگ لە روونكردنەوەیەكدا دووپاتی فەرمانەكەی کردبووەوە، جەختیش لەسەر رێگرتن لە لویس ساكۆ دەكاتەوە، بەڵام لەراستیدا ئەو فەرمانەیان لێدانە لە لویس ساكۆ، بگرە مەترسیشە لەسەر مانەوەی كریستیانەكان لە عێراق. 
 
هەر ئەو مەترسییانەشە وای لەو كاردیناڵەی كەنیسەی كلدانی كاسۆلیكی كردووە رۆژی 15ـی ئەم مانگە لەو نامە فەرمییەدا هێرشی تووند بكاتە سەر رەیان كلدانی و دار و دەستەكەی و بڕیاریش بدات بارەگاكەی لە بەغدا دابخات و لە ئیستەنبووڵەوە نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، لەبری ئەوە روو لە یەكێك لە دێرەكانی هەرێمی كوردستان بكات و لەوێوە كاروبارەكانی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانی رابپەڕێنێت. 
 
لەراستیدا وردبوونەوە لەو نامەیە كراوەیە؛ قووڵی كێشەكە دەردەخات، ئەو لە نامەیەکدا بۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق نووسیویەتی "لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتە بەمەبەست و هەراسانکەرەی کەتائیبی بابلیوون لەدژی من" و، پێکهاتەی کریستیان دەکرێت، هەروەها لەبەرامبەر "نەبوونی هێزێک بۆ وەستاندنی" کەتائیبی بابلیوون و "بێدەنگیی حکومەت و کشانەوەی نووسراوی کۆماری لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە لە من، کە ئەمە پێشهاتێکە لە مێژووی عێراقدا هاوشێوەی نەبووە، بڕیارمدا لە بارەگای پاتریارک لە بەغدا بکشێمەوە و لە ئیستەنبووڵەوە [...] بڕۆم بۆ کەنیسەیەکی هەرێمی کوردستان". لەو نووسراوەدا ساكۆ بە روونی كلدانی تۆمەتبار دەكات بە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەوقافی كرستیانەكان و ئەمەیش بە "یارییە قێزەون"ـەكە ناودەبات. 
 
ئێستا ئەو یارییە بەردەوامە، ساكۆ لەو یارییەدا پشتیوانیی زۆرینەی شەقام و سیاسی و رۆشنبیری كریستیانەكانی لەگەڵە، لەپاڵ ئەوانە چەند دامەزراوەیەكی عێراقیش پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیوە، وەك "دەستەی زانایانی موسڵمان"، كە كۆمەڵێك زانای موسڵمانی سوننەمەزهەب لەخۆدەگرێت، ڤاتیكان و باڵیۆزانی یەكێتی ئەوروپاش. 
 
بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا روونە، ئەوەیە؛ دەسەڵاتدارانی عێراق بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەبەرەی كلدانین، ئەوان بە دەركردنی فەرمان و جێبەجێكردنی خواستەكانی رەیان كلدانی نائومێدییەكی گەورەیان دروستكردووە، ئەو راستییەش دووپات دەكاتەوە، كە لەساتی رووماڵكردنی هاتنەكەی پاپای ڤاتیكان لە دوو بووڵتەنی جیاوازی رووداودا بە روونی گوتم، "هاتنی ئەو كەسایەتییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقییەوە وەك شۆ رێزی لێدەگیرێت، نەك ئەوەی شتێك لە رەوشی كرستیانەكان بگۆڕێت، پاپای ڤاتیكان بە دڵێکی پاكەوە خۆی خستە مەترسییەوە و پەیامی ئاشتیی بۆ عێراق هێنا، بەڵام وا دیارە ئەوانەی حوكمڕانی راستەقینەی عێراقن، جگە لە تێڕوانین و ئەجێندای خۆیان، گوێ بۆ هیچ پەیامێکی ئاشتیش ناگرن، ئەوەش نائومێدییەكی گەورەیە بۆ پێکهاتەكانی ئەو وڵاتە و پێكەوەژیانەكەشی دەخاتە ژێر پرسیاری گەورە!

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستە نەوتی و گازییەکانی عێراق بە قازانجی زیاتر لە 30٪ بۆ کۆمپانیاکان کۆتاییهات

کۆمپانیای کار لە هەرێمی کوردستان وەک تاکە کۆمپانیای نێوخۆیی عێراق بە واژۆکردنی ئەو سێ گرێبەستەی لە گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستەکاندا کردی، توانای وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتی نەوت و بەتایبەتیش گاز دەرخست، چونکە دوو لەو کێڵگانەی وەریگرتوون تێکەڵە (نەوت و گاز) و کێڵگەیەکیشیان بەتەنیا گازە، ئەمەش دەرخەری ئەزموونی کۆمپانیای کارە لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەفیڕۆنەدانی گازی هاوەڵ.