"سەرۆكی هێژا"ی دلاوەر قەرەداخی چاپ دەكرێ
رووداو - هەولێر
شاعیر و نووسەر دلاوەر قەرەداخی سەرقاڵی تەواوكردنی دوو كتێبە كە بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا بكەونە بەر دیدی خوێنەرانی.
قەرەداخی لەوبارەوە بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: "سەرقاڵی وەرگێڕانی دوو كتێبم كە لە قۆناخی كۆتاییدان و لە پاییزی ئەمساڵدا چاپ و بڵاویان دەكەمەوە".
دلاوەر هەروەها گوتی "كتێبی یەكەم ناوی (سەرۆكی هێژا)یە و بەسەرهاتی نووسەری رۆمانەكە خۆیەتی كە كەسێكی متمانەپێكراوی سەرۆكی پێشووی كۆریای باكوور بووە. كتێبەكە شاعیر و پیانۆژەنی كۆریای باكووری (ژین یانگ- سونگ) نووسیویەتی و من لە زمانی سوێدییەوە كردوومە بە كوردی.
هەروەها گوتیشی: "كتێبی دووەمیش رۆمانێكە بە ناوی (قیتاری ورد چاودێریكراو) كە لە نووسینی رۆماننووسی چیكی (بوهومیل هرابال)ە و لە زمانی فارسییەوە كردوومە بە كوردی. ئەم رۆمانە باس لە رووداوی تەقاندنەوەی شەمەندۆفێرێكی پڕ لە چەك و تەقەمەنی نازییەكان دەكات لە كۆتایی جەنگی دووەمی جیهانیدا لە شارۆچكەیەكی چیكۆسلۆڤاكیای ئەوكات".
كتێبی یەكەم ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەندێشە چاپی دەكات و كتێبی دووەم دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
دلاوەر قەرەداخی ساڵی 1963 لە سلێمانی لە گەڕەكی كانی ئاسكان لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی شێخ سەلام و ناوەندی لە ئازادی و ئامادەیی لە ئەزمەڕ تەواو كردووە. ساڵی 1986 ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان بەشی شانۆی لە بەغدا تەواو كردووە. ساڵی 1982 یەكەمین بابەتی لە رۆژنامەی هاوكاری بڵاوكردووەتەوە.
یەكەمین كتێبی شیعری بە ناوی (پەیكەرێك لە باران) ساڵی 1991 دوای راپەڕین بڵاوكردووەتەوە. تاوەكو ئێستا 60 كتێبی چاپ و بڵاوكردوونەتەوە و شیعرەكانی بۆ زمانەكانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و فەرەنسی وەرگێڕدراون.