پیلانگێڕی لە بارزانی و نەوشیروان مستەفا

19-12-2016
سلێمان عەبدوڵا یونس
نیشانەکردن بارزانی نەوشیروان مستەفا
A+ A-

لە چەندین لاوە تۆڕێكی پیلانگێڕیی گەورە، لەسەر بارزانی و نەوشیروان مستەفا هەیە و ناهێڵێت پەیوەندییەكانی ئەو دوو رێبەرە كاریزمیەی كورد، بكەوێتە سەر سكەیەكی نۆرماڵ. لەوەش زیاتر، ئەو تۆڕە بە هەموو هێزی خۆیەوە، هەوڵ دەدات دابڕانێكی گەورەتر، بخاتە نێوانیانەوە.

ئەم تۆڕە چەندە لە دەرەوەی دوو حزبەكەی بارزانی و نەوشیروان مستەفایە، ئەوەندەش لەناو ئەو دوو هێزەدا وجودی هەیە و پێكهاتەكەشی گرووپێكی هەمەچەشنی بەهێزی تێكەڵەیە لە نوخبەیەكی سیاسی پیر و گەنجی رادیكاڵی دنیای سیاسەتی كوردی و لەڕێگای میدیایەكی ورووژێنەرەوە، كارتەكانی گەمەیەكی ناڕەوا بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییەكانی خۆی لەناو جومگە جیاوازەكاندا دەجوڵێنێ، بەئامانجی بەردەوامكردن و بەرهەمهێنانەوەی ریتمی ململانێ مێژووییەكان .

چارەسەر ئەوەیە، بارزانی و نەوشیروان مستەفا، لەدیدی دوژمندارانەی گۆڕان و پارتیەوە، سەیری یەكتری نەكەن. چونكە هەم بارزانی دەزانێت، نەوشیروان مستەفا لە رابردوودا ناژیت و بەهەموو توانایەوە لەهەوڵی بەرهەمهێنانی سیستمێكی تەندروستی كراوە و دادپەروەری نوێدایە، هەمیش نەوشیروان مستەفا دەزانێت، بارزانی هەڵگری قەزیەیەكی گەورەترە لە پارتی كە دەوڵەتی كوردستانە.

بارزانی بۆئەوەی قەزیە گەورەكە بباتەوە، باشترە وەك سەردەمی راپەڕین دەستی هاوخەباتی بۆ نەوشیروان مستەفا درێژ بكات. بێگومان نەوشیروان مستەفاش بۆئەوەی خەونی خۆی و ریفۆرمیستەكانی كوردستان لەواقیعدا بەرجەستەتر بكات، باشترە هەنگاوە وەستاوەكانی رووەو پیرمام دەست پێبكاتەوە. چونكە دواجار رێگای دەوڵەتەكەی بارزانی هەر دەچێتەوە سەر هەماهەنگیی ئەو لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و پلانی گۆڕانی ریشەیی نەوشیروان مستەفاش، یەكەمین هەنگاوی حەیاتی، بەپاڵپشتیی بارزانی دەست پێدەكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە