‎سەرۆكایەتییەكان لە بەرامبەر چی؟

20-03-2019
مەسعودی مەلا هەمزە
نیشانەکردن حکومەت
A+ A-

‎پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆری خایاند و ئاماژەكانیش وای دەرناخەن لە ماوەیەكی نزیك و دیاریكراودا ئەم كابینە نوێیە پێكبێت.

‎هۆكارەكانی پێكنەهێنان یان دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت زۆرن، هەریەك لە حیزبەكان لە دیدگای خۆیەوە دەیبینێ و ئۆباڵەكەی دەخاتە ئەستۆی ئەویتر، لەوانەشە بەشێك لە قسەكانی هەریەك لەو لایەنانە لە سووچێكی دیمەنە گشتییەكەوە ڕاست بێ، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئاستەنگە سەرەكییەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێ چین؟ كێ خەتاباری سەرەكییە؟ ڕۆڵی پارتی وەك هێزی یەكەمی براوە و یەكێتی وەك هێزی دووەم چییە لەم هاوكێشەیەدا؟

‎لە سەرەتاوە قبوڵكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كێشەیەكی گەورەی خستە نێو لایەنەكان و لەدواجاردا پارتی و یەكێتی ئەنجامەكانیان قبوڵكرد، ئەگەرچی بەشێكی زۆر لە سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی یەكێتی تێبینی جدییان لەسەر كۆی پڕۆسەكە هەبوو، بەڵام بەمەشەوە هەر قبوڵكرا و چاودێران لەوكاتدا ڕایان وابوو كە ڕێككەوتنێكی پێشوەخت لەنێوان یەكێتی و پارتی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت، كەچی گفتوگۆكان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت دەریانخست هیچ ڕێككەوتنێكی لەو جۆرە لەئارادا نییە، ئەگەر هەشبووبێ ئەوا پێش لەدایكبوونی مردووە.

‎لە بابەتە سەرەكییەكەمان دوورنەكەوینەوە و بێینە سەر ئەسڵی بابەتەكە، لە دنیای دیموكراسیدا هەمیشە ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكاندا براوە دەبن حكومەت پێكدێنن و لایەنەكانی تریش دەبنە ئۆپۆزسیۆن، لە حاڵەتی دووەمدا حكومەتی تەوافوق لەنێوان لایەنەكان پێكدێت و هەر لایەنەی بەگوێرەی دەنگەكانی خۆی پۆست وەردەگرێ، بە جۆرێك سیستەمی خاڵبەندی و دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای خاڵبەندی پێكدێ، ئاشكراشە لەم حاڵەتەدا هەندێ پۆست هەن خاڵی زۆر زیاتریان دەوێ و لەوانەیە وەزارەتێكی سیادی بەرامبەر 2-3 وەزارەتی خزمەتگوزاری خاڵی بەربكەوێ، ئەوە باسی پۆستی سەرۆكایەتییەكان هەر مەكە كە ئاشكرایە خاڵی زۆر زۆریان پێویستە.

‎واقیعی سیاسی لە كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هیچیەك لەو بنەمایانەی پەیڕەو نەكرد، نە پارتی توانی بەبێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنێ و نە سیستەمی خاڵبەندیشی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان بەكارهێنا، لەپاڵ ئەوەشدا بۆ باڵانسی ناوخۆی حزب پارتی بابەتی سەرۆكایەتی هەرێمی جارێكی تر هێنایەوە بەرباس و خستیەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

‎هێنانە پێشەوەی بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم لە كاتێكدا كە پێشتر پارتی سوور بوو لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێ و ئەمجارە ویستی لە پەرلەمانەوە هەڵیبژێرێ، چەندە تیماری زامی نێو پارتی كرد بۆ ڕاگرتنی باڵانسی ناوخۆیی دوو هێندە بەربەست بوو لەبەردەم پێكهێنانی كابینە نوێیەكە و پرۆسەكەی دواخست!

‎جیا لەمانە و دوابەدوای پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، ئیدی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت ئاراستەیەكی تری وەرگرت و لەبەرامبەر پارتی، یەكێتیش پرسی پارێزگاری كەركووك و وەزیری دادی عێراقی هێنایە پێشەوە و ئاراستەی گفتوگۆكان تەواو گۆڕا، لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە ڕۆیشت بەرەو ڕێككەوتنی سیاسی و پرسەكانی هەرێم و كەركووك و عێراق پێكەوە.

‎لە بەرامبەر ئەوەدا، پارتی لەبری ئەوەی لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆكانی بباتە قۆناغێكی جدی و هەوڵ بدات ڕێككەوتننامەی 5ی شوبات جێبەجێ بكات و هاوكات لەگەڵ دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كارا بكرێتەوە و پۆستی پارێزگاری كەركووك یەكلایی بكاتەوە، چوو لەگەڵ گۆڕان ڕێككەوت و بە 12 كورسییەوە ژمارەیەك پۆستی دایە گۆڕان.

‎بەر لە هەموو كەس پارتی و گۆڕانەكان باش دەزانن ڕێككەوتنەكەی 18ی شوباتی نێوانیان كاردانەوەی هەڵوێستەكانی یەكێتی بوو لە بەرامبەر بەشدارینەكردنی لە كۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەو پۆستانەی بە گۆڕان دراون لەسەر هیچ بنەمایەك نەبووە و زۆر زیاترە لە ئیستحقاقی گۆڕان.

‎دوای ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان، پێویستە پارتی لەوە تێبگات كە ئیدی بنەمای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت نە خاڵبەندییە و نە ئیستحقاقی هەڵبژاردن، بەڵكو پۆستەكانی گۆڕان بە 12 كورسییەوە دەبێتە بنەما بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی تر و دابەشكردنی بەسەر لایەنەكان، نابێ پارتی پێشبینی بكا یەكێتی ڕازی بێ بە 21 كورسییەوە پۆستەكانی جیاوازییەكی كەمی هەبێ لەگەڵ گۆڕانی خاوەن 12 كورسی.

‎هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی سەیرە پارتی وا نیشان دەدا كە خۆی خاوەنی هەموو پۆستەكانە و هەرچی بیەوێ بۆ خۆی دەبێ و كامە پۆستیش ویستی بیداتە لایەنەكان بیدات، ئەم ڕەفتارەی پارتی لە مامەڵەی شەریكی حوكمڕانی ناچێ بەقەد ئەوەی لە مامەڵەی وەستا و شاگرد دەچێ، نابێ یەكێتی ئەمە قبوڵ بكات و دەبێ هەوڵی جدی بدا بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستانەی خۆی دەیەوێ و ئەندام و لایەنگرانی دەنگیان بۆی داوە نەك ئەوەی پارتی بۆی دیاری دەكا!

‎لەوانەیە و هەقی خۆشیانە، پارتی بڵێن یەكێتی بە 21 كورسییەوە داوای پۆستی زۆر دەكات و گۆڕانیش بە 12كورسییەوە پۆستی زۆری بردووە ئەی چی بۆ خۆمان دەمێنێتەوە؟ بێئاگا لەوەی هەریەك لە پۆستە گرنگ و سیادییەكانی وەك (سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان) بارتەقای ژمارەیەكی زۆر لە وەزارەتەكانن و دەبێ پارتی لەوە تێبگا كە وەرگرتنی ئەو هەموو پۆستە سیادیە بەیەكەوە بەرامبەرە بە دەستبەرداربوون لە ژمارەیەكی زۆر لە وەزارەتەكان و ئەگەریش پارتی هەر دەیەوێ زۆرترین پۆستی وەزاری لەلابێ، دەكرێ وەك بژارەیەكی تازە و ئەگەر كێشە بۆ ناوخۆی پارتی دروست نابێ، بابەتی سەرۆكی هەرێم و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم وەلابنێن و هەڵیبگرن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان! 

‎یانیش لە باشترین حاڵەتدا، هەرسێ سەرۆكایەتییەكە لەنێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان دابەش بكرێ و پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی، سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی و سەرۆكی پەرلەمان بۆ گۆڕان، بۆ دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكانیش دەكرێ خاڵبەندی بكرێتە بنەمای دابەشكردنی پۆستەكان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە