تورکیا خیانەتکارە یان گەمەکارێکی ستراتیجی؟

20-09-2014
د. هاوڕێ مەنسوور بەگ
نیشانەکردن تورکیا ، داعش
A+ A-

نزیکبوونەوەی داعش لە هەولێر و مەترسییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆربەمانی راچڵەکاند.

یەکەم شت کە هاتە خەیاڵی هەر تاکێکی کورد لە کاتی نزیکبوونەوەی داعش لە هەولێر، ئەوەبوو کە تورکیا وەک بیلبیلەی چاوی خۆی ئەو ئەزموونەی ئێمە دەپارێزێ و، مەحاڵە رێگابدات چەتەکانی داعش لەو پایتەختە تازە لەدایکبووەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بووەتە شادەماری ئابووریی تورکیا و کۆمپانیا تورکیەکانی نەوت و پیشەسازییەکانی دیکە و بە بلیۆنان دۆلار سەرمایەگوزارییان تێدا کردووە، نزیک ببێتەوە. هەولێر ئەو ئاسۆ روونەی تورکیایە کە بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا، ئاسایشی وزەی پڕ لە هەستیاریی ئەنقەرە دوور لە هەیمەنەت و دێوەزمەی رووسیا و ئێران مسۆگەر دەکات. بێ زیاتر چوونە ناو پێشەکی و تیشک خستنە سەر گرنگیی پێگەی کوردستان بۆ تورکیا و بەڵگە هێنانەوە بۆ ستراتیجیبوونی پەیوەندیی ئاڵۆزی کوردستان و تورکیا، جێی خۆیەتی هەندێک لەو هۆکارانەی بوونە هۆکاری دوورکەوتنەوەی ئەنقەرە لە هەولێر لەو سات و کاتە ناسک و چارەنووسسازەدا باس بکەین. 

سەرەتای مانگی تەمموز، کاتێک داعش پەلاماری شاری (مووسڵ)ی دا، یەکێک لە دەستکەوتەکانی داعش لەو پەلاماردانە بریتی بوو لەو 49 بارمتە تورکەی کە لە کونسوڵگەریی تورکیا بەدیل گیران، لە ناویشیان کونسوڵی گشتیی تورکیا و راوێژکاری دێرینی ئەردۆغان، ئوزتورک یەلماز. حکومەتی تورکیا هەر زوو رایگەیاند کە ئازادکردنی ئەو بارمتانە و بەسەلامەتی گەڕانەوەیان بۆ باوەشی خێزانەکانیان، لە گرینگترین ئەولەویاتی دەوڵەتی تورکیایە. بەدیلگرتنی کارمەند و دیپلۆماتکارەکانی تورکیا و رووداوەکانی دەستبەسەرکردنی دیل  لەم شەڕەدا، دیمەنی ئەو 66  دیپلۆماتکارەی ئەمەریکای خستینەوە یاد کە لەلایەن (ئێران)ەوە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری 1979 لە تاران دەستبەسەر کران.

ئەودەم، ئەمەریکا بە هەموو هێزو توانای خۆی تەنها دوای 444 رۆژ توانی ئازادیی بۆ بارمتەکان دەستەبەر بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ کەناری ئارام. بێگومان ئەمەریکا بە درێژایی ئەو ماوەیە ئەوپەڕی نەرمونیانی دەنواند لە بەرامبەر هەموو گەڕوگیڤەکانی ئیسلامییە خوێن گەرم و سەرەڕۆکانی تاران و بەهەموو شێوەیەکیش هەوڵی دەدا خۆی لە هەر شێوازێکی ئیستیفزازکردنی تاران بپارێزێت، تا نەبێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی بارمتەکانی. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێران-عێراق لە ساڵی 1980، ئەمەریکا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا بێلایەنی خۆی بپارێزێت و هیچ پەیامێکی دوژمنکارانە بۆ ئێران نەنێرێت کە دیسانەوە ببێتە مایەی ئازار گەیاندن بە بارمتەکان و پڕۆسەی ئاڵۆزی دانوستاندن بۆ مسۆگەرکردنی ئازادکردنیان.

مەبەست لێرە بەراوردکردنی داعش و ئێران نییە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دڕندەیی داعش و نەبوونی کەناڵی دیپلۆماسی و پێوەندیکردن لەگەڵی، داعش لەگەڵ هیچ هێزێکی دڕندەی ئەو سەردەمە ناشوبهێندرێت و وێنا ناکرێت. داعش تەنانەت لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەش بەراورد ناکرێت. بۆیە ئەرکی سەرشانی تورکیا بۆ مسۆگەرکردنی ئازادکردنی بارمتەکانی خۆی زۆر لە ئەرکی ئەمەریکای 1979 ئاڵۆزتر و مەترسیدارترە.

لەلایەکی دیکەوە، رووداوەکانی داگیرکردنی مووسڵ کەوتنە ساتە وەختێک کە هاوتەریب بوو لەگەڵ هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی. هەروەها ئەمە یەکەمین هەڵبژاردن بوو لە مێژووی تورکیا کە سەرۆککۆمار راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت. لە هەمان کاتدا بە هەموو پێوەرەکان هەڵبژاردنێکی سەنگی مەحەک بوو بۆ ئەردۆغان. دەکرێت لێرەدا تیشک بخەینە سەر چەند هۆکارێک: یەکەم، لاوازبوونی حیزبەکەی ئەردۆغان پاش ئاشکرابوونی چەند گەندەڵیەکی ئاڵۆز کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی گەورە و بێ وێنەی لێکەوتەوە و حوکمی ئەردۆغان و ”ئاک پارتی“ هەژاند.

دووەم، بەهێزبوونی بزووتنەوە بەرهەڵستکارە لاوەکان دژ بە بڕیارەکانی شارەوانی ئیستەنبوڵ کە توانییان سەدان هەزار لاو بخزێننە سەر شەقامەکان و لەکەدارکردنی ئەردۆغان و پارتەکەی و ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی ئیستەنبوڵ و سازدانی یاخیبوونی مەدەنی لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی تورکیا. سێیەم، هاتنەپێشەوەی کاندیدێکی لاوی کورد بۆ پێشبڕکێی سەرۆک کۆماری و دڵەڕاوکێ خولقاندن بۆ ئەردۆغانیەکان کە لەوانەبوو ئەو دەنگانەی لە باکووری کوردستان پاش پرۆسەی ئاشتی و سەردانە مێژووییەکەی بارزانی بۆ ئامەد بەدەستی هێنابوون، بخزێنە هەگبەی سەلاحەدین دەمیرتاش.

ئەو هۆکارە مەترسیدارانە باری ئەردۆغان و حکومەتەکەیان لار کرد بە جۆرێک کە ئەگەر راستەوخۆ بەشداربن لە پێکدادانی نێوان هەولێر و دەوڵەتی تیرۆرستی ئیسلامی، ئەوا بێگومان سەری 49 کارمەند و دیپلۆماتکارەکانی تورکیا بە چەقۆی بێ بەزەیی داعش دەپەڕێ. بۆ نموونە، لە حاڵەتی کوژرانی دیپلۆماتکارەکاندا، خاڵێکی بەهێز دەکەوتە دەست نەیارانی ئاکەپە و ئۆپۆزسیۆنیش وای لەخەڵک دەگەیاند کە حکومەتەی ئەردۆغان ناتوانێت پارێزەری گیانی هاووڵاتیانی بێت و شایەنی دەنگی هیچ هاووڵاتیەکی تورکیا نییە.

سەربڕینی 49 کارمەند و دیپلۆماتکار و کونسوڵی گشتیی تورکیا لە ساتی هەڵبژاردن، قێزەونترین دیاری دەبوو، پارتی فەرمانڕەوا پێشکەشی دەنگدەری تورکی دەکرد و زێڕینترین دەرفەتیش دەبوو بۆ نەیارانی ئاکەپە تا عەرشی ئەو ئەردۆغانە بلەرزێنن کە تا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێکی نەدۆڕاندووە. تێکڕای ئەو هۆکارانە بوونە هۆی کەمبوونەوەی کارتەکانی دەست ئەردوغان بۆ گەمەکردن لەگەڵ دۆخی مەترسیداری هەولێر. 

ئەگەر بابەتیانە سەیری پرسی بەهاوار نەهاتنی ئەنقەرە بۆ هەولێر بکەین، پێویستە بپرسین: بۆ دەبێت تورکیا ئەو ریسکە گەورەیە بە بارمتەکان و بە ژمارەی دەنگدەرانی بکات؟ کاتێک ئەمریکا بە خێرایی پاراستنی هەولێر و بەرژەوەندیی سەرجەم هاوپەیمانەکانی بە تورکیاشەوە خستە ئەستۆی خۆی، ئیتر لەو کاتە ناسکەی تورکیا پێی دەگوزەرا، کاریگەریەکی ئەوتۆی نەدەبوو. پێموایە کە پاراستنی هەولێر بۆ تورکیا گرنگە. ئەگەر تورکیا چەند جارێک بەڵێنی پاراستنی (کوردستان)ی لەم چەند ساڵەی دواییدا دابێت، ئەمجارەیان بەبێ دەستێوەردانی سەربازی هەمان ئەنجامی پاراستنی (هەولێر)ی دەستکەوت. لە هەمان کاتدا، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و (ئەردۆغان)یش بوو بە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی تورکیا و گیانی بارمتەکانیش تا ئێستا پارێزراوە.

دەستێوەرنەدانی تورکیا لە شەڕی هەولێر و چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بێگومان زەنگێکی وشیارکردنەوەی مەزنە بۆ کورد، کە ئاسایشی نەتەوەییمان نابێت لەسەر پاڵپشتی هیچ وڵات و لایەنێک بونیادبنرێت. ئەگەر بۆ ئێمە دەستێوەرنەدانی تورکیا خیانەت و نا ئومێدی و بێ هەڵوێستیی ئەنقەرە بێت، بۆ سیاسەتمەدارانی تورکیا حیکمەتێکی گەورە بوو. ئەنقەرە بێ هیچ سەرئێشەیەک ئامانجی ستراتیجی خۆیان پێکا، کە بریتی بوو لە ئیستیفزاز نەکرنی داعش و پاراستنی هەولێر لە یەک کاتدا. هەر لایەنێکیشمان (هەولێر و ئەنقەرە) لە هەمبانەی خۆی گوێز دەژمێرێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە