حیزبی دەعوەی ئیسلامی كە لە ساڵی 1957 دامەزرا، نزیكەی 50 ساڵی پێچوو ئینجا لە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنی قەدەغەكراوەوە بووە پارتی دەسەڵاتدار، بەڵام دوای 13 ساڵ لە مانەوەی لە لووتكەی دەسەڵاتێكی ئیفلیج و شكستخواردوودا و لەنێو قەیران و ململانێیەكی توندی نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، وا خەریكە خۆری دەسەڵاتی بەرەو ئاوابوون دەچێت، ئەوەش دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا و لە گۆڕانكارییەكی دراماتیكیدا هەردوو هاوپەیمانی سائیرون (موقتەدا سەدر) و فەتح (هادی عامری) لەسەر هێڵە گشتییەكانی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و سەرئەنجام پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق جۆرێك لە لێكتێگەیشتنیان نواند.
دەبێت مەسەلەی دووركەوتنەوە یاخود دوورخستنەوەی حیزبی دەعوە لە جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی عێراق، لەسەرووی هەمووشیانەوە لە پۆستی سەرۆكوەزیران، لە سێ رەهەندەوە لێكدانەوە و شیكردنەوەی بۆ بكرێت، یەكەمیان تێڕوانینی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان و دووەمیان رەهەندی ناوخۆیی و ئەوی تریشیان رەهەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە.
مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە نەجەف لەدوای 2003 وە قسەی یەكلاكەرەوەی هەیە لە تەواوی بابەتە سیاسییەكانی عێراقدا، زۆر جار یەك فەتوای سیستانی كە لەڕێی مەهدی كەربەلایی گوتەبێژییەوە پەخش دەكرێت، هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق تەواو سەرەوژێر دەكاتەوە. لەچەند رۆژی رابردوودا ئەو مەرجەعیەتە كۆمەڵێك مەرجی قورسی دانا بۆ ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆش تەواوی ئەو كەسایەتییانەی رەتكردەوە كە پێشتر تاقیكراونەتەوە، ئەوەش گورزێكی كەمەرشكێن بوو لە حیزبی دەعوە و چەند لایەنێكی تری شیعەكانیش، بۆیە فاكتەری مەرجەعیەت رۆڵی گەورەی هەبوو لەوەی دەبێت جۆرێك لە تەوافوقی سیاسی نوێ دروست بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، جیاواز بێت لەو رێكارانەی لە 13 ساڵی رابردوودا تاقیكراونەتەوە، ئەوەش رەنگە بە بەلاوەنانی هەژموونی حیزبی دەعوە كۆتایی بێت.
لەسەر ئاستی نێوخۆش، ئەو دەسەڵاتەی ماوەی 13 ساڵە بەشێوەیەكی سەرەكی لەلایەن دەعوە-وە بەڕێوەدەبرێت، بە هەرسێ باڵەكەی جەعفەری و مالیكی و عەبادییەوە، مۆدێلێكی تایفەگەری و شكستخواردووی دەسەڵاتی نیشانی عێراقییەكان دا، مۆدێلێكی ئەوەندە خراپ كە خەڵك بەهۆیەوە بەناچاری خۆزگەیان بە دەسەڵاتەكەی سەدام حوسێن دەخواست، لەو 13 ساڵەدا پێكدادانی نێوان پێكهاتەكانی عێراق گەیشتە ئەوپەڕی و شیعە و سوننە و كورد بوون بە دوژمنی یەكتر، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو پێكدادان و ململانێی سەخت خودی شیعەكانیشی گرتەوە، بۆیە گۆڕینی ئەو چەشنە لە دەسەڵات بووەتە پێویستی و داواكارییەكی جەماوەریی عێراقی.
لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش، ململانێی سەختی نێوان ئێران و ئەمریكا لەلایەك و توركیا و سعودیە و قەتەر و چەند لایەنێكی دیكە لەلایەكی تر لەسەر خستنە سەر دەسەڵاتی ئەو كەس و لایەنانەی سەر بە هەر یەكێك لەو وڵاتانەن، رەوشێكی ئەوەندە سەخت و قەیراناوی لەدوای هەڵبژاردنەكەی 12 ی ئایارەوە دروستكردووە كە ئەستەمە هەروا بەئاسانی حكومەت لەنێو ئەو كێشمەكێشەدا پێكبهێنرێت و زۆر كەس پێیوابوو عێراق بەرگەی ئەو دۆخە ناگرێت و دوور نییە لەو نێوەندەدا بپچڕێت، بۆیە هەر پێویست بوو هەردوو لایەنی سەرەكی جەمسەرگیرییە ئیقلیمیە- نێودەوڵەتییەكە، ئێران و ئەمریكا، بەجۆرێك لە جۆرەكان لەسەر داڕشتەیەكی هاوبەشی پەیوەست بە دەسەڵاتی داهاتووی عێراق رێكبكەون، چونكە ئەگەر لایەنگرانی تەوەری ئێران حكومەتی نوێی عێراق پێكبهێنن، لایەنگرانی تەوەری ئەمریكا هەوڵی شكستپێهێنانی دەدەن، پێچەوانەكەشی راستە، بەوجۆرەش عێراق لەنێو هەمان بازنەی بەتاڵی 13 ساڵی رابردوودا دەخولایەوە و زیاتر دەبووە فاكتەرێكی ناسەقامگیری لەم ناوچە هەستیار و روو لە گۆڕانكارییە گرنگەدا، بۆیە چارەسەری مامناوەند و لۆجیكی ئەوەیە كە هەوڵ بدرێت حكومەت لە لایەنگەلێكی جیا لەو داڕشتانەی پێشوو پێكبهێنرێت و لایەنگرانی هەردوو تەوەرەكەی تێدابێت. ئەوەش وا دەخوازێت دوو لایەنی سەرەكی وەكو سائیرون و فەتح پێكهێنەری سەرەكی حكومەتەكە بن، كە رەنگە دواتر بەشێوەیەكی پەراوێزئامێزانە لایەنگرانی عەبادی و مالیكیش بەشداری تێدا بكەن.
بەپێی نوێترین زانیاریش، مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لایەنگری ئەوەیە سائیرون و فەتح كۆڵەكەی حكومەتی داهاتووی عیراق بن و كوردیش هاوبەشێكی كارابێت. لەوانەیە هەر ئەوەش پاڵی بە عەبادییەوە نابێت لە دوایین لێدوانیدا بڵێت: "دەست بەكورسیی دەسەڵاتەوە ناگرم و پابەندی رێوشوێنە دەستوورییەكانی پێكهێنانی حكومەت و رێنماییەكانی مەرجەعیەتی ئاینی دەبم"، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، ئاخۆ حكومەتێك كە كەرەستە خاوەكانی هەمان ئەو كەرەستانە بن كە 13 ساڵە ڤایرۆسی گەندەڵی و تایفەگەری و لەخۆباییبوون لەنێو سەرتاپای جەستەیاندا تەشەنەی كردووە، دەتوانێت بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی خۆی چارەسەر بكات و تەندروستانە ئەركەكانی راپەڕێنێ و مەینەتیی عێراقییەكان كەم بكاتەوە؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ