هەر لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و لەدایكبوونییەوە لە هەناوی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا تا بە ئەمڕۆ دەگات، هەمیشە ئەم دوو حیزبە پەیوەندییەكانیان لە هەڵبەز و دابەزی بەردەوامدا بووە، بە جۆرێك یان تەواو لەیەك دوور بوونە، یانیش تەواو لە یەك نزیك بوونە.
شاراوە نییە كە بنكەی جەماوەری ئەم دوو حیزبە تێكەڵەیەكی جیانەكراوەیە و ئەستەمە بتوانرێ بە وردی لەیەك جیابكرێنەوە، هەر بۆیەشە دەبینین لە هەڵبژاردنەكاندا ئەم دوو حیزبە ئەوەندەی یارییان بەدەنگی یەكتر كردووە، نەیانتوانیوە نیو ئەوەندە كاریگەری لەسەر دەنگی لایەنەكانی دیكە دابنێن.
با واز لە ململانێ بێنین و نەگەڕێینەوە بۆ رابردوو، بەڵكو تیشك بخەینە سەر پەیوەندی و نزیكیی گۆڕان و یەكێتی لەم دواییەدا و كاریگەرییان لەسەر دۆخی كوردستان.
ئاشكرایە و ناشاردرێتەوە كە لە هەندێ كات و ساتدا، بە تایبەتی لە پەرلەمان، دەتوانرا نزیكیی ئەم دوو لایەنە زۆر شت بە قازانجی ئەم میللەتە بچەسپێنێ، بەڵام بەداخەوە نەكرا، كە دیارە ئەمەش هۆكارگەلی خۆی هەیەو هەریەكە پەتەكە بەلای خۆیدا رادەكێشێ و خەتاكە دەخاتە ملی ئەوی دی.
پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم و هەمواركردنەوەی یاساكەی و پێشكەشكردنی پرۆژە لەلایەن (یەكێتی و گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو، و هاوسۆزبوونی هەندێ برادەری یەكێتی لەگەڵ گۆڕان تا ئاستی دەستبەرداربوون لەوەی كە سیستەمی پەرلەمانی تێزی یەكێتییە و دۆزینەوەی هاوبەشی وەك گۆڕان بۆی، زۆر لە هاوكێشەكانی ئاوەژوو كردەوە، بەرادەیەك كار گەیشتە ئەوەی باس لە یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان دەكرا و پەیوەندی و سەردانەكانی نێوانیان وەك كوورە گەرم بوو، زۆر كەس خەونی گەورەیان لەسەر بنیات نا، بە تایبەتی بنكەی جەماوەری هەردوولا ئومێدی زۆریان بەم نزیكبوونەوەیە هەبوو.
جەولەیەكی دیكەی دانوستاندنەكانی ئەم دواییەی یەكێتی نیشتمانی كە لەگەڵ لایەنەكان دەستی پێكردەوە و كۆبوونەوە هاوبەشەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی و راپۆرتەكەی كەناڵی KNN و وەڵامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و وتارە یەك لەدوای یەكەكانی هەڵسوڕاوانی گۆڕان دژی یەكێتی، خەریكە ئەم پەیوەندییانەی نێوان گۆڕان و یەكێتی تێكدەدات و وەك جاران بەرەو شەڕی راگەیاندن دەڕۆنەوە.
ئەوەی زۆر لای من سەیرەو دەمەوێ قسەی لەسەر بكەم، هەڵوێستی هەندێ برادەری گۆڕان و ئۆرگانە میدیاییەكەیانە، بەجۆرێك هەر كاتێك هەڵوێست و بۆچوونەكانی یەكێتی لە گۆڕانەوە نزیك بێ، ئەوا یەكێتی لە بەرەی گەلە و هەر هەنگاوێكی تری پێچەوانەی ئەوە رێك یەكێتی دەخاتە بەرەی دز و گەندەڵكاران و مافیاكانی كوردستانەوە.
گەرەكمە بپرسم و عەوداڵی وەڵامەكەشم، ئەرێ هیچ یەكێكتان رۆژێك بینیوتانە لەبارەی كۆبوونەوەكانی پارتی و گۆڕان (بەتایبەتی ئەو كاتانەی بەیەكەوە دەیانگوت ئێكەتی نەماوە) راگەیاندنی یەكێتی راپۆرتێكی بێ بنەما بكات و گۆڕان بەوە تۆمەتبار بكا كە چووەتە بەرەی دز و گەندەڵكاران، یان دژی خواستی ئەم میللەتەیە؟ ئەی گۆڕان بۆ وا دەكا؟ دەبێ برادەرانی گۆڕان لێیان تێكچووبێ یان نەزانن كە یەكێتی حیزبێكی جیایە لەوان و هەرگیز نابێ نە وەك ئەوان و نە وەك پارتی بیر بكاتەوە.
لە بەرامبەر ئەو هەموو هەڵمەتەی برادەرانی گۆڕان و تاوانباركردنی یەكێتی بە زۆر شت، ئەوەی سەیرە راگەیاندنی یەكێتی و كادیرانی یەكێتین كە زۆر بێدەنگن و نایەنە وەڵام، یان دەتوانم بڵێم راگەیاندنی یەكێتی نەیتوانیوە وەك راگەیاندنی گۆڕان بەهێز و كاریگەر بێ كە بێگومان ئەمەش كێشەیە و دواجار بە زەرەری یەكێتی كۆتایی دێ.
ئەوەی گەرەكمە لە كۆتاییدا بیڵێم، ئەوەیە وەك چۆن تا ئێستاش جەلالی و مەلایی ماوەو هەر بەردەوامە، بە بڕوای من هەرگیز یەكێتی و گۆڕان ناتوانن ببنەوە بە یەك هێز و یەك بیروبۆچوونیان هەبێ لە بارەی بابەتەكان، بۆیە نزیكبوونەوەی هەردوولایان لەیەكتر بە ئامانجی بەكارهێنانی ئەوی دیكە بووە لە دژی نەیارەكەی، بە تایبەتیش برادەرانی گۆڕان ویستیان بە پارتی بڵێن كە ئێمە و یەكێتی بەیەكەوە دەتوانین زۆر شت بكەین و ئێوە دووربخەینەوە لە شتەكان، (لە راستیدا ئەگەر راشكاوانە یەك مەبەست و ئامانجیان هەبووایە دەیانتوانی زۆر شت بكەن، بەڵام بەداخەوە وادەرنەچوو).
ماوەتەوە بڵێم ئەوانەی تا دوێنێ خەونی گەورەیان لەسەر یەكگرتنەوەی گۆڕان و یەكێتی بنیاتنابوو، ئەمڕۆ خەونەكەیان نەزۆك بوو، چونكە هەر ئەو گۆڕانە بوو لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتدا تەنیا حەزی لەو وەزارەتانە بوو كە لای یەكێتی بوون و دەسەڵاتەكانی خۆشیان هەر لە دژی یەكێتی بەكاردەهێنا و ئەمڕۆش كە لەگەڵ پارتی لێیان قەوماوە و پەیوەندییان تێكچووە، دەیانەوێ یەكێتی بەكاربێنن و گەر یەكێتیش نەچێتە ژێر باریان، ئەوا دز و مافیا و خیانەتكارن، بێ ئاگا لەوەی هەر ئەو شوێنەی ئێستا یەكێتی كۆبوونەوەی لێ دەكا لەگەڵ پارتی، كاتی خۆی ئەوان لەوێ لەگەڵ پارتی پێكڤە دەیانگوت ئێكەتی نەماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ