ئەوەنەی بیرم بێت و بیرمە، خوێن و کردار لام تێکەڵن و لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەوەی کە کامیان و کامیان بەردەوامن و چین و چۆن ئەمێنن ، ئەژیم و بیرەکەمەوە !!!
تائێستاش مێشکم پێوەی مەشغولە، وام ئەزانی ڕەنگە وەک سەرەتا و دواییش هیچ کاریگەریەکی لەسەر هەردوکمانەوە نەبێت و ئەگەر هەشی بێت ئەتوانین پشتگوێی بخەین، بەڵام نەخێر، نەک ڕۆڵی خراپ و باشی بەسەرمانەوە هەیە، بەڵکو شێوەی بیرکردنەو ەو هات و چۆ و تەنانەت سەردانەکان و خوێندن و ئیش و کار و شوێنی ژیانیشمانی لەسەرە، ئینجا وەرە مناڵەکانمان، کەواتە رۆڵی هەیە لەسەر مناڵ بونیش، مانای وایە ژیانیش لە دروست بونی نێرگزەوە بۆ بارینی بەفر... !
لەم وڵاتەی خۆماناو دەوروپشتیشمانا ئەم دوو شتە هەمیشە هەر تێکەڵ بون و بونەتە جێی پرسیاری زۆرمان بەتایبەتی ئەوانەی کە دەست بە کڵاوی خۆیانەوە ناگرن و وەڵامیان ئەوێت بۆ پرسیارەکان..، بەڵام سیاسەت و دین هەمیشە دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی ئامادە کردەوەو بڕیاری لێداوە، تەنانەت زۆریانی کردەو بە خۆشەویستی خوا و میللەت، بە پێی بەرژەوەندیەکانی سات و سەردەم سەرپشک بون، خەتی سور هاتۆتە کایەوەو دەرەنجامی باش و خراپ لەوێوە سەرهەڵئەگرن ...
لە مناڵیا هەمیشە ئەمانوت خوێن شەرتە و لە بەرەنجامی کردارەوە دێت، واتە وەک سوڵتانان ئەڵێن ئەگەر بتەوێت ببیتە سوڵتان دەبێت سوڵتانی لەخوێنتا بێت، دەشبێت ئازابیت و خاوەن کردار بیت.. واتە ئەگەر بتەوێت بە بەردەوامی ناو و ناوبانگت هەبێت و لە ناوداران بیت، خوێن و کردارت پێویستە ... سوڵتانی دەبێت لە خوێنتا بێت! وەک چۆن فیرعەونی لە خوێنا بوە.. زۆر مێشکی مەشغول کردبوم، ئەمە چیە؟ چۆن لە خوێنا ئەی چی لە خوێنا بێت !
کاتێک لە مناڵیشا وا بڵێین، مانای وایە، وا خراوتە مێشکمانەوەو پێی پەروەردە کراوین، بۆیە کاتێک لەگەڵ ئەم وشانەیا گەورە ئەبین، بەو قوڵیە لێی تێ ناگەین، بەڵکو ئەوەی بەدڵمان نەبێت بەکردار خوێنی لێ دێنین، ئەگەر بە لوت شکان بێت یان دان شکاندنێک بێت یان برینارکردن بە چەقۆیەکی تۆڵە بێت یان کوشتنی دوژمنێک بێت ...
نەگبەتی و ناشکوریش نەبێت لای ئێمەی کورد، کردار لە بەرەی دژایەتی ناوخۆ و جەنگ و هەڕەشەو گوڕەشەو بەرەنگار بونەوەی دوژمن وخوێن ڕشتن و بە کردارکردنی ژێر کەوتن و سەرکەوتن، هەمو خەو و خەیاڵ و ڕاستی لەسەر دروست بوەو دەبێت ... زۆر بڕوام وایە لەم ڕۆژگارەیاو پیداویستیە سەربازی و سیاسیەکانیا کردار و خوێن جیان، کردار مەرج و کات و شوێن و کەسایەتی و پێداویستی خۆی هەیە، بەڵام خوێن سادەیەو لە چ بنەچەیەکی، دەبیتە فیرعەون و سوڵتان پرسیار و وەڵامەکەیەتی؟
کردار: مەرج و داواو سەرەنجام و بەرهەمی هەیە
مەرجە،بۆ و بە چ شێوەیەک بەکار دێت و چی ئەکات و سەرەنجامی چیە و لە چ بیرکردنەوەیەکە سەر هەڵدەدات و لە پێناو چیا کردار کردەوەیە.
داوایە،داوای کێ، کەی، بۆ؟ بیرکردنەوەی وردی سەرکردار و هەڵبژاردنی ڕێگە کردار، وەڵامن بۆ داوا، کەواتە کردارەکانی لەسەر چ بنەمایەکن کە لەسەرەنجامی داواوە یەن.
سەرەنجامە، لە چیەوە هەڵئەقوڵێ و چۆن ئەمبەرو ئەوبەر ئەکات و بە چی ئەگات و لە کوێوە هاتوەو بەرەو چی ئەڕوات چی وای کردوە ببێتە هۆی سەرهەڵدان و دروست کردن و گەیشتن .. بە مانای وشە چین وا ئەکەن کردار سەرەنجام بێت... بیرکردنەوەی پشتیەوە... فەلسەفەی ناسینی کردار و تێگەیشتنی هەنگاو.
بەرهەمە، کەی ئەگات و ئەیگەیتێ، بەچی ئەگەیت و چیت بەسەر یەت، بۆ کوێ و چی ڕوئەیات و ئەیگەیەنیتە چی و ئەگاتە چی و چی ئەخاتە ڕوو و دوا پرسیار و ئەنجام: تام چیە؟
کەواتە کردار کەی شەرتە، بۆ ئەم شەرت بونە چی ئەیکات بەشەرت، پەیوەستە بە ڕۆژ و بیرکردنەوەو کەسایەتیی و هەنگاوەکان و سەرەنجام و بەرهەم مەرج و داواکانەوەیە، بەڵام ئەمە تەنیا نیە ..
چ کردارێکە و خاوەن کردارێک لەم وڵاتەی منا ئەتوانێ کردار شەرت بێت و سەرەنجامی شەرتی کردار بەرهەمی لێ بچێنێتەوە بە بێ خوێن؟
بە بێ خوێن مەبەست لە خوێن ڕشتن نیە.. من هیچ کاتێک نامەوێت و ڕقیشم لە خوێن ڕشتنە بۆ بەرهەم و شەرتی کردار
ئەو خوێنەی من باسی ئەکەم لە سەدەی بیست و یەکا، خوێنی گەورە بونە، خوێنی ناو لەش و شادەمار و مولولەی خێزانی کەسایەتی ئەم وڵاتەیە. خوێنی تازەو کۆن و نوێبونەوەی خێزانێک یان دوان و سیان و ....ی ئەم وڵاتەیە.
خوێنێکە کە کرداری زۆر نیە .. خوێنێکە دەسەڵاتی زۆرە بە پێچەوانەی یەکەمەوە کە کرداری زۆرەو دەسەڵاتی کەمە
خوێنێکە لەخوێەوە فێر ئەبێت و کۆمەڵێک باز ئەیات و دەرگا داخراوەکان بۆی کراوەن
خوێنێکە خوێنی خۆی نیە، لە مێشکا نیە .. لە کردارا نیە..، خوێنی هێزی خێزانیە... لە پێکانایا
خوێنێکە کە هەمیشە فرێشە و مانو نابێت
سەردەمانێک کردار مەرج بون و نمونەمانان زۆرە، پاشان شتێک گۆڕاو خوێنیش هاتە ناویەوە، بەڵام هەر باڵانسێک تا ڕادەیەک هەبوو، بەڵام ماوەیەکی زۆرە کردار لە قاموسدا هێنراوەتە دەرەوەو خوێن باڵی بەسەر هەمو شتێکا کێشاوە. زۆر سورە، هەڵمی لێ هەڵەسێت، نەمەییوە، ئیشی خۆی ئەکات، خوێن لە هەمو جومگەکانا دەڕوات و ئەیانجوڵێنێت.
کەواتە شتێکی سەیر نەبێت کە کردار بێ خوێن ناگات بە هیچ لەم وڵاتەی لەمەڕ خۆمان
بەڵام ئەوەش دەبێت ڕون بێت لە هەموان، خوێنی بێ کردار هەتا هەتا بڕ ناکات تەنانەت فیرعەونیش نەیتوانی.
نمونەی تریش زۆرن، هیچ جیاوازیشمان نیە لەگەل ئەو نمونانەدا، باوی ئەوە نەماوە بڵێین زروف و خەڵکی ئێمە جیاوازن
خەڵکی ئێمەو زروفمان جیاواز نیە، بەڵکو ئارامن و بڕوایان بە دواڕۆژ هەیەو بڕوایان بە گۆڕانکاری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ