كوردستان لە دۆخێكی قەیراناویی ئێجگار خراپدایەو ئاماژەی خراپتر هەیە.
وێڕای قەیرانی ئابووری و كێشەی مووچە و راوەستانی زیاتر لە پێنج هەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری، قەرزاربوونی حكومەت بە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار، پەكخستنی پەرلەمان و گرفتی سەرۆكایەتی هەرێم، هاووڵاتیانیش متمانەیان بەم حكومەتە تەواو لاواز بووە.
دامەزراوەكانی چاودێری و دادگاكان تەواو لاوازن، دەیان بەڵگە لەسەر گەندەڵی، دیارنەمانی پارەی نەوت و بردنە دەرەوەی پارەی عێراقی بۆ توركیا لەلایەن بەرپرسانی كوردەوە بڵاودەكرێنەوە، نە هەڵوەستەی لەسەر دەكرێت و نە بڕیاری پێ وەردەگیرێت!
ئاماژەكان، خراپتر دەڵێن، ناكۆكی و شەڕ لە توركیا و وەستاندنی هەناردەكردنی نەوت لە كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان بۆ ماوەیەكی زۆرتر، ئەگەری داخستنی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بەهۆی شەڕ، دەبێتە هۆی گرفتی گەورە، لەلایەك نەمانی پارە و لەلایەكیش گرانبوونی نرخی كاڵا.
تەنانەت ترسی ئەوە هەیە كە كوردستانی باشوور تێوەبگلێت لەم شەڕ و ناكۆكیانەی باكوور و توركیادا بەگشتی كە زۆر قورسە خەڵكی كوردستان لەتەك بێمووچەیی و قەیرانی ئابووریدا، دووچاری دۆخێكی دیكەی نەخوازراو ببێت.
پارتی و گۆڕان، دادەنیشن؟
پارتی و گۆڕان، وەك دوو هێزی سەرەكی لە كوردستاندا كە هەردووكیان خاوەنی دوو ناوەندی قەراری بەهێزن، ناكۆكیی نێوانیان رێگاخۆشكەر بوو بۆ دروستبوونی ئەم دۆخە.
پارتی، دڵنیایە لەوەی كە ئەم دۆخەی دروستی كردووە بەرامبەر بە گۆڕان، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان متمانەیان بە حكومەت و یاسا نەمێنێ، ناشیەوێت چاكی بكات لەبەر ئەو غروورەی كە خەریكە هەموو كورد باجەكەی دەدات.
گۆڕان، نایەوێت لەگەڵ پارتی دابنیشێت، لەبەر دوو هۆكار، فایلی دەستی گۆڕان دوو دۆسیەی تێدایە، یەكەمیان: چاكسازی دارایی و كارگێڕی و دواتر دروستكردنی ژێرخانی ئابووری. دووەمیان: چاكسازی لە سیستمی سیاسیدا.
گۆڕان، پێیوایە ئەم دوو بابەتە شایانی گفتوگۆن، گفتوگۆی ئەم دوو بابەتەش لە غیابی پەرلەماندا ناكرێت.
بەدرێژایی كاركردنی رابردووم لە گۆڕاندا و ئەو چەندین دانیشتن و گفتوگۆیەی لەگەڵ كاك نەوشیروان و لەنێو گۆڕاندا بەگشتی كردوومانە، لەیەك شت دڵنیابوومەتەوە، هۆكارێكی سەرەكی ئەو ناكۆكیانەی نێوان گۆڕان و پارتی، وەهم و زانیاریی هەڵەیە كە لای پارتی دروستبووە، لەوانە:
گۆڕان دژی بنەماڵەی بارزانین و دەیانەوێت لە ناوی بەرن!
گۆڕان، دەیەوێت هێزی چەكدار دروست بكات و پەلاماری بارەگاكانی پارتی بدات!
گۆڕان لەگەڵ پەكەكە، رێكدەكەوێت بۆ ئەوەی "راپەڕین" بكات!
كاك نەوشیروان، رقی كۆنی بەرامبەر پارتی لە دڵە!
ئەمانە نەك زانیاری ناڕاستن، بگرە گومانی زۆر خراپ و نادروستن كە پارتییان تووشی هەڵەی گەورە كردووە.
گۆڕان، باوەڕی بەیەك جۆر خەباتە، ئەویش خەباتی مەدەنییە.
گۆڕان، لەم دۆخەدا تەنانەت زۆر رێگای مەدەنیشی تاقی نەكردووەتەوە كە دەیتوانی بیكات، بۆنموونە دەیتوانی بەپێی مادەی 13ی یاسای ئەحزاب دەیان خۆپیشاندان ئەنجام بدات، بەڵام لەبەر شەڕی داعش و هەندێك هۆكاری دیكە پەنای بۆ ئەم رێگا مەدەنییە نەبردووە، چجای پەنابردن بۆ دروستكردنی هێزی چەكدار!
بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، بۆ ئەوەی پەككەوتنی دامەزراوەكان و نەمانی متمانە لەبری ئەوەی بەرەو ماڵوێرانیی دیكە بڕوات بەرێككەتن كۆتایی بێت، دەبێت كاك مەسعود كۆمەڵێك هەنگاوی عەمەلی بنێت.
یەكەم: دڵنیابێتەوە لەوەی گۆڕان ململانێ و ناكۆكی لەگەڵ پارتی هەبووە نەك دوژمنایەتی.
دووەم: دۆخی پەرلەمان و حكومەت ئاسایی بكاتەوە، پارتی دەبێت چاوەڕێی رێككەوتن بكات لەگەڵ گۆڕان نەك گۆڕان بچێتە ریزی پارتی.
سێیەم: رێككەوتن لەسەر سیستمی سیاسی بكرێت و چاكسازیی ریشەیی لە بوارەكانی كارگێڕی و دارایی و بەتایبەت دۆسیەی نەوتدا بكرێت.
چوارەم: لەم قۆناغەدا هاوسەنگی لە مامەڵەدا لەنێوان پەكەكە و توركیا رەچاو بكرێت، لە پێناوی ئابووریی كوردستان.
ئەوكات بەدانیشتنی كاك نەوشیروان و كاك مەسعود و سەركردەی لایەنەكانی دیكەش دەتوانرێت پلان بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و ئەنجامدانی ریفراندۆم و بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی كوردستان بدرێت. ئەگەرنا، دۆخی كوردستان و ئارامیی كوردستان و ئابووریی كوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات، هەرچەندە دڵنیام گۆڕان پەنا بۆ خەباتی چەكداری نابات، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندانی مەدەنی رەنگە یەكێك لە بژارە ناچارییەكانی گۆڕان بێت بۆ دەربازبوون لەم دۆخە.
ئێستا پرسیارەكە ئەمەیە:
پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیار دەدات كوردستان بەرەو كامیان ببات؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ