ژمارە 100ی لیستەكان

23-07-2013
ئاسۆ حاجی
A+ A-
تەماشای لیستەكانم دەكرد و لەناوەكان ورد دەبوومەوە، نازانم بۆ ئەو پرسیارەم بە مێشكدا هات، ئەگەر خەڵك ئەوجارەیان لە بنەوە بۆ سەرەوە دەنگی بە كاندیدەكان دا چ دەقەومێ؟

لە وردبوونەوەم لە لیستەكان سەرنجم بۆ شتێك چوو، هێشتا حیزبەكان وەك دیوەخان تەماشای لیستەكانیان دەكەن، سەرلیستیان لەگەڵ بن لیست جیاوازە، سەرلیستەكان بەناوی ئەو كەسانە پڕكراوەتەوە كە لە دیوەخانیش لەلای سەرەوە دادەنیشن و لە بۆنەكانیش لە ریزی پێشەوە. بن لیستەكانیش ئەوانەن كە مەمنوونی حیزبن لە قوژبنێك جێگایان بۆ بكاتەوە یان لایەنی كەم دڵیان بداتەوە، هەقم بەخۆم دا لە مێشكی خۆمدا پێشنیازێك بۆ حیزبەكان بكەم: بەكارهێنانی حروفی ئەبجەدی باشتر نەبوو؟ بەو كارەش وەك یەك رێزتان لە هەموو ئەو كەسانە دەگرت كە بڕیارە بیانكەنە نوێنەری خەڵك. حیزبەكان بەو كارە دەیانتوانی مەدەنیانەتر خۆیان نیشانی خەڵك بدەن، چونكە ئەوجارەیان هیچ منەتی تێدا نەبوو، ئەمجارە لیست نیمچەكراوەیە و خەڵك جگە لە لیست بۆی هەیە دەنگ بە ناوێكیش بدات، جا رەنگە ئەو ناوە ژمارە 100 بێت، بەڵام پێدەچێت حیزبەكان هێشتا تای لیستی داخراو بەرینەدابن بۆیە سەرلیست گرتن بە ئیمتیازێكی مەعنەوی گەورە دەزانن، لیستەكان ناوەكان و ئارمی حیزبەكان لێكیان جودا دەكاتەوە، بەڵام پێوەری دانانی ناوەكان و ریزبەندكردنیان زۆر دوور نین لە یەكدی و هەموویان پەنایان بۆ چەند جۆرە كەسانێك بردووە كە بە حیسابی خۆیان كەسانی جەماوەرین یان دەنگی زۆریان لێهەڵدەوەرێت. بێگومان لە كۆمەڵگەی كوردەواریشدا سیاسییەكان و منداڵەكانیان و منداڵانی ئاغا و شێخ لەسەرەوەن، كە دەگەیە ناوقەدی لیستەكان قورسایی ئەو تایتلانە كەمتر دەبێت و زیاتر ناوی منداڵە باشەكانی حیزب وەدیار دەكەون. لە خانەكانی بنەوەش خەڵكانێك هەن كە ئەگەر ئەو پێوەرانە نەبوونایە و خزمەتكردن و لێوەشاوەیی پێوەربان دەبووایە لە سەری سەرەوە جێگایان بۆ بكرێتەوە. بەڵام هەموو لایەنەكان جارێكی دیكە لەوە دە رێگایەكی نەریتی حزبە نەریتیەكان دەكەنەوە كە زادەی كولتووری رۆژهەڵاتین و پێوانەی مەزنییان بە پێگەی سیاسیەوە گرێدەدەن و پێگەی كۆمەڵایەتیان بە سەردەر بڵندیی ماڵەكانیان و رێزی سیاسییان بە خانەی سەرەوەی لیستەكانی هەڵبژاردنە .

لە كوردستان زۆرجار و هەندێك جاریش بە رێكەوت شتی باش روودەدەن، تۆ بڵێی ئەو جارەشیان ئەوە رووبدا و بن لیستەكان زۆرترین دەنگ ببەنەوە! ئەگەر ئەوە رووبدا ئەوە ژمارە 100 وەك تابلۆی سێ ژمارەی ئۆتۆمبێل و ژمارە 445ی مۆبایل بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەبەر بەرپرس و منداڵەكانیان و خەڵكی دیكەی هاوشێوە وەبەر كەسی دیكە ناكەوێت .





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە