ساڵێک بەر لە ئێستا رێک لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەگەرای تورکی بە قسەکانی خۆی لە پەرلەمان، قۆناخێکی تازەی لە پرسی نێوان پەکەکە و دەوڵەت دەستپیێکرد کە تائێستاش درێژەی هەیە. قسەکانی ئەو کاتە سەردەوای گرنگی تێدابوون بۆ ئەوەی کە دواتر چی روویدا و دوێنێش، رێک رۆژێک بەرلەوەی ببێتە ساڵێک، لە پەرلەمان قسەی کردەوە و سەرەداوی گرنگی دا لەسەر ئەم پرۆسەی نوێیەی ئێستای تورکیا کە راستەوانە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە ناوچەکە هەیە.
پار چی گوت و ئەمساڵ چی دەڵێت؟
لە راستیدا دەکرێ بەراورد کردنی هەردوو گوتاری سەرۆکی MHP لە 22ی ئۆکتۆبەری پارو ئەوەی 21ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ وەکو دوو دەقی گرنگ سەیر بکرێن بۆ تێگەیشتن لە رەوتی رووداوەکانی پەیوەست بە باسەکانی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە و کاریگەرییە ناوچەییەکانی لەسەر پرسی کورد.
باخچەلی لە قسەکانی ئەمساڵیدا هەبوونی ناکۆکی لە نێوان هاوپەیمانیی دەسەڵات رەتکردەوە کە ئاکپارتی و حزبەکەی ئەو پێکهێنەرە سەرەکییەکەین. رەخنەشی لە پارتی گەلی کۆماری گرتەوە. باسی هەندێک لایەنی کرد کە دەیانەوێ گرفت بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دروست بکەن، بەڵام بەدەر لەوە بەشەکانی دیکەی قسەکانی بۆ باسکردنی قوبرس، غەززە- فەلەستین تەرخانکرد.
لە گوتارەکەی پاردا، دەوڵەت باخچەلی باسی لە "ئەقڵێکی نەتەوەیی و هاوبەش" کردبوو، ئەمساڵیش باسی لە "ئەقڵێکی سیاسی" کردووە کە بنەماکانی رژێم و دەسەڵات دەپارێزێت و لە پشت رووداوەکانی ئێستاوەیە. لە راستیدا ئەو هەر دوو گوتارەکەی بە دەستەواژەی "هاوڕێیانی دۆزەکەم" دەستپێکردووە وەک ئەوەی کە رۆڵێکی زیاتر لە پرسێکی رکابەریی سیاسی ناوخۆیی بۆ خۆی پێناسە بکات. لە راستیشدا بەهۆی هاوسەنگییەکانی ئێستای ئەو وڵاتە، دەشێ وەک نوێنەرێکی ئەو" ئەقڵە سیاسییە" سەیری قسەکانی بکرێن کە لە پشت رووداوەکانەوەن.
جوگرافیای دڵ و جوگرافیای سیاسەت
وەکوو پارەکە، ئەمساڵیش لە رستەی شەشەمی دەقی قسەکانیدا سڵاوی لە خەڵکانی "جوگرافیای دڵ و کولتووری" تورکیا کرد و گوتی بە خاڵێکی وەرچەرخاندا تێپەڕ دەبن. جوگرافیای دڵ و کولتوور دەستەواژەیەکە بۆ ئاماژەکردن بە ناوچەکانی نفوز یاخو ئەو ناوچانەی کە تورکیا دەیەوێ کاریگەری لە سەریان هەبێت و ئێستا لە نەخشە سیاسییەکەیدا نین.
ساڵی 2017 لە دوای گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەوڵەت باخچەلی کەرکوک و موسڵی بە 82 یەمین و 83یەمین پارێزگای وڵاتەکەی ناوبردبوو. ئەمساڵیش دەڵێ لەو ئامانجە لانەدەین، بەڵام بەهۆی پێویستی خێراوە جارێ با قوبرسی باکوور ببێتە پارێزگای ژمارە 82ی تورکیا. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە لە دوایین هەڵبژاردندا لەوێ سەرۆککۆمارێک هەڵبژێردراوە کە زیاتر مەیلی یەکگرتنەوەی لەگەڵ قوبرسی باشووردا هەیە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش پێشتر لە گوتارێکدا لەدوای چەک سووتاندنەکەی 30 ئەندامی پەکەکە لە جاسانەی سلێمانی باسی لە هاوپەیمانی تورک، کورد و عەرب کردبوو. هەروەها گوتبووی شەڕەکانی مەلازگرد، قودس و ئیستەنبووڵ پێکەوە کراون و سەرکەوتنی هەموومانە و نەخشیەکی کێشابوو کە لە شامەوە بگرە تاوەکو موسڵ، کەرکووک، سلێمانی، بەغدا و ئیستەنبووڵ، هەمووی وەک شاری هاوبەشی تورک، کورد و عەرب ناوبردبوو. تورکیا بە فەرمی هەر جۆرە سیاسەتێکی فراونخوازیی سیاسی رەتدەکاتەوە و ئەو جۆرە باسانەش وەک باسکردنەوەی میراتێکی هاوبەش بۆ هاوکاری سیاسی و ئابووری ناوچەیی شرۆڤە دەکات، بەڵام رووداوەکانی سووریا و رووخانی بەشار ئەسەد و دەستپێکردنی گفتوگۆی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، نیگەرانییەکی لای بەشێک لە سیاسییەکانی شیعەی عێراق دروستکردووە کە نەکا لە دۆخی لەرزۆکی جیۆپۆلەتیکی ناوچەییدا تورکیا بەهۆی پێداویستییەکانی بە نەوت- ئاسایش "جوگرافیای دڵ"ی خۆی بۆ جوگرافیایەکی واقیعی سیاسی بگۆڕێت. پێدەچی تورکیا بیەوێ لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەدا کە هێشتا نازانی سوودانی دەمێنێتەوە یان نا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە- بەغدا وەک خۆی بپارێزێ و ئەوەش لە قسەکانی باخچەلیشدا رەنگی دابێتەوە، بۆیە دەڵێ موسڵ و کەرکووک ئامانجی درێژخایەنی ئێمەیە، بەڵام جارێ ئەولەیەتی دیکەمان هەیە.
ناوی دورگەیەک بۆ ئۆجەلان
پار، سەرۆکی مەهەپە عەبدوڵلا ئۆجەلانی وەک 'سەرکردەی تیرۆریست' ناوبردبوو کە ئەگەر پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە ئەو دەتوانێ کەڵک لە مافی هیوا وەربگرێ. ئەمساڵ ناوی ئۆجەلانی کرد بە ئیمراڵی هەرچەند لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا زیاتر لە دووجار وەک سەرۆکی دامەزرێنەوەی پەکەکەش ناوی بردبوو. پێدەچێ هەڵبژاردنی ناوی ئیمراڵی بۆ ئاماژەکردن بە ئۆجەلان لەلایەک هەوڵێک بێت بۆ ئەوەی کە زیاتر هاوتەریب لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا بجووڵێتەوە، چونکە زیاتر ئەو ناوە بەکاردەهێنێت. باخچەلی دەزانێت کە چەندەی کاریگەریش بێت، ئەستەمە بەبێ رەزامەندیی سەرۆککۆمار پڕۆژە سیاسییەکەی سەربگرێت. لەلایەکی دیکەش لەوانەیە بۆ دابەزاندنی کاردانەوەکانی رای گشتی تورکیا بێت کە پێدەچێت هاوشێوەی باخچەلی بەرامبەر ئۆجەلان بیر نەکەنەوە. لە راپرسییەکی پەیمانگەی لێکۆڵینەوە کۆمەڵاتییەکاندا کە لە نێو 2017 کەس دا لە ماوەی نێوان 52-29ی ئەیلوولی ئەمساڵدا کراوە، 87.8٪ی بەشداربووان دژی ئازادکردنی ئۆجەلانن کە دەوڵەت باخچەلی پێیوایە بەڵێنەکەی خۆی بردووەتەسەر. 91.5٪ی ئەوانەی کە لە راپرسییەکدا گوتوویانە سەر بە ئاکپارتین و 97.3٪ی مەهەپەییەکان و 93.5٪ی ئەندامانی پارتی گەلی کۆماریش دژی بەردانی ئۆجەلان بوون.
لە راستیدا قسەکانی ئەمساڵی دەوڵەت باخچەلی زیاتر رەنگدانەوەیەکی رای گشتی پێوە دیارە کە لەو راپرسییەدا خراوەتەڕوو. لە راپرسییەکەدا 44٪ گوتوویان دەکرێ زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا وەک وانەیەکی دڵخوازانە بخوێندرێت. هەروەها 42.8٪ گوتوویانە دەستوور بە جۆرێک بگۆڕدرێت کە گرووپە ئەنتیەکانی دیکەش بگرێتەوە، بەڵام 84.7٪ گوتوویانە کە نابێ دەستەواژەی تورکبوون لە دەستووردا لابدریت. 96.3٪ی بەشداربووانیش گوتوویانە هاووڵاتییە کوردەکانی تورکیاش تورکن و 72.6٪یش گوتووویانە هەر هاوڵاتییەکی کۆماری تورکیا بە تورک هەژمار دەکرێت. دەوڵەت باخچەلی لە قسەکانی ئەمساڵیدا باسی لەوە کردووە کە پێناسەی نەتەوە واتای نکۆڵی لە زاراوە و کولتوور و ناسنامەکانی دیکە نادات کە دەشێ لەگەڵ ئامارەکانی رای گشتی هاوتەریب بێت کە بە بەروارد لەگەڵ پرسی ئازادکردنی ئۆجەلان دا کەمێک نەرمترن.
دەوڵەت باخچەلی باسی لەوە کردووە کە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان پارامێترە یاسایی و دیموکراتییەکانی پرۆسەی چەکدانان ئامادە دەکات و گوتوویەتی کارەکانی کۆمیسیۆنەکە خەریکە بەرەو کۆتایی دەچن و لە قسەکانیشیەوە وادیارە کە لەوانەیە مانگی 11ی ئەمساڵ هەندێک گۆڕانکاریی بکرێن و ئەویش لە کاتێکدا کە پەکەکە چەکدانانی گشتگیری بە هەنگاوی کردەیی دەوڵەت و پەرلەمانەوە مەرجدارکردبوو. لەوانەیە لە داهاتوودا هەندێک ریفۆرمی وەک زیادکردنی ناوی گرووپە سەرەکییەکانی وەک کورد بە پێناسەی هاووڵاتیبوون و فێربوونی دڵخوازانەی زمانی دایک لە قوتابخانە و لێبووردنێکی رانەگەیێندراو زیاتر بکەونە رۆژەڤەوە.
داوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە
باخچەلی لە قسەکانیدا مۆدێلی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ هەریەک لە پرسەکانی فەلەستین و قوبرس داواکردووە و پرۆسەیەکی تێکەڵاوبوونیشی بۆ پەکەکە - هەسەدە باس کردووە، گوتوویەتی ئۆجەلان بەڕوونی داواکاریی فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی و تەنانەت کولتووریشی رەتکردووەتەوە، نابێ کەس داواکاریی ئۆتۆنۆمییەکی رانەگەیێندراوی هەبێ و داوای بەش لە دەسەڵات بکات. بە ئەگەری زۆر ئەمەش دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ هەبوونی دانوستاندن یان داواکارییەکی پشتی پەردەی پەکەکە - دەم پارتی کە زیاتر مەیلی ئەوەیان هەیە ئەم پرۆسەیە بۆ دانوستاندنێکی دوولایەنە بگۆڕن.
ئەو لە قسەکانیدا جیاوازتر لە ساڵی رابردوو کە باسی نەکردوون، ئەمساڵ بەڕوونی باسی پێویستیی چەکدانانی یەپەگە و هەسەدەشی کردووە. ئەمەش لەگەڵ قسەکانی سەرۆککۆماری تورکیادا هاوتەریب کە هەر لە سەرتاوە گوتبووی پێویستە نەک تەنیا پەکەکە بەڵکو هەسەدەش چەک دابنێت. هەرچەندە هێشتا رێککەوتنێکی نووسراو نییە، بەڵام وادیارە شام و ئەنقەرەش بەوە رازی بوون کە هەسەدە وەک سێ فیرقە بمێنیتەوە.
دانەیەکی بە هاوبەشی لەگەڵ شام و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی تیرۆر بێت لە سەرتاسەری سووریا. ئەوانەی دیکەش لە شوێنی خۆیان بن. شام دەیەوێ خۆی فەرماندەکانی دیاری بکات و هەسەدەش لە بەرامبەردا دەیەوێت لە وەزارەتی بەرگری و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپادا رۆڵی هەبێ. هێشتا هەردوولا لەسەر مۆدێلی لامەرکەزی ئیداری و پرسەکانی دیکەی وەک پەروەردەش رێکنەکەوتوون، بەڵام لەو نێوانەدا، بە ئەگەری زۆر پرسی سەرەکی بە دەوری زنجیرەی فەرماندەیی هەسەدەدا دەسووڕێتەوە کە بەپێی گفتوگۆکانی ئەمداوییە هەردوولا رازین ناوەکەی بگۆڕێت.
ئەم گەڕەی گفتوگۆکانی هەسەدە و شام ئەنجامی گوشاریکی ئەمریکییە و پێدەچێ وەک چۆن ویتکۆف لە غەززە توانی ئیسرائیل و حەماس رازی بکات، تۆماس باراکیش بەدوای ئەوەوە بێت کە سەرکەوتنێک بۆ خۆی تۆمار بکات و چارەسەرێک بۆ پەیوەندیی ئاڵۆزی شام- هەسەدە- تورکیا بدۆزێتەوە بۆیە لە هەموو دەرگایەک دەدات. لە راستیدا لە رواڵەتدا ئێستا دانوستاندنێک لەنێوان شام و هەسەدەدا هەیە بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپا و حکومەتی سووریا، بەڵام وەرچەرخانێکی گرنگتر پێویستە بۆ ئەوەی رێککەوتنەکەی جۆلانی- کۆبانی جێبەجێ بکرێت وەک ئەوەی باراک ئارەزووی دەکات ئەمەش نەک تەنیا بە داینامیکی ناوخۆیی سووریا بەڵکو، بە داهاتووی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و باسەکانی دەوڵەت باخچەلییەوە بەستراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ