حەسەن خەیری خایین بوو یان نیشتمانپەروەر؟

هاوینی ئەمساڵ لەگەڵ تیمێکی رووداو بۆ تۆمارکردنی زنجیرە بەرنامەیەکی پەنجەمۆر سەردانی تورکیا و باکووری کوردستانمان کرد. هەرچەندە هەر کە لە باشووری کوردستانەوە بەڕێکەوتین پلانێکی دیاریکراومان هەبوو، دەمانزانی چی دەکەین، بەڵام سەردانی چەند ناوەندێکی فەرهەنگی لەنێویاندا وەشانخانەی ئاڤێستا کە عەبدوڵڵا کەسکین خاوەنیەتی، پلانەکەی گۆڕین و کاری دیکەمان بۆخۆمان زیاد کرد.
 
کاک عەبدوڵڵا کەسکین پێشنیازی کرد بەرنامەیەک لەگەڵ کەسایەتییەکی باڵکێش تۆمار بکەم، جگە لەوەی ئەو کەسە خۆی مێژوونووسە، لە تەمەنی لاویشیدا یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا - مەهەپە، ئەویش مەحموود ئاکیورکلییە. بە تەلەفۆن قسەمان کرد، بە کورمانجییەکی زۆر جوان قسەی دەکرد، پێم سەیربوو کەسێک ئەندامی مەهەپە بووبێت بەو کوردییە جوان و پاکژە قسە بکات، ئەویش بەلایەوە سەیربوو تیمی تەلەڤزیۆنێکی کوردستان لە باشوورەوە وەکو خۆی دەیگوت، بەدوای ئەودا بگەڕێت.
 
ماڵەکەی بە ئۆتۆمبێل ماوەی کاژێرێک زیاتر لە ناوەندی شاری ئیستەنبووڵەوە دووربوو. بەسەر یەکێک لە پردە هەڵواسراوەکانی ئیستەنبووڵ کە بەشی ئاسیا و ئەوروپای شارەکەی پێکەوە دەبەستێتەوە، پەڕینەوە. تاوەکو چاو بڕ دەکات دەریا و دارستان ئاوێزانی یەکتربوون، ئەوە دیمەنێکیان نەخشاندووە، چاو لە سەیرکردنی تێر نابێت. راوين ستێرک بەسەرهاتی پێشتری خۆیمان بۆ دەگێڕیتەوە، ئەوکاتەی چەپێکی ئەنارشیست بووە و بەگژ هەموو شتێکدا چووەتەوە، چەند جارێک لە تورکیا زیندانی کراوە، وەک خۆی دەیگوت ئەوەی خوا پێی ناخۆش بێت لە تورکیا بە زیندانییانی دەکرد.
 
دوای نزیکەی کاژێرێک بەلای راستی جادە خێراکەدا لادەدەین، دەگەینە بەردەم چەند خانووێک کە دیارە شوێنی کارکردنن، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل وەستاون، بە تورکی بەخێرهاتنمان دەکەن. پیاوێکی سپۆرت، بە خۆی و سمێڵێکی پڕەوە لە پلیکانەکانی نهۆمی سەرەوەی خانووەکە دێتە خوارەوە، بەرەو روومان دێت. ئێمە لەناو باخچەکەداین، هەرچەندە هاوین بوو، بەڵام شێداریی ئیستەنبووڵ ئەوێشی گرتووەتەوە، دادەنیشین و ئەوەندەی بڵێ یەک و دوو، چا و ئاومان لەبەردەم دادەنێن. من بە چاوی کڕیارەوە هەموو شوێنەکە دەخەمە ژێر چاودێرییەوە، دەڵێی خۆم لە فیلمێکی مافیاکاندا دەبینمەوە، ئاخر دیمەنی باخ و خانووەکان و ئەوانەی لەوێ کاریان دەکرد و دەهاتن و دەچوون، نازانم بۆ وێنەیەکی وایان لە هزری مندا نەخشاندبوو. دەنگی پیاوانە و کوردییە جوانەکەی کاک مەحموود ئاکیورکلی سەرنجی ئێمەی بەلای خۆیدا راکێشابوو. پیاوێکی شارەزا لە دیرۆکی کوردستان و تورکیا. لەنێو قسەکانیدا ناوی حەسەن خەیری هێنا، دەمێک بوو دەمویست لەسەر ئەو کەسایەتییە زانیاریی دروست وەربگرم، بەڵام خۆم گرت بۆ کاتی تۆمارکردنی بەرنامەکە. حەسەن خەیری یەکێک بووە لە پیاوماقوڵەکانی دەڤەری دێرسم و لە سەرەتای دامەزاندنی کۆماری تورکیادا ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بووە، پێشتر کە لەناو سوپادا بووە، ئاشنایەتی و تەنانەت دۆستایەتی لەگەڵ ئەتاتورکدا هەبووە.
 
زۆرجار لە باشووری کوردستان حەسەن خەیری وەک کەسێکی خائین بە نەتەوەکەی وێناکراوە و تاوەکو ئەو رادەیەی کە بەناوی ئەوەوە دەڵێن گوایە لەکاتی لە سێدارەدانیدا گوتوویەتی: ''تکایە گۆڕەکەم لە شوێنێک هەڵبکەنن سەرەڕێ بێت تاوەکو کاتێک کورد هاتووچۆ لەوێوە دەکەن، هەموو جارێک لەپای خیانەتەکانم تفێک لە گۆڕەکەم بکەن."
 
لە بەرنامەی پەنجەمۆردا کە لە ماڵەکەی خۆی لەگەڵ ئاکیورکلی تۆمارمان کرد، دروست ئەو تۆمەتانەم کردنە پرسیار و لە کاک مەحموودم کردن، ئەمەش وەک ئەوە وابوو ئاگر بە پووشەوە بنێم و، خۆی تووڕەکرد و گوتی: "ئاخر ئەوە چ قسەیەکە؟ کورد لە خۆڕا خەڵکانێک دەکەنە پاڵەوان و خەڵکانێکی دیکەش دەکەنە خائین، ئەمە لای ئێمەی کورد وەک ئاو خواردنەوەیە، ئەمە گەورەترین ناهەقییە بەرانبەر کەسایەتییەک دەکرێت کە چووەتە بەر دلۆڤانی خودێ، ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کوا بەڵگەکانیان لە کوێ شاردوونەتەوە بۆ دەریان ناخەن؟"
 
مەحموود ئاکیورکلی باسی لەو بەڵگانامانە کرد کە تازە کەوتووەتە دەستیان و گوتی: "کاتێک لایەنگرانی شێخ سەعید چوونە ناو شاری خارپێتەوە، شێخ شەرەف چووەتە ماڵی حەسەن خەیری و هەر ئەویش بردوونی بۆ ناوەندی ویلایەتی خارپێت و تەسلیمی کردوون. حەسەن خەیری تەلەگرافێکی بۆ مەمەد جەلال ئەفەندی ئامۆزای ناردووە، داوای لێکردوون دەبێت عەشیرەتەکانی دێرسم بەشداری لە شۆڕشەکەی شێخ سەعیددا بکەن، بەڵام لە خۆزات کە ناوەندی دێرسم بووە، تەلەگرافەکە کەوتووەتە دەست سوپای تورکیا، بۆیە دەستبەجێ محەممەد جەلال ئەفەندی و دوای ئەویش حەسەن خەیریان گرتووە، ساڵی 1926 لە سێدارەیان دەدەن". خۆ هەر ئەوەندە نییە وەکو ئاکیورکلی بە بەڵگەوە نیشانی دەدات، لەکاتی سەرهەڵدانی کۆچگیری و کۆمەڵکوژیی کۆچگیری لەلایەن تورکیاوە، ئەوەی حەسەن خەیری لە پەرلەمانی تورکیادا بە ئەتاتورکی کردووە، تاوەکو ئەوکاتە کەس نەیوێرابوو بەسەر زمانیشیدا بێت، بە ئەتاتورکی گوتووە، "تۆ پیاوێکی دیکتاتۆری!" 
 
وەکو ئاکیورکلی دەگێڕێتەوە، حەسەن خەیری زمانێکی زبری هەبووە! حەسەن خەیری کەسێکی گەل ویست و کوردپەروەر بووە، بۆیە ئەوەی بەناوی حەسەن خەیرییەوە گوتوویانە بەتەواوی درۆیە. حەسەن خەیری لە رێگەی شێخ شەرەفەوە پشتیوانی تەواوی شێخ سەعیدی کردووە. وەک مەحموود ئاکیورکلی باسی کرد، ئەو داوای کردبوو کە عەشیرەتەکانی دێرسم پەیوەندی بە شێخ سەعیدەوە بکەن. دەبێت ئەوەشمان لەبەر چاوان بێت، زستانی ساڵی 1925، سەخت بووە، سێ تاوەکو چوار مەتر بەفر لە دێرسم باریوە، جاری وا هەبووە بەهۆی باهۆزەوە گوندییەکانی دەڤەری دێرسم بۆ ماوەی شەش مانگ نەیانتوانیوە لە گوندەکانیان بچنە دەرەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە نامەکەی حەسەن خەیری نەگەیشتە دەستی سەید رەزا، کاتێک تەسلیمی سوپای تورکیای کردووە، بۆیە عەشیرەتەکانی دێرسم نەیانتوانیوە بەشداریی شۆڕشی شێخ سەعید بکەن. حەسەن خەیری و خالید بەگی جوبری لە قوتابخانە پێکەوە خوێندوویانە، بۆیە ئەوە ناهەقییە بەرامبەر ئەو پیاوە دەگوترێت و سەرلەبەری رەتدەکەمەوە.
 
ئەمانە قسەی ئاکیورکلییە کە بەتەواوی هەموو ئەو قسە و قسەڵۆکانە کە بەناوی مێژووەوە تۆمارکراون و وەک ئەو دەڵێت، هیچ راست نین.
 
مەحموود ئاکیورکلی باسی رۆڵی مەلا سەعیدی نووڕسی (کوردی)یش دەکات و دەڵێت: ''مەلا سەعیدی کوردی، پشتیوانیی تەواوی شێخ سەعیدی کردووە".
 
جاری دیکەیش لەلایەن خەڵک و مێژوونووسانەوە تۆمەتی خیانەت بە نێوچاوانی هەندێک لە کەسایەتییە دیارەکانی کوردەوە نراوە، بۆ نموونە مەلای خەتێ، بەڵام مامۆستا مەسعود محەممەد بەتەواوی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە لە لێکۆڵینەوەیەکیدا لە گۆڤاری کارواندا، هەروەها د. جەمال نەبەزیش لە دکتۆراکەیدا لەسەر میرنشینی سۆران دایناوەتەوە لە پاشکۆی کتێبەکەیدا. کاک ئەسعەد عەدۆ دەڵێت، مامۆستا مەسعود محەممەد لە کۆڕێکدا گوتوویەتی: ''ئەو تۆمەتانە هیچ بناخەیەکیان نییە، بەڵکو مەلای خەتێ توانیویەتی رێگەچارەیەک بۆ دەربازبوونی سوپای پاشای گەورەی رواندز بدۆزێتەوە". هەروەها مامۆستا عەلائەدین سوجادیش مەلای خەتێ بە کەسێکی نزیکی میر ناودەبات و قەت لەگەڵ ئەوەدا نییە کە دەڵێن، فەتواکەی مەلای خەتێ وایکردووە میر خۆی رادەستی عوسمانییەکان بکات. 
 
ئێستا کە کورد دەستی بە سەرچاوە و بەڵگە گرنگەکانی سەردەمی عوسمانی و سەرەتای دامەزراندنی تورکیا دەگات، تەنانەت بەشێکیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بڵاو کراونەتەوە، بەشێکیشیان لەلایەن مێژوونووسانی کوردەوە بە زەحمەتێکی زۆر بەدەست هاتوون، بۆ نموونە مەحموود ئاکیورکلی سەدان لاپەڕەی لە مێژووی عوسمانییەکان کەوتووەتە بەردەست، کاری لەسەر کردوون، بۆیە گرنگە ناوەندە فەرهەنگی و رۆشنبیرییەکانی باشووری کوردستان و وەزارتی رۆشنبیری هەموو ئەو بەڵگانە بکەنە کوردی و بیخەنە بەردەست توێژەرانی کورد، هەڵەکان راست بکرێنەوە و هەموو کەموکورتییەکانیش تیشکیان بخرێتەسەر بۆ ئەوەی بتوانین بەدەستی خۆمان مێژووی کورد بنووسینەوە، بەڵام بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی تەواوەوە.