ئەمڕۆ زۆر كورد یادی كەسوكار و هاوەڵ و دۆستەكانیان دەكەنەوە، ئەوانەی كە بوونە قوربانیی تاوانەكانی رژێمی سەدام حوسێن. ئەوان هەروەها ئەو قوربانیانەیان لەبیرە كە رزگاریان بوو، بەڵام هێشتا بە ئازارە سەختەكانی ئەو تاوانانەوە دەناڵێنن، ئیدی چ ئازاری دەروونی بێت یان جەستەیی. ئەوان تەنیا نین. زۆر كەس لە بەریتانیا و سەرانسەری جیهاندا لەگەڵیاندا رۆژی ئەنفال یاد دەكەنەوە.
من وەكو وەزیری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەریتانیا، شەرەفی ئەوەم پێدرا لەیادی ئەنفالدا كە لەلایەن نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە لەندەن رێكخرابوو، وتەیەك پێشكەش بكەم.
ئامادەبوونم لە یادەكەدا هەلی ئەوەی پێدام كە گوێ لە رزگاربووانی ئەنفال بگرم و بیر و هۆشم بەرمەوە لای ئەو تاوانە قێزەونانەی كە سەدام حوسێنی دیكتاتۆر لە چەند دەیەی رابردوودا لە دژی كورد كردوونی. دیكتاتۆرێك كە منیش وەكو سەربازێكی سوپای بەریتانی لە شەڕی یەكەمی كەنداودا لەساڵی 1991 لە دژی جەنگام.
یادكردنەوەی لەم جۆرە لە چەند ساڵی رابردوودا سەرنجی زۆر لە بەریتانییەكانی بۆ لای خۆی راكێشاوە. نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی ماندوونەناسی بەریتانی بێوچان كار دەكەن بۆئەوەی ئەم تاوانانە وەكو جینۆساید بناسرێن و مانگی شوباتی رابردوو دوای گفتوگۆیەكی پڕ هەست، پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاریدا كە تاوانەكە وەكو جینۆساید بناسێ.
لەوكاتەوە كە پەرلەمان تاوانەكەی وەكو جینۆساید ناسیوە، حكومەتی بەریتانیاش گەنگەشەی ئەوە دەكات كە ئایا ئێمەش پێویستە ئەو تاوانە وەكو جینۆساید بناسین یان نا. دوای ئەوەی كە بە وردی بیرمان لەو بابەتە كردەوە، بەو ئەنجامە گەیشتین كە ئێمە نابێت تاوانەكە وەكو جینۆساید بناسین. ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئێمە نكۆڵی لە روودانی ئەو تاوانە قێزەونانە دەكەین، ئەوە شتێكی روونە كە تاوانەكان روویانداوە، هەروەها لەبەرئەوەش نییە كە ئێمە گەیشتبین بەو بڕوایەی كە ئەم تاوانە جینۆساید نییە. بەڵكو لەبەرئەوەیە كە ئێمە پێمان وانییە حكومەتەكان توانای ئەوەیان هەبێ بڕیار لە پرسی ئاڵۆزی یاسایی لەو شێوەیە بدەن و توانای ئەوەیان نییە بڕیار بدەن كە ئایا جینۆساید- كە تاوانێكی یاسایی زۆر ورد و دیاریكراوە- لەو كەیسەدا روویداوە یان نا. ئەم بڕیارە دەبێت لەلایەن دەزگا یاسایی و قەزاییەكانەوە بدرێت.
ئەمە هەرگیز بەو مانایە نایەت كە قێزمان لەو تاوانە نایەتەوە، یان ئەو هێرشانەی كە كرانە سەر كوردی عێراق مەحكوم نەكەین. لە راستیدا من هاوسۆزم لەگەڵ بڕیارەكەی پەرلەمانی بەریتانیا كە ئەنفال وەكو جینۆساید دەناسێت، پێمخۆشە كە ئەم پرسە ئێستا گرنگی زیاتری پێدەدرێت. بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و بایۆلۆژی لەلایەن رژێمەكەی ئەسەدەوە بەشێوەیەكی بێ بەزەییانە دیسان ئەوەمان وەبیردەخاتەوە كە ئەم چەكانە چەند قێزەونن و چ كاریگەرییەكیان لەدوای خۆیان بەجێهێشتووە.
بەریتانیا وەكو هەر وڵاتێكی دیكەی بەرپرس، بڕوای تەواوی بەوە هەیە كە بەرهەمهێنان و كۆكردنەوە و بەكارهێنانی ئەم چەكانە بەهیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵكردن نییە. بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەكانمان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی چەكی كیمیاوی.
گرنگە هەموومان تاوانە رەشەكانی ئەنفالمان لەبیربێت و بڕوامان وابێت كە هیچ گرووپ و لایەنێك نابێت رووبەڕووی چارەنووسی لەو شێوەیە ببێتەوە. ئەمڕۆ حكومەتی بەریتانیا لەگەڵ كوردی عێراقدایە لە وەبیرهێنانەوەی ئەنفالدا.
*هەگ رۆبەرتسن، وەزیری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە حكومەتی بەریتانیا. ئەم وتارەی تایبەت بۆ (رووداو) نووسیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ