ئەسیریى شاعیر لەبارەى کەرکوکەوە شیعرێکى هەیە بەو جۆرە دەست پێدەکات " کەرکوک ئەلزاسە کفرى لۆرەنە – دڵسوتاویانە هەرچى کورد هەنە". ئەسیرى هەر باسى کوردى کەرکوک ناکات، ئەو باسى هەموو کورد دەکات لە هەر کوێى دنیان. ئەم خەونە خەونى سڕینەوەى کەسى تر نییە، ئەگەرچى سڕینەوە لە فەرهەنگى رۆژهەڵاتدا بووە بە کولتوور، ئەمە تەنانەت لەناو ئەندامانى یەک خێڵ و یەک حیزب و یەک نەتەوەشدا، زۆربەى رۆژهەڵاتیەکان هەر دەگەنە کورسى دەسەڵات خولیاى سڕینەوەى ئەوانى تر دەکەوێتە سەریان. هەمووتان گەیشتنە دەسەڵاتى سەدام حوسێن و کوشتوبڕەکەى دەستەکەى محەممەد عایش دەزانن، بەڵام ئەسیرى باس لە قوربانى دەکات، چ ئەودەم و چ ئێستاش کەرکوکیەکان، بە تایبەت کوردى کەرکوک و ئەوجا ئەوانى دیکەش، قوربانین. چما قوربانى هەر ئەوە نییە کە هەمیشە لە خەیاڵى دەسەڵاتدا نەبێ، یان هەر گاڤ کەوتە خەیاڵى دەسەڵاتەوە بیر لەوە بکاتەوە چۆن لە ناویان ببات. کەرکوکیەکان هەمیشە کەرەستەیەک بوونە بۆ لەناوبردن ، پرسەکانى عەرەباندن، بەعساندن، تەراندن و دواتر کوشتوبڕى بە کۆمەڵ و لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە بردن و تاڵانکردنى نەوتەکەیان ئەمانە هەموو ئەو چیرۆکە تراژیدیانەن کە هەزاران جارمان لەسەریان نووسیوە. لەم نێوەندەدا خەونى کەرکوکیەکان ئەوەیە رۆژگارێک بێت کە هەموویان پێکەوە شانازى بە کەرکوکیبوونى خۆیانەوە بکەن، رەنگە ناخۆشترین خەیاڵ و خوخدەى خەڵک ئەوە بێت کە خۆزگەخواستن بێت بە دوێنێ. کەرکوکیەکان سەرەڕاى ئەو هەموو کوێرەوەرى و مەینەتیەى رابردوو، کەچى ئێستاش هەر خۆزگە بە دوێنێ دەخوازن، تۆ بڕوانە مرۆڤ ئەو رابردووە تاریک و نوتەکەى هەبێت، کەچى ئێستا لە بارودۆخێکدا بێت، بڵێ " خۆزگە بە جاران ". ئەرکى هەر دەسەڵاتدار و حکومەتێکە خەڵک بگەیەنێتە ئاستێک کە هەرگیز خۆزگە بە دوێنێ نەخوازێ، بڕوانە مالیزییەکان و ئیماراتییەکان و فینلەندیەکان هەرگیز خۆزگە بە رابردوو دەخوازن؟ ئاخر لەوێ دەسەڵات دنیایەکى باشترى دروست کردووە، دنیایەک کە ئەندامەکانى هەرگیز ناڵێن " ئاى بۆ دوێنێ".
ئێستا ئەسیرى لەژێر خاکدایە و خانوو و خانەقاکەشى بێناز بەجێماون، بەڵام هێشتا چیرۆکى دڵسوتاویەکە هەر وەک خۆیەتى و هێشتا کەرکوکیەکان کێشەى ناسنامەیان هەیە، ئاخر کێشەى ناسنامە بە جۆرێک، تەنانەت حیزبە کوردیەکانیش بەو جۆرەى دیارى دەکەن کە لەگەڵ رەنگى ئاڵاکەیاندا بێتەوە، ئەوە چجاى عەرەبى سوننە و عەرەبى شیعە و تورکمانى سوننە و شیعە کە هەریەکە ناسنامەیەکى پێدەبەخشن. ئەم خەون و ناونان و ناسنامە پەرشوبڵاوە هەر هى ئەوەیە مرۆڤ ناچار بێت خۆزگە بەو رۆژانە بخوازێ کە هونەرمەندان و رۆشنبیرانى کەرکوک بێ راکردن بە دووى ناسنامەدا، لە دەستە و گرووپى جیا جیادا کۆدەبوونەوە و ناوى " کۆمەڵەى ئەدەبى و هونەرى کەرکوکیان" لە خۆیان دەنا. ئەو گرووپانە جوانیەکانیان لەوەدا بوو کەسیان پرسیارى ناسنامەى نەتەوەیی و مەزهەبییان لە یەکتر نەدەکرد، لێ هەموویان کولتوور و جیاوازییەکانى یەکتریان خۆشدەویست، هەرچەندە لەم دواییەدا فازڵ عەزاوى هەندێک ناجۆرانە لەسەر پەیوەندییەکان دەدوا و واى نیشان دەدا کە هەندێک دەشتەکى و هەندێکیش بە قەولى ئەو شاریترن.
کەرکوک و کفرى ناکرێ ئەلزاس و لۆرەن بن، دەکرێ کەرکوک و کفرى بن و خاوەنیان هەبێت، خاوەنێک بەر لەوەى بیرى لاى ئەوە بێت خۆى لە سایەى نەوتەوە دەگاتە کوێ، بیرى لاى ئەوەبێت کەرکوکیەکان ئاسوودە و بەختەوەر بکات، ئاسوودە و بەختەوەر بەو مانایەى خۆزگە بۆ دوێنێ نەخوازن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ