لەم نووسینەدا هەوڵدەدەم ئەو لایەنە بابەتییانە بخەمەڕوو كە زانست و ئاین لە یەكتر جودادەكەنەوە و هەوڵدەدەم بەرپەرچی ئەو هەوڵانە بدەمەوە كە دەیانەوێت بە زۆر زانست بئاخننە ناو ئاینەوە.
كاری زانست بریتییە لە روونكردنەوە و تێگەیشتن لە دیاردە سروشتییەكان. زانست بە زەرورەت بریتییە لە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە شێوازی كاركردن و پێكهاتەی ئەو شتانەی لە گەردوونی سەرنجدراو (observable universe)دا هەن. میتۆدی زانستی بەرمەبنای سەرنج و گریمانە و تاقیكردنەوە و ساغكردنەوەیە. لە سایەی ئەم میتۆدەشدا كاتێك دیاردەیەك دەبێتە جێگەی توێژینەوە، بەر لە هەموو شت پێویستە ئەو دیاردەیە دەركەوتەی لە جیهانی سروشتیدا هەبێت. كاتێك سەرنج دەدرێت، زانستكار تێگەیشتنێكی لەلا دروست دەبێت لەبارەی كاركردنی ئەو دیاردەیە، پاشان دەستدەكات بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوە بۆ سەلماندنی راستیی ئەو تێگەیشتنە.
لەم روانگەیەوە، زانینی زانستی زانینێكی نامێژووییە. مەبەست چیە لە نامێژووییبوونی زانست؟
ئایزك نیوتن، كە باوكی فیزیای نوێیە، یاساكانی هێزی كێشكردن و یەكەم یاسای جوڵەی دۆزییەوە. ئەو یاسا زانستییانە لە سیاقی مێژووی سەدەی 17ەوە هاتنە دەرەوە و بوون بە زانستی پەسەند و جێگیر لە سەرتاسەری دنیادا و لە سەدەكانی دوای خۆشیاندا. ئەمە خاسیەتێكی زانستە كە جودای دەكاتەوە لە دەقی ئاینی. دەقی ئاینی زادەی قۆناغێكی مێژوویی دیاریكراوە و بەمەبەستی گونجاندنی لە قۆناغ و دۆخێكی جیاوازدا، پێویستی بە تەفسیر و تەئویلی نوێ هەیە. ئەمەش دەمانباتە سەر جیاوازیی دووەم كە لە زانستدا تەفسیر و تەئویل بوونی نییە.
بۆ تێگەیشتن لەمە، تەماشایەكی تیۆری رێژەیی گشتی و تایبەتی ئەلبێرت ئاینشتاین دەكەین كە لە سەرەتاكانی سەدەی رابردوودا داینان. دەبینین لە ژاپۆنەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان، سەرجەم زانستكاران و ناوەندە زانستییەكان بەهەمان شێوە ئەو تیۆریانە دەخوێننەوە و تێیاندەگەن. لەبەر ئەوەی لە تیۆری زانستیدا زمانی بەلاغە بوونی نییە و هیچ بوارێك نییە بۆ تەفسیركردن. بۆ نموونە، زانستكارێك ناتوانێت بڵێت "بەڕای من ئەنیشتاین مەبەستی لەمەیە"، چونكە لە زانستدا شتێك نییە بەناوی "بەڕای من". لە زانستدا، ئەگەر توێژەرێك تێگەیشتنێكی جیاوازی هەبێت، ئەوا توێژینەوە دەكات و ئەنجامەكان بە بەڵگەوە بڵاودەكاتەوە پاش ئەوەی بە پرۆسەی پێداچوونەوەی ئەكادیمیدا peer review تێپەڕدەبێت. ئەوكات پێویستە ئەو دۆزینەوەیە لە هەموو گۆشەیەكی دنیادا بەبێ جیاوازی بتوانرێت تاقیبكرێتەوە و هەمان ئەنجام بەرهەم بهێنێتەوە. ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە كاری بێوچان و تاقیكردنەوە و تەكنەلۆجیا و هاریكاری هەیە. لەبەر ئەوە لە بواری بیردۆزی زانستیدا راڤەكردن (تفسیر و تاویل) جێگەی نابێتەوە. ناكرێت زانستكارێك لە ژاپۆن بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆی یاسای كێشكردنی نیوتن بخوێنێتەوە. ناكرێت خوێندنەوەی ئەو یاسایە لە سەدەی 18دا جیاواز بێت لە خوێندنەوەی لە سەدەی 19 و 21دا.
بەڵام دەقی ئاینی، یاخود دەقی دیكە، دەقی مێژوویین. زانینیان و تێگەیشتنی مرۆڤەكان لێیان بەرمەبنای سیاقی مێژووییە و لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی دیكە و لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ دەكرێت. هەر لەبەر ئەمەشە لە ئایندا چەندین تەرز و قوتابخانە و مەزهەب و لێكدانەوە هەن. بەتایبەت لە ئاینە خاوەن كتێبەكاندا كە سەرچاوەی زانینیان یەك كتێبە، بەڵام هەر قوتابخانە و مەزهەبێك بە جۆرێك تەفسیری دەكات.
لە زانستدا تاقە بواری زیادكردنی زانین بریتییە لە توێژینەوە. ئەگەر زانستكارێك بیەوێت بابەتێكی دیاریكراو بەرەوپێش ببات، یاخود لێكدانەوەیەكی نوێ بۆ دیاردەیەكی پێشتر نەزانراو بدۆزێتەوە، یاخود لێكدانەوەیەكی نوێ بۆ دیاردەیەكی پێشتر لێكدراوە بخاتەڕوو، ئەو زانستكارە پێویستی بەوە هەیە بە گوێرەی میتۆدی زانستی توێژینەوە بكات. گریمانەكانی تاقیبكاتەوە تاوەكو دەگاتە ئەنجامی نوێ و هەموو ئەگەرە هەڵەكان رەتدەكاتەوە. ئینجا وەك دۆزینەوەی زانستی پەسەند دەكرێت. هەندێك لەو زانستكارانە خەڵاتی نۆبێڵی زانست وەردەگرن بەرامبەر بە دۆزینەوەی لەو جۆرە.
لەم پێگەیەوە و لەم تێگەیشتنەوە، لەبەرژەوەندی ئاین و زانستیشدایە كە باوەڕدارانی ئاین خۆیان بەدووربگرن لە بانگەشەكردنی زانستی و سەپاندنی بیركردنەوەی خۆیان بەسەر زانستدا، چونكە ئەوە بوارێكی زانینە كە كەسانی دەرەوەی زانست ئەهلییەتی ئەوەیان نییە كاری تێدا بكەن و تێگەیشتنی خۆیان بسەپێنن. هەر هەوڵێكیش بۆ تێكەڵكردنی ئایدیۆلۆجیانەی ئەو دووانە، لە دوا جاردا بە زەرەر بەسەر ئایندا دەشكێتەوە و زیانیشی بۆ نەوەكانی دواڕۆژ دەبێت، چونكە وادەكات بواری زانست لەو تاریكییەدا بمێنێتەوە كە ئێستا تێیدایە لەم ناوچەیەی ئێمەدا. ئەگەر بمانەوێت كورد پێشبكەوێت و لەم سەدە نوێیەدا سەركەوتووبێت، دەبێت دەرگاكانی بەڕووی زانستی راستەقینەدا بكاتەوە و دوور لە باوەڕی خۆی خەریكی كاری زانستی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ