بۆ کەسێک؛ کە وەک " ئاکۆ محەممەد " تەنھا بابایەکی رۆژنامەنووس بێت و زانیارییەکانی بۆ مەرام پێبگات و ئەگینا لە بنەڕەتەوە ئاگای لە وردەکارییەکانی ناو پارتی و یەکێتی و ھاوپەیمانی نەبێت، ھیچ سەیر نییە، رێککەوتنی نێوان یەکێتی و دکتۆر بەرھەم بە«پیلان و پەکخستن» ناو بنێت.
بەپێچەوانەی بۆچوونە گوماناویەکەی رۆژنامەنوس «ئاکۆ محەممەد» لەبنەڕەتەوە ئەوەی ھیچ شاراوە نەبووە، گفتوگۆی نێوان دکتۆر بەرھەم و یەکێتی بووە. روونتر لەوە، با من بۆ ھەمووانی دووپاتبکەمەوە، کە لەدەستپێکی ئەو گفتوگۆیەوە، ھەموو شتێک بە راوێژی دامەزرێنەرانی ھاوپەیمانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن بووە و لای یەکێتیش کاک کۆسرەت نەک ھەر ئاگادار بووە، بەڵکو ھەر لەسەرەتاوە خۆی وەک کەسی یەکەمی یەکێتی و وەکو برا گەورەی ھەمووان، ئەندازیار و بڕیاڕدەر بووە. جگەلەوەش سەکردایەتی و مەکتەبی سیاسی نەک ھەر ھیچ شتێک لایان شاراوە نەبووە، بەڵکو دواجار خۆیان بەدەنگدان شەرعیەتێکی رێکخراوەیی بنبڕیان بەکۆی پرۆسەکە بەخشیووە لەسەرەتاوە بۆ کۆتایی.
سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی «سەرۆک مەعسووم» کە بە من بەچاوی رێزەوە سەیری دەکەم، بەڵام خۆ ئەگەر ئەو «بێ خێر یان بێدەسەڵات» بووبێت، وەکو پارتی پڕوپاگەندە دەکات، ئەوا لەڕاستیدا ئەو بەپیلان و بەپلان و بەتەکبیری بێ خێر و بەپشتیوانی دەنگپێدانی پیلانگێڕانەی پارتی، بوو بە سەرۆککۆمار، چونکە کاک بەرھەم، ئەوساش وەک ئێستا، دەنگ و پشتیوانی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و فراکسیۆنی یەکێتی و ھاوپەیمانیشی لەگەڵە.
لەڕاستیدا کەموکورتی دکتۆر بەرھەم، کەموکورتی لە نەبوونی خەباتی رابردوو و پێشمەرگایەتی نەبووە. چونکە ئەو وێڕای ئەوەی وەک تێکۆشەرێکی دێرینی یەکێتی زیندان و ئەشکەنجەی سەردەمی بەعسی سەربەرزانە تێپەڕاندووە، لە بواری دیپلۆماسی و نوێنەرایەتی ئەو حزبەشدا دەوری بەرچاوی بینیووە. بێگومان پشتیوانی مام جەلال ھەرگیز ناکرێ نادیدە بگیرێت، بەڵام لەڕاستیدا ھەردەم رەخنەی سەر دکتۆر بەرھەم، پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێت پەیوەندی بەخەباتی شاخ و پێشمەرگایەتییەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەندیدار بووە بەبوونی روئیای جیاواز لەسەر جیاکاری و دابەشکاری و ململانێکانی رابردوو. بەتایبەت کە روونە ئەو وەکو سەرکردەیەکی لیبراڵ، لەگەڵ ئاشتەوایی و یەکڕیزی بووە و ھەردەم بەچاوی رێزەوە لەبارزانی روانیووە و بنەماڵەی ئەوانیشی وەک بنەماڵەیەکی بەقەدر و خاوەن پێگەی کوردایەتی زانیووە. بۆیە رێک بەپێچەوانەی بۆچوونەکەی ئاکۆ محەممەد و ھەندێک لە پارتییەکان، کەموکورتی کاک بەرھەم شاخ و پێشمەرگایەتی نەبووە، بەڵکو ئەوە بووە کە ئەو ئەخلاقی جنێودان بە پارتی نییە، کەچی بەداخەوە، وەک دەردەکەوێت لەبری دڵنیایی لە دکتۆر بەرھەم، وەک سەرۆکی تێپەڕ بۆ دابەشکارییەکان، وەک رێبەری سەنگین لە بەرامبەر تەخوین و تەشھیر، کەچی وەک دەرکەوت پارتی نەک دڵنیایی نییە ئەوەتا ترسێکی ناواقعی زاڵ بووە بەسەر بیرکردنەوەی بەشێکی زۆر لە جومگە جیاوازەکانیدا!
دواجار دکتۆر بەرھەم سەرۆک بێت یان سەرۆک نەبێت، ھیچ لەو راستیە ناگۆڕێت کە ئەو لە ھاوپەیمانی بەدڵ و بەگیان تێکۆشا، کامپەینی کرد، سەر راست و بوێر رەخنەکانی خۆی گرت، پێشنیازی دادپەروەری و حوکمی رەشیدی کرد بەداخوازی سیاسی و میللی. ئێستاش کە لەگەڵ یەکێتی بەرپرسیارێتی سەرشانی بوو، لەگەڵ کاک کۆسرەتی براگەورە و رێبەری بەھێزی تەنگانەکان و کوڕان و بنەماڵەی بەقەدری مام و سەرکردایەتی یەکێتی و ھاوپەیمانی بڕیاڕی کۆتایی رڕێگای وێستگەی یەکەم بدات و بۆ کوردستان ھەنگاوی دووەم بۆ شاڕێگەی ڕێکخستەوە و وێستگەی یەکخستنەوەیەکی ئاشکرا و روون بھاوێژێت، پارتی باشترە چیتر لەم قەڵەمڕەوە و ناو یەکێتی گرەو لەسەر "بازاڕی شێواو، پەرتکە و زاڵبە" نەکات، چونکە نەک ئەوەی لەو سیاسەتە سەوز دەبێت پارتی بەزەردی نایخوات بەڵکو خراپ بەسەر ھەمووان و کوردستانیشدا دەشکێتەوە. جگەلەوەش رێکەوتنی دکتۆر بەرھەم و یەکێتی بەپێچەوانەی یۆتۆپیای پارتییەوە ھیچ کونجێکی لەتاریکدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ