ئەوەی کە گرفتی سەرەکی وڵاتانی نیمچە دیموکراتی و نادیموکراتییە، میزاجی بەڕێوەبردنە، نەک ئیدارەکردنێکی عەقڵانیی میزاجەکان. لەو چەشنە کۆمەڵگایانەدا زۆربەی کات، جا لەسەر ئاستی بەرزی دامەزراوەکان بێت یان خواروو، تاک بێت یان گرووپ ، میزاجی بەڕێوەبردن بەربەستە لەبەردەم پێگەیشتنی پرۆسەی دیموکراتییەت و گەشەسەندنی ئیدارەیەکی عەقڵانی و سیستماتیکدا.
زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بەدەست ئەو دەردەوە دەناڵێنن، کەمتر لە کەشێکی جێگیری سیاسی و ئابووریدا دەژین، کە زۆرێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەی دیاری ئەو جۆرەن بە هەرێمی کوردستانیشەوە. رەنگبێ لەم وڵاتانەدا زۆربەی دامەزراوەکانی پەیوەست بە کۆمەڵگایەکی دیموکراتی بوونی هەبێ نموونەی: دامەزراوەکانی (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری ، پارتی سیاسی، رێکخراوەکان و... ) کەچی بەهۆی ئیدارە نەدانیان بەشێوەیەکی عەقڵانی و سیستماتیک بەپێی پێویست و هەیمەنەی میزاجەکان ، ئەم دامەزراوانە ئامانجی راستەقینەی خۆیان ناپێکن.
لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنێکی میزاجیانەدا ئاراستەی جوڵانەوەی کۆمەڵگا ناڕۆشن دەبێت ، لەبەرئەوەی هەندێک لە میزاجەکان بە ئاراستەی کرانەوەی دەبەن، کەچی هەندێکی دیکە بەرەو داخراوی.
گرووپێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی (ئەلف) بەهێز دەکات و لەگەڵ (ب) لاوازتر، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی دەزانێت، گرووپی دووەم بە پێچەوانەوە پەیوەندی لەگەڵ (ب) بە باشتر دادەنێت لە (ئەلف).
پەیوەندی هاووڵاتیان و کەسەکانی نێو کۆمەڵگا بە دەسەڵاتەوە ئەوەندەی لەسەر بنەمای میزاجی کەسە پلەدارەکان بنیاد دەنرێ ، پەیوەست نییە بە میکانیزمێکی رێکخراوی هاوسەنگ کە پارێزگاری لە مەوداکان بکات بۆ گشت لایەک. بۆیە ئیدارەدان بەو بەرز و نزمییەی میزاج کۆمەڵگا تووشی شڵەژان دەکات و چاوەڕوان دەکرێ ئەگەر لە قۆناغێکدا هەنگاوێک بۆ پێشەوە بڕوات، لە قۆناغێکی دیکەدا دوو هەنگاو بۆ دواوە بگەڕێتەوە .
کەواتە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لەو سەرلێشێواویە رزگاری ببێت و سەرمایەگوزاریش لەسەر هەموو جیاوازیی میزاج و بیروبۆچوونەکان بکرێت و لە ئەنجامدا کۆمەڵگایەکی پێگەیشتووی دیموکراتی بەرهەم بێت، وەک ئالان تۆرین (Alain Touraine) لە کتێبی (دیموکراتیەت چییە؟) ئاماژەی پێکردووە، پێویستە زۆرترین نزیکایەتی لەنێوان جیاوازییەکان دروست بکرێ و توانای فراوانکردنی مەودای بەکارهێنانی عەقڵ هەرچی زیاتر ببێ. لە دۆخێکی فرەیی لە کەلتوور و بیروبۆچووندا وەک تۆرین دەڵێ: پێویست ناکات سۆز بەگژ عەقڵدا بچێت و مۆدێرنیتە بە هەموو شێوەیەک دژی دابونەریتی کۆن بێ و گۆڕانکاریش قبووڵی جێگیری نەکا. با ئامانجی ئێمە رێککەوتن بێت لەنێوان شتە جیاوازەکان، نەک دژایەتیکردنیان و قبووڵکردنی هەندێکیان بەپێی میزاج و رەتکردنەوەی ئەوانی دیکە. دیموکراتیەت و ئیدارەیەکی سیستماتیک لە کەشێکی ئاوها تەندروستدا گەشە دەکات، نەک لە دۆخێکی دیکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ