هەمیشە جەماوەری شیعە لە عێراق داوای هێزی چەکداریان دەکرد بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی هێزە چەکدارەکانی سونە لە ناوچە سونییەکان. ئەم داوایە بوو بە پرۆژەیەک سێ رۆژ پاش ڕووداوی کوشتنی نزیکەی ١٧٠٠ سەربازی سوپای عێراق لە سەربازگەی سپایکەر لە تکریت لە ١١حوزەیرانی ٢٠١٤ کە زۆربەیان شیعە بوون. لە ١٣ی حوزەیران، بە فەتوایەکی ئایەتوڵا سیستانی حەشدی شەعبی دامەزرا و بەپێی فەتواکەی سیستانی هەر کەس توانای چەک هەڵگرتنی هەیە دەبێت پەیوەندی بکات بە ریزەکانی حەشدی شەعبی و هەر کەسیش بکوژرێت لە ریزەکانی حەشدی شەعبی شەهیدە و بەهەشت جێگایەتی.
جگە لە جەماوەری شیعە زیاتر لە ٤٢ میلیشای شیعە پەیوەندیان بە حەشدی شەعبی کردووە. لەوانە، "فەیلەقی بەدر" بە سەکردایەتی هادی عامری کە زۆر نزیکە لە مالکی. "سوپای مەهدی" کە ئێستا ناوی ( سەرایا السلام) ە، کە باڵی سەربازی ڕەوتی سەدرە، بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر. لیوای فەزڵ عەباس بە سەرکردایەتی قاسم تائی و عەلا کەعبی. ئەم هێزە یەکێکە لەو هێزانەی کە لە سوریا بۆ پشتیوانی حکومەتی بەشار و دژ بە چەکدارانی داعش شەری کردووە. هەروەها " سوپای موختار" کە پاشان ناویان گۆڕا بۆ "کەتیبەکانی حیزبوڵا" تا کۆتای ساڵی ٢٠١٤ " واسق ئەلبەتات" سەرپەرشتی دەکرد. بەتات، یەکێک بوولە سەرکردەکانی ڕەوتی سەدر کە لەگەڵ موقتەدا سەدر نەگونجاو و پاشان لە ریزەکانی ڕەوتی سەدر نەما و ڕوویکردە لوبنان و پەیوەندی کرد بە حزبوڵای لوبنان. پاشان گەرایەوە بۆ عێراق و بە پیشتوانی ئێران سوپای موختاری دامەزراند بۆ لەناوبردنی " موجاهدین خەڵق" لە عێراق. بەڵام پاش کوژرانی واسق ئەلبەتات، جەمال ایبراهیمی کە ناسراوە بە " ئەبو مەهدی موهەندس" سەرپەرشتی کەتیبەکانی حزبوڵا دەکات. دەیڤید ئیگناتیۆس لە سەروتاری رۆژنامەی واشنتن پۆست لە ساڵی لە ٢٠١٠ ،هۆشیاری دەدات لەبارەی مەترسی گەڕانەوەی سەرکردە عێراقییە شیعەکان بۆ خاكی عێراق بەتایبەتی پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. کە زۆربەی ئەو سەرکردانە کار دەکەن بۆ بەرژەوەندی ئێران، بە تایبەتی ناوی ئەلموهەندس دەهێنێت و بە جێگری قاسم سولەیمانی سەرکردەی فەیلەقی قودس ناوی دەبات. موهەندس ناوی لە لیستی ڕەشی ئەمریکا دایه بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن گەشت بکەن بە فرۆکە. هەروەها ئەمریکا چەند جارێک ڕایگەیاند کە موهەندس، دەستی هەبووه لە تەقینەوەکانی ساڵی ١٩٨٣ لە کوەیت کە باڵوێزخانەی ئەمریکا و فەرەنسای کردە ئامانج.
لەهەمووشیان ترسناکتر" قەیس ئەلخەزعەلی" سەرپەرشتیاری " عەسائب ئەهل ئەلحەق" یەكێكه له سەركرده جیابوەكان له رەوتی سەدر. بەپێی وتەیەكی پێشتری خەزعەلی، زیاتر لە ٦٠٠٠ هێرشی بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ئەنجامداوە. خەزعەلی هەمیشە لەگەڵ خەباتی چەکداری بوو دژ بە هاوپەیمانان لە عێراق، بۆیە لەبەر دوو هۆکار لەگەڵ موقتەدا نەگونجا و لێی جیابویەوه:
یەکەم: موقتەدا خاوەن پێگەی سیاسی بوو لە گۆرەپانی سیاسی عێراق، نەیدەویست پێگەكەی تێوەبگلێنێت لەکاری سەربازی و چالاکی چەکداریی دژ بە ئەمریکا بەتایبەتی پاش گەمارۆدانی لە نەجەف لە لایەن ئەمریکا. موقتەدا باش دەیزانی ئەگەر نێوان گیری عەلاوی نەبوایە هێزەکانی ئەمریکا ئامدەبوون وەک خەزعەلی دەستبەسەری بکەن بەمەش جەماوەر و رێزی خۆی لەدەست دەدا.
دووەم: مالکی بۆ شکاندنی نەیارەکان و تەکەتولاتەکان، هەمیشە هەوڵی دەدا لە کەسە توورەکان نزیک ببێتەوە بۆ ئەوەی یەک ریزی ناو باڵەكانی دژ به دەوڵەتی قانون تێكبشكێنێت و خۆی باڵادەستبێت. بۆ نمونە، نزیک بوونەوەی مالکی لە خەزعلی لە ڕەوتی سەدر، لە موتلەگ لە وفاقی وەتەنی و لە عادل موراد لە ناو یەکێتی و هەروەها هەوڵی دا نزیک ببێت لە گۆڕان لە سەردەمی ڕووداوەکانی ١٧ ی شوبات.
پاش جیابوونەوەی بە شێوەیەکی گشتی لە سوپای مەهدی، خەزعەلی هەوڵیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پتەو بکات بەتایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی سوپای قودس. خەزعەلی هەوڵی دەدا ئێران قایل بکات بەوەی موقتەدا نەرمە، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆسیەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بۆیە باشتر وایە ئێران پشتیوانی کەسێک بکات وەک خۆی بۆ لێدانی ئەمریکا لە عێراق. لە ژێر ناوێکی نوێ " عەسائب ئەهل ئەلحەق" هێرشەکانی بۆ سەر ئەمریکا چڕترکرد. بەڵام لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان لە مانگی ٣ ی ساڵی ٢٠٠٧ دەستگیرکرا. لەو کاتەی لە زیندان بوو، "ئەکەرەم کەعبی" سەرپەرشتی چالاکییەکانی " عەسائب ئەهل ئەلحەق" ی دەکرد. لە ئوپراسیۆنێک ٤ پاسەوانی کۆمپانیای لینکلن و پسپۆرێکی لە بواری کۆمپیوتەر بە ناوی "پیتەر مۆر"یان ڕفاند کە هەموویان هاوڵاتی بریتانی بوون. پاشان لە ئاڵگۆرێکدا لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان " پیتەر مۆر"یان ئازادکرد بە بەرامبەر ئازادکردنی خەزعەلی لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا. بەڵام " عەسائب ئەهل ئەلحەق" بە هێزەکانی بەریتانیایان ڕاگەیاند کە گوایە چوار پاسەوانەکە، سیانیان خۆیان کوشت و یەکێکیان بە هەڵە کوژرا بۆیە تەنها تەرمەکانیان دایەوە.
پاشان خەزعەلی دەگەرێتەوە بۆ بەغدا، لە رۆژی ڕاگەیاندنی کشاندنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، خەزعەلی لەناو بەغەدای پایتەخت ئاهەنگ سازدەکان. هەر لە ئاهەنگەکە کاری سیاسی خۆی ڕادەگەینێت و هێرش دەکاتە سەر ڕەوتی سەدر، بەتایبەتی موقتەدا سەدر . بەڵام زۆری پێناچیت، فراکسیٶنی سەدر وەڵامی خەزعەلی بەتوندی دەدادەتەوە و تومەتباری دەکەن بەوەی مەرجەعییەتی نیە. خەزعەلی زۆرهەوڵ دەدات کەلێن دروستبکات لە ناو فراکسیۆنی سەدر و ئەندام پەرلەمانەکانی لیستی سەدر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. چونکە پێویستی بە باڵی سیاسی هەبوو. بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤ تەنها ١ کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا لە ژێر ناوی لیستی " سادقون" بۆیە سوود وەردەگرێت لە فتواکەی سیستانی بۆ دروستکردنی جەماوەری خۆی لە ناو شیعەکان، چونکە ئەو تەنها لە کاری میلیشیا شارەزایە و ئێستاش میلیشیا پێویستە بە بۆچونی زۆربەی شیعەکان. بۆیە بینیما رۆلێ سەرەکی بینی لە تێكشکاندنی هێزەکانی داعش لە تکریت. بەڵام پێش چوونە ناو تکرێت، خەزعەلی توانی سەرکەوتووبێت لە هەندێ جولانەوەی سیاسی:
یەکەم: بۆ دروستکردنی پێگەی سیاسی بێ بایەخدان بە مەرجەعیەت، خەزعەلی توانی هەندێ خێڵی عەرەبی سونە و کوردی فەیلی قایل بکات بە شەرکردن لە ژێر ئاڵای حەشدی شەعبی لە تکریت.
دووەم: دروستکردنی پەیوەندی سیاسی لە گەڵ سوریا بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لە ئێران.
ئەوەی جێی مەترسیە هەرسێ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس و قەیس خەزعەلی زۆرتر لە مالکی نزیکن نەک لە عەبادی ، هەروەها هەرسێ هێزە میلیشیاکانی شیعە لە سوریا شەریان دژ بە داعش کردووە بۆیە زۆر تامەزرۆی تۆڵەن. بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوانیان، عامری و مالکی پێگەی سیاسیان هەیە، بەڵام هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵی چەکدارەکان بکەن، بە پێچەوانەی موهەندیس و خەزعەلی کە کۆنترۆڵیان هەیە بەسەر چەکدارەکان بەوپێیەی پێگەی سیاسیان نیە. بۆیە لەوانەیە ئەمە باشترین هاوبەشی بێت بەتایبەتی پاش شەرەکەی ئامرلی دەرکەوت و پاش پاکردنەوەی تکریت لە داعش زەق تربوو. ئەمە دووبارەبوونەوەی ئەزمونی ئێرانە کە بۆ ماوەیەکی زۆر سیاسەتمەدارەکان و دەسەڵاتدارەکان بریتیین لە باڵی سەربازی حزبەکان. هەروەها ئەمە هەمان ئەزمونی تورکیا بوو تا پێش حکومەتی ئەردۆگان، هەمان ئەزمونی میسر هەتا هاتنی مورسی پاشان دووبارە هاتنەوەی باڵی سەربازی. هەمان ئەزموونی پاکستان و یەمەن و سوریا و هەروەها ئەزمونی سیاسی کورد. تاڵەبانی و بارزانی نەوشیران موستەفا و حەمەی حاجی مەحمود لە کاری چەکدارییەوە هاتنە ناو کاری سیاسی.
ئەمەی لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوەوە لە عێراق دەستی پێکردووە، لە ١٩٨٠ ەوە لە لوبنان دەستی پێکردووە، کاتێ ئێران باڵی سیاسی و سەربازی بۆ حزبوڵا دروستکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ